ســـەرۆکـــی هـــەرێــمـــی کوردستان پیرۆزبایی لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات

ســـەرۆکـــی هـــەرێــمـــی کوردستان پیرۆزبایی لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات



نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی ئێکسدا نووسیویەتی: "بەناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە کیەر ستامەر دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. چاوم لە هاوبەشیی بەردەوامە لەگەڵ گەل و سەرکردایەتیی بەریتانیا."

رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.

بۆ پێکهێنانی حکومەت پارت و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە. پارتی کار بە سەرکردایەتیی کیەر ستامەر زۆر لەوە زیاتری هێناوە.

تاوەکو ئێستا لە کۆی 650 کورسیی پەرلەمانی، 648یان یەکلابوونەتەوە.

پارتی کار (ئۆپۆزیسیۆن) 412 کورسیی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 211 کورسیی زیادکردووە.

پارتی پارێزگاران (حکومڕان) 121 کورسیی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 250 کورسیی لەدەستداوە.

گرانی، خاوبوونی گەشەی ئابووری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران زویر کردبوو.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی بەریتانیا دا دوو ژنی کورد بەربژێر بوون؛ یاسەمین ئەترووشی، بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستان لەسەر پارتی پارێزگاران بەربژێر بوو، بەڵام دەرنەچوو. هاوکات، فێریاڵ کلارک خەڵکی مەلەتیی باکووری کوردستانە لە بازنەی باکووری ئینفیڵد بەربژێر بوو لەسەر پشکی پارتی کار، فێریاڵ دەنگی یەکەمی بازنەکەی بەدەستهێناوە و کورسییەکەی مسۆگەر کرد.

Top