دكتۆر محەمەد پێنجوێنی ئەندامی لێژنەی فتوا بۆ گوڵان:   تێز و فكرەی توندڕەوی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەی كوردەواری و كۆمەڵگەی ئیسلامی نییە و دوورە لە تێگەیشتنی زانستی و دروستیی دەقە ئیسلامییەكان

دكتۆر محەمەد پێنجوێنی  ئەندامی لێژنەی فتوا بۆ گوڵان:     تێز و فكرەی توندڕەوی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەی كوردەواری و كۆمەڵگەی ئیسلامی نییە و دوورە لە تێگەیشتنی زانستی و دروستیی دەقە ئیسلامییەكان

 

زانایانی ئیسلامی لە كوردستاندا هەمیشە هۆكارێك بوون بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئارامی، تەنانەت لە مەزهەبی ئیمامی شافیعیدا لێبووردەیی و خۆشەویستی بەرهەم هێناوە، هەر بۆیە گوتاری توندڕەوی لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا جێگەی نەبووەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر محەمەد پێنچوێنی ئەندامی لێژنەی فتوا ساز دا.

 

 

* هەموو كات زانایانی ئیسلامیی كوردستان هۆكارێكی گرینگ بوون بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیری لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا، بەڵام لە ئێستادا هەست دەكرێت زانایانی ئیسلام لەم ئەركە گرینگەی خۆیان هەندێك پاشەكشەیان كردووە. هۆكاری ئەم پاشەكشەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- بە ناوی خودای گەورەو میهرەبان. زانایانی كورد هەر لە دێرزەمانەوە كەسانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بە نەتەوە و ئایین و نیشتمانەكەیان بوون، لەگەڵ گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیاندا بوون، بەمەش وێنەیەكی زۆر جوان و تەواوی ڕووی زانایەتی و كاروباری زانایەتییان پێشكەش كردووە، بوونەتە دەروازەیەكی خێر بۆ كۆمەڵگە و چارەدۆزی دەیان گرفت و كێشە بوون، مەرجەعی تەواوی خەڵك بوون لە هەر جێگەیەك بوون. مێژووی كورد سەلماندوویەتی كە ماڵی زانایەكی كورد لە هەر گوند و شارۆچكەیەكدا شوێنی فێركردن و پەروەردە و چارەسەری كێشەكان بووە، داڵگەی هەژاران و مەنزڵی لێقەوماوان بووە، توانیوێتی بەو توانا كەمەی دەرامەت كە لە بەردەستیدا بووە، ڕۆڵی چەند دەزگایەكی ئێستای ئەم وڵاتە بگێڕێت، كە پارەیەكی زۆری بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام بە ئەندازەی ئەوان دڵنیایی و ئەمانەتدارییان نەداوە بە خەڵك. سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم ڕۆڵە لە پاشەكشەدایە، من پێم وانییە ڕۆڵی زانایان پاشەكشەی كردبێت، ئەوان تا ئێستا ڕۆڵی خۆیان بە جوانی دەبینن و هەنگاوی خۆیان دەنێن، بەڵكو ڕێگری و لێتێكدان هەبووە، ئەمەش كۆمەڵێ جەمسەری هەیە. جەمسەری یەكەمیان بەڕاستی ئەم حزبایەتییە لە هەرێمی كوردستاندا بە هەناسە و ئاراستەیەكی زۆر خراپدا دەڕوات و كۆمەڵگە دابەش دەكات و ڕق و قین و لەیەكتر خوێندن برەو پێ دەدات. حزبەكان هەندێك جار زانایانیان بۆ مەبەستی حزبی و سیاسی و دەوێت و بەكاریان دەهێنن، وەنەبێ بۆ خزمەتی ئیسلام بێت، مەبەستە حزبییەكە مەبەستی سەرەكییە و كارەكانی دیكەی دەبێتە لاوەكی. بەداخەوە كاتێك زانایان دابەش دەبن بەسەر حزبە عەلمانی و نەتەوەیی و ئیسلامییەكاندا، ئەمە خۆی دەبێتە خاڵێكی لاوازی و پێگەی ڕاستەقینەی زانایان لەكەدار دەكات. ڕەسەنتر وا بوو هەموویان یەك دەستە بوونایە و لە ئاستێكی بەرزی بیر و هزر و زانستدا مامەڵەیان بكردایە و خۆیان لە حزب گەورەتر بناسیایە، ئەوان شوێنیان بكەوتنایە نەك ئەمان شوێنكەوتە بوونایە، چونكە بەم شوێنكەوتنە لە ناو بیركرنەوەیەكی تەسكی حزبیدا دەمێننەوە و لە بیركردنەوە و پەیامە سەرەكییەكەی خۆیان كە بیركردنەوەیەكی ئیسلامی خەمخۆرانەیە بۆ مرۆڤ و نەتەوە و نیشتمان دوور دەكەونەوە. تەنانەت زانایان ناتوانن خۆیان ڕێنیشاندەری ڕێگەی ڕاست و خزمەت و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بن بۆ ئەو حزبانە، كە ئەمە ئەركێكی سەرەكی و لەپێشینەیانە، بۆیە بەم دابەشبوونەیان تا ڕاددەیەك لە كاری خۆیان دوور كەوتوونەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش كار و ڕۆڵی زانای كورد لە كۆمەڵگەدا لە جێگە و مەكانەتی خۆیەتی، بەڵام بێ ئینسافی و نادادیی دەستڕۆیشتووان ڕۆڵیانی وەك پێویست دەرنەخستووە.

* زۆر جار لە هەندێك زانای ئیسلامی گوێبیستی ئەوە دەبین كە برای ئایینی لە برای هاونیشتمانی و هاونەتەوە گرینگترە، ڕاستە برایەتیی ئایینی هەنگاوێكی گرینگە بۆ یەكڕیزیی موسڵمانان، بەڵام ئەگەر موسڵمانێك خاوەنی نیشتمان و نەتەوەی خۆی نەبێت و شانازیی پێوە نەكات، ئایا دەتوانێت خۆی بە باوەڕدارێكی ڕاستەقینە بزانێت؟

- تێگەیشتنمان لەم بابەتە هەڵەیە، لە قووڵایی مانا ئیسلامییەكەوە سەرنجی نادەین، چونكە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كاتێ خەڵك دەكات بە برا دەیگەیەنێتە پلەیەكی پەروەردەیی بەرز كە ناوی (مؤمن)ـە، پلەیەكە دەبێ كە هەموو كەسێكی خۆش بوێت، هەموو دروستكراوەكانی بەلاوە بەنرخ بێت، چونكە هەموو دروستكراوەكان جێگە پەنجەی خودایان پێوەیە و ئەو ئافراندوویەتی، مرۆڤ بەگشتی چەقی پەیامە پیرۆزەكەی خودا و پێغەمبەرەكەیەتی و هەموو مرۆڤ و ئەو زیندەوەرانەی لەسەر زەوین هەموویان نیشاندەر و ڕەمزی ناسینی(اللە)یان پێوەیە، واتا تۆ ئەگەر لە سۆنگەی برایەتیی ئیسلامییەوە سەیری كۆمەڵگە بكەیت و لێرەوە ماناكەی ڕاڤە بكەیت، دەبێ وەك مرۆڤ، نەتەوە و خاك و نیشتمان و هاونیشتمانت هەر هەمووی خۆش بوێت، لەم سۆنگەیەوە ئیسلام برایەتیی دینی پێش برایەتییەكانی دیكە دەخات، واتا هەر كەسێك برایەتیی ئیسلامی هەڵبژارد، كەواتە لەبەر خاتری خودای گەورە و میهرەبان ئیتر بڕیاری داوە موئمین بێت، واتە لە موئمینەوە تەنیا ئاسایش و دڵنیایی دەبینن لە فكر و هەڵسوكەوت و مامەڵەكردندا و نابێت هیچ كەسێك تووشی زیانیان بكات و دەبێ خێر و خۆشیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەبێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەگەڵیدا دەژین، بەلایەوە ناڕەوایە ناپاكی بكات بەرانبەر خەڵك، خاك، نیشتمان، بەم لۆژیك و مانایە، بەڵێ برایەتیی ئایینی لە پێشەوەی هەموو جۆرەكانی برایەتییە و هەوێنی هەموو جۆرەكانی برایەتییشە، موسڵمان تەنانەت ڕق و قینی لە كەسێكی كافریش نییە، بەڵكو ڕقی لە كوفری كافرەكە و كردارە ناپەسەند و هەڵسوكەوتە ناشرینەكەیەتی، كەسەكە مرۆڤە و دروستكراوی خودای گەورەیە و بەڕێزە، بەڵام ستەمی ستەمكار قیزەونە دژایەتییەكە بۆ كردار و هەڵسوكەوتیەتی نەك خودی مرۆڤبوونی، كەواتە ئەوە تێگەیشتنی ئێمەیە چەمكەكە بە هەڵە ڕاڤە دەكەین و دەیبەینەوە بۆ جۆرێ ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستیی ئاخندراو بە ڕق و قین و هەموو ماناكانی دیكەی لێ دەكەینەوە. ئیسلام ئایینێكی گشتگیرە و ماناكان و سیفەتەكان لە چەمكەكان جیا ناكاتەوە، دەبێت هەمووی پێكەوە بێت و لە چوارچێوەی ئەخلاق دەرنەچێت. بەداخەوە تێگەیشتنی خەڵكی ئەم وڵاتە لەم چەمك و بۆچوونانە بە هەڵە لێی ئاشنا دەبن و نایانەوێت تێگەیشتنێكی زانستییانەی ڕاست و دروستی چەمكەكان بن لە دیدی ئیسلامەوە، كاتێ ئەم جۆرە سیاسەتە ماكیافیلییە باڵ دەكێشێ بەسەر كایەكاندا مانای چەمكەكانیش دەشێوێنرێت، كەواتە تێگەیشتنی نوخبە و خەڵكە دەستڕۆیشتووەكەیە مانای چەمكەكە خراپ دەناسێنێ.

كەسێكی دیندار بە بڕوایەكی برایەتییەوە ئایینی هەڵبژاردبێت و لە ئیمان حاڵی بووبێت، ناتوانێت لە خاك و نیشتمانیش داببڕێت. قورئان پێمان دەڵێت خاكمان بۆ مرۆڤ داناوە و بێشكەی ژیانی مرۆڤە، مەگەر كەسێكی نەفام بێت، ئەگینا ناتوانێت لەم مانایە دوور بكەوێتەوە (والأرض وضعها للأنام) واتا زەویی بۆ مرۆڤ داناوە، ئەمە فەرمانی ئەو خودایەیە كە من بڕوام پێەتی. دواتر هەر قورئانە پێم دەفەرموێت مرۆڤ و نەتەوەكانیش هەموویان دروستكراوی خودای گەورەن، دەفەرموێت: ﴿ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ﴾. ئەوە ئیمانەكەمە پێم دەڵێت وانەزانی لە شوێنێكی دیكەوە هاتوویت و هەمووتان لە خێزانێكن، لەوێوە دەچنەوە سەر یەك خێزان، ئیتر چۆن دەكرێت لە مرۆڤەكان داببڕێم و بە ڕق و قینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەم.

* لەگەڵ ئەوەی موسڵمانانی كوردستان پەیڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعیین (خ.ل) و ئەم مەزهەبە یەكێكە لە مەزهەبە توندەكان، بەڵام وێڕای ئەمەش لە كوردستاندا ئەم مەزهەبە لێبووردەیی و خۆشەویستیی بەرهەم هێناوە، بەڵام ئێستا دەبینین بە هۆكاری گوتارەوە چەند مامۆستایەكی ئایینی خەریكە ئەم لێبووردەیی و خۆشەویستییە دەگۆڕن بۆ توندڕۆیی و یەكتری ڕەتكردنەوە، ئایا ئەمەش بەكارهێنانی خراپی ئایینەكە نییە؟

- مەزهەبی ئیمامی شافیعی پەیڕەوێكی زۆر زۆر جوان و میانڕەو و گونجاوە بۆ هەرێمی كوردستان، مەزهەبێكە دەیەوێت كەمترین خاڵی لاواز بگرێتەبەر و نەرمونیانی بنوێنێت، لەبەر خاتری ئەوەی مرۆڤەكان بە جوانترین شێوە كارەكانیان ئەنجام بدەن، دەیەوێت بەردەوام لە چڵەپۆپەی كەمالدا بن، واتا مرۆڤێك تا لە ژیاندا بێت و جووڵە دەكات، جووڵەكانی بە شێوەیەك ڕێك بخات، كە لە سیفەتی كەمال و بەرزی دانەبەزێت، بۆیە پێی دەگوترێت مەزهەبی ئیحتیات، ئەگەر جۆرە هەڵسوكەوتێ بە چەند شێوەیەك ڕێگە هەبێت ئەنجام بدرێت، جوانترین و تەواوترین هەڵدەبژێرێت و بەلایەوە پەسەندترە، ئەمەش ناكاتە وەلانان و نكۆڵیكردن لە ڕا كان و شێوەكانی دیكە.

پەیڕەوی ئیمامی شافیعی ڕەحمەتی خودای لێبێت، مەزهەبێكی ناوەندییە، نە توندڕەوێكی وایە كە هزری وەكو قاعیدە و هاووێنەكانی دروست بكات، نەوەكو ئەوانەشە كە شتێك ناهێڵنەوە كە ڕەواج و حورمەتی هەبێت. واتە ئیمامی شافیعی میانەڕەوێكی زۆر جوانە، لێرەوە دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە پێشەوا شافیعی دەتوانرێت بە یەكەم زانا بەرزەكانی جیهانی ئیسلامی دابنرێت كە لە سەردەمی خۆیدا لە دوای ساڵی 150ی كۆچی و تەواوبوونی ماوەی خولەفای ڕاشیدین (ر.خ) لێ بێت، توانیوێتی فكرەی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕاوبۆچوونە جیاوازەكان لە كۆمەڵگەدا دابنێت و مامۆستای ڕێكخستنی ڕاجیاوازییەكان بێت بۆ بەرژەوەندییە گەورەكان، هەر ئەو مامۆستا و زانا بەڕێزە بە یەكەم كەس دادەنرێت كە زانستی بنەماكانی فیقهی (اصول الفقه) كە زانستی تێگەیشتنە لە دەقەكانی قورئان و سوننە بنووسێت، تاوەكو مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی و چۆنی ویست دەقی قورئان و سوننە ڕاڤە نەكات، بەڵكو دەبێت لە ژێر ڕۆشنایی كۆمەڵێك بنەما و یاسادا بێت و كەسێكی شارەزا و خوێندەوار و لێهاتوو لەم بوارەدا قسە بكات. ئیمامی شافیعی ڕەحمەتی خودای لێ بێت ئەو زانایە بوو كە توانی زیاتر لە 10 یاسا و پێوەر دابنێت بۆ ئەوەی دژەڕایی بكەینە ڕاجیایی، چونكە دژەڕایی ئەگەر بە دژی بمێنێتەوە بەردەوام تووڕەبوون و ترازان و ڕقەبەرایەتی و جیاكاری دروست دەكات، خۆ ئەگەر دژەڕاییمان كردە ڕاجیایی ئەوە دەتوانین بەردەوام ڕا و بۆچوونیشمان جودا بێت و پێكەوە برا بین. قوتابییەكی شافیعی ڕەحمەتی خودای لێبێت بە ناوی یونسی سەدەفی باسی گەورەیی مامۆستاكەی دەكات و دەڵێت: لەو ژیرترم نەدیوە، جارێك لە خزمەتیا كەوتمە كێبەركێیەكی توندەوە و بە تووڕەییەوە مامۆستا شافیعیم جێهێشت، بەڵام ئەو هاتە ماڵەوە و فەرمووی چەندین بابەت كۆی كردینەوە بۆچی یەك بابەت جیای كردینەوە؟ فەرمووی ئەو ڕایەڵەی پەیوەندیەیی دروست كردووە، وا ئاسان مەیپسێنە، دەكرێت برا بین و ڕاشمان جیاواز بێت. بەمەش ئەو زانا گەورەیە بووتە وەستای سازانی ڕاجیاوازەكان، بۆیە جێگەی شانازییە بۆ كورد خاوەنی ئەو مەزهەبەیە، هەر ئەو تێزە مەزهەبەی شافیعییە لەگەڵ ئەو هەموو فكرە جیاوازەدا مامەڵەی كردووە. بەداخەوە بەشێك لە شۆڕشگێڕانی كورد دەستپێكی شۆڕشیان بە دژە ئایین و ئیسلام، بێڕێزی بەرانبەر مزگەوت زانایان و ...هتد بوو، نەمانزانی فەلسەفەی ئەو كارەیان چی بوو، لە كوێدا ئایینی ئیسلام و زانایان دژی شۆڕش و خەباتی ئازادی بوون، تا بەو شێوەیە بكەونە بەر هێرشی لەو جۆرە، بەڵام زانایانی كورد بوونە هەوێنی ئەو برایەتی و پێكەوەژیان و ڕێز و خۆشەویستییەی كە گەلی كورد پێی بەناوبانگە و شۆڕشەكەش چووە سەر ڕێچكەی ڕاست و دروستی كوردایەتیی خۆی و تا ڕاددەیەك خەریكە لە بێدینی دوور دەكەوێتەوە، ئەم هەڵوێستانەی زانایان بەگشتی هەڵقوڵاوی تێگەیشتنی دروستە لە پەیڕەوی شافیعی.

* هاتنی فكری توندڕەوی تا چەند پەیوەندیی بە ئیسلامەوە هەیە و، ئایا گوتاری توندڕەوی لە ناو كۆمەڵگەی كوردستاندا جێگەی دەبێتەوە؟

- هاتنی توندڕەوی بۆ جیهانی ئیسلامی كە هەموو كەس ڕەت دەكاتەوە و هەموو تێز و فكرەیەكی پێ هەزم ناكرێت، بەهیچ شێوەیەك هەڵقوڵاوی ناو كۆمەڵگەی ئیسلامی و هەڵقوڵاوی زانستییانەی ناو دەقە ئیسلامییەكان و كۆمەڵگەی كوردەوارییش نییە، ئەمە یەكێكە لە شوێنەواری سیاسەتی نالەباری ئیدارەكردنی ئەو وڵاتانەی جیهانی ئیسلامی و دەستی دەرەكیشی تێدایە بۆ دروستكردنی ئەمجۆرە بیرۆكە و فكرە توندڕۆیانە كە فكرێكی نامۆیە بە كۆمەڵگەی ئیسلامی و بە چەمك و ناوەرۆكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لە ناو فیقه و مەزهەبەكانیشدا ئەم بیرۆكانە جێگەیان نابێتەوە و پێیان دەگوترێت ڕا شازەكان، داگیركارانی وڵاتانی ئیسلامی پێویستیان بەم بیرۆكانە هەیە بۆ لێكهەڵوەشاندنی كۆمەڵگە و هێزی دەستەكۆمەكی و پێكەوەیی، تا گیانی ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەر بەرانبەر پڕۆژە نامۆكان سڕ بكەن و سەرقاڵ بین بە خۆمانەوە، لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانیشدا بە هیچ شێوەیەك گوتاری توندڕەوی جێگەی نابێتەوە و كاتییە و هیچ ترسێكمان لێی نییە، هەركاتێك كات و فەرمانی پێسپێردراوی تەواو بوو، ئەویش كۆتایی دێت، ئەوە پڕۆژەیەكی پشتگیر كراوە بۆ مەبەستێكی دیاریكراو .

 

Top