دكتۆر عیسام فەیلی پسپۆڕی مێژوو لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی موستەنسرییە بۆ گوڵان: ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی یەكەمین مقاوەمەتی لە دژی ڕژێمی عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی نەتەوەی كورد بەڕێوە برد
سەرۆك بارزانی درێژەپێدەری خەباتی كوردایەتیی بنەماڵەیەكی ئایینی و نیشتمانپەروەر بووە، بۆیە لای كوردانی فەیلی خۆشەویستە
لە مێژووی نوێی هاوچەرخدا جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە عێراقدا بە یەكێك لە تاوانە نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت، دەرهەق بە كوردانی فەیلی كە بە هۆی كوردبوون و هاوكاریكردنی شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی تووشی بوون، تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد. لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارمان ئاراستەی دكتۆر عیسام فەیلی پسپۆڕ و شارەزای بواری مێژوو لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی موستەنسرییە كرد، كە هاوكات بە یەكێك لە لێكۆڵەرەوە ناسراوەكانی سیاسی دادەنرێت و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* كورد لە مێژوودا زۆرجار ڕووبەرووی كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی ناسنامە بووەتەوە، جینۆسایدی كوردانی فەیلییش كە لەلایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی ڕژێمی بەعس تووشی بوون، تا چەند ئەم تاوانە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە؟ ئایا ئەم تاوانە گەورەیە دەرهەق بە كوردانی فەیلی دەچێتە چ شێوازێكی جینۆسایدەوە؟
- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ڕاستییەكی مێژوویی هەیە، دەبێت بوترێت، ئەویش ئەوەیە جینۆسایدی كوردانی فەیلی كە لە عێراق تووشی بووین، لەچوارچێوەی زنجیرەیەك تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە دێت، كە گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان تووشی بوون، ئەم ڕژێمانە جگە لەوەی بڕوایان بە ماف و پێكەوەژیان نەبووە، بەردەوامیش چاوی تەماعیان لەسەر خێروبێری خاكی كوردستان بووە، بۆیە تاوانی بەردەوامیان بەرانبەر خەڵكی سڤیلی كورد ئەنجام داوە، لە مامەڵەكردنیاندا لەگەڵ گەلی كورد توندوتیژ و بگرە زاڵم و خوێنڕێژ بوون، ئەم واقیعە تاڵە سەلمێندراوە لە مێژوودا هەر لە كۆمەڵكوژیی بارزانییەكان و گەرمیانییەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و شاڵاوە یەك لە دوای یەكەكانی ئەنفال، تا وێرانكردن و دەركردنی دانیشتووانی ڕەسەنی زیاتر لە 4500 گوند و وێرانكردن و سووتاندنیان و تەعریبكردن تاوەكو بە زۆرەملێ دەركردنی دانیشتووانی كورد لە پارێزگاكانی كەركووك و دیالە و مووسڵ و ناوچەكانی دیكە، لە توركیا و ئێران و سووریاش بارودۆخی كوردەكان باشتر نەبووە.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەش، بەڵێ ئەم تاوانە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بە جینۆساید دادەنرێت، چونكە بە هۆی كوردبوونیان و پاڵپشتیكردنی شۆڕشی ئەیلوول و بەپیتیی خاكەكەیانەوە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و ناسنامەكانیان لێ سەندرایەوە و ماڵ و حاڵیان تاڵان كرا و گەنجەكانیان زیندانی كران و تاكو ئێستاش ژمارەیەكیان بێسەروشوێنن، ئەو تاوانانەی بەرانبەر كوردانی فەیلی كراوە، بە هەموو پێوەرێك دەچێتە قاڵبی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەكەوە.
* باسی شۆڕشی ئەیلوولت كرد، بەوەی كوردانی فەیلی ڕۆڵێكی گەورەیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، ئایا ئەم پاڵپشتییە بۆچی دەگەڕایەوە؟
- كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا پاڵپشت و هاوكاریی هەموو بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخواز بوون، لەناو بزووتنەوەی چەپ و حزبی شیوعی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدارییەكی كارایان هەبوو، كوردەكانی فەیلی یەكەمین كەس بوون لە بەسراوە تاوەكو بەغدا پێشوازییان لە گەڕانەوەی سەركردەی گەورەی كورد مەلا مستەفا بارزانی كرد. لە 8ی شوباتی 1963 بەعسییەكانی ئەو سەردەمە كە كوردەكان بە حەرەس قەومی ناویان دەبردن، چەندین تاوانیان دژی كورد ئەنجام دا، حەرەس قەومییەكان لە كۆچە و كۆڵانەكانی بەغدا كەوتنە گیانی خەڵكی سڤیلی كورد و ئازارێكی زۆری كوردە فەیلییەكانیان دا، بۆیە كورد بەگشتی و كوردی فەیلی بەتایبەتی لەبەغدا ڕووبەڕووی كودەتاچییەكان بوونەوە، كاتێكیش حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕق و قینیان بەرانبەر كوردانی فەیلیی لەدڵدا مابوو، كە لە دوو زەمەنی جیاوازدا لە شۆڕشی ئەیلوول و لە كاتی كودەتای بەعسییەكان ڕۆڵی ئازادیخوازانەیان گێڕا و لەسەر نەتەوەكەی خۆیان هاتنە دەنگ، تەنانەت كوردەكانی فەیلی پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی بوون و لە ڕێپێوانەكەی كوردانی فەیلی لە بەغدا كە بۆ پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی و ڕێككەوتننامە مێژووییەكەی ڕێك خرا، پێگەی بەهێزی كوردانی فەیلی باشتر دەركەوت و ئەوەندەی دیكەی بەعسییەكانی ترساند. چەندین بەڵگەنامەی تایبەت بە موخابەرات هەن، كە باس لە مەترسیی كوردانی فەیلی بۆ سەر سەقامگیریی سیاسیی عێراق دەكات، تەنانەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كوردانی فەیلی موخابەرات لە بەڵگەنامەیەكدا دوو پێشنیاری داوەتە حكومەت، بەوەی كوردانی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران بكرێن، یان لە ناویان ببەن، بەمەش بەعسییەكان دەستیان كرد بە پیلاندانان بۆ دەستپێكردنی شاڵاوی ڕاپێچكردنی فەیلییەكان بە بڕیاری (مجلس قیادە الثورة) و پیلانی موخابەرات، ئەوە بوو هەڵمەتەكەیان لە ساڵی 1970 دەست پێكرد و 1980 گەیشتە ئاستێكی زۆر دڕندانە، بێگومان جگە لەم بیانوو و ڕق و كینەش، دەوڵەمەندیی كوردانی فەیلی كە هێزێكی گەورەی ئابووری بوون، بابەتێكی دیكەی هۆكاری جینۆسایدەكە بوو، چونكە سرووشتی دەسەڵات و پێگەی كوردی فەیلی لە بەغدا خۆی بینییەوە لە بەردەم پابەندبوونێكی ئەخلاقی و مرۆیی و نەتەوەیی بۆ هاوكاریكردنی مەلا مستەفا بارزانی بە پارە و توانای بەردەستی.
كوردانی فەیلی لە دەوری مەلا مستەفا بارزانی كۆبوونەوە، لەبەر ئەوەی سەركردەیەكی ئاسایی نەبوو، لە بنەماڵەیەكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر بوو، لە سییەكانی سەدەی ڕابردووەوە ژەنەڕاڵ بارزانی دەستە ڕاستی شێخ ئەحمەد بارزانی بوو، یەكەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی دەسەڵاتی مەلیكی بەڕێوە برد و، بە یەكەمین ژەنەڕاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی خراپی حوكمڕانیی عێراق دادەنرێت، بەمەش مەلا مستەفا بارزانی سیمبولی نەتەوەیی كوردە و لەلایەن زۆربەی پێكهاتە و تیرە و هۆزە كوردەكانی ئەو سەردەمەوە پاڵپشتی دەكرا، لەناو پارتییش مەلا مستەفا بارزانی پێگە و ڕۆڵێكی گەورەی دایە فەیلییەكان و دەسەڵات و پێگەی خۆیان هەبوو، بە نموونە دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم و حەبیب محەمەد كەریم و یەدوڵڵا فەیلی و سەعید فەهیمی و...تادوایی، بەمەش گرنگیدانی مەلا مستەفا بارزانی بە كوردانی فەیلی هەروا لەخۆڕا نەبوو، باش دەیزانی مامەڵە لەگەڵ چین و توێژێكی كورد دەكات، كە لە ئاستێكی بەرزی ڕۆحی نەتەوەییدان و بڕوای تەواویان بە دۆزە ڕەواكەی مەزڵوومییەتی كورد لە عێراقدا هەیە. دوای مەلا مستەفا بارزانی كوڕەكانی ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر هەمان ڕێچكەی نەتەوەیی باوكیان ڕۆیشتن.
* ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە كەمێك ڕاوەستین، دوای شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ پاڵپشتیكردنی كوردانی فەیلی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- دوای ڕێككەوتننامەی شوومی جەزائیر ڕۆڵ و پێگەی هەر دوو سەركردە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی زیاتر دەركەوت، بەتایبەتی ئیدریس بارزانی كە شوێن پێی مەلا مستەفا بارزانی هەڵگرتبوو، لە نزیكەوە پەروەردەی ئەو سەركردە مێژووییە گەورەیە بوو، لە نزیكیشەوە لە كاروباری نهێنی و ڕۆڵ و پێگەی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا و ناوچەكانی دیكەی دیالە و ڕۆژهەڵاتی دیجلە شارەزا بوو، بەتایبەتی كە كوردانی فەیلی نوخبەی ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامە و پێگەی ئابووری و بازرگانییان ناو جەرگەی بەغدا زۆر بوون، هەر دوو سەركردەی كورد ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی بیروباوەڕی تەواویان بە عەقیدەی بارزان و بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستا و داهاتووەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەی گەلی كورد هەبووە، لە ناوچەیەكی پڕ لە مەترسی و ئاشووب و توندوتیژی خاوەنی خەباتێكی گەورەن. هەر خۆی لەخۆیدا سەرۆك بارزانی لە بەغدا ژیاوە و لەو شارە خوێندوویەتی و لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشكردنە سەر كوردستان خوێندن بەجێ دەهێڵێت و لە 1962 پەیوەندی بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە دەكات. ئەم سەركردەیە لە بنەماڵەیەكی ئایینی و نیشتمانپەروەرە و بنەماڵەكەی لە پێناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد قوربانییەكی زۆریان بەخشیوە. ئەم سەركردەیە لەلایەن كوردانی فەیلی لە بەغدا خۆشەویست بووە و لای هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر خۆشەویستە و ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە، هەر ئەمەشە وای كردووە سەرۆك بارزانی لای كوردانی فەیلی خۆشەویست بێت.
* مەبەستت چییە بەوەی پێگەی بەهێزی كوردانی فەیلی لەناو كایەكانی بازرگانی و كاسبی و ئابووری هۆكارێكی دیكەی جینۆسایدەكەی كوردانی فەیلی بووە؟
- كەلتووری توندوتیژی و مۆركی تاڵانی و زەوتكردنی ماڵ و حاڵی كوردان مێژوویەكی كۆنی هەیە. بەعسییەكان لە پێگەی بەهێزی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا دەترسان، ئەو سەردەمە لە حەفتاكان و هەشتاكاندا حزبی ئیسلامی و مەزهەبی نەبوون، یان لاواز بوون، زیاتر بەلای بزووتنەوەی نەتەوەیی و چەپەكاندا دەچوون، كوردانی فەیلییش بە دابینكردنی هاوكاریی ماددی و یارمەتی بۆ مەلا مستەفا بارزانی و پارتی و شۆڕش هاوكار و یارمەتیدەرێكی باشی شۆڕش بوون. یەكێك لە بازرگانە كوردە فەیلییەكانی ئەو سەردەمە 400 دیناری ساڵی شەستەكانی پێشكەش بە شۆڕش كرد، ئەمەش هاوكارییەكی گەورەی دارایی بوو. تەنانەت جووڵەی بازرگانییان لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ ئاراستەی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی ئەیلوول كرد، تاوەكو شۆڕش سوودی لێ وەربگرێت، كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان بە داكۆكیكاری سەرسەختی خۆیان دەزانی، بۆ نموونە كاتێك حكومەتی عێراق پاڵێوراوێكی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی عێراق داوا كرد، مەلا مستەفا بارزانی كوردێكی فەیلی بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد.
* ئەگەر باسی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق- ئێران بكەین، كە لەو ساڵانەدا جینۆسایدی كوردانی فەیلی گەیشتە لووتكە، بەڵام ئەمە بۆشاییەكی دروست نەكرد لە نێوان پەیوەندیی كوردانی فەیلی لەگەڵ شۆڕش، هۆكاری ئەوە چی بوو؟
- ئەم پرسیارە بۆ ئێمەی كوردانی فەیلی گرنگە. لەناو جەرگەی بەغدا بە سەدان كوردی فەیلی لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر كران و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و لەو ژیانە مەدەنی و خۆشگوزەرانی و پێگە داراییەوە ئاوارەی كەمپەكان بوون و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا، لە قۆناغێكی ناسكی شۆڕشی كورد و نەبوونی كەسایەتییەكی وەكو مەلا مستەفا بارزانی بە تەئكید بۆشاییەكی مەترسیدار لە نێوان دوو مێژووی خەبات دروست دەكات، كە شوێنەوارەكانی لە دوای 2003 زیاتر دەركەوت و ژمارەیەك لە فەیلییەكان خۆیان بە مەندەلاوی و ناوی دیكە ناساند، ڕەنگە بە هۆی ترسیان لە دووبارە ڕاپێچكردنیان و پەراوێزخستنیانەوە بێت، یان زۆربەیان ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا كرد، دەرەنجام ژمارەیان كەم بووەوە و پێگەی جارانیان نەماوە. من وەكو ئەكادیمییەكی مێژوویی لە توێژینەوەكانمدا ئەو ڕاستییەم بۆ دەركەوتووە، بە بەرنامە كار بۆ كاڵكردنەوە و كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد لە بەغدا كراوە، لە كاتێكدا كوردەكان زۆر نیشتمانپەروەرتر و كاریگەرتر بوون لە زۆربەی ئەو هۆز و تیرانەی ئیدعای نیشتمانپەروەری دەكەن. خۆ ئەگەر كوردەكان نەبوونایە ویلایەتی مووسڵ بە دەستی توركیاوە دەبوو، لەو كاتەدا زۆر لە هۆزە عەرەبییەكان دەنگیان دا بەوەی لەگەڵ توركیادا بن، بوونی حزبە مەزهەبییەكانیش دەسەڵاتی زۆریان هەیە لە دامەزراندن و بەخشینەوەی ئیمتیازات. بۆیە ئەركی سەرۆك بارزانی بۆ كۆكردنەوە و پاڵپشتیكردنی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەیان و كۆكردنەوەیان بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزە ڕەواكەی كورد لە بەغدا ئاسان نییە و دەبێت هەمووان پاڵپشتی بكەن.