فۆرم و قاڵبە موزیکییەکان..ناسینەوەی کولتوور

فۆرم و قاڵبە موزیکییەکان..ناسینەوەی کولتوور

فەرهەنگ غەفوور

هونەر بووە بە سیمایەكی ڕوونی نەتەوە و كۆمەڵگەكانی جیهان، لەم بارەشەوە كەلەپوورێكی بەرفراوانیان پێكەوەناوە و لە ڕێی هونەرەكەشیانەوە مێژوو، داستان، سەروەری و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەكان، عیشق و نامرادی و چیرۆكی جیاجیایان گێڕاوەتەوە و دواتر بوون بە میرات و كلتووری كۆمەڵگەكانیان.
ئێمە توێژینەوەیەكی ورد و چڕوپڕمان لەو كولتوور و هونەرەی گەلان لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەشزانین كە سامانێكی گەورەی هونەرییان هەیە و داهێنانی گەورەشیان تێدا كردووە و هونەرمەندی ناوداریشیان لە ناودا هەڵكەوتوون، كە هەندێكیان سنووری كۆمەڵگەكانی خۆیان بڕیوە و بوونەتە ئەستێرە و هونەرمەندی جیهانی و مرۆڤایەتی.
هەرچی سەبارەت بە كوردە، ئەوا بوارەكە هێندە فراوان و گەورەیە، كە ڕەنگە كەم نەتەوە و كۆمەڵگەی دیكە هەبن شان لە شانی بدەن، بەڵام كورد بە درێژایی مێژوو هەر لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا بووە و خاكەكەی داگیر كراوە و دەوڵەتی نەبووە، بۆیە ئەو گەنجینە گەورەیەی هونەری كوردی وەك پێویست لێی دەرنەهێنراوە و زۆریشی تێداچووە و زۆریشی لێ دزراوە و نەتەوە و ڕژێمە سەردەست و داگیركارەكان لێیان بەتاڵان بردووە و مۆركی كوردەوارییان لێ ڕنیوە و، مۆركێكی خۆیان پێوە ناوە و بە هەندێ گۆڕانكاریی ڕووكەشەوە كردوویانە بە بەرهەم و كلتووری خۆیان و خۆیانی پێوە بادەدەن. لەگەڵ ئەوەش كورد لە ڕێی فۆلكلۆر و ئەدەبی زارەكییەوە، توانیوە بەشێكی ئەو گەنجینەیە لە فەوتان و لە دزران بپارێزێ و كەسانی میللی و نەخوێندەوار، زارەوزار لێكیان گێڕاوەتەوە و دەستاودەست هێناویانە و ڕۆژگار بە ڕۆژگار بەرگی نوێیان كردووەتە بەر و نوێكاری و داهێنانیان تێدا كردووە، بەڵام ئەوە هەر تەنیا بەشێك بووە لەو گەنجینەیە و هێشتاش زۆری ماوە و پەردەی لەسەر لانەدراوە.
كە دەڵێین كورد یەكێكە لە دیارترین ئەو نەتەوانەی لە بواری هونەری موزیك و گۆرانیدا دەوڵەمەند و پێشەنگە، لەخۆڕا وا ناڵێین، ئەو هێندەی بەردەستە گەواهی و شاهێدی لەسەر خۆی دەدا و كاتێك مانگیش بە ئاسمانەوە دیار بێ پێویست بە ئەنگوست ناكات.
هونەری گۆرانی و موزیك و كەرەستە و ئامێرەكانی موزیكیش لە ناو كوردەواریدا تەواو خۆماڵی و ڕەسەنن و لەگەڵ جوگرافیا و هەڵكەوتەی ناوچەكاندا هاتوون و، لە ڕێگایانەوە چیرۆكگەلی جۆراوجۆر دەگێڕنەوە و لەوێشەوە بەشێكی مێژووی نەنووسراوی گەلەكەمان دەگێڕنەوە.
گۆرانیی كوردی بە هەموو شێوازەكانییەوە و لە ناوچە جیاجیاكانەوە مۆرك و شێواز و ستایلی جیاجیایان وەرگرتووە. گۆرانی و بەستە و بالۆرە و سروود و تەنانەت حەیرانیش لە ناوچە شاخاوی و كوێستانییەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی باشووری كوردستان، بەتایبەت لە ناوچەی موكریان و سۆران، لاوك لەناو كرمانجی سەروودا لە ناوچەی بادینان و باكوور و ڕۆژئاواوی كوردستان، دیسان حەیران لە ناوچە دەشتاییەكانی دەوروبەری هەولێر، سیاچەمانە لە ناوچەی هەورامان لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان، هۆرە لە ناو كەلهۆرییەكان لە ناوچەی كرماشان لە ڕۆژهەڵات و خانەقین و مەندەلی لە باشووری كوردستان و مەقام لە ناوچەی گەرمیانی باشووری كوردستان، ئەو هەموو ڕیتم و ستایل و شێوازانەن، كە كورد لە بەشە پارچەپارچەكراو و دابەشكراوەكانی كوردستان، بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیا و شێوەزاری خەڵكی ناوچەكە فۆڕم و ستایلیان وەرگرتووە.
ئەو شێوازانەی هونەر و موزیك لە ڕێی دەنگ و ئامێرە موزیكییەكانەوە هەر لە سەردەمی زەردەشتییەكانەوە، لە سرووت و ڕێوڕەسمەكانیان گوتوویانە، پاشان زارەوزار هاتووە و لەم سینگ بۆ ئەو سینگ گواستراوەتەوە، چونكە خەڵكەكە خوێندەوار نەبوون و نەنووسراوەتەوە و دەرفەتی خوێندن و سەروسەودای نووسینەوەی نەك هەر هونەر، بەڵكوو مێژووەكەشیان نەبووە.
بابەتی ئەو ڕیتم و فۆڕمە جیاوازانەی گۆرانی چەندین ڕەهەندیان هەیە و باسیان لە زۆر شت كردووە، كە دەكرێ بڵێین چیرۆكەكانی تاك یان كۆی گەل بوونە، بابەتی داستانەكانی عیشق و سەوداسەری و دابڕان و دەستلێكبەردان، چیرۆكی شەڕ و گرتن و كوشتن و زیندانیكردن، بابەتی بەرەنگاری و حەماسەخوڵقێن، زوڵم و زۆریی داگیركاران و هێرشبەران و تاڵانچیان، بابەتی سەركەوتن و شانازییەكان، هەموو ئەمانە و زیاتر لە چیرۆكگەلی كورد بە درێژایی مێژوو، خۆیان لە ناو یەكێك یان لە ناو چەند ڕیتمێكی جیاوازدا بینیوەتەوە و، ڕۆژگاری دێرینیان بە ئەمڕۆ بەستووەتەوە و بە هەموویان پێكەوە خەرمانەیەك لە هونەری گۆرانی و موزیكیان پێكەوە ناوە، كە ڕۆڵیشی هەبووە لە پاراستن و پێشخستنی زمانی كوردیش.
ئەو مامۆستا و وەستاكارانەی ئەو هونەرەیان بەناو ئەو ڕۆژگارە تاریكەدا هێناوە جێی شانازییەكی گەورەن، بەشێكیشیان بوونەتە سمبول و سیما و ئەستێرەی دیار، كە ڕەنگە پێویست بە ناوهێنانیان نەكات، چونكە ڕەنگە بێ مەبەست هەندێك ناو لەبیر بكرێن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، كە ڕۆڵەكانی ئەمڕۆ لە هونەرمەندان و ئەهلی بوارەكە، لەسەر بنەمای ڕەسەنایەتی پەرە بەو بوارە بدەن و داهێنانی تێدا بكەن، بە بێ ئەوەی مۆركی كوردەواری تیادا بزر بكەن و بەبێ ئەوەی سیمای نەتەوەكانی دیكەی بە بەردا بكەن و بەبێ ئەوەی بە لاسایی كوێرانەی خرتوخاڵی نەتەوەكانی دیكە ئەو گەوهەرە جوان و پڕ یەهایانەی گۆرانی و موزیكی كوردی بشێوێنن و لەدەستی بدەن.
پێویستە شارەزایان و خەمخۆرانی بوارەكە، ئەو هەموو كەلەپوورە زۆر و گەورەیە لە فۆلكلۆر و كولتووری كوردەواری، لە ڕەسەنایەتی و مۆركی خۆماڵی بپارێزن و داهێنەرانە و لێزانانە بیخەنە ناو سەمفۆنیا و سۆناتا و كۆنشرتۆ و ئۆپێرا و دەیان قاڵبی دیكەی فرەڕەنگی هونەری جیهانی و، بۆ هەمووانی بسەلمێنن كە كورد لەم بوارەشدا وەك زۆر بواری دیكە پێشەنگ و باڵادەستە، بەڵام حەیف و مخابن ڕژێمە سەردەست و زلهێز و داگیركار و بەرژەوەندخوازەكان نەك هەر دەرفەتیان پێ نەداوین تا بە هونەرەكانمان و بە زانست و شارستانییەتەكەمان خزمەت بە خۆمان و مرۆڤایەتی بكەین، بەڵكوو لە هەموو لایەكەوە هەوڵی سڕینەوە و تواندنەوە و لەناوبردنیان داوین، بەڵام بەهەمووشیانەوە نەیانتیوە خۆمان و هونەر و شارستانی و مێژووەكەمان لەناو ببەن و هەرگیز ناشتوانن. لێرەشەوە پێویستە دەستخۆشی لەسەرجەم ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی هەندێ لە موزسیانە كوردانە بكەم كەلێرە و لەوێ هەوڵی زۆر جدی و جوامێرانە دەبینم و گوێبیست دەبم، وەلێ هێشتا ئەوە دڵۆپێكە لەو دەریا فراوانەی كلتوور و ناسنامەی نەتەوەییمان.

Top