دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن بە هانای لێقەوماوانی كارەساتەكەی حەمدانیە هات؟

دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن بە هانای لێقەوماوانی كارەساتەكەی حەمدانیە هات؟

كەسوكارى قوربانيیانى كارەساتەكەى حەمدانيە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامێز دەگرن

"چۆن شێت و تووڕە نەبم؟ منداڵ و گەنج و پیرمان بوون بە سووتماك و رەژوو. كەس فریامان نەكەوت، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەبێت، كە تا ئێستاش سەردان و هاوكارییەكانیان بەردەوامە".
ئەوەی قسەی باوكێكی جەرگسووتاوی كارەساتەكەى حەمدانيە بوو. كە جگە لەوەی كوڕە مێرمنداڵەی گیانی لەدەست داوە، هاوسەرەكەشی لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە.
لە رووداوی ئاگركەوتنەوە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیری لە حەمدانیە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لە دەست دا و نزیكەی 250 کەسیش بریندار بوون. تێكەڵبوونی شایی و شین و گۆڕانی خەندە بۆ گریان لە چركە ساتێكدا، ئەویش بە لەدەستدانی دەیان كەسوكاری نزیك، تاقەتپڕووكێنە و برینێكە ساڕێژ نابێت.
دوای رووداوەكە، رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان كە هاوكات سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)ـە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپارد، بە خێرایی هەڵمەتی فریاگوزاری و خزمەتكردنی قوربانییانی كارەساتەكە دەست پێ بكەن.
دوای فەرمانی رێزدار سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەران، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەكەم ساتەكانی رووداوەكەوە، بریندارانیان بەسەر كردەوە. بە پشتیوانی كۆمەڵگەی بانكە ئەهلییەكانی عهێراق، هەر بریندارێك بڕی یەك ملیۆن دیناری پێشكەش كرا، دۆشەك و بالیف و بەتانی و ئاو و خۆراكی گەرم بۆ برینداران و هاوڕێیانیان دابین كرا.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان، بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خێرخوازانی هاوبەشی ئەو بەهاناوەچوونەوە، سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوەی بریندارانی خواست.
گوتیشی: "ئەو كارەساتە كارەساتێكی گەورە و ناخهەژێن بوو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی حزوورێكی گشتگیر و هەمەلایەنەی هەیە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بەتایبەتی لەژێر ئەو وتە بەنرخەی بارزانیی نەمر كە فەرموویەتی: "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت".
ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە لایەن ڕێزداران سەرۆك مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى بۆردى دامه‌زرێنه‌رانى‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى راسپێردراون، كە ئەوەی لە توانادا بێت، خزمەتی برینداران و كەسوكاری قوربانییان بكەن.
67 برینداری رووداوەكە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان گوازرانەوە، لەو ژمارەیە 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە نەخۆشخانەكانی دهۆك له‌ ژێر چاودێريی چڕى تەندروستیدان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ چاودێری و چارەسەركردنی بریندارانی كارەساتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆڵى ئاهه‌نگى هاوسه‌رگيرى له‌ حه‌مدانيه، هه‌موو پێداويستييه‌كانى پزيشكى پێشكەش بە نەخۆشخانەكانی هەولێر و دهۆك كرد.
پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانە، لە چوارچێوەی بەهاناوەهاتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانى بۆ نەخۆشخانەكان لەسەر داواكاری وەزارەتی تەندروستی بوو، بە هۆی ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان دروست ببوو.
ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى له‌ هه‌ڵمه‌تى فرياگوزارى و خزمه‌تگوزارى بۆ قوربانيانى ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن بە هانای لێقەوماوانی كارەساتەكەی حەمدانیە هات؟
دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن بە هانای لێقەوماوانی كارەساتەكەی حەمدانیە هات؟
دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن بە هانای لێقەوماوانی كارەساتەكەی حەمدانیە هات؟
Top