د. یەجین چۆی سەرۆكی بەشی زانستی كۆمپیۆتەر لە زانكۆی واشنتۆن: AI زیرەكییەكی لە ڕاددەبەدەر و گێلی و نەزانییەكی شۆكهێنەر
د.یەجین چۆی، بە ڕەچەڵەك هاووڵاتی كۆریای باشوورە و ئێستا ڕەگەزنامەی ئەمریكی هەیە و سەرۆكی بەشی زانستی كۆمپیوتەرە لە زانكۆی واشنتۆن و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە چارەسەركردنی زمانی سرووشی دیدگای كۆمپیوتەر بۆ فێربوونی زمان و هەروەها لە بەرنامەی «تێد»و پرزەنتەیشنێكی هەیە بە ناونیشانی «بۆچی زیرەكی و توانای زیرەكیی دەستكرد مەزندە ناكرێت و نەزانی و گێلییەكەشی شۆك هێنەرە؟ لەسەر ئەم پلاتفۆرمە جیهانییە زۆر بە بوێری و ڕاشكاوانە هەڵوەستەی كردووە و مەترسییەكانی زیرەكیی دەستكردی خستووەتەڕوو، بە گرینگمان زانی پۆختەكەی لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە بڵاو بكەینەوە.
بەرلەوەی باس لە تەكنۆلۆژیای زیرەكیی دەستكرد بكەم، باشترین دەستپێك ئەوەیە بە گوتەیەكی ڤۆلتێر دەست پێبكەم كە دەڵێت: «ئەقڵی هاوبەش هەموو كاتێك هاوبەش نییە - common sense is not so common»، ئەم لۆژیكە پەیوەندییەكی قووڵی بە زیرەكیی دەستكردەوە هەیە، كە دواتر دەگەڕێمەوە سەری.
هیچ كەسێك لەم جیهانەدا ناتوانێت نكۆڵی لە هێزی زیرەكیی دەستكرد بكات، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا هێزی زیرەكیی دەستكرد گەیشتووەتە ئەوەی:
- توانی بەسەر پاڵەوانی جیهانی گەمەی «GO» سەربكەوێت.
- توانی لە تاقیكردنەوەی وەرگرتنی زانكۆكان سەركەوتوو بێت و پلەی زۆر باش بەدەست بهێنێت.
- توانی لە تاقیكردنەوەی سەندیكای پارێزەران سەركەوتوو بێت و ببێت بە ئەندامی سەندیكای پارێزەران و كاری پارێزەرایەتی و دادوەری بكات.
لە ڕوانگەی ئەم هێزە گەورەیەی زیرەكیی دەستكرد پیشانی مرۆڤایەتی داوە، هەندێك مەزندەی ئەوە دەكەن، كە دواین نموونەی زیرەكیی دەستكرد توانای ئەوەیە هەیە مەشق و ڕاهێنان لەسەر دەیان هەزار یەكەی پرۆسێسی گرافیك «Graphics Processing Unit» بكات، ئەم مۆدێلە كە زۆر جار وەك ئەپڵیكەیشنی «LLM» ئاماژەی پێدەكرێت، پێشینەی زیرەكیی گشتیی دەستكرد «AGI» نمایش دەكات و گرەوەی ئەوەی لەسەر دەكرێت، ئەگەر ئەم تەكنەلۆژیایە هەڵەیەكی بچووكیش بكات، ئەوا بە بەكارهێنانی داتا و سەرچاوەی زیاتر دەتوانرێت ئەو هەڵەیە چارەسەر بكرێت.
بەڵام بە ڕوانگەی من، پرسەكە زۆر لەمە قووڵترە و دەبێت قووڵتر لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین. لە ئێستادا ئێمە ڕووبەڕووی سێ ئالنگاری دەبینەوە كە بریتین لە:
1- كێن ئەوانەی مەشق و ڕاهێنان بە زیرەكیی دەستكرد دەكەن؟
2- ئەو هێزە گەورەیەی زیرەكیی دەستكرد چۆن بەكاردێت؟
3- كام مامەڵەیە لە هەمووان خراپترە لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد؟
سەبارەت بە مەشق و ڕاهێنان لە ڕێگەی داتاگەلێكی زەبەلاحەوە لە زیرەكیی دەستكرد، لەم پرسەدا دەبێت ڕاشكاوانە ئەوە بڵێم چارەنووسی مرۆڤایەتی لەژێر ڕەحمەتی ژمارەیەك كۆمپانیای زەبەلاحی تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكردایە، ئەمەش لەبەر ئەوەی مەشق و ڕاهێنان بە زیرەكیی دەستكرد تێچوویەكی یەكجار زۆری هەیە و پێویستی بە وەبەرهێنانێكی زۆر گەورەیە، ئەم توانایە لەبەر دەستی توێژەرانی ناو كۆمەڵگە گەورەكەی ئەكادیمیا و سەنتەرەكانی توێژینەوە نییە. بۆیە لێرەدا ئەو پرسیارە دەورووژێت: «ئایا بێ بوونی ئەقڵێكی هاوبەشی مرۆڤایەتی دەتوانرێت زیرەكیی دەستكرد بگاتە ئەو ئاستەی جێگەی متمانەی مرۆڤ بێت؟ ئایا زیادكردنی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد وەك هێزێكی وێرانكەر تەنیا ڕێگەیە، یان ڕێگەیەكی دروستە؟ ئایا دەتوانین مەشق و ڕاهێنان بەو جۆرە بە زیرەكیی دەستكرد بكەین، كە باشتر لە پێوەر و بەهاكانی مرۆڤایەتی تێبگات و نەیانبەزێنێت؟
ئەم پرسیارانە بێ وەڵامن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی لە بازنەی زیرەكیی دەستكرد كاردەكەن و بەرهەمەكەیان بەسەر مرۆڤایەتیدا فەرز دەكەن، كەمینەیەكن لە مرۆڤایەتی و تەنیا چەند كۆمپانیای زەبەلاحی تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكردن.
بۆیە لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ نموونەی داود و گالوس «David and Goliath» كە لە «سفری تەورات» ئاماژەی پێكراوە. لەم چیرۆكەی ئێستاماندا گالوس نموونەیە بۆ ئەپڵیكەیشنی زمانە گەورەكە «LLM» كە ئیلهام لە كتێبە كۆنەكەی هونەری شەڕ «The Art of War»ی «سان زوو» وەردەگرێت». ئەم كتێبە 600 ساڵ پێش زایین نووسراوە و پێكهاتووە لە شەش هەزار بڕگە و هەر بڕگەیەك باس لە تایبەتمەندییەكی شەڕ دەكات». ئەم كتێبە پێمان دەڵێت «چۆن دوژمنەكەت بە باشی دەناسی، چۆن كاتی شەڕ دیاری دەكەیت، چۆن چەكەكانت پەرە پێدەدەیت».
ئەگەر هەڵوەستە لەسەر خاڵی یەكەم بكەین «چۆن زیرەكیی دەستكرد بە باشی بناسین؟» لە دەستپێكدا ئاماژەم بەوە كرد، ئێستا ئاستی زیرەكی و توانای زیرەكیی دەستكرد گەیشتووەتە ئەوەی تاقیكردنەوەكانی سەندیكای پارێزەران و زانكۆكان بە سەركەوتوویی تێپەڕێنێت، ئایا دەتوانین بڵێن ئەم ئاستەی زیرەكیی دەستكرد گەیشتووەتە ئاستی ئەقڵی هاوبەش «Common sense» كە بەرهەمی كۆی مێژوو و ئەزموونی مرۆڤایەتییە؟ لەوانەیە هەندێك بڵێن: بەڵێ، گەیشتووەتە ئەو ئاستە، بەڵام هەرگیز ناتوانین بگەینە ئەو قەناعەتە، لێرەدا ئەگەر گریمانە بكەین و لە ChatGPT بپرسین: «من پێج پارچە جلم ششتووە، دەیبەمە دەرەوە بۆ ئەوەی لەبەر ڕۆژ وشكی بكەمەوە، بە پێنج كاتژمێر بە تەواوەتی وشك دەبنەوە، ئایا ئەگەر 30 پارچە جلم هەبێت، بە چەند كاتژمێر وشك دەبنەوە؟ ئەوا نەك هەر «چات جی پی تی» بەڵكو گەورەترین ئەپڵیكەیشنی زیرەكیی دەستكردیش بێنین، پێمان دەڵێت: «بە 30 كاتژمێر وشك دەبنەوە».
یان ئەگەر پرسیاری ئەوەی لێبكەم، «دەمەوێت بەسەر ئەو پردە بڕۆم، بەڵام سەر پردەكە - بزمار، برغوو، شووشەی شكاوی لێیە، ئەگەر بەسەریدا بڕۆم تایەی پاسكیلەكەم پەنچەر دەبێت؟ بێگومان لەمەش تێناگات و دەڵێت: «سەر پردەكە ئەو شتانەی لێ نییە».
با لەم پرسیارە سادانە بگەڕێین، با گریمانەی ئەوە بكەین، زیرەكیی دەستكرد لە تاقیكردنەوەی سەندیكای پارێزەران دەرچووە و كاری پارێزەرایەتی دەكات و، لە تەفسیری بۆ ماددەیەكی یاسایی هەڵەی كرد، چی ڕوودەدات؟ لە كاتێكدا هەركەس دەتوانێت تاقی بكاتەوە، كە لەم شتە سادانەی ئاماژەم پێكردن، هەڵەی كردووە. بۆیە دەتوانین ڕاشكاوانە بڵێین: «زیرەكیی دەستكرد چەند زیرەكییەكەی مەزندە بۆ نەكراوە، بە هەمان شێوە گێلییەكەشی شۆكهێنەرە».
لایەنێكی دیكەی مەترسی و نەرێنی كە پێشبینی مەترسیی زۆر گەورەی لێدەكرێت، ئەوەیە كە زیرەكیی دەستكرد بە داتا و میكانیزمی وێرانكەر مەشق و ڕاهێنانی پێ بكرێت. هەندێك كە بە گەشبینییەوە سەیری هێزی شەڕانخواز دەكەن و پاكانەی ئەوە دەهێننەوە كە ئەم لایەنەش دەكرێت بە زیادكردنی داتاگەلێكی دیكەی زەبەلاح چارەسەر بكرێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆچی هەر لەسەرەتاوە بە داتا و میكانیزمی وێرانەكەر لە زیرەكیی دەستكرد مەشق و ڕاهێنانی پێ بكرێت؟ وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە كە دەبێت هەموومان بگەینە ئەو ئەقڵە هاوبەشەی كە مرۆڤایەتی پێویستی بەوە نییە داتای وێرانكەر لە زیرەكیی دەستكرد مەشق و ڕاهێنانی پێبكرێت هەتا دواتر بیر لە چارەسەركردنی بكەینەوە.