چان چیوڤان نووسەری بەناوبانگی خەیاڵی زانستی:   چۆن بتوانین فێری ئەوە بین بە خەیاڵ نیگەرانی ڕابگرین و پێشوازی لە داهاتوویەكی پرشنگدار بكەین؟

چان چیوڤان  نووسەری بەناوبانگی خەیاڵی زانستی:     چۆن بتوانین فێری ئەوە بین بە خەیاڵ نیگەرانی ڕابگرین و پێشوازی لە داهاتوویەكی پرشنگدار بكەین؟

 

 

چیان چیوڤان، كە لە بە «شتانلی چان»یش ناسراوە، یەكێكە لە ڕۆماننووسە ناودارەكانی جیهان لە بواری خەیاڵی زانستیدا و، هەتا ئێستا چەندین خەڵاتی باشترین ڕۆماننووسی خەیاڵی زانستی لەسەر ئاستی چین و جیهان پێی بەخشراوە و هاونووسەری كتێبی زیرەكیی دەستكردە لە 2041، ئەم نووسینە پوختەی ئەو پێشەكییە كە بۆ هەمان كتێب نووسیویەتی و تیایدا باس لەوە دەكات، چۆن خەیاڵی زانستی سنوورەكانی نێوان واقیع و خەیاڵ تێدەپەڕێنێت و مرۆڤایەتی لە مەترسییەكان ئاگادار دەكاتەوە.

 

 

لە ئابی 2019، كاتێك چووم بۆ سەردانی پیشانگایەك بە ناونیشانی «زیرەكیی دەستكرد زیاتر لە مرۆڤ – AI More Than Human» لە سەنتەری باربیكان لە لەندەن، وەك ئەوە بوو، بارانێكی هاوینەی زۆر توند بەسەرمدا ببارێت. ئەم پیشانگایە هەستی منی ڕاشكاوانەتر كرد، بەڵام لە هەمان كاتدا گۆڕانكاری دروست كرد، لەسەر زۆربەی لایەنگری و بۆچوونە هەڵەكانم بۆ زیرەكیی دەستكرد. ناونیشانە سادە و لەخشتبەرەكەی بەس نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت پێناسەیەكی فراوان بۆ ئەو نموونانە بكات كە ڕێكخەرانی پیشانگاكە بۆ پیشاندانی ڕەهەندەكانی زیرەكیی دەستكرد لە ژوورە جیاوازەكاندا نمایشیان كردبوون. لەناو ئەو نموونانەی نمایش كرابوون، كائینێكی ئەفسانەی فۆلكلۆری جووە بە ناوی «گۆلم- Golme»، هەروەها «دورایمون- Doraemon» پاڵەوانێكی ئەنیمەیشنی ژاپۆنیی بەناوبانگ، نموونەی ئەزموونی سەرەتای بۆ تێپەڕاندنی فیكری بنەڕەتیی مرۆڤـ «ئەلفاگۆ- AlphaGO»، لەگەڵ كۆمەڵێك كاری جوانی دیجیتاڵیی هونەری كە لەلایەن گرووپی «Temlab» ئامادە كرابوون، هەموو ئەمانە ئاستی بەرزی و جوانیی ئەقڵی بیر هێناینەوە كە لەم پیشانگایەدا و لەو هەموو پسپۆڕییە جیاوازانە ڕەنگی دابووەوە.

بەپێی یاسای ئامارا «Amaras law» كە دەڵێت: «حەزمان لەوەیە لە هەڵسەنگاندنمان بۆ كاریگەریی تەكنەلۆژیا لەسەر ئاستی كورتمەودا زێدەگۆیی بكەین، بەڵام لەسەر ئاستی دوورمەودا كاریگەرییەكان بێ بایەخ بكەین»، ئێمە زۆربەمان لەم ڕوانگەیەوە سەیری زیرەكیی دەستكرد دەكەین و پێمان وایە ڕۆبۆتێكی كوژەر لە فیلمی خاپووركەر «Terminator» هەڕەشە لەسەر ئایندەی مرۆڤ دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەلگۆریزمێكی بێگیان هەرگیز ناتوانێت زیرەكیی مرۆڤ تێپەڕێنێت و بە شێوەیەك لە شێوەكان هەڕەشە لەسەر بوونی دروست بكات، ئەمانە تەنیا داهێنانی تەكنەلۆژیین و هیچ پەیوەندییەكیان بە شێوازی بیركردنەوەی مرۆڤ بۆ جیهان نییە، پەیوەندیشی بە تێگەیشتن و سۆز و بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان و دۆزینەوە و ئیمكانیەتەكانی ژیانەوە نییە.

ڕاستییەك كە دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە هەوڵدان بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤ و ئامێر زۆر كۆنە، ئەو ڕۆبۆتە برۆنزییەی لە ئەفسانەی یۆنانی باسی لێدەكرێت، وەك لە چیرۆكە فۆلكلۆرییەكانی یانشی «Yan Shi»ی چینی دەركەوتووە، ئەوەیە كە میكانیكێك پەیكەرێكی بە شێوەی مرۆڤ «Humanoid» بۆ تالوس دروست كردووە، ئەمەش ئەو ڕۆبۆتە برۆنزییەیە كە لە ئەفسانەی یۆنانیدا باس دەكرێت. ئەم ئەفسانەیە هەوڵێكە بۆ گەڕان بەدوای زیرەكیی دەستكرد، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و پێش ئەوەی كۆمپیوتەر دابهێنرێت و جارێكی دیكە زیرەكیی دەستكرد بخاتەوە ناو فەرهەنگی تەكنەلۆژیا.

خەیاڵی زانستی، ئەو بوارەیە كە من كاری تێدا دەكەم، تا ڕاددەیەك ڕۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێرێت بۆ بەدیهێنانی نموونەی تێكەڵكردنی مرۆڤ – ئامێر. ڕۆمانی فرانكشتاین كە لە ساڵی 1818 بڵاو كرایەوە، بە یەكەمین ڕۆمانی خەیاڵی زانستی سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت و، هەتا ئێستاش پرسیاری لەبارەوە دەكرێت. پرسیار ئەوەیە ئایا بە یارمەتیی تەكنەلۆژیا دەتوانرێت ژیانێكی زیرەك دروست بكرێت كە بە هەموو شێوەیەك لە ژیانی ئێستامان جیاواز بێت؟ ئایا پەیوەندیی نێوان دروستكەر و دروستكراو چۆن دەبێت؟ ئەمە بە تەواوەتی نموونەی زانا شێتەكەیە كە داهێنانەكانی خۆی بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت كە پێش 200 ساڵ ماری شیلی لە ڕۆمانە بەناوبانگەكەی «فرانكشتاین» بۆی باس كردووین.

هەندێك ڕەخنەی ئەوە لە خەیاڵی زانستی «Science Fiction» دەگرن، بەوەی زۆر جار بە دیدێكی تەسك و نەرێنی زیرەكیی دەستكرد پیشان دەدات، بەڵام ئەم ڕەخنەیە تەنیا بەشێكی پرسەكەیە، لەبەر ئەوەی خەیاڵی زانستی ئەو توانایەی هەیە كار بكات، بۆ ئەوەی هۆشداریمان بداتێ، لەمەش زیاتر چیرۆكی خەیاڵی زانستی ئەو توانایەی هەیە كە بەربەستی شوێن و سەردەم تێپەڕێنێت و لەوانەشە تەكنەلۆژیا و زانستی مرۆیی و، هەروەها ببێتە هۆی سڕینەوەی سنووری نێوان خەیاڵ و واقیع و، ورووژاندنی سۆز و بیركردنەوەی قووڵ لای خوێنەر. لەمبارەیەوە یۆڤال نوح هەراری دەڵێت: «خەیاڵی زانستی گرنگترین جۆری هونەری ئەم سەردەمەی ئێمەیە».

بۆ من وەك نووسەرێكی «خەیاڵی زانستی» ئەو ئالنگارییەی كە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، دروستكردنی چیرۆكی خەیاڵی زانستییە، ئەم چیرۆكانە تەنیا ڕاستییە شاراوەكان ئاشكرا ناكەن، بەڵكو لە هەمان كاتدا توانا خەیاڵییە بوێرەكانیش دەخاتەڕوو.

خەیاڵەكانم لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی پێكرد، ئەمەش بە هۆی ئەو كارە كلاسیكییانەی خەیاڵی زانستی وەك «Star war، Star Trek،A Space Odyssey» و لە تەمەنی 10 ساڵیمەوە ئەم خەیاڵە زانستییانە بوونە دەروازەیەك بۆ من، بۆ ئەوەی بیر لەوە بكەمەوە، چیتر لە سەرووی ئەمانە لەم جیهانە نەزانراوە بوونی هەیە، بڕوام وایە پێش ئەوەی دەست بە نووسینی هەر چیرۆكێكی خەیاڵی زانستی بكرێت، ئەوا كلیلی شاراوەی چیرۆكەكە ئەوەیە كە ئاراستەی مێژووی جێنەرەكە و چوارچێوە كۆمەڵایەتییەكەی بكرێت.

ڕێگەی مەزندەكردنی خەوەكانمان بۆ ئایندە ئاسان نییە. ئەو ئالنگارییەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە ئێمە لەناو تازەترین توێژینەوەكانی زیرەكیی دەستكرد نقووم بووین، بۆیە دەبێت بە شێوەیەكی واقیعیانە مەزندەی ئەوە بكەین، ئایا دوای 20 ساڵی دیكە بە زانست و لۆژیك‌ دیمەنی زیرەكیی دەستكرد چۆن دەردەكەوێت؟

ئالنگارییەكی دیكە مەزندەكردنی ئایندەی مرۆڤایەتییە و پرسیار ئەوەیە ئەگەر بمانەوێت، بزانین، یان مەزندەیەك دروست بكەین، بۆ ئەوەی چۆن لە داهاتوودا تاكەكان كارلێك لەگەڵ كەلتوورە جیاوازەكان و ناسنامە جیاوازەكان دەكەن لەناو ئەو شۆكەی زیرەكیی دەستكرد دروستی دەكات.

 

Top