جەودەت نەجاڕ بەرپرسی بەشی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان لە بارەگای بارزانی بۆ گوڵان: بارەگای بارزانی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو بە ئاسوودەیی بژین و بە مافەكانی خۆیان بگەن

جەودەت نەجاڕ  بەرپرسی بەشی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان لە بارەگای بارزانی بۆ گوڵان:  بارەگای بارزانی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو بە ئاسوودەیی بژین و بە مافەكانی خۆیان بگەن

 

 

 لە ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری1970دا مافی پێكهاتەكانی كوردستان بەگشتی و مافی پێكهاتەی توركمان بەتایبەتی چەسپا و لە دەستووری تازەی عێراق و نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری كوردستانیش جەنابی سەرۆك بارزانی داكۆكیكارێكی سەرسەختی بەدەستهێنان و چەسپاندنی ماف و بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بووە. گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ جەودەت نەجاڕ بەرپرسی بەشی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان لە بارەگای بارزانی ئەنجام دا. جەودەت نەجاڕ لەناو پارتە توركمانییەكان چەندین پلەی حزبی هەبووە و یەكەم وەزیری توركمان بووە و لە 2013 -2018 ئەندام پەرلەمانی كوردستان بووە، بەمجۆرەش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* پێكەوە ژیانی ئاشتییانە یەكێكە لەو سیما جوانانەی كە هەرێمی كوردستان شانازی پێوە دەكات، لەمەش زیاتر لەو كاتەوەی دووبارە بارەگای بارزانی دامەزراوەتەوە، دەبینین هەموو پێكهاتە جیاوازەكان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە لە ژێر چەتری بارەگای بارزانی كۆبوونەتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا بارەگای بارزانی تا چەند بۆ پاراستنی مافی پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا كاریگەریی هەیە؟

- بارەگای بارزانی مێژوویەكی زۆر دوور و درێژی هەیە لە كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، تەنانەت ئەو پێكهاتانەی لە هەرێمی كوردستانیش نین، وەك پێكهاتەی عەرەب، لە بارەگای بارزانی گرنگییەكی جددییان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی نەریتی پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت. بارەگای پیرۆزی بارزانی بە شێوەیەكی بەرتەسك سەیری بابەتەكان ناكات، بەڵكو بە شێوەیەكی كراوە و واقیعی سەیری هەموو پرس و بابەتەكان دەكات، چونكە بارەگای بارزانی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی هەرێمی كوردستان، لەو بارەگا پیرۆزە كە جەنابی سەرۆك زۆر پابەندیەتی و ئەوەی جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەوەیە كە نابێت هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێكهاتەكان بكەین، چ كورد بێت، چ توركمان، چ عەرەب بێت، بە هەموو ئایین و ئایینزاكانیشەوە. ئێمە كار لەگەڵ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان دەكەین، هەر كێشە و پرسێكیان هەبێت، لەو كاتەی دەگاتە لای ئێمەوە بە جددی و گرنگییەوە كاری لەسەر دەكەین بۆ چارەسەركردنیان. ئەمڕۆ بارەگای بارزانی چەترێكی سەرەكییە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی پێكهاتەكان دەبنەوە، ئێمە و لایەنەكانی پێكهاتەكان وەك مەرجەعێك سەیری بارەگای پیرۆزی بارزانی دەكەین. هەموو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان ئومێدێكی زۆریان بە بارەگای بارزانی هەیە و لەو كاتانەی كە نوێنەر و كەسایەتی و لایەنەكانی پێكهاتەكان دێنە لای ئێمە، دەبینین هیوا و ئومێد و ئاسووەدیی زۆریان پێوە دیارە، چونكە دڵنیان و متمانەیان بەوەیە كە بابەت و كێشە و پرسەكانیان ڕاستەوخۆ دەگاتە لای جەنابی سەرۆك و زۆر دڵنیایی دەردەبڕن كە لە لای جەنابی سەرۆك و لەو بارەگا پیرۆزەوە كێشەكانیان چارەسەر دەكرێت. ئێستا لە بارەگای بارزانی بەشێكی تایبەت بە پێكهاتەكان هەیە و هەموو كار و داوا و كێشە و پرسێك كە دەگاتە لای ئێمە، ئەگەر لە توانای ئێمەدا بێت، بۆیان چارەسەر دەكەین، بەڵام لەو كاتەی كێشەكان قورس و ئاڵۆز بن، ئەوا ڕاستەوخۆ دەگەیەندرێنە لای جەنابی سەرۆك و بەڕێزیشیان بەو پەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە چارەسەری كێشەكانیان دەكات، جەنابی سەرۆك بارزانی تا ئێستا هیچ كێشەیەكی نەگەڕاندووەتەوە، ئەگەر لە بەرژەوەندیی پێكهاتەكان بووبێت، هەموو كات جەنابی سەرۆك داكۆكی و بەرگری لە پێكهاتەكان دەكات و هەموو كات جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت مافی پێكهاتەكان پێشێل بكرێت و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ئەوە ناكات دەرهەق بە پێكهاتەكان بڕیاری نەرێنی بدرێت.  

* جەنابی مستەفا بارزانی لە ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 مافی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بەگشتی و توركمانەكانی بەتایبەتی لەو ڕێككەوتنەدا چەسپاند، هەروەها جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 بەردەوام پشتگیریی مافی هەموو پێكهاتەكانی كرد‌، ئایا ئێوە چۆن سەیری ئەم پشتگیرییەی فیكر و عەقیدەی بارزان دەكەن بۆ لێبوردەیی و پێكەوە ژیان لە كوردستاندا؟

- ئەوە نەك تەنیا لە ئێستادا، بەڵكو لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە پێكەوە ژیان بایەخی پێ دراوە و هەمیشە ڕەوشتبەرزی پێناسەی خێزانی بارزانی بووە. خێزانی بارزانی ئەو خێزانە نەبوون كە خۆیان پێ گەورە بێت و تەنیا خۆیان بپارێزن، یان تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان ڕەچاو بكەن، بەڵكو هەمیشە خۆیان بە خاوەنی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان زانیوە. لەو پرسیارەدا كە ئاماژەتان بە ڕێككەوتننامەی (11)ی ئازاری (1970) دەكەن، من بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بابەتێك دەخەمەڕوو كە شەهید سامی عەبدولڕەحمان بۆی گێڕاینەوە. لە ڕێككەوتننامەی (11)ی ئازار یەكێك لە بەرنامەكانی مفاوەزاتەكە ئەوە بووە لەلای جەنابی مەلا مستەفای بارزانیی نەمر كە لەو مفاوەزاتەدا مافی پێكهاتەكانی كوردستان جێگیر بكرێت و لەو كاتەی كە ئەو خاڵەی شاندی مفاوەزاتی شۆڕشی كوردستان لەگەڵ لایەنی عێراقی باسیان كردووە، ئەمە شتێكی قورس بووە بۆ لایەنی عێراقی، چونكە دەوڵەتی عێراق نایەوێت هیچ شتێكی ئیجابی بۆ پێكهاتەكان چارەسەر بكرێت، لەسەر دەستی شۆڕشی گەلی كوردستاندا، بەڵكو هەموو كات ویستوویەتی بارودۆخی پێكهاتەكان ئەگەر بە موزەیەفیش بێت، خۆی بیكات، هەر لە كاتی ڕێككەوتنەكە لایەنی عێراقی بە لایەنی كوردستانیان وتووە كە بریكارێكی وەزارەتێك لە وەزارەتەكان (وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، یان كار) توركمان بووە، وتوویانە ئەو وەزارەتە پشكی ئێوەیە، دەتوانن ئەو بریكاری وەزارەتە بگۆڕن و بۆ خۆتان كوردێك لە جێگای دابنێن، بۆ وەڵامی ئەمە شاندەكە ڕایانگەیاندووە كە ئەمە دەبێت بگەڕێنینەوە بۆ لای جەنابی مەلا مەستەفا بارزانی، تەنیا جەنابیان دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات، لەو كاتەی ئەو پرسە خراوەتە بەردەمی جەنابی مەلا مستەفای بارزانی، ئەو ڕەتی كردووەتەوە كە ئەو بریكارە توركمانەی وەزارەتەكە بگۆڕدرێت بە كوردێك و فەرموویەتی «بە هیچ شێوەیەك دەستكاریی هیچ كەسێكی پێكهاتەكان كە لە وەزیفەدان ناكرێت و لە شوێنی خۆیان لانادرێن و توركمان بەشێكن لەو ڕێككەوتنە و توركمان بەشێكن لە ئێمە و برای ئێمەن. ئەو توركمانە كە بریكاری وەزارەتێكە دەبێت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە»، ئەمەش لێدوانێكی گەورە بووە لەو كاتەدا لە حكومەت و ڕژێمی عێراقی و بەپێچەوانەشەوە هەست و سۆزێكی زۆری توركمانی ڕاكێشاوە بۆ لای شۆڕشی گەلی كوردستان و جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو ڕێككەوتنە بووەتە هۆكارێك كە حكومەتی عێراقی ناچار بكات، پێش ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی (11)ی ئازار ددان بە مافی ڕۆشنبیریی پێكهاتەی توركمان بنێت، بەڵام پاش چوار مانگ لە ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكەی (11)ی ئازار ئەو بڕیارەی كە حكومەتی عێراقی دابووی بە دداننان بە مافی ڕۆشنبیریی توركمان ویستیان ئیلغا بكرێت، بەڵام لە سایەی سەروەری و حەكیمیی جەنابی مەلا مستەفا پێكهاتەی توركمان وەك كورد بە هەموو ماف و بەرژەوەندییەكانیان شاد بوون، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە عەقیدە و هزری بنەماڵەی بارزانەوە، كە هەموو كات لە هەوڵی ئەوەدا بوون، هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بگرە سەرتاسەری كوردستان بە یەكەوە و بە برایەتی و لێبوردەیی و ئاشتی بژین. ئێمە سەیر دەكەین لە هەموو شاندەكان كە بۆ عێراق دەچن و لە هەموو بۆنە تەشریعی و تەنفیزییەكاندا كورد و بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی و لە سەرووی هەموویانەوە جەنابی مسعود بارزانی داكۆكیكار و بەرگریكارێكی ڕاستەقینە و سەرسەختی پێكهاتەكانە، بەتایبەت بۆ پێكهاتەی توركمان. پێش نووسینەوەی دەستووری عێراق، جەنابی سەرۆك بارزانی ساڵی (2002 یان 2003) بوو لە ناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند و فەرمووی لە هەرێمی كوردستان پێكهاتە بە ژمارە نییە، بەڵكو هەموو پێكهاتەكان نەتەوەن، نەك كەمە نەتەوە، هەر بۆیە جەنابی سەرۆك بارزانی دوو شتی جێگیر كردووە و مێژوو لە لاپەڕە پڕشنگدارەكانی خۆیدا تۆماری كردوون كە ئەمانەن:

یەكەم: جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستان چەمكی كەمە نەتەوەیی نەهێشت و فەرمووی هەموو پێكهاتەكان نەتەوەن و هاوبەشی ڕاستەقینەی گەلی كوردستانن.

دووەم: مافی هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان پارێزراوە وەك مافی پێكهاتەی كورد.

هەروەها لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی (2005) عێراق دەیویست تەنیا مافی پێكهاتەی كورد و عەرەب لە دەستوورەكەدا هەبێت و مافی پێكهاتەكانی دیكە جێگیر نەكات، بەڵام بەپێداگری و داكۆكیكردنی جەنابی سەرۆك بازرانی كە ئەو كات برادەرانی ئێمە وەك توركمان لەگەڵ شاندەكەی نووسینەوەی دەستووری عێراق لە بەغدا بوون كە بەڕێزان (كەرخی ئاڵتی بەرماغ و سامی شەبەك و ڕیاز ساری كەهیە) بوون، بە شاهێدی ئەوان كە ڕەشنووسی دەستوورەكەمان بردە لای جەنابی سەرۆك بارزانی، بە قەڵەمی سوور لەسەر ڕەشنووسەكە نووسی، دەبێت ئەوەی توركمانەكان و ئەو ئەندامانەی لە لێژنەكە نوێنەری پێكهاتەی توركمانن و دەیانەوێت، دەبێت ئەو مافانە لە ناو دەستوورەكە جێگیر بكرێن، ئەوەی نووسرابوو لە دەستوورەكە چەندین جار چووبووە لای ئەوانەی پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەستوورەكەیان دەكرد، ئەو بڕگە و ماددانەی بۆ مافی توركمان داوا كرابوون، ڕەشیان دەكردەوە، لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە لێژنەكانی نووسینەوە و پێداچوونەوەی دەستوورەكەی فەرموو بووی، ئەگەر ماف و داواكاریی پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان جێگیر نەكەن، ئێمە وەك كورد و گەلی كوردستان دەكشێینەوە. هەموو ئەوانەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك ڕێباز و عەقیدەی بارزان ویستوویەتی پارێزگاری لێ بكرێت و ئەمڕۆ كە لە هەموو عێراق و لە هەرێمی كوردستان مافی پێكهاتەكان كە لە دەستوور جێگیر كراوە، لە سایەی عەقڵییەت و سیاسەت و ڕاستگۆیی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە بەرانبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستووری سەرەتای شۆڕشی گەلی كوردستان و لە دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە ساڵی (1961) بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، ئەمە لە چوارچێوەی ئەدەبیات و بیر و عەقیدەی بارزاندا بووە، هاوكات هەر ئەو عەقیدەی بارزانەیە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە هەموو پێكهاتەكان بەتایبەت وەك دەبینین توركمان لە هەرێمی كوردستان لە هەموو جومگەكانی دەوڵەت و دامەزراوە حكوومییەكان و پەرلەمان و دادوەری بە پۆستی باڵا و كارا بەشدارین، هەر بۆیە شاراوە نییە تاوەكو بنەماڵەی بارزان و پارتی دیموكراتی كوردستان مابن، توركمان و پێكهاتەكانی دیكەش ماف و بەرژەوەندییەكانیان پارێزراون.      

* پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە، جیا لەوەی بە سیستمی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەریان هەیە، لە هەمان كاتدا لە ناو حكومەتی كوردستان وەزیریان هەیە و لە دامەزراوەكانیشدا چەندین پۆستی باڵایان هەیە، ئایا تا چەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتی خزمەتی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی كوردستانی كردووە؟

- لە كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتەی كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتەكەدا بە وەزارەتێك بەشدار بوون، كە بەڕێز یونادم یوسف وەزیر بوو، هەر لەو كاتەدا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری ئەوە كرا، كە پێویستە پێكهاتەی توركمانیش لە حكومەتەكەدا بەشدار بن، بۆ ئەو مەبەستە شاندێكی حكومەتی كوردستان سەردانی حزبە توركمانەكانیان كرد، كە ئەو كات دوو حزبی توركمانی هەبوون كە یەكێكیان (پارتی نیشتمانیی توركمان) بە سەرۆكایەتیی دكتۆر موزەفەر ئەرسەڵان بوو، دووەمیان (حزبی ئیتیحادی توركمانی) بە سەرۆكایەتیی ڕیاز ساری كەهیە بوو، بەڵام بەداخەوە دەستێكی دەرەكی هەبوو، بۆ ئەوەی توركمانەكان لە حكومەتی كوردستان بەشدار نەبن، ئەگەرچی لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە سێ پۆستی باڵا بۆ بەشداریی توركمانەكان پێشنیار كرابوو، كە ئەمانە بوون (جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری پەروەردە و وەزیری هەرێم)، لە سەرەتادا پارتی نیشتمانیی توركمان بەو پێشنیارە ڕازی بوون، لە پاشان پارتی نیشتمانیی توركمانی بۆچوونی خۆی لەوبارەوە گۆڕی و ڕایانگەیاند كە بەشداریی حكومەتەكە ناكەن و بەدیلیش حزبی ئیتیحادی توركمانی بوو، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ پارتی نیشتمانیی توركمانی ئەنجام دا و پێمانگوتن بەشداریی ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان لە حكومەتی كوردستان زۆر گرنگە و من گوتم، ئەگەر ئێمە بە یەك وەزارەتیش بەشدار بین، ئەوە بۆمان گرنگە و با داوای پلە و پۆستی زیاتر نەكەین، چونكە ئەو كات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتادا بوو و ئیمكانیەتی زۆر باش نەبوو، گوتمان ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان پێویستە واز لە دوو شت بێنین، كە یەكێكیان ئەوە بوو، بە هیچ جۆرێك نابێت بە هەرێمی كوردستان بڵێین باكووری عێراق، چونكە ئەو پارت و لایەنانەی كوردستان چەندین ساڵە شۆڕشی ڕزگاریخوازییان لە دژی ڕژێمی دیكتاتۆری كردووە و خوێنی هەزاران شەهیدیان داوە و ماڵیان وێران بووە و ئەنفال و جینۆساید كراون، لەو كاتەدا كە ئێمە دەڵێین باكووری عێراق ئەوە ئیستیفزازە. دووەم بۆ ئەوەی ببینە هاوبەش لەو هەرێمە وەك پێكهاتەیەكی دێرین و سەرەكی پێویستە بەشدار بین لە حكومەتی كوردستان بە هەر پۆست و پلەیەك بێت و، چەندین جار تكام لە برادەرانی خۆمان كرد، ئەگەر پۆستی بەڕێوەبەری گشتیمان پێ بدەن، ئەوە ڕازی بین باشترە لەوەی لە دەرەوەی حكومەتەكە بین. ئەگەرچی بەداخەوە لەو كاتەدا ڕەزامەندییان دەرنەبڕی و لە پاشان بەرەی توركمانی دروست بوو و زۆریش دەمارگیر بوون. گوتمان بەشداربوون لەو حكومەتەدا ئیجابیاتی یەكجار زۆری هەیە، سەرەڕای ئەو هەموو هێرشانەی ئێمە وەك توركمان دەیكەینە سەریان، بەڵام ئەوان لەسەرخۆ و هێمنن و ددانیان بەخۆدا گرتووە. ئەوە بوو لە دوای ساڵی (1999) لە كابینەی چوارەم و بە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، پێداگری كرا لەسەر ئەوەی بە فعلی پێكهاتەی توركمان لە حكومەتی كوردستان بەشدار بن و من پۆستی وەزیریم وەك پێكهاتەی توركمان بە خۆشبەختییەوە وەرگرت، ئەو كات بارودۆخی حكومەتی كوردستان وەك ئێستا پێشكەوتوو نەبوو لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە.

* سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە لە بەروارێكی دیاریكراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێتەوە، ئایا ئێوە وەك نەتەوەی توركمان چۆن خۆتان ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟ هاوكات لەگەڵ ئەم پرسیارە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام دەرێت، ئایا لەو هەڵبژاردنانەش بەشداری دەكەن، بەتایبەتی لە كەركووك؟

- لەم قوناغەدا ئەگەر توركمان بیر لە بەرژەوەندیی خۆی بكاتەوە وەك پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ڕەسەنی هەرێمی كوردستان، نابێت قبووڵ بكات، یان هەنگاو بنێت بۆ نەهێشتنی كورسیی كۆتا لە پەرلەماندا، چونكە توركمان ناتوانێت ئەو دەنگە لە ئێستادا بێنێت، كە پێنج كورسی بێت وەك ئێستا لە پەرلەماندا، چونكە تا ئێستا سەرژمێرییەكی ڕاستەقینە نییە كە ژمارەی تەواوی پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان بكات، لەلایەكی دیكەوە هەڵبژاردن بە هەر سیستەمێكی دیكە بێت لە دەرەوەی كۆتا، ئەوە دەنگ و ڕەنگ و ژمارەی ئێمەی توركمان پەرش و بڵاو و بزر دەبێت، سەرەڕای ئەوانەش سیستەمی كۆتا سیستەمێكی باو و سرووشتییە و لە زۆر وڵاتانی پێشكەوتووش پیادە دەكرێت. سیستەمی كۆتایە وای كردووە كە پێكهاتەی توركمان بە پێنج كورسی لە پەرلەمانی كوردستان و لە چەندین پۆستی وەزاری و گرنگ لە حكومەتی كوردستان بەشداربن و ئەو لایەن و حزبانەی دەیانەوێت كۆتا بۆ پێكهاتەكان لە كوردستان نەمێنێت، مەبەستی سەرەكییان ئەوەیە كە دەنگ و توانا و ئیمكانیاتی پێكهاتەكان بۆ نموونە وەك نەتەوەی توركمان كەم بكرێتەوە و دەنگەكانیان پەرش و بڵاو بێت و نەتوانن ئەو ژمارە كورسی و نوێنەرایەتییەیان بمێنێت، كە ئێستا لە حكومەت و پەرلەمان هەیانە. ئەو هەڵمەتە زۆر و گەورەیەی كە چەندین ماوەیە لە سەر كورسیی كۆتا هەیە، ئەوە مەبەستیان ئەوە نییە سكیان بە توركمان و پێكهاتەكانی دیكە دەسووتێت، یان بۆ بەرژەوەندیی پێكهاتەكانە، نەخێر بە پێچەوانەوە لە دژی بەرژەوەندیی پێكهاتەكانە، لێرەدا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە پێداگری لەسەر سیستەمی كۆتاكان بۆ پێكهاتەكان دەكات، چونكە تەنیا پارتییە لەسەر ڕێباز و عەقیدەی بارزان دەڕوات كە دەیەوێت هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی بژین و مومارەسەی گوزەران و هەقی خۆیان بكەن. ئامانجێكی دیكەی هەندێك پارت و لایەن بۆ نەمانی كورسیی كۆتا بۆ ئەوەیە كە پێكهاتەكان بەتایبەت پێكهاتەی توركمان لە پارتی جیا بكەنەوە، ئەمەش بە هیچ جۆرێك ڕوو نادات، چونكە پێكهاتەی توركمان بەپێی مومارەسەی خۆیان گەیشتوونەتە ئەو ئیمان و باوەڕەی كە تەنیا هزر و عەقیدەی بارزان و پارتی دەیانپارێزێت و داكۆكی لە مافەكانیان دەكات، ئێمە وەك توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان ئیمان و باوەڕێكی گەورە و زۆرمان بە عەقیدەی بارزان هەیە.

Top