خوێندنەوەیەكی جیاواز بۆ چەمكی «پارتی» وەك فیكر ساتێك بیركردنەوە لەناو گلەیی و گازندەی ئەندام و لایەنگرانیدا
مێشێل فۆكۆ لە كتێبی «وشە و شتەكان» دەڵێت: «بۆ ئەم كتێبە شوێنێك هەیە بۆ لەدایكبوونی دەقێكی بۆرگیس، كە لە كاتی خوێندنەوەیدا قاقایەك دروست دەبێت، كە هەموو نەریتەكانی فیكر (فیكری ئێمە) دەلەرزێنێت، ئەو فیكرە كە تەمەن و جوگرافیای ئێمەی هەیە و، وامان لێ دەكات كە شێوازی كۆنی بیركردنەوەمان بۆ «خود»، «ئەوی دیكە» بۆ ماوەیەك بهەژێنێت و تووشی دڵەڕاوكێمان بكات». ئەو دەقەی «بۆرگیس» كە لە كاتی خوێندنەوەیدا فۆكۆ گوێبیستی ئەو قاقایە دەبێت، ئەو ساتەیە كە تیایدا فۆكۆ چەمكی مۆدێرنە وەك ئایدیۆلۆژیەتێكی سڕبووی چەقبەستوو دەبینێت، نەك وەك بەرهەمی فیكر و ڕۆشنگەری.
ئەم تێڕوانینە وردەی فۆكۆ بۆ چەمكی مۆدێرنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرەتایەی كە لە چوارچێوەی كۆجیتۆی دیكارتدا پێناسە كراوە و دەڵێت: «من بیردەكەمەوە. كەواتە من هەم»، ئەم «هەم»ـەی دیكارت لەگەڵ ئەوەی هایدگەر وەك مانا و پێناسەی «بوون « ڕەخنەی لێ دەگرێت، بەڵام لەم نووسینەدا ئەو «هەم»ـەی دیكارت بەو شوێنە پێناسە دەكەین كە مانا و پێناسەی «بوون» تێیدا لەدایك دەبێت.
ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێ دەڵێت هەموو چەمكێك كە ئاراستەی ژیان دەگۆڕێت، دوای ئازاری بیركردنەوەیەكی زۆر لەناو منداڵدانی فیكردا لە دایك دەبێت، هەر بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەم دێڕانە زیاتر وەك چەمك مامەڵە لەگەڵ «پارتی» دەكات، نەك حزبێكی سیاسیی هاوشێوەی مۆدێلی حزبی سەرمایەداری، یان كۆمۆنیستی، كەواتە كاتێك وەك چەمك مامەڵە لەگەڵ «پارتی» دەكەین، ئەوا ناچار دەبین بە دوای ئەوەدا بگەڕێین، كە ئەم چەمكە لەناو كام ئازاری بیركردنەوەی سەخت و لەناو كام فیكردا لە دایك بووە؟ ئەو كەسە كێیە كە بیری لێ كردووەتەوە؟ ئامانج لەم چەمكە چییە؟ دەبێت ئەم چەمكە وەك ئامراز بۆ چ مەبەستێك بەكار بهێنرێت؟
هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و ئەو مانایانەی چەمكی پارتی كە لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەر لە ساڵی 1946ـەوە هەتا ئێستا ڕاڤە كراوە، ئەوەمان پێ دەڵێت مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، لە ساتی لەدایكبوونی چەمكی پارتی، یان دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەست پێ ناكات، بەڵكو وەك هەموو چەمكێك پێش لەدایكبوونی پێشخانێكی فیكری هەیە. هەر بۆ نموونە كۆپەر نیكۆس لە سەرەتای سەدەی 16 لە كتێبی «شۆڕشی ئەستێرەكان لە ئاسمان»، نووسیویەتی و بە تیۆر سەلماندی ئەستیرەكانی ئاسمان ئازادن و زەویش یەكێكە لەو ئەستێرانە و لەسەر خولگەی خۆی دەخولێتەوە، بەڵام گالیلۆ لە دەیەی یەكەمی سەدەی حەڤدەیەم بە تەلەسكۆپ تیۆرەكەی كۆپەرنیكۆسی سەلماند، ئەمە بۆ لەدایكبوونی چەمكەكانی مۆدێرنە، ڕۆشنگەری، تەنانەت شۆڕش و دەوڵەتی نەتەوەییش بە هەمان شێوەیە و، چەمكی «پارتی»یش لەم چوارچێوەیەدا بە هەمان شێوەیە و ئەو پێشخانە فیكرییەی بووەتە شوێنی لەدایكبوونی ئەم چەمكە «فیكر و عیرفان و عەقیدەی بارزان»، ئەم فیكر و عەقیدەیەش بەرهەمی تەكیەی شێخانی بارزانە كە مێژووەكەی بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
فیكر و عەقیدەی بارزان، پێش لەدایكبوونی چەمكی «پارتی»، چەندین چەمكی بەرزی دیكەی بۆ مرۆڤایەتی لەناو ئەو فیكر و عەقیدەیە لە دایك بوون، كە ئێستا بوونەتە ئەو هێمایانەی كە تەواوی گەلی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە شانازی پێوە دەكەن، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین:
1. مرۆڤبوون، واتە ئێمە پێش هەر شتێك مرۆڤین، ئەوجا ڕەگەز نێر بێت، یان مێ، یان ئایین و نەتەوەمان لە یەكتری جیاواز بێت، هەموومان مرۆڤین و مرۆڤایەتی كۆمان دەكاتەوە.
2. پێكەوەژیانی ئاشتییانە، لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان و پیادەكردنی ڕێوڕەسمە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان.
3. نەهێشتنی جیاوازیی ڕەگەزی، بەتایبەتی هەڵگرتنی چەوسانەوە لەسەر ئافرەتان و ڕێگرتن لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ، گەورە بە بچووك، پێدانی ژن لە بری خوێن و...هتد.
4. پاراستنی ژینگە و ڕێگرتن لە بڕینەوەی دار و ڕاوكردنی ئاژەڵە كێوییەكان، ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەم چەمكە بەرزە بكەین (ڕێگرتن لە بڕینەوەی دار و پاراستنی دارستانەكان) و كەشوهەوا و جوگرافیای ئەو ناوچانەش لەبەرچاو بگرین، كە هەم كەشوهەوایەكی كوێستانی و زۆر سارد و جوگرافیایەكی زۆر سەخت و دوورەدەستیان هەیە، كە زیاتر پێویستییان بە سووتەمەنی بەتایبەتی لە وەرزی زستان هەیە، كەچی پێش زیاتر لە سەدە و نیوێك پابەندی جێبەجێكردنی ئەم چەمكە بەرزە بوون: «ڕێگرتن لە بڕینەوەی دار و پاراستنی دارستانەكان»، هەر بۆیە ئێستا كە دەچیتە ئەو ناوچەیە دەبینی، هەم دارستانەكان پارێزراون و هەمیش ئاژەڵە كێوییەكان بە ئازادانە بە گوندەكاندا دەسووڕێنەوە.
5. بەرگریكردن لە هەق و ڕووبەرووبوونەوەی ناهەق و زۆرداری، ئەم چەمكە تەنیا بۆ پارێزگاریكردن لە شوێنكەوتووانی فیكر و عەقیدەی بارزان، جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو لە هەر شوێنێك ناهەقی و زۆرداری هەبووبێت، شوێنكەوتووانی فیكر و عەقیدەی بارزان داكۆكییان لە ستەملێكراو كردووە، تەنانەت بۆ پاراستنی ئەرمەنەكان شەڕی زۆر گەورەیان كردووە و بە دەیان شوێنكەوتووانی بارزان بۆ داكۆكیكردن لە هەق شەهید بوون.
6. خوداناسی، خودا پەرستی، نیشتمانپەروەری، بەرزی و گەورەیی ئەم چەمكە لەوەدایە، تۆ چۆن خودای خۆت دەناسیت، چۆن خوداپەرستی دەكەیت ئازادی، بەڵام گرنگە نیشتمانەكەی خۆتت خۆش بوێت.
چەمكەكانی «فیكر و عەقیدەی بارزان» زۆر لەو چەمكانە زیاترن كە ئاماژەمان پێ كردن، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەو ئەو چەمكانە بكەینە پێشخانێك بۆ ئەوەی بزانین چۆن چەمكی «پارتی» لەناو ژانی بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا لە دایك بووە؟
بە چەند خاڵێك وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە:
1. مستەفا بارزانی جیا لەوەی لە ساڵی 1903 لە زیندان لەدایك بووە، لە ساڵی 1919 و لە تەمەنی 16 ساڵییەوە، دوای ئەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان هێزێك دەنێرێت بۆ بەهاناوەچوونی مەملەكەتەكەی شێخ مەحموودی حەفید، بە كردەیی هاتووەتە ناو كۆڕی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانەوە.
2. مستەفا بارزانی پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگەی پاراستنی كۆماری كوردستان، شكستی مەملەكەتەكەی شێخ مەحموودی حەفید، دامركاندنەوەی شۆڕشی یەكەم و دووەمی بارزانی بینیوە، هۆكاری ئەم هەموو شكستەش لەناو فیكری مستەفا بارزانیدا كە زۆر بە وردی دەستنیشان كراوە و تا ئێستاش بە دەست ئەو هۆكارەوە دەناڵێنین، نەبوونی یەكڕیزی و تەبایی بووە لە نێوان تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا، ئەم هۆكارەشی لەناو ئەو شیعرە بەرزەی ئەحمەدی خانی كۆكردووەتەوە كە دەڵێت:
گەردێ هەبووا مە ئیتیفاقەك
ڤێكڕا بكرا مە ئینقیادەك
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیان ژ مەرا دكر غولامی
تەكمیل دكر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دكر مە عیلم و حكیمەت
3. كاتێك لە كانوونی دووەمی 1946 پێشەوا قازی محەمەد دامەزراندنی كۆماری كوردستانی لە «چوار چرا»ی شاری مەهاباد راگەیاند، مستەفا بارزانی بڕیاری دا سەرەتای یەكڕیزی و تەبایی و هاریكاری دەستی پێ بكرێت و خۆی و پێشمەرگەكانی چوون بۆ كۆماری كوردستان و بوونە پارێزەری ئەو كۆمارە، بەڵام لە دوای چەند مانگ وەك مێژوو بۆ مان باس دەكات، سەرۆك هۆزەكانی كوردستان وەك پێویست هاوكاریی پێشەوا قازی محەمەدیان نەكرد و، تەنیا هێزی بارزانییەكان مانەوە كە پارێزگاری لە كۆماری كوردستان بكەن، ئەم بەرگرییە قارەمانانەی هێزی بارزانییەكان بوو، كە وای كرد، پێشەوا ئاڵای كوردستان وەك ئەمانەت بە ژەنەڕاڵی كۆمار مستەفا بارزانی بسپێرێت.
ئەم خاڵانە كە واقیعی مێژوویین، ئەوەمان پێ دەڵێت، كاتێك لە ژانی بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا چەمكی «پارتی» لەدایك دەبێت، بەتایبەتی لەو كاتەی بەرگری لە كۆماری كوردستان دەكات و دەشزانێت بەو پەرتەوازەییە لە بەرانبەر سوپای شای ئێراندا پاراستنی ئەو كۆمارە مەحاڵە، ئا لەم واقیعە تاڵ و نائومێدییەدا مستەفا بارزانی داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانییەكان و سەرۆك هۆز و كەسایەتییە دیارەكانی كوردستان دەكات، كە یەك بگرن و لە ژێر یەك چەتردا كۆببنەوە، كە ئەویش چەتری پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لێرەوە ئەگەر بەها بەرزەكانی چەمكی «پارتی» لە ناو فیكری مستەفا بارزانی بخەینە ڕوو، دەبینین چەمكی «پارتی»یش، هاوشێوەی چەمكەكانی دیكەی «فیكر و عەقیدەی بارزان» بریتییە لە چوارچێوەیەك بۆ «ڕاستگۆیی، یەكڕیزی و تەبایی، دادپەروەری و سەروەریی یاسا، پێكەوە ژیانی ئاشتییانە، وەفاداری بۆ نیشتمان، لە سەرووی هەمووشیانەوە كۆكردنەوەی كۆی هێز و تواناكانی گەلی كوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی ئەم دەوڵەتە، ئەمەشی لە یەك دروشمدا كۆكردۆتەوە ئەویش «كوردستان یان نەمان»ـە.
ئەمەی تا ئێستا ئاماژەمان پێ كرد، تەنیا چەمكی «پارتی»یە لە هەناوی بیركردنەوەی پەتییانەی مستەفا بارزانیدا وەك ئەمانوئێل كانت ناوی لێ ناوە «ڕەخنەی ئەقڵی پەتی»، هەر بۆیە ئەگەر ئەم چەمكە لەسەر ئەرزی واقیع وەك پارتێك بە ناوی «پارتی دیموكراتی كوردستان» پراكتیزە دەكرێت، ئایا دەتوانین بڵێین ئەم پارتە توانیویەتی ئەو هەموو بەها بەرزانەی ئەو چەمكە «پارتی» بپارێزێت كە لە بیركردنەوەی زیاتر لە سی ساڵی خەباتی مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدایك بووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەیڤێكی سەرۆك مسعود بارزانی وەردەگرینەوە كە لە ماوەی یەك ساڵدا لە دوو بۆنەی گرنگی كۆنگرەی 14 و كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزان زۆر بە بوێری و ڕاستگۆیانە پێی گوتین: لە ئێمەوە سەیری فیكر و عەقیدەی بارزان مەكەن، فیكر و عەقیدەی بارزان لە ئایدیۆلۆژیەتێكی موعەیەن گەورەترە».
ئەم پەیڤە بەرزەی سەرۆك بارزانی دەكەینە ئەو ساتەی كە بیر لە گلەیی و گازندەكانی ئەندام و لایەنگرانی كوردستان دەكەینەوە.
ساتێك بیركردنەوە لەناو گلەیی و گازندەكانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا
لە دوای ڕاپەرینە شكۆدارەكەی گەلی كوردستانەوە لە ساڵی 1991 و دروستبوونەوەی كۆڕی فراوانی پارتییانە، لە هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە تەنیا ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار بوون، گوێبیستی گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان بووین، ئەوانەشی كە ئامادەن لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و نیشتمانی خۆیان شەهید بكرێن، گلەیی و گازندەیان لە هەموو ئەوانەی دیكە زیاترە، ئەم گلەیی و گازندانەش زۆر بە ڕاشكاوانەتر لەو كۆبوونەوە فراوانانەی پارتی زیاتر دەردەكەون كە شەخسی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندام و لایەنگران و پێشمەرگە دێرینەكانی هەردوو شۆرشی «ئەیلوول و گوڵان» كۆ دەبێتەوە. لەمەش زیاتر ئەو جەماوەرە بەرفراوانەشی كە لە ڕۆژی 16ی ئاب دەڕژێنە سەر جادە و شەقامەكان و لە گۆڕەپانە گشتییەكاندا ئاهەنگ بۆ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگێڕن، ئەوانیش گلەیی و گازندەیان هەیە و، گەلێك جاریش ئاستی گلەیی و گازندەی تێكۆشەرە دڵسۆزەكان دەگاتە لووتكە و بارودۆخەكەیان پێ ناگۆڕێت، بۆیە دەڵێن: «ئێمە مەلایین، پارتی نین»، ئەم تووڕەییە پیرۆزەی ئەو تێكۆشەرە دڵسۆزانە شایەنی ئەوەیە كە دەیان كتێبی لەسەر بنووسرێت. لەناو دیمەنی ئەم گلەیی و گازندە بێ شومارانەدا، وەك مێشێل فۆكۆ دەڵێت: شوێنێك دروست دەبێت بۆ خوێندنەوەی دەقێك كە لەگەڵ خوێندنەوەیدا قاقایەك دروست دەكات، كە هەموو نەریتەكانی فیكری ئێمە دەلەرزێنێت، ئەو فیكرەی تەمەن و جوگرافیای ئێمەیە، تێڕوانینمان بۆ تێگەیشتنی كۆنمان لە خود و ئەوی دیكە دەگۆڕێت، ئەو شوێنەش لەناو گلەیی و گازندەكانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دروست دەبێت، دووبارە خوێندنەوەی دەقەكانی «چەمكەكانی فیكر و عەقیدەی بارزان»ـە كە هەموو شێوازی بیركردنەوەی ئێمە دەلەرزێنێت و، ئەو فیكرەش تەمەن و جوگرافیای كوردستانە.
كەواتە شوێنی پیرۆز بۆ دووبارە خوێندنەوەی چەمكەكانی «فیكر و عەقیدەی بارزان» ناوەندی ئەو گلەیی و گازندە بێشومارانەیە كە لەناو كۆڕ و كۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوێبیستی دەبین و، خوێندنەوەی ئەم دەقانەش لەناو فەزای سیاسی و ڕێكخراوەیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بووەتە پارێزبەندی بۆ هەموو ئەندام و لایەنگران و هیچ كەسێك لەناو پارتیدا ئەو دەسەڵاتەی نییە ئەم گلەیی و گازندانە ڕەت بكاتەوە، لەسەر ئەو گلەیی و گازندانەش لێپرسینەوە لەگەڵ كەس ناكرێت و، هۆكاری سەرەكییش بۆ ڕێزگرتن لەم گلەیی و گازندانە ئەوەیە شەخسی سەرۆك بارزانی خۆیشی كە دەگەڕێتەوە ناو فیكر و عەقیدەی بارزان و دووبارە چەمكەكان دەخوێنێتەوە هەمان گلەیی و گازندانەی بۆ دروست دەبێت و ئەویش هەمان گلەیی و گازندەی هەیە.
سەرۆك مسعود بارزانی بە هاوشێوەی هەمان بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە كۆماری كوردستان، چەندین ساڵە بیری لەوە كردووەتەوە كە جارێكی دیكە «پارتی» ببێتەوە بەو چەمكە فیكرییەی كە لەناو فیكر و عەقیدەی بارزان لە دایك بووە، ئەو ئاستەنگانەشی دەستنیشان كردووە كە ڕێگرن لەبەردەم ئەم پرۆسە نیشتمانییە كە ئامانجی كوردستانێكی بەهێزە و هەموو هەوڵ و تواناكانیشی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو زەمینەیە دروست بێت، كە جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان ببێتەوە بەو «چەمكەی» كە لەناو فیكر و عەقیدەی بارزاندا لەدایك بووە، بۆ ئەمەش بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو كوردستانێكی بەهێز گرێ دراوەتەوە بەوەی، دەبێت پارتی بەهێز بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاستی داواكارییەكانی ئەم قۆناغە بێت، هەر بۆیە لەناو پارتییەوە كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی هەڵگرتووە و لە كۆنگرەی 14شدا نەخشە ڕێگەی ئەم پرۆسە نیشتمانییەی خستە سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی و هەنگاوی پراكتیكی بۆ هەڵگیراوە.
1. بۆ ئەوەی «پارتی بەهێز بێت»، سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە پرۆسەی چاكسازی لەناو پارتییەوە دەستی پێ بكرێت و، دەبێت ڕەحم بە گەندەڵكاران نەكرێت و سنوورێكیان بۆ دابنرێت.
2. ئەو كەسانەی لەناو ئۆرگانەكانی پارتیدا پلە و پۆست وەردەگرن، پلە و پۆستەكانیان كاتین و لەژێر چاودێریی وردی بارەگای بارزانی و مەكتەبی سیاسی دەبن و، ئەگەر سەركەوتوو نەبن و بە كردەیی نەیسەلمێنن لە ئاستی ئەو پلە و پۆستەن، ئەوا پلە و پۆستەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە.
3. بە هەمان شێوە ئەو كادرانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتیی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان) پلە و پۆست وەردەگرن و نوێنەرایەتی پارتی دەكەن، پۆستی كاتین و، ئەگەر بە كردەیی نەیسەلمێنن كە خزمەتكاری میللەتی خۆیانن ئەوا پۆستەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە.
4. بڕیار دراوە لەناو ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بایەخێكی گەورە بە ئافرەتان بدرێت و ڕێز لە تواناكانیان بگیرێت و ژینگەیەكی تەندروست دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئافرەتانیش بتوانن تواناكانی خۆیان پیادە بكەن.
5. بڕیار دراوە لەناو ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دادپەروەری جێبەجێ بكرێت و، توانای گەنجەكان «نێر و مێ» بهێنرێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام پارتی لە نوێبوونەوەدا بێت.
6. بڕیار دراوە كە ڕاستگۆیی ببێتە بەشێك لە ئاكاری ئەندام و لایەنگرانی پارتی و، ئەو گلەیی و گازندانەی هەیانە بوێرانە و ڕاستگۆیانە لەناو ئۆرگانەكانی پارتی بیخەنە ڕوو و، بەرپرسی هەر ئۆرگانێك ملكەچە بۆ ئەوەی گوێ لەو گلەیی و گازندانە بگرێت و بە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشن وەڵامی پێویستی ئەو گلەیی و گازندانە بداتەوە و ئەگەر لە توانای خۆیشی قورستر بوو، مەكتەبی سیاسیی لێ ئاگادار بكاتەوە.
ئەم هەنگاو و بڕیارانەی كە سەرۆك بارزانی بە شەخسیی خۆی سەرپەرشتیی جێبەجێكردنیان دەكات، هەنگاوێكە بۆ دروستكردنی پانتاییەكی كراوە لەناو فەزای سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گلەیی و گازندانە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و بكرێنە ڕەخنەی جددی و هەموو ئەندامانی پارتی پێكەوە بیر بكەنەوە، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو و شایستە بۆ ئەو ڕەخنانە بدۆزرێتەوە و تێگەیشتنێكی هاوبەشی ئەوتۆ لە نێوان ئەندامانی پارتی دروست ببێتەوە، كە هەر ئەندامێكی پارتی كەموكورتییەكانی پارتی بە كەموكورتیی خۆی بزانێت و هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو كەموكورتییانە پڕ بكرێنەوە.
ئەركە قورسەكەی كوردستان
لەسەر شانی پارتەكەی عەقیدە و فیكری بارزانە
رۆژی 16ی ئاب كە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەمان كاتدا ساڵیادی لەدایكبوونی «سەرۆك بارزانی»یە، كە وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی ڕۆژبوونی لێ دەكەین، لە هەمان كاتدا جەخت لەسەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانیشی دەكەینە وەڵام بۆ ئەم تایتڵە «ئەركە قورسەكەی كوردستان لەسەر شانی پارتەكەی عەقیدەی و فیكری بارزانە» كە ئەویش ئەوەیە و دەڵێت: «من لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە لە كۆماری كوردستان لەدایك بووم و هەموو كاتیش ئامادەم لە پێناوی ئەم ئاڵایەدا بمرم».
ئەم پەیڤە بەرزەی سەرۆك بارزانی پێمان دەڵێت: پارتی ئامرازە، نەك ئامانج، ئامرازیش ئەو كاتە مانای دەبێت كە بزانین چۆن بەكاری دەهێنین بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە و ئامانجەكەش پاراستنی ئاڵای كوردستانە، ئەم ئامانجەش كە ئامانجێكی زۆر قورس و پیرۆزە و لەسەر ئەرزی واقیع بە كردەیی ئەركە قورسەكەی لەسەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی ئەركە قورسەكەی كوردستان لەسەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەبێت چۆن زەمینەسازی بكات، هەتا پارتی دیموكراتی كوردستان شان بداتە بەر ئەم ئەركە قورسە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: كاتێك وەك گۆڤاری گوڵان لە سەرۆك بارزانیمان پرسی: حەزت لە خوێندنەوەی چ جۆرە كتێبێكە؟ لە وەڵامدا پێی گوتین: «زۆر حەزم لە خوێندنەوەی ئەو كتێبانەیە كە باس لە چیرۆكی سەركەوتنی نەتەوە ژێردەستەكان دەكەن»، ئەم وەڵامەی سەرۆك بارزانی ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە ڕاستەی كە چیرۆكی سەركەوتنی هەر نەتەوەیەك پێویستی بەوەیە كە فیكرێكی گەورەی لە پشتەوە بێت، هەر بۆ نموونە شۆڕشی ئەمریكا لە ساڵی 1776 ئیلهامی لەو فیكرە بەرزەی جۆن لۆك وەرگرتووە كە دەڵێت «بە بێ نوێنەرایەتی باجدان بوونی نییە»، سەرنج بدەن ئەمریكییەكان باجیان دەدا و نوێنەرایەتیشیان لە پەرلەمانی بەریتانیا نەبوو، بۆیە ئەم فیكرە ئیرادەی گەلی ئەمریكای یەكخست و شۆڕشەكەیان سەركەوت، بە هەمان شێوە گاندی لە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەوە گەیشتە ئەو قەناعەتەی بە بوونی پەساپۆرتێكی بەریتانی تۆ نابیتە هاووڵاتییەكی بەریتانی، بۆیە یەكەم هەنگاو هیندییەكانی باشووری ئەفریقیای گەیاندە قەناعەت بۆ ئەوەی پەساپۆرتەكانیان بسووتێنن، دواتر لەناو هەناوی فیكری سەرمایەداریدا ئەو كۆڵەگەیەی شكاند كە ناوی «بازاڕە» و ئەو فیكرەی سەرمایەداری كە مەبەستی لە داگیركردنی هیندستان بۆ ئەوە بوو، بیكاتە بازاڕێكی گەورە، گاندی ئەو بازاڕەی داخست و چۆكی بەو بەریتانیایە دادا، كە خۆری لێ ئاوا نابێت، بە هەمان شێوە نیلسۆن ماندێلا گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر شەڕ و كوشتار فكرێكی گەورەی لە پشتەوە نەبێت، سەركەوتن بەدەست نایەت، بۆیە لەو كاتەی سیستمی ئاپارتاید دەیویست بە كوشتن و تیرۆر ڕووبەڕووی ڕەشپێستەكانی باشووری ئەفریقیا ببێتەوە، ماندێلا هات بە وەرگرتنی ئیلهام لە دەقێكی ئینجیلی پیرۆز «ددان پێدانان و ئاشتبوونەوە» كە سپیپێستەكانی ڕژێمی ئاپارتاید بڕوایان پێی بوو، كودەتای بەسەر شەڕدا كرد و سەركەوتنی بە دەست هێنا، كە ئێستا بەو كودەتایە دەڵێن «كودەتاكەی ماندێلا بۆ ڕزگاركردنی باشووری ئەفریقیا».
لەم قۆناغەدا كە سەرۆك بارزانی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی بە پارتێكی بەهێز نەبێت، ناتوانرێت شان بدرێتە بەر ئەو ئەركە قورسەی كە ئێستا لەسەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوا بێجگە لە گەڕانەوەمان بۆ ناو ئەو فیكرە بەهێزەی «فیكر و عەقیدەی بارزان»، ناتوانرێت سەركەوتن بەدەست بهێنرێت.
مێژووی خەباتی نەتەوە سەركەوتووەكانی جیهان ڕاستییەكی دیكەمان پێ دەڵێت، كە گەڕانەوە و قەناعەت هێنان بە ئیلهام وەرگرتن لەو فیكرە بەهێز و پیرۆزە كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە حەماس و پێداگری ئەو كاریزمایەیە كە گەیشتووەتە قەناعەت بە بێ ئیلهام وەرگرتن لەو فیكرە بەرزە، ڕێگەیەكی دیكە بۆ سەركەوتن و سەربەخۆیی و ڕزگاریی نیشتمانی بوونی نییە، هەر سازشێك لەسەر ئەم پرسە ئایندەی نەتەوە تووشی كارەساتی گەورە دەكاتەوە، بەڵام ئەو فیكرە دەبێتە پاڵپشتێك بۆ ئەوەی ئیرادەی گەل و نەتەوە ببێتە یەك ئیرادە و دوژمن چەند گەورە و بەهێز بێت، لە ئاستیدا چۆك دادەدات.
كاریزمای نەتەوە لە قۆناغە سەختەكاندا، تەنیا گوێ لە ڕای گەلەكەی خۆی دەگرێت، نەك حزبە سیاسییەكان، یان ئەو گفتوگۆیانەی لەناو پەرلەماندا دەكرێن، ئەزموونی نەتەوەكان پێمان دەڵێن حزبی سیاسی و گفتوگۆكانی پەرلەمان لە ساتەوەختە چارەنووسسازەكانی نەتەوەدا، هێندەی چاویان لەسەر بەرژەوەندیی حزبیی خۆیانە، هێندە ئایندەی نەتەوە و نیشتمان لەبەر چاو ناگرن، هەر بۆیە لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەكانی نەتەوەدا، كاریزما ناچار دەبێت لەو بازنەیە بێتە دەرەوە و لە بازنەیەكی فراوانتردا ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەلەكەی خۆیدا قسە بكات. هەر بۆ نموونە فرانكلین ڕۆزڤێلت كە تەنیا سەرۆكە لە ئەمریكا بۆ ماوەی چوار خولی لەسەر یەك (16ساڵ) سەرۆكی ئەمریكا بووە و گەورەترین سەركەوتنی بە سەر هەڵاوسانی ئابووری لە سییەكانی سەدەی ڕابردوو بەدەست هێنا، كاتێك گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر بەرەی نازیزم نەشكێت، ئەمریكا شكۆی نابێت لە جێهاندا، كۆنگرێسی ئەمریكا دژی ڕاوەستایەوە و، بۆیە ناچار بوو، ڕوو لە دیالۆگ لەگەڵ گەلی ئەمریكا بكات و سەرەنجام ڕای گەلی ئەمریكا بردیەوە، هەروەها ژەنڕاڵ دیگۆل پاڵەوانی ڕزگاریی فەرەنسا لە نازیزم، كاتێك گەیشتە قەناعەت كە كۆماری چوارەم فەرەنسا بەرەو هەڵدێر دەبات، حزبە سیاسییەكانی پەرلەمانی فەرەنسا ڕێگەیان نەدا، كۆماری پێنجەم ڕابگەیەنێت، بەڵام كاتێك فەرەنسا كەوتە سەر لێواری هەڵدێر، ژەنەڕاڵ دیگۆل ناچار بوو دەستوری كۆماری پێنجەم بخاتە دەنگدانەوە و دوای ئەوەی گەل پەسەندی كرد، فەرەنسای لە لێواری هەڵدێر ڕزگار كرد.
لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە بارودۆخێك هاتە پێشەوە، هەموو بەرپرسیاریەتییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان خستە سەر شانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی دوور خستەوە، ئەوە بوو هەر ئیرادەی بارزانی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، توانییان ئەو واقیعە تاڵە پێچەوانە بكەنەوە، دوای ئەو كارەساتە سەرۆك بارزانی گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، بەرگەی ئەم ئەركە قورسە ناگرێت.
لەماوەی 6-7 ساڵی ڕابردوودا، سەرۆك بارزانی لەو هەنگاوەی سەركەوتوو بووە، كە نەخشەیەك دابڕێژێت بۆ ئەوەی پارتی ببێتەوە ئەو چەمكەی كە لەناو فیكر و عەقیدەی بارزان لە دایك بووە و، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی وەك یەك كاراكتەر لەسەر ئەو نەخشەیە هەنگاو هەڵبگرن كە دەمانباتەوە ناو ئەو فیكر و عەقیدەیە، ئەم نەخشەیە كە لەبەر ڕۆشنایی گلەیی و گازندەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی داڕێژراوە، بە گلەیی و گازندەی هەق و تووڕەبوونی پیرۆز لە قەڵەم دەدرێت.