10 پێشهاتی چاوەڕوانکراو بۆ ساڵی 2025
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025دا بارودۆخی سیاسی بەشێوەیەکی کاریگەر، گۆڕانی بەسەردا بێت کە جیاواز بێ لەو قۆناغانەی 2024 پێیدا تێپەڕبوو. لە کاتێکدا بەشێوەیەکی گشتیی پێشبینییەکان نادیارن، بەڵام پێدەچێت چەندین تەوەر و باس و خواسە سەرەکییەکانی جیهانیی، کە ئەمڕۆ دونیای سیاسەتیان بە تەواوی داگیرکردووە، کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە چاوەڕانکراوەکان هەبێت، کە بەپێی شیکاری و توێژینەوەکان ئەگەری زیادبوون یان بەردەوامیان زۆرە،
لەوانە؛
1. ڕکەبەری زلهێزەکان:
پێشبینی دەکرێت ڕکابەریی نێوان ئەمریکا و چین وەک تایبەتمەندییەکی دیاریکەری سیاسەتی جیهانی بمێنێتەوە. هەردوو وڵات کێبڕکێی زیاتر دەکەن لەسەر پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و بواری بازرگانی، ئەم ململانێیە کاریگەریی لە ناوچە گرنگەکان دروست دەکات، بەتایبەتی لە هیندستان و زەریای هێمن.
بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ تایوان، کە چین بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەیناسێنێت، کاریگەریی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بەشێوەیەکی نەرێنی دەبێت.
ڕەنگە دەستپێشخەری “پشتێنە” و ڕێگای چین ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی نوێ ببێتەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەمریکا هاوپەیمانییەکانی وەک AUKUS و Quad بەهێزتر بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە پەرەسەندنەکانی وڵاتی چین.
تەماحە جیۆپۆلیتیکییەکانی “ڕووسیا” بەردەوام دەبن لە داڕشتنی داینامیکی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست.
ململانێی بەردەوامی ئۆکرانیا و وەڵامدانەوەی ڕۆژئاوا، دەتوانێت ڕۆڵی ناتۆ و ئەولەویەتەکانی بەرگری ئەوروپا پێناسە بکاتەوە، لەم قۆناغەدا لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپدا دەکرێت، شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا ئاراستەیەکی تر وەربگرێت, بیرمان نەچێت سەرۆکی نوێی ئەمریکا مەبەستییەتی ئاشتی بەرقەرار بکات بەڵام بەو چەشنەی خۆی ویستی لەسەریەتی، واتا ڕەنگە گەر دروستکردنی سەقامگیری پێویستی بە توندوتیژیش هەبێت ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر.
2. سەرهەڵدانی فرە جەمسەری:
ڕەنگە نەزمێکی جیهانی فرە جەمسەریتر سەرهەڵبدات، چونکە زلهێزەکانی وەک هیندستان، تورکیا و بەرازیل، لە ئێستادا دەسەڵاتیان فراوان بووە و کاریگەریی زیاتریان هەیە.
ڕۆڵی “هیندستان” لە گرووپەکانی وەک گروپی (جی ٢٠) و (بریکس) دەتوانێت کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی هیندستان بەرز بکاتەوە.
پێدەچێت پێگەی ستراتیژی تورکیا و کردەوەی هاوسەنگی لە نێوان ناتۆ و ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرینگ بێت.
3.پێگەی ستراتیژی تورکیا ئێستا جیاوازترە، بەوپێیەی ڕۆڵێکی بەهێزی لە سوریای نوێ هەیە، کردەوەکانی تورکیا، چارەنووسی لە سوریا و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ناتۆدا یەکلایی دەکاتەوە.
جیا لەوەش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، یەکێک دەبێت لە مژارە سەرەکییەکانی ساڵی نوێی وڵاتی تورکیا، کە کاریگەریی لەسەر داڕشتنەوەی سیاسەتی تازەی تورکیا دەبێت.
4. ئاڵنگارییە ئابوورییەکان:
هەڵاوسان، گواستنەوەی وزە، مژاری سەرەکی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوان وڵاتان دەبن، بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکان.
ڕکەبەری وڵاتانی زلهێز لەمەڕ، فراوانکردنی هەناردەکردن و هەمەچەشنکردنی ئابوری وڵاتان فراوانتر دەبێت.
ئەو وڵاتانەی ئابووری تازەپێگەیشتوون، هەوڵ دەدەن، خۆیان لەگەڵ واقعییەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی بواری ئابوری بگونجێن لەپێناو فراوانکردن و بەهێزکردنی پێگەی ئابوریان.
هەروەها گواستنەوەی وزە بەرەو وزەی نوێبووەوە کاریگەری زۆری سیاسی دەبێت، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی وابەستە بە نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.
5 کەش و هەوا و کۆچ:
گۆڕانی کەشوهەوا چڕتر دەبێتەوە و کۆچی سنوور بەزاندن دەباتە پێشەوە، ناوچەکانی وەک باشووری ئاسیا و ئەفریقای ژێر سەحرا بە تایبەتی بەرەوڕووی ئاوارەبوونی کەشوهەوا دەبنەوە، بەمەش ئەگەری زۆرە سیستەمە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆز و گرژ بکات و گرژییەکانی ناوچەکە توندتر بکات.
لوتکەی جیهانی وەک COP30 لە دیاریکردنی خێرایی چالاکییەکانی کەشوهەوادا زۆر گرنگ دەبێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت جیاوازی لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوودا لەسەر بەرپرسیارێتی و دارایی بەردەوام بێت.
6. تەحەددای تەکنەلۆژی و ئەلیکترۆنی:
کاریگەرییە سیاسییەکانی تەکنەلۆژیا سەرهەڵداوەکان، لەوانەش AI، کۆمپیوتەری کوانتەم و بایۆتەکنەلۆژیا، بەرچاو دەبن.
هەڕەشەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، هەڵمەتەکانی زانیاری هەڵە و ناکۆکییەکانی سەروەری دیجیتاڵی ئەگەری زۆرە پەرە بسێنن، ئەمەش وا لە گەلان دەکات کە بەرگری و خۆڕاگری لە حوکمڕانی دیجیتاڵی لە پێشینەدا دابنێن.
7. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و فشارە ناوخۆییەکان:
ڕەنگە نائارامی ناوخۆیی بەرزبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی نایەکسانی لە وڵاتان و هەڵاوسان و جەمسەرگیری سیاسی لە زۆرێک لە وڵاتان.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە داکۆکی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری ژینگەیی دەکەن، دەتوانن تەحەدای ڕژێمە تاکڕەوەکان بکەن و داوای چاکسازی لە دیموکراسیەکاندا بکەن، دەتوانرێت، نموونەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا وەکو نموونەی سەرەکی وەربگیرێت، بە لێکدانەوە بۆ بارودۆخی سوریا، دوور نییە، فشارەکانی “ئیسرائیل” بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە یەمەن و عێراق بەشێوەیەکی فراوانتر بەردەوامی هەبێت.
8. ململانێ و چارەسەری ناوچەیی:
ڕەنگە ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئەوانەی لە یەمەن و سوریا، پەرە بسەنن و ئەکتەرە دەرەکییەکان بەردەوام دەبن لە ڕۆڵی بەرچاویان وەکو ئەوەی لە سوریا و عێراق و یەمەن دەبیندرێت.
دوورنییە لە هەماکاتدا هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی زیاتر پێشەوە بچن، هەرچەندە ڕەنگە گرژییەکان لەگەڵ ئێران لەسەر پرسە ئەتۆمی و ناوچەییەکان پەرەبستێنن، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک لە دەوڵەتانی عەرەبی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێگەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، بە ڕێگە چارەی سەرەکیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنا دەکات.
9.لە هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مژاری سەرەکیی دەبێت، بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، بەڵام جەختی لەوە کردۆتەوە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، (یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک هێزی پێشمەرگە) مەرجی سەرەکییە بۆ قۆناغی داهاتووی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ڕەنگە پێگەی هەرێمی کوردستان لەناوچەکە بەهێزتر بکاتەوە، جیا لەوەش نووسینەوەی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئەگەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە ئامانجە لە پێشینەیەکان دەبێت.
10.پاش لاوازکردنی پێگەی ئێران لە سوریا و لوبنان، ئێران هەوڵدەدات پێگەی سەربازی خۆی لە ڕێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی چڕ بکاتەوە، کە ئەمەش بە نسبەت ئەمریکا هێڵی سورە، لە ئەگەری هەر جووڵەیەکی ئێران لەبەرانبەر کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لە بژارە سەرەکییەکانی ئەمریکا دەبێت، کە ئەمەش ئەو دەسەڵاتە فراوانە شیعییەی کە ئێران خەونی پێوە دەبینی، بە تەواوی لەناودەبات.
ڕوسیا چاوەڕوانی دیدگای ئەمریکا دەکات بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەمەڕ شەڕە بەردەوامەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا، ئەگەر ئاگربەست یان وەستانی شەڕ، بەپێی ئەو خوست و ویستە بێت کە ڕوسیا داوای دەکات، ڕەنگە ڕوسیا لە هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و چین بەشێوەیەکی خێرا دەست هەڵگرێت.
کۆبەند
دیمەنی سیاسی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە یارییەکی ئاڵۆزی نێوان کێبڕکێکارانی جیهانیی دەبێت،
لە کاتێکدا کە ئاستەنگەکان زۆرن، دەرفەتەکانی هاوکاری لە پرسە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی و حوکمڕانی تەکنەلۆژی، دەتوانێت نەزمێکی جیهانی زیاتر بەیەکەوە بەستراو لە قاڵب بدات، ئەمەش بەو واتایە دێت، هەرچەندە ڕکەبەرییەکان زۆربن، هەرچەند ململانێی نێوان وڵاتانی خاوەن هەژموون و هێزی کاریگەر زۆربن، بەڵام ئاڵنگارییە جیهانییەکان دەتوانێت، پەیوەندییەکانیان بەهێزبکاتەوە و جیهان بارودۆخێکی سەقامگیر و ئاشتیخوازانە بەخۆیەوە ببینێت.