سەرگوڵ كەریم: بە هۆی سەختیی گوزەرانمان دەستم بە كار كرد، بۆ ئەوەی منداڵەكانم بە سەربەرزی بەخێو بكەم

سەرگوڵ كەریم:  بە هۆی سەختیی گوزەرانمان دەستم بە كار كرد، بۆ ئەوەی منداڵەكانم بە سەربەرزی بەخێو بكەم

 

لە هەموو بارودۆخ و سەردەمێكدا ئافرەت هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەری هاوژینەكەی بووە و لە ڕۆژە سەختەكاندا دەستباری ژیانی لەگەڵدا گرتووە، وێڕای ئەركەكانی خۆی لە بەڕێوەبردنی ماڵ و دایكایەتیدا لە ڕاپەڕاندنی ئەركی هاوژینەكەشی هاوبەشی كردووە. سەرگوڵ كەریم خانمە شێفێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە، نزیكەی ساڵ و نیوێكە لەگەڵ ھاوسەرەكەی خواردنگەیەكیان كردووەتەوە، لە خواردنگەكەیاندا هەموو جۆرە خواردنێك پێشكەش بە كڕیارەكانیان دەكەن و هێماكانی سەركەوتنیشی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخاتە ڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرگوڵ كەریم، ساڵی 1974 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، دایكی پێنج كچ و كوڕێكە، تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە، وەك خۆی باسی دەكات، بە هۆی نەخۆشكەوتنی دایكی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، لە ئێستادا لە جووتسایدی هەواری شار لە سلێمانی چێشتخانەیەكی بە هاوكاریی هاوسەر و كوڕەكەی كردووەتەوە و ڕۆژانە هەموو جۆرە خواردنێك ئامادە دەكات و توانیویەتی سەرنجی كڕیارەكانی ڕابكێشێت.

ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە ئەزموونی خۆی وەكو خانمێكی خاوەن پیشە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس دەكات: «بەیانیان سەعات شەش و نیو دەچمە سەركار تاوەكو هەشتی ئێوارە، هەموو چێشتەكان لێ دەنێم، دڵخۆشم بە كارەكەم، چونكە چێشتلێنان و كاركردنی چێشتخانەم زۆر بەلاوە خۆشەویستە، بە هۆی سەختیی گوزەرانمان دەستم بە كاركردن كرد، بۆ ئەوەی منداڵەكانم بە سەربەرزی بەخێو بكەم، بۆ ئەوەی باری شانی هاوسەرەكەم كەمێك سووك بكەم و ببمە یارمەتیدەرێك بۆ ئەو كارم كرد، چونكە هاوسەرەكەم بەتەنیا نەیدەتوانی بژێوی خێزانێكی گەورە بە ئاسانی پەیدا بكات، سوپاس بۆ خوای گەورە لە ئیشەكەم سەركەوتوو بووم و بووم بە خاوەنی داهاتی خۆم و پێداویستی ماڵ و منداڵەكانم دابین بكەم، لە كارەكانی خواردنگەكەمان هاوسەرم و كوڕەكەم هاوكاریم دەكەن».

سەرگوڵ كەریم ڕاشكاوانە دەڵێت: «لە پۆلی سێی ناوەندی وازم لە خوێندن هێنا، ئەویش بەهۆی ئەوەی دایكم ئەو كات تووشی نەخۆشییەكی سەخت بوو و كەوتە سەر جێگە، منیش كچی گەورەی ماڵ بووم، خوشك و برای وردم هەبوو، لەبەر ئەوە بە ناچاری دەستبەرداری خوێندن بووم، چونكە خزمەتكردنی دایكم و بەڕێوەبردنی ماڵ لە خوێندنەكەم گرنگتر بوو، سوپاس بۆ خوا ئێستاش خاوەنی كار و بزنێسی خۆمم، وادەزانم كۆلێژم تەواو كردووە و خاوەنی بڕوانامەی بەرزم، شانازی بە خۆم و بەو خاتوونانە دەكەم كە لە ئێستادا بوونەتە خاوەنكاری خۆیان و هەر یەكەیان لەو بوارەی كە بەهرەیان هەیە كار دەكەن، دەستخۆشییان لێ دەكەم و پێیان دەڵێم كاركردن شەرەفێكی گەورەیە».

سەرگوڵ كەریم ڕای وایە «بۆ دابینكردنی ژیانێكی خۆشتر و باشتر دەبێت ژن و پیاو ھاوشانی یەكتر كار بكەن، هاوكات دەڵێت: «دەبێت ئێمەی ئافرەت ئەو ڕێچكەیە بشكێنین كە ئافرەت ھەر كابانی ماڵ بێت و چاوەڕێی دەستی پیاو بێت. من بەش بە حاڵی خۆم وەكو پشتگیرییەك بۆ كاركردنی خانمان و بوونیان بە خاوەن گیرفانی خۆیان، حەز دەكەم دەستی چەند ئافرەتێك بگرم و بیانهێنمە ناو كارەكەم، بەڵام بەداخەوە داهاتی كارەكەم بە زۆر بەشی كرێی دووكان و ئاو و كارەبا و موەلیدە دەكات، لێرەوە داواكارم لە حكومەت كە هاوكارمان بێت و لە پارەی كارەبا و وەرگرتنی باج، ئەگەر نەشمان بەخشێت، با داشكاندنمان بۆ بكات، چونكە نەبوونی و بێ ئیمكانیاتی ناچاری كاركردنی كردووین، من ماوەی 30 ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و تاوەكو ئەمڕۆش كرێچیم».

 

Top