ڕچەی ڕۆمانتیك (2/2)

ڕچەی ڕۆمانتیك (2/2)

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

لەم زنجیرە وتارەی لە بارەی (ڕچە) نەك (قوتابخانە)كانی هونەری شێوەكارییەوە دەیاننووسم، دەخوازم لە لایەك زاراوەی قوتابخانە كە وەك چەمكێك لە زمانی ڕەخنەی شێوەكاریی عەرەبییەوە هاتووەتە نێو زمانی ڕەخنەی شێوەكاریی كوردییەوە، ڕوون بكەمەوە، بەوەی لە بنەڕەتدا ئەوروپایی كە خاوەنی چەمكەكەن، ناڵێن قوتابخانە، بەڵكوو بە ڕەوت و ڕچەی ناو دەبەن. دەشخوازم هەم ڕچەكانی هونەری شێوەكاری بە خوێنەران و قوتابیانی هونەر ئاشنا بكەم، هەم ئەو چەمك و زاراوانەی پەیوەست بە مێژووی هونەری شێوەكاری و ڕچەكانین، بە كوردییەكی ڕوون و پڕ بە پێستی واتا، بخەمە بەردەم هونەرمەند و ڕەخنەگرانی بوارەكە. بۆ هەر چەمك و زاراوەیەكی پەیوەست بە هەر ڕچەیەكی هونەر، هەوڵی زۆر دەدەم بە قووڵی و وردی پێناسەی بكەم و لە ڕۆحی واتای هەر چەمكێكەوە، زاراوەیەكی كوردیی پەیوەست بە واتای هەر ڕەچەیە بخەمە ڕوو. تا چەند لەو كارەمدا سەركەوتوو دەبم، ئەوەیان بۆ ئێوەی خوێنەر جێ دەهێڵم. گرنگە بزانین، ڕچەی ڕۆمانتیك لەسەر چەند بنەمایەك دامەزراوە، زۆر بە چڕی ئەمانەن:

ڕچەی ڕۆمانتیك (2/2)

خۆخۆیی (تاكایەتی)، گرنگترین بنەمای ڕۆمانتیكە، خۆخۆیی بریتییە لە هەستی خەمباری، خەمۆكی و هیوا، جاری واش هەیە، شۆڕشی دژ بە كۆمەڵ، ڕزگار بوون لە كۆت و بەندی ئاوەز و واقیعیش دەگەیەنێت، بۆیە لە ڕۆمانتیكدا مرۆڤ بە نێو دنیای خەیاڵ و وێنە و خەوندا لە شەققەی باڵ دەدات.
بە گوێرەی ئەم ڕچەیە، لە گوزارشت كردن و دەربڕیندا، جەخت دەكرێتە سەر خۆڕسكی و خۆبەخۆیی، سەرسەختانە ڕوو لە شۆڕش دەكات، لە ڕووی ئایدیاوە پەیوەستە بە ڕەهایی و بێ سنووری. ئازادیی تاك بە لای ڕۆمانتیكە پیرۆزە، بۆیە لە نێویاندا كەسی زۆر ئیماندار چەشنی (شاتۆبریان) و كەسی بێ ئیمانی چەشنی (شیلی) هەن. زۆربەشیان خۆیان لە ئایدیا و باوەڕ بەدوور گرتووە.

ڕچەی ڕۆمانتیك (2/2)

بنەمایەكی دیكەی ڕۆمانیتك بایەخدانە بە سروشت، داوا دەكات بەرەو بێگەردی و خۆڕسكییەكی دروست و بێ خەوش بگەڕێینەوە، (ڕۆسۆ) بانگەشەی بۆ ئەمە دەكرد. ئاكار و وێژە لە یەكدی جیا دەكاتەوە، پەیوەستییەك لە نێوانی ئەم دوو بوارەدا نابینێت. (ئەرستۆ) پێی وا بوو داهێنانی هونەر و وێژە، لاسایی كردنەوەی ڕواڵەت و دەركەوتەكانی ژیانە، ڕۆمانتیك پێی وایە بەرهەمی هونەر و وێژە، ڕاز و نهێنیی ژیان ئاشكرا دەكات. هونەرمەندی ڕۆمانتیك بایەخ بە بابەتی دژەباو دەدات، ڕوو لە سروست و دنیای ڕۆژهەڵات دەكات، تابلۆی تەژی لە هەست و سۆز بەرهەم دەهێنێت، دنەی هەستی و خولیای نەتەوەیی و نیشتیمانی دەدات، زێدەڕۆیی لە وێنا كردنی گرتەی درامی دەكات. باوەڕی وایە ئاوەز چاوگی ڕاستی و جوانییە نەك چاو، پشتی لە ژیانی ڕۆژانە كرد و بەرەو ڕابردووی دوور گەڕایەوە.
لەو كاتەی ئەوروپا بەرەو ئاوەزدار كردنی سروشت هەنگاوی دەنا، تا لە ڕووی زانینەوە پشت بە ئاوەز و فەلسەفەی ئەزموونكار ببەستێت، میراتی ئەخلاق و هەست و سۆزی كەسانی، لە ڕووی جۆشدانی ڕەفتاری مرۆڤ دوور خستەوە، ئەمە بە ڕۆشنخوازیی ئەوروپا ناسرا و چاوگی ڕێنیسانسیش بوو، بەدەم ئەم ڕەوتی ڕێنیسانسەوە، ڕەوتێكی دژ بە ئەویش پەیدا بوو، كە بە ڕۆمانتیك ناسرا و جەختی كردە سەر ئەوەی هەستی تاك چاوگی ڕەسەنی ئەزموونی جوانخوازانەیە. ئەم ڕەوتە لە ئەڵمانیاوە پەلی بەرەو سپانیا و ئینگلتەرا و فەرەنسا هاویشت.

ڕچەی ڕۆمانتیك (2/2)

باشە لەبەر چی ئەوروپا پشتی لە ڕۆشنخوازی كرد و ڕووی كردە ڕۆمانتیك؟ ئەو جەنگ و كاولكارییەی لە سەردەمی ناپلیۆن بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا هات، دۆخەكەی بەرەو هەڵگەڕانەوە لە ڕۆشنخوازی برد، ئەو وێرانییەی جەنگ بەسەر ئەوروپای هێنا، گەلانی ئەوروپای تاساند، دروشمەكانی ڕۆشنخوازی (یەكسانی، ئازادی، داد) بەدی نەهاتن، دابڕان لە دنیای خەیاڵ و ڕابردوو، نەبوو بە هۆی گەشە كردنی دەسەڵاتی ئاوەز و فراوان كردنی ڕووبەری زانین، وەك ئەوەی ڕۆشنخوازی مژدەی دەدا، بە دیوێكدا ڕۆشنخوازی كە پشتی لە ئاكار و نەریت و ئایین كرد، بەرەو كەناری دڕندەیی و زبری چوو. بیرمەند و فەیلەسووفانی وەك (ڕۆسۆ، كانت، ڤۆلتێر) جەختیان كردە سەر شكۆدار كردنی ئاوەز بۆ ڕزگار بوون لە میتافیزیك و هزری ئایین و ملهوڕیی پاشا و كڵیسە، ئەمەش لە شێوەی شۆڕشی پیشەسازی و فراوان بوونی بازرگانی و جووڵەی سەرمایە و گەشە كردنی دانیشتووان و گەورە بوونی شاراندا، خۆی نواند. ئا لێرەوە، ڕۆمانتیك وەك پەرچە كردارێكی دژ بە شۆڕشی پیشەسازی و ڕۆشنخوازی و گۆشەگیر كردنی خەیاڵ و نەریت و ئایین، بەرانبەر بە زێدەڕۆیی كردن لە ئاوەزخوازی وەستایەوە. ڕۆمانتیك ڕەوتێك بوو بۆ هەڵاتن و دوور كەوتنەوە لە كۆت و بەندی ئاوەز و ڕۆشنخوازی، كە خەون و خەیاڵیان سڕییەوە.

Top