ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   دابینكردنی پێداویستییەكانی كفری لەلایەن مسرور بارزانی و بەرزكردنەوەی پلەی شارەوانییەكەی جێگەی خۆشحاڵیی هاووڵاتیانە

ئەكرەم ساڵح  بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     دابینكردنی پێداویستییەكانی كفری لەلایەن مسرور بارزانی و بەرزكردنەوەی پلەی شارەوانییەكەی جێگەی خۆشحاڵیی هاووڵاتیانە

 

 

دانیشتووانی كفری دەیانەوێت ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەكەیان‌ بەرز بكرێتەوە و پڕۆژەی ستراتیژی لە شارەكەیان ئەنجام بدرێت و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێندرێت

 

 

كفری ئەو شارە مێژوویی و گرنگەی دەڤەری گەرمیانە كە خەڵكەكەی لە شۆڕشی ئەیلوول و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ڕۆڵی كارای هەبووە، پشتگوێخستنی خزمەتگوزارییەكان و كەمبوونەوەی هەلی كار لەلایەن ئیدارەی ناوچەكەوە وای كردووە، ڕێژەی كۆچكردنی خەڵكی كفری ڕوو لە زیادبوون بكات، بۆیە ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی كفری بە شێوەیەكی شارستانی بەرانبەر پەراوێزخستنی شارەكەیان و نزمیی ئاستی خزمەتگوزارییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەرچی بە هۆی دەستتێوەردانی حزبی و ڕێگری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و بەجێگەیاندنی ئەركی حوكمڕانی لەو زۆنەدا نەتوانراوە هەموو خزمەتگوزارییەك و پڕۆژەیەك لەم دەڤەرە ئەنجام بدات، بەڵام هەر لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكاندا مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای پەیامەكەی لە ڕووی كرداریشەوە هەنگاوی بە پەلەی نا بۆ گەیاندنی هەندێك لە خزمەتگوزارییەكانی و وەزیرەكانیشی ڕاسپارد، بە دەم داواكاریی خەڵكی ناڕازییەوە بچن. گۆڤاری گوڵان سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیاری ئاراستەی ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و بەم جۆرە وەڵامی داینەوە.

 

 

 

* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا بۆ خۆپیشاندەرانی كفری ڕاستەوخۆ لێژنەیەكی پێكهێنا و دواتر بە دەنگ ژمارەیەك لە داواكارییەكانی خەڵكی كفرییەوە چوو، بەتایبەتی بەرزكردنەوەی پلەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كفری، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی حكومەت بۆ خەڵكی كفری و گەرمیان بەگشتی گرنگ بوو؟

‎- قەزای كفری یەكێكە لە شارە هەر كۆنەكانی كوردستان و دەڤەری گەرمیان، هەڵبت چەند ساڵێكە دانیشتووانەكەی هەست بە پەراوێزخستن دەكەن لە لایەن ئیدارەی ناوچەكەوە، بە هۆی ئەو فەرامۆشكردنەوە بەردەوام شارەكە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەوە لە پاشەكشەدایە. هەر بۆیە خەڵكە خەمخۆرەكەی ماوەیەكە بە شێوەیەكی شارستانی دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە، بۆ ئەوەی ئاوڕێكی باشتر لە شارەكەیان بدرێتەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان باش بكرێن و، ژمارەیەكیش پڕۆژەی گرنگی ناوچەكە جێبەجێ بكرێن. سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڕێز كاك مسرور بارزانی هەر لە سەرەتاوە بە دەنگ داواكاریی خەڵكی شارەكەوە هات و لێژنەیەكی ناردە لای خۆپیشاندەران و گفتوگۆی لەگەڵدا كردن، لە ماوەی كورتدا زۆرینەی داخوازییە هەنووكەییەكانی بۆ جێبەجێ كردن، ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ ئاوڕدانەوە لە خەڵكی كفری و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵكی شارەكە، هەر بۆیە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا.

* داواكاریی خەڵكی ناڕازی و خۆپیشاندەری كفری چییە؟ ئایا تا چەند ئەم قەزایە لەلایەن ئیدارەی ناوچەكەوە پشتگوێ خراوە؟

‎- دانیشتووانی ڕەسەنی كفری دەیانەوێت ئاستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەكە بەرز بكرێتەوە و پڕۆژەی ستراتیژی لە شارەكەیان ئەنجام بدرێت و هەلی كاری زیاتر بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی كۆچی خەڵكی شارەكە بەتایبەتی كۆچی گەنجان ڕابگرن بۆ شارەكانی دیكە و پێگەی مێژوویی شاری كفری لە دەڤەرەكە بە گەشاوەیی وەكو شارێكی دێرینی كوردستان بەردەوام بێت، بۆیە بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ئاوەدانی و چاككردنەوەی ڕێگاوبان و شەقامەكان و ئەنجامدانی چەند پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بەشێكی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بوون.

* پێشكەشكردنی سێ ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و نۆژەنكردنەوەی 16 قوتابخانە و مۆڵەتدان بە كارگەی گەج و لێدانی پێنچ بیری ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی پێداویستیی 24 تیپ و داواكردنی وەزیرەكان بۆ بەهاناوەچوونی داواكارییەكانی خەڵكی كفری تا چەند جێگای دڵخۆشیی خەڵكی كفری بوو؟

‎- دابینكردنی ئەو پێداویستییانە لەلایەن بەڕێز سەرۆك وەزیران مسرور بارزانی و جێبەجێكردنی بە شێوەكی خێرا و ڕاستەوخۆ، كارێكی گرنگ بوو، چونكە هەموو بەڵێنەكان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو كارانە و ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ئاوڕدانەوە لە شارەكە و بەرزكردنەوەی پلەی شارەوانیی كفری بۆ پلە یەك جێگەی خۆشحاڵیی هاووڵاتیانی شارەكەیە بەگشتی و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەیە و جێگەی پێزانینە لەلایەن خەڵكەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی شارەكە هیوایان وایە حكومەتی هەرێم زیاتر ئاوڕیان لێ بداتەوە و لە پلانی ستراتیژیی خۆیدا كفری لە بەرچاو بگرن، بە ئەنجامدانی هەندێك پڕۆژەی ستراتیژی لە ڕووی ڕێگاوبان و گەشتوگوزار و پیشەسازی و كشتوكاڵ بۆ ئەوەی ئاوەدانی و هەلی كاری زیاتر بۆ دانیشتووانەكەی بڕەخسێت .

* مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵێنی داوە خزمەتكاری خەڵكی بێت، بەڵام ئایا تا چەند ڕێگری دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەرمیان بەگشتی و كفری بەتایبەتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بكات؟

‎- بە شێوەیەكی گشتی لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی بەڕێوەبردن و كارگێڕی لەم زۆنە لە پاشەكشەدا بووە و دەستتێوەردانی حزبی گەیشتووەتە ئاستێك سیمای حكومەت كاڵ بووتەوە، ئەمەش وای كردووە كۆسپی زۆر لە بەردەم كارەكانی حكومەتی هەرێم دروست بێت و نەتوانێت كارەكانی خۆی بە باشی لەم ناوچەیانە بەڕێوە ببات، ئەمە سەرەڕای پەرەسەندنی گەندەڵی و قاچاخچێتی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی، كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهات و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری و وەستانی پڕۆژەكان.

* سەبارەت بە ڕێگاوبانەكان بەتایبەتی ڕێگای كفری و ڕێگای دەربەندیخان – كەلار بۆچی چەندین جار كاركردن لەسەری ڕاوەستا؟ تا چەند گرنگە بایەخ بە ڕێگاوبانەكانی گەرمیان بدرێت و ئەو ڕێگایەی كەلار- دەربەندیخان- زەڕاین جێبەجێ بكرێت كە لە ساڵی 2013وە بەردی بناغەی بۆ دانراوە؟

‎- ڕێگاوبانی هەر وڵاتێك كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر سیمای گشتی و پێشكەوتنی ئەو وڵاتە، هەڵبەتە ڕێگای (كەلار–دەربەندیخان- زەڕایەن) كە بووەتە ڕێگەی مەرگ لە ساڵی ٢٠١٣وە بەردی بناغەی دانراوە، بە داخەوە تاكو ئێستاش تەواو نەكراوە، بەو ‌هۆیەشە دەیان هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە، ئەمە جگە لە زیانی ماددی، لەگەڵ ئەمەشدا ماوەیەكە كاركردن لە ڕێگەی كەلار–دەربەندیخان دەستی پێ كردووەتەوە، بەو هیوایەی چیتر ڕانەوەستیت، تا تەواو دەكرێت.

* ئێوە وەكو لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا چەند بەپەڕۆشن بۆ هاوكاری و پاڵپشتیكردنی دامەزراوەكانی حكومەت و خزمەتگوزارییەكانی گەرمیان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری؟ بۆچی حزبی دیكە هەیە، پێیەكی لە حكومەتە و پێكەی دیكەی لە ئۆپۆزسیۆن و خزمەت ناكات؟

‎- هەر چەندە بە هۆی ئەو بارودۆخەی كە هەیە، ئێمە بەشدار نین لە ئیدارەی سنوورەكە، بەڵام هەمیشە هەوڵمان داوە فاكتەری سەقامگیری و پردی پەیوەندیی نێوان خواستەكانی خەڵك و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بین، ئەوەی لە تواناماندا بووبێت، درێغیمان نەكردووە و لە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی گەرمیانداین.

* ڕۆڵی گەرمیانییەكان لە شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەرین و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تا چەند جێگای تەقدیر و گرنگ بوو؟ ئایا سەرۆك وەزیران كە دەڵێت بە ڕۆحییەتێكی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم، چی لێ دەخوێنیتەوە؟

‎- بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە، دەڤەری گەرمیان كەوتووەتە سەر هێڵی ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەگەڵ ڕژێمە یەك لە دوای یەكە‌كانی عێراق، ئەوە‌ش وای كردووە هەر لە سەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە تاكو ئێستا گەرمیانییەكان ڕۆڵی قارەمانانەیان بینیوە لە بەرگریكردن لە گەل و خاكی پیرۆزی كوردستان، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهید و ئەنفالیان پێشكەش بە خاكی كوردستان كردووە، بۆیە گەرمیان ئەو ناوچەیەیە ‌كە مرۆڤ شانازی پێوە بكات، ئەو وتەی جەنابی سەرۆكی حكومەت لە جێگەی خۆیدایە لە ڕوانگەی خەمخۆرییە بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان، چونكە گەرمیانییەكان خەڵكی ئازا و دڵسۆز و كوردپەروەر و نیشتمانپەروەرن و شایستەی هەموو خزمەتێكن.

Top