ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گوڵان:   527 پڕۆژە بە گوژمەی 3 تریلیۆن دینار لە سێكتەری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێن

ساسان عەونی  وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گوڵان:     527 پڕۆژە بە گوژمەی 3 تریلیۆن دینار لە سێكتەری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێن

 

 

شەقامەكانی 120 مەتری و 150 مەتری لە هەولێر، تەواوكردنی شەقامی بارزان لە دهۆك، دەستپێكردنی شاڕێی بابان لە سلێمانی بە دەستكەوت و پڕۆژە گەورەكانی وەزارەت دادەنرێن

 

 

پڕۆژەكانی ئاوی گۆپتەپە لە چەمچەماڵ و ئاوی 51 گوندی بارزان و ئاوی ئاكرێ و ڕانیە -چوارقوڕنە- حاجیاوا و ئاوی دێرەلوك و چەمی كارێز لە شاری هەڵەبجە و دەیان پڕۆژەی ئاوی دیكە نموونەی بەرچاوی پڕۆژەكانی ئاوە لە كابینەی نۆیەمدا

 

 

 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی نزیكی 10 ملیار دینار لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیران خەرج كراوە

 

 

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانەوە هەیە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئاستەنگ و تەحەددییەكان، لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان ڕانەوەستاوە، بەتایبەتی گەیاندنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و گرنگیدان بە پارك و باخچە و سەوزاییەكان و قیرتاوكردنی كۆڵان و گەڕەكەكان و گرنگیدان بە شەقامە سەرەكییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆنی ئەم خزمەتگوزارییانە فراوان كراون و، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی كابینەكەدا بە سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ كراون. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم خزمەتگوزارییە گرنگانەی لەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی كارەكانی وەزارەتی شارەوانی ئەنجام دراون، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجام دا.

 

* بەو پێیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هاووڵاتیانەوە هەیە، ئایا گرنگترینی ئەو پڕۆژانە چین كە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێتان كردووە؟

-  بە هۆی ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتێكی خزمەتگوزاریی بەردەوامی ڕۆژانەیە و پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی دۆخەكانیدا و تەنانەت لە كاتی قەیرانیشدا، هەوڵی داوە ئەو خزمەتگوزارییانە پەكیان نەكەوێت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك قەیرانی جۆراوجۆر بووەوە، لە سەرووی هەموویانەوە پەتای كۆڤید 19 و قەیرانە ئابووری و سیاسییە نەخوازراوەكان، بەڵام بۆ یەك ڕۆژیش ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامانە ڕانەوەستان، كە بریتین لە گەیاندنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان و كۆكردنەوە و چارەسەری خاشاك و بایەخدان بە پارك و باخچە و سەوزاییەكان، تەنانەت زۆنی ئەم خزمەتگوزارییانەی فراوانتر كرد، بە شێوەیەك یەكسانی لە دابەشكردندا هەبێت و، خەڵكی هەموو شار و شارۆچكە و گوندێكی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە. لە پاڵ ئەم كارە سەرەكییانە و لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، توانراوە پڕۆژەی گەورە لە هەموو شارەكانی كوردستان جێبەجێ بكرێن، پڕۆژە بەردەوامەكانیش درێژەیان پێ بدرێت، پڕۆژە گەورەكانمان وەك تەواوكردنی شەقامی 120 مەتری و تەواوبوونی سێ قۆناغی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر، تەواوكردنی شەقامی بارزان لە دهۆك، دەستپێكردنی شاڕێی بابان لە سلێمانی، دروستكردنی چەند كارگەیەكی ڕیسایكلین، بەرزەپرد و ئەندەرپاسی ڕێگای مەخموور لە هەولێر، دروستكردنی یووتێرنی بناڤی یەك لە دهۆك، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە چەمچەماڵ، پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان، پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ، پڕۆژەی ئاو و ڕێگاسازی لە چەمی كارێز لە شاری هەڵەبجە، پڕۆژەی ئاوی ڕانیە- چوارقوڕنە- حاجیاوا، پڕۆژەی ئاوی دێرەلوك و دەیان پڕۆژەی دیكە لە بوارەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار، شوێنەوار، هەڵگرتنەوە و چارەسەری خاشاك و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی كە لەسەر بودجەی گشتی ئەنجام دراون. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی پەرەپێدانی پرد و یەكتربڕ و شەقامەكانی شاری سلێمانی، گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 300 ملیۆن دینار خەرج كرا. جگە لەمانە (١٧٩٠) پڕۆژەی بچووك و مامناوەند لەسەر داهات و پێشینەی فەرمانگەكان فەرمانی وەزارییان بۆ دەرچووە كە جێبەجێ كراون، یان لە ژێر جێبەجێكردندان كە زیاتر لە (١٠٦) ملیار دیناری لە هەر سێ سێكتەری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار بۆ خەرج كراوە. ئەو پڕۆژە بەردەوامانەش كە پێشتر باسمان كردن، بەشێكیان لەو كابینەیەدا بڕیاریان بۆ دەرچووە و جێبەجێ كراون و، بەشێكیان لە كابینەكانی ڕابردوو بوون، بەڵام لەو كابینەیەدا تەرخانیان بۆ كراوە واتە پڕۆژە بەردەوامەكان كە سەرجەمیان بریتین لە (٥٢٧) پڕۆژەی گەورە و بچووك و مامناوەند و گوژمەی تەرخانكراو دەگاتە زیاتر لە (٣) تریلیۆن دینار و لە هەر چوار سێكتەری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار و شوێنەوار جێبەجێ دەكرێن.

* لە ئێستادا لە وەزری گەرما و هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوەداین و هەموو هاوینێكیش گرفتی كەم ئاوی لە هەندێك ناوچە و گەڕەكەكانی ناو شارە گەورەكان سەرهەڵدەدات، دەكرێت بزانین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەم ئاوی چی كراوە؟ ئایا گرنگترین پڕۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەم بواردەدا چین كە جێبەجێ كراوە و ئەوەی لە بەرنامەشدایە جێبەجێ بكرێت؟

- كەم ئاوی و وشكەساڵی، بابەتێكی سرووشتی و ئاڵنگارییەكە لەگەڵ لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهان ڕووبەڕووی وڵاتان دەبێتەوە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وشكەساڵی، لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە لە ساڵی 2022 چەند كۆبوونەوەیەكی بەردەوام و فراوانیان كرد، لە ئەنجامدا كۆمەڵێك ڕێوشوێنی خێرا گیرانە بەر و دواتر لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانی هەر دوو وەزارەت (پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو) بۆ حكومەت دانرا و پەسەند كرا، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی نزیكی 10 ملیار دینار لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیران خەرج كراوە، كۆمەڵێك پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و لێدانی بیری ئاوی تازە و چاككردنەوەی كۆمەڵێك بیری لەكاركەوتوو و گۆڕینی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانەی كە پێویستن لە هەولێر و سلێمانی شوێنەكانی دیكە جێبەجێ كراون، نزیكەی ملیارێك دینار بۆ شاری كۆیە، نزیكەی 200 ملیۆن دینار بۆ شاری زاخۆ خەرج كران و لە هەر شوێنێكی دیكەی هەرێمی كوردستان مەترسیی وشكەساڵی هەبووبێت، بە تایبەت پارەی بۆ خەرج كراوە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و دەسەڵات دراوە بە پارێزگار و سەرۆكی ئیدارە سەربەخۆكان كە لە هەر شوێنێك پێویستی بە كاردانەوەی خێرا هەبێت، لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كاری پێویست بكەن.

دابینكردنی ئاوی خاوێن و دروستنەبوونی گرفتی كەم ئاوی، هەر لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، یەكێك بووە لە گرنگترین بابەتەكان كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر كردووەتەوە و لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمیشدا بە گرنگی باس كراوە. ئەگەر تەماشای ڕێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێنیش بكەین، دەبینین حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر لە سەرووی ستانداردی جیهانی ئاوی خاوێنی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین كردووە. مانگانە 14 ملیار دینار ڕاستەوخۆ بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن لە هەرێمی كوردستاندا خەرج دەكرێت، بەڵام ئەگەر خەرجیی كارەبا و بابەتەكانی دیكەی بخەینە سەر كە هەمووی بۆ دابینكردنی ئاو خەرج دەكرێت، مانگانە دەگاتە 46 ملیار دینار، واتە بۆ ئەوەی ئاوی خاوێن بگاتە هەموو ماڵێك لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵێكدا زیاتر لە 550 ملیار دینار خەرج دەكرێت.

*  لە سەرجەم كوردستان و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر، زەوییەكی زۆرتان بۆ نیشتەجێكردن دابەش كردووە، بەڵام مۆڵەتی دروستكردنی خانوویان پێ نادەن، بۆچی موڵەتیان پێ نادەن؟ لە كاتێكدا خانووەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تاپۆ دەكرێن، بۆچی كارتی زەوییەكانیش تاپۆ ناكرێن؟

-  ئەركی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبووندا، دابینكردنی زەوییە، كە بەپێی یاسا و ڕێنمایی دیاریكراو مامەڵەكان دەچنە پێشەوە و زەوییەكان تەرخان دەكرێن، هەنگاوەكانی دواتر ئەركی دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەیە. سەبارەت بە مۆڵەتی بینا لە هەر جێیەك زەوییەك بۆ نیشتەجێبوون تەرخان كرابێت، لە كاتی داواكردنی مۆڵەتی بینا لەلایەن هاووڵاتییانەوە، سەرۆكایەتی و فەرمانگەكانی شارەوانی لە هەموو شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان پێ دەدەن، لە هەندێك لەو شوێنانەی زەوی دابەش كراوە، بەڵام خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە، هەر كاتێك بەشێكی خزمەتگوزارییەكانیان پێ گەیشت، ئەو كاتە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو بەوانیش دەدرێت، كە بەشێكیان دوورەدەستن لە سەنتەری شارەكانەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات، دوای ئەوەی خزمەتگوزارییە پێویستەكان دەگەیەنێتە ئەو شوێنانە، مۆڵەتی خانووشیان پێ بدات. لەمەش زیاتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە چارەسەر بۆ هەموو گرفتە كەڵەكەبووەكانی هاووڵاتییان بدۆزێتەوە، بەتایبەت ئەو گرفتانەی بە یاسا و ڕێنماییەكان چارەسەر ناكرێن، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی داخوازیی خەڵك هەوڵی داوە بە ڕێنمایی و بڕیار ئەو كێشانە چارەسەر بكات، وەك كێشەی زەوییە سندووقییەكان و مۆڵەتی حەرەمی گوندەكان. سەبارەت بە تاپۆی خانووەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، لێژنەی هاوبەش لە نێوان دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی داد لەسەر هەموو ئاستەكان كار دەكەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو خانووانەی ناو پڕۆژەكان بە ناوی هاووڵاتییانەوە بكرێت، ئەم هەنگاوەش دەستی پێ كردووە و یەكە نیشتەجێبووەكانی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان بە ناوی هاووڵاتییان كراون و، ئەم پرۆسەیە درێژەی هەیە و، لە هەر شوێنێكیش گرفت هەبێت، بێگومان ئەو لێژنە باڵایە چارەسەری دەكەن. سەبارەت بە كارتی زەوی بۆ سەنەد، لە پێناو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانە و نەهێشتنی ئەو ژمارە زۆرەی زەویی كارت، لەگەڵ دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە، هەستاین بە كردنەوەی یەكەیەكی تایبەت بە ناوی (یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد) بۆ تۆماركردنی ئەم كارتانە و گۆڕینی بۆ تۆماری هەمیشەیی (سەنەد) كە ژمارەیان 99 هەزار كارت بووە، لەو ژمارەیە كەمتر لە 35 هەزاریان ماوە كە ئێستا كاریان لەسەر دەكرێت، یان لە قۆناغی كۆتاییدان، ئەوەی دیكە كە هەمووی دەكاتە 54 هەزار و 339 كارت كراون بە سەنەد.

* زۆرجار لە سۆشیال میدیا و لەلایەن كەسانی پۆپۆلیستەوە باس لەوە دەكرێت ناوچەی سلێمانی و گەرمیان لە پڕۆژەكانی شارەوانی فەرامۆش كراون، ئایا دەكرێت پێمان بڵێن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تا چەند لەو ناوچانەدا پڕۆژە و كاری كردووە؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یەك چاو تەماشای هەموو دەڤەرێكی كوردستانی دەكات و هەوڵ دراوە ئەو شار و شارۆچكانەی گرفتی خزمەتگوزاریی بنەڕەتییان هەبووە، زیاتر تەرخانكردنەكان بۆ ئەوان خەرج بكرێت و باڵانس ڕابگیرێت. هەر لەم كابینەیەدا بایەخێكی زۆر بە ئیدارە سەربەخۆكان درا و ئیدارەی سەربەخۆی نوێش كرانەوە و پلەی زۆرێك لە شارەوانی و یەكە ئیدارییەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان بەرز كرانەوە، بۆ ئەوەی لە دابەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكومەتدا یەكسانیی زۆرتر ڕەچاو بكرێت. واتە نەوەك كەمتەرخەمیمان لە خزمەتكردنی سلێمانی و گەرمیان نەكردووە، بەڵكوو زۆر پڕۆژەی ئەو دەڤەرانە كە دەبوو لەسەر داهاتی ناوخۆ جێبەجێ بكرێن، بە هۆی گرفتەكانی وەك پێویست نەبوونی كۆكردنەوەی داهات لەو شوێنانە، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان كراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرانە لە خزمەتگوزارییەكان بێبەش نەبن، وەك چارەسەركردنی بابەتی پڕۆژەكانی ئاو لە سلێمانی، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و لە هەفتەی ڕابردووش 400 ملیۆن دینار بۆ لێدانی هەشت بیری ئاو بۆ شاری كفری تەرخان كرا. حكومەت لە بەڵێنەكانی ڕاستگۆیە و بە یەك چاو سەیری هەموو دەڤەرێكی كوردستان دەكات.

* لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، چەند ئیدارەیەكی سەربەخۆ كرانەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە لە ڕووی كارگێڕییەوە هەموو ڕێوشوێنەكان بگیرێنە بەر، ئێوە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەو بوارەدا چیتان كردووە؟

- فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەموو ئیدارە سەربەخۆكان كە بریتین لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە كارە كارگێڕییەكانیان تەواو كران، هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ، لە بۆنەی تایبەتدا پلەكانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرز كرایەوە و سەنتەری ئیدارەكەش ڕاستەوخۆ بە وەزارەتەوە بەستراونەتەوە و بوونەتە ئەندامی سەرەكیی ئەنجومەنی وەزارەت و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ وەزارەتدا هەیە و ئێستا هیچ مامەڵەیەكیان لە ڕێی ئەو پارێزگایەی لێی جیا بوونەتەوە، ناگاتە وەزارەت، بەڵكوو شارەوانیی سەنتەری ئیدارە سەربەخۆكان ڕاستەوخۆ بە وەزارەتەوە بەستراونەتەوە.

* تا چەند گرنگی بە پارێزگای هەڵەبجە دراوە، بەتایبەتی لە ڕووی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی شارەوانییەوە لەم پارێزگا نوێیە؟

-  حكومەت زۆر بە گرنگییەوە تەماشای پارێزگای هەڵەبجەی كردووە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ژێرخان و بنەڕەتی سەبارەت بە ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام لەو شارەدا جێبەجێ كردووە، لەوانە پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە- سەید سادق كە لە ڕۆژێكدا زیاتر لە 65 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن دابین دەكات. تەنیا لەسەر بودجەی داهات، 51 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 600 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، هەروەها بۆ بابەتی خاوێنكردنەوە و هەڵگرتنی خاشاك گوژمەی پێویست خەرج كراوە.

وێڕای ئەو خزمەتگوزارییانە، لە ئێستادا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خەریكی ئامادەكردنی ماستەرپلانە بۆ شاری هەڵەبجە كە بە تەواوبوونی، دەرفەتی پڕۆژەی دیكە لەو شارە زیاتر دەكات و بەرەو قۆناغێكی نوێی ئاوەدانی دەبات. هەروەها لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی دروست كراون و لەلایەن حكومەتەوە میلاكی پێویستیان بۆ دانرا.

* لە زاخۆ پڕۆژەی كۆرنیش و پۆندەكان لەناو شاری زاخۆ دیمەنێكی زۆر جوانی بە شارەكە بەخشی، ئایا ئەم جۆرە پرۆژانە لە بەرنامەدایە بۆ ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەی كوردستان؟

- لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئیدارە سەربەخۆكان، مامەڵەیەكی تایبەتیان لەگەڵدا كراوە، چونكە پێویستییان بە بابەتی بنەڕەتیی ژێرخانی ئیداری و ژێرخانی خزمەتگوزاری هەبوو. بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، هەر زوو كارە كارگێڕییەكانیان تەواو كران و پلە ئیدارییەكان بەرز كرانەوە و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان كرا، هەروەها دەسەڵاتی سەرلەنوێ ڕێكخستنەوە و گواستنەوەی فەرمانبەرانیان پێ درا، ئەمەش وای كرد دەرفەتی كار و جووڵەی بازرگانیی زیاتریش بكەونە ئەو دەڤەرانەوە. ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، بە هۆی هەڵكەوتە جوگرافیاكەی ڕەچاوی تایبەتمەندییەكانی كراوە و هەوڵ دراوە ئەوەی پێویست بێت حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكات. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، تەنیا لە بودجەی داهات زیاتر لە 2 ملیار و 390 ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی 32 پڕۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خەرج كردووە.

* تا چەند توانراوە كێشەی زێدەڕۆیی لەم كابینەیەدا بنبڕ بكرێت؟ ئایا تا ئێستا لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتووەوە دەستدرێژی هەیە بۆ سەر موڵكی زەوییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؟

-  بابەتی زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی، یەكێك بوو لەو كێشە ئاڵۆزانەی لە كابینەی نۆیەمدا تا ڕاددەیەكی زۆر چارەسەری ڕیشەیی بۆ دۆزرایەوە و، پاش ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانە دا، كە خانووی زێدەڕۆییان لەسەر دروست كراوە لە سنووری شاروانییەكان، كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەماهەنگ بوو بۆ دەرچوونی ئەو یاسایە، هەنگاوی ئەرێنی و باش هاویشترا و چارەسەری زۆر كەیس كرا، دەرفەتێكیش بوو بۆ ئەوانەی خانوویان لەسەر موڵكی گشتی دروست كردووە و نەدارن و ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، زەوییەكانیان بەسەردا تاپۆ بكرێت و ئیدی لەوێدا كۆتایی پێ بێت. ئەو كەسانەی تا ئێستە سوودمەند نەبوون لەو یاسایە، لە ئێستادا حكومەت خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژە بڕیارێكە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا چارەسەری گرفتی ئەوانەش بكرێت. سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان بە هاوكاریی ئیدارە خۆجێییەكان، بەردەوامن لە ڕێگریكردن و لادانی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر شۆستە و شەقام و موڵكی حكومەت و موڵكی تایبەت، بە شێوەیەك ڕۆژانە چەندین سەرپێچی و زێدەڕۆیی ڕێكاریان لە بەرانبەردا دەگیرێتە بەر لە ڕێگەی تیمەكانی حكومەتەوە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەبەخۆكان ئەم كارە بەردەوامە.

* لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆری شەقامە سەرەكییەكان قیرتاو كران، ئایا لەم قەیرانەدا تا چەند توانراوە پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكان گرنگی پێ بدرێت؟

-  كاتێك ناوی شەقامە سەرەكییەكان دێتە بەر گوێی هەر هاووڵاتییەكەوە، لە پاڵ ئاو و ئاوەڕۆ و خزمەتكردنی شوێنە گەشتیارییەكان و كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خاشاك كە حكومەت جێبەجێیان دەكات، یەكسەر شەقامە ستراتیژییەكانی وەك 120 مەتری و 150 مەتری لە هەولێر، شاڕێی بابان لە سلێمانی، شەقامی بارزان لە دهۆك و شەقامەكانی دیكەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دێنە بەر چاو كە لەم كابینەیەدا وێڕای هەموو ئاستەنگە دارایییەكان، حكومەت توانیویەتی ئەو بوارە گرینگەی پەیوەندی بە كاروباری ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە، بەپێی پێویست جێبەجێ بكەن. لە پاڵ ئەو پڕۆژە گەورانەوە، قیرتاوكردنی شەقامی نوێ و كۆنكرێتكردنی شۆستەكان یان نۆژەنكردنەوە، ئەگەر بكەونە چوارچێوەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەندەوە، شارەوانییەكان لەسەر ئەو لە 15%ی داهاتی خۆیان جێبەجێی دەكەن. ئەو شارەوانییانەی داهاتیان زۆرتر بووە، باشتر توانیویانە ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ بكەن. لەسەر ئاستی هەموو شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان، نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقامی نوێ نەوەستاوە. ئەگەر بیرتان بێت، لەو كاتەی بە هۆی پەتای كۆڤید 19 هەموو هاووڵاتییان لە ماڵەكانیان كەرەنتین بوون، كارمەندانی شارەوانی، چۆڵیی شەقامەكانیان قۆستەوە و بەشێكی باشی نۆژەنكردنەوەكانیان تەواو كرد و ئەم بابەتەش پرۆسەیەكی بەردەوامە.

* ئایا پێت وانییە كاتی ئەوە هاتووە بە دیدگایەكی نوێوە بڕواننە سەوزایی و پارێزگاریكردن لە باخچەكان و هاندانی هاووڵاتیان بۆ ڕواندن؟ ئایا ڕێژەی سەوزایی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە ئاستی ستانداری جیهانیدایە؟

-  بابەتی سەوزایی و ژینگەپارێزی، بەشێكی دەكەوێتە ناو پڕۆژە بەردەوامەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، ئەمانەش وەزارەت هەموو هەوڵێكی داوە هەرگیز ڕانەوەستن و تەنانەت بەردەوام ڕێژەی سەوزایی زیاد بكرێت. بەپێی ئامارەكان، ڕێژەی سەوزایی لەم كابینەیەدا، لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە، لە هەندێك شوێن بە ڕێژەی 10% زیادی كردووە، لە شاری هەولێری پایتەخت ڕێژەی سەوزایی لە نێوان 15% تا20%بەرز بووەتەوە. تەنیا لە ماوەی چوار ساڵی كابینەكەدا، لە تەواوی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە یەك ملیۆن دار و نەمام و گوڵ چێندراون، ئەمەش هەمووی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی تەواوی بە ژینگە و سەوزكردنی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان داوە. هەر بۆ زانیاری، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا توانیمان لە ڕێی بووژاندنەوەی نەمامگەكان كە سەر بە وەزارەتن، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ بەشێكی زۆری ڕێژەی ئەو پڕۆژانەی بۆ سەوزكردن جێبەجێ دەكرێن، بكەونە ئەستۆی ئەو نەمامگانەوە. هەروەها شایەنی گوتنە، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، هیچ زەوییەك كە پێشتر بۆ سەوزایی تەرخان كرابوو، ڕەگەزی بۆ پڕۆژەی دیكە نەگۆڕدراوە، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، لە كاتی پێدانی مۆڵەت بۆ هەر پڕۆژەیەك لە هەر بوارێكدا بێت، مەرجی پابەندبوون بە ڕێژەی سەوزاییان بۆ داندراوە، ئەگەر لە حاڵەتێكدا بواریش نەبووبێت لەناو پڕۆژەكە ڕێژەی سەوزایی جێبەجێ بكەن، ئەوا پابەند كراون كە ڕێژەیەكی زۆرتر لە سەوزایی لە شوێنێكی دیكە كە پێویستە جێبەجێ بكەن، هەموو ئەم ڕێكارانەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە حكومەت بە جددی كاری لەسەر بابەتی ژینگەپارێزی و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی كردووە.

* بەڵام زێدەڕۆیی هەیە لەلایەن وەبەرهێنەكانی یەكە نیشتەجێبووەكانەوە، بەوەی زەویی تەرخانكراوی باخچەیان كردووە بە شوێنی خانوو و شوقە، ئایا هیچ ڕێوشوێنێكتان لە بەرانبەر وەرگرتووە؟

-  ئەم بابەتە ڕێژەییە، لە هەندێك پڕۆژەی دیاریكراودا لە شار و شارۆچكەكاندا زێدەڕۆیی كراوە. هەر لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە، حكومەت مامەڵەی جددی لەگەڵ ئەم بابەتەدا كردووە و ڕێوشوێنی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان گیراونەتە بەر.

* نەخشەدانانی ئاوەدانی و ماستەرپلانی شارەكان بڕیار لەسەر شێوازی پێشكەوتنی داهاتووی شارەكان و بیناسازی دەدات، ئەركی ئەم بوارە گرنگە كەوتووەتە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە. لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بۆ پێشكەوتنی ئەو بوارە و ڕێگریكردن لە فراوانبوونی هەڕەمەكیی شارەكان چیتان كردووە؟

-  سێكتەری نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامن لە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شارەكان، یان دانانی ماستەرپلان بۆ ئەو شار و شارۆچكانەی كە تا ئێستا ماستەرپلانیان نەبووە، بەڵام ئەمە كارێكی ئاسان نییە، چونكە ماستەرپلان بۆ دەیان ساڵی داهاتووە و ئەمانەتێكی گەورەیە لە سەرمان، پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، دەبێت بە دیدگایەكی ستراتیژەوە كە بتوانین پێشبینیی پێشكەوتنەكانی داهاتوو بكەین و لە چوارچێوەی ماستەرپلاندا جێی بكەینەوە. لە ئێستادا تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كار لەسەر جێبەجێكردنی ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە، سۆران، ڕانیە، عەربەت، سەیدسادق، دەربەندیخان، خەبات، كەڵەك، چوارقوڕنە، حاجیاوا، كۆیە، ڕزگاری، دووكان، هیران، مێرگەسۆر، گۆڕەتوو، بەردەڕەش، كەلەكچی و ڕوڤیا دەكەن.

لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، لە چەندین ڕووەوە كار بۆ بابەتی دانانی كۆد و چاكسازیكردن لە سیستەمی پلانسازی و بیناسازی لە سەر ئاستی هەرێم كراوە، لە ڕێگای ڕێكخستنەوەی پڕۆسەی ڕێپێدانی بینا و جێگیركردنی بەرزەفتە و ڕێنمایی و ڕێساكانی بینا (Code)، لە چوارچێوەی ئەرك و چالاكیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوەی بە «ڕێنماییەكانی پلانسازی، ڕێكارەكان و فۆرمەكانی ڕێگەپێدانی پلانسازی و مۆڵەتی بینا» كردووە، بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازیی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، ڕێگەنەدان بە سەرپێچی، هەر لە سەرەتای قۆناغەكانی بینا، بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەكی بیناسازیی تەندروست، هەروەها بۆ جێگیركردنی بنەماكانی ڕێساكانی بینا لە فۆرمەكانی ڕێگەپێدانی بینا كە بریتییە لە 16 خاڵ كە دەبێت بۆ هەر مۆڵەتێك جێبەجێ بكرێن.

*  دامەزراندنی كارگەكانی ڕیسایكلین و چارەسەری خاشاك بەردەوام باسی لێوە دەكرێت، ئایا لەم ڕووەوە حكومەت تا چەند هەوڵی داوە؟

-  یەكێك لەو بابەتانەی بەردەوام ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە، بابەتی ژینگەپارێزییە، پڕۆژەكانی ڕیسایكلین دەكەونە ژێر ئەو خانەیەوە و بە وردی چاودێری دەكات، بۆیە ئەمە یەكێكە لە خاڵە زۆر جەوهەرییەكانی كە لە كابینەی نۆیەمدا هەوڵی داوە جێبەجێی بكات و پێشی بخات. ئێمە پێش ئەوەی باسی كارگەی ڕیسایكلین بكەین، پێویستە ئەوەش باس بكەین كە پرۆسەی كۆكردنەوەی خاشاك لە ماوەی ڕابردوودا باشتر ڕێك خراوەتەوە و فراوان كراوە و پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا كراوە و ئێستا بە دەگمەن شوێنێك هەبێت تێیدا خاشاك كۆ نەكرێتەوە، ئەمەش بە چاكسازی لە بڕگەكانی گرێبەست و زیادكردن و فراوانكردنی سنوورەكانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك. بێگومان ئەم بابەتە دوو لایەنەیە، بەشێكی پەیوەستە بە هۆشیاریی گشتی و بەشداریی هاووڵاتییان لە پاكڕاگرتنی ژینگەی كوردستان، چونكە بەداخەوە دەبینین زۆر جار لە دوای كۆكردنەوەی خاشاك لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە، هەندێك لە هاووڵاتییان خاشاك لە سەر شەقام و سەیرانگا و شوێنە گشتییەكان فڕێ دەدەن و دەستكاریی شوێنەكانی كۆكردنەوەی خاشاك دەكرێت، یان تێك دەدرێن، كە بێگومان جارێكی دی خاوێنكردنەوەی ئەو شوێنانە توانایەكی دارایی و مرۆیی زیاتر دەخاتە ئەستۆی حكومەتەوە. لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 33 كۆمپانیای كۆكردنەوەی خاشاك گرێبەستی هەیە. بۆ ئەوەی ژینگەی كوردستان خاوێن بێت و خاشاك لە كۆڵان و گەڕەكەكاندا نەمێنێت، حكومەت مانگانە زیاتر لە 10 ملیار و 212 ملیۆن دینار خەرج دەكات كە لە بەرانبەردا داهاتێكی ئەوتۆ لەو پرۆسەیە بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەكانی چارەسەركردنی خاشاك، لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاك لە تانجەرۆ لە شاری سلێمانی تەواو كراوە، كە توانای چارەسەركردنی 1100 تۆن خاشاكی لە ڕۆژێكدا هەیە. هەروەها پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاك لە كواشێ لە پارێزگای دهۆك چاكسازی و فراوانبوونی تێدا كرا، كە بریتییە لە دوو كارگەی جیاكردنەوەی خاشاك و شوێنی داپۆشین و بەرهەمهێنانی RDF و پەین كە لە ڕۆژێكدا توانای چارەسەركردنی 600 تۆن خاشاكی هەیە. لە شاری ئاكرێش پڕۆژەی چارەسەركردنی لە گردەسین نۆژەن كرایەوە، كە ڕۆژانە 250 تۆن خاشاك چارەسەر دەكات. لە داهاتووشدا پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاك لە تەكییە بۆ شارەوانیی چەمچەماڵ جێبەجێ دەكرێت، كە توانای چارەسەركردنی 500 تۆن خاشاكی هەیە لە ڕۆژێكدا، هەروەها پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاك لە قەدش لە شارەوانیی ئامێدی كە ئەویش لە قۆناغی جێبەجێكردندایە بە توانای چارەسەركردنی 400 تۆن خاشاك لە ڕۆژێكدا، دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە. لە ماوەیەكی نزیكی داهاتووشدا دەست بە پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاك لە گریزە لە سنووری ئیدارەی سەیدسادق دەكرێت كە لە توانایدایە لە ڕۆژێكدا 500 تۆن خاشاك چارەسەر بكات.

هەڵبەت جگە لەم پڕۆژانە، لە شاری هەولێر، دەڤەری ڕاپەڕین، گەرمیان، سۆران و هەموو شوێنێكی دی، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات پڕۆژەی هاوشێوە بە كوالێتیی بەرز جێبەجێ بكات. پڕۆژەی چارەسەركردنی خاشاكی شاری هەولێر و دەوروبەری قۆناغی باشی بڕیوە.

* چیتان كردووە بۆ كەرتی گەشتوگوزار، ئایا حكومەت بیری لەوە كردووەتەوە گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهاتی ناوخۆیی؟

- لە كابینەی نۆیەم و دیدگای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەرتی گەشتوگوزار وەك بڕگەیەكی سەرەكی لە بەرنامەی كاری كابینەكەدا بایەخی تایبەتی پێ دراوە، بە كردەییش كاری لەسەر كراوە، لە چوارچێوەی ئەو بایەخدانەشەوە لە ساڵی 2022 كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت كرا بە كەرتی گەشتوگوزار و ئەو پلانەی ئامادەمان كردبوو، هەمووی پەسەند كران و بڕیاریان لەسەر درا، كە ئێستا بەشێكی زۆری پلانەكان لە ژێر جێبەجێكردندان و بەشێكیشی خەریكە تەواو دەبن، هەروەها یاسای گەشتوگوزاریش دەرچووێندرا، لەگەڵ پەسەندكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەموو ئەوانە كاریگەرییان لەسەر كەرتی گەشتوگوزار دەبێت. دیدگای سەرۆكی حكومەت بۆ ئەو كەرتە دیدگایەكی تایبەتە و حكومەت دەیەوێت لەپاڵ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێناندا، كەرتی گەشتوگوزار بكاتە پێگە و پایەیەكی سەرەكی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر بووژانەوەی سێكتەرەكانی دیكە و باری ئابووریی كوردستان دەبێت، هەروەها حكومەت پاڵپشتیی كەرتی تایبەتیش دەكات بۆ ئەوەی لە پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا ڕۆڵی خۆیان ببینن. ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار و گەنجانی هەرێمی كوردستان لە بنكە و كۆمپانیا گەشتیارییەكان و پەرەپێدان بە دەستی كاری ناوخۆ و ناساندنی شوێنی گەشتیاری و شوێنەواریی هەرێمی كوردستان و دەیان ڕێنمایی دیكە لەو دوو بوارەدا بووە هۆی ئەوەی ڕێژەی هاتنی گەشتیار بە بەراورد بە سەرەتای كاری كابینەكە بەرز بكەینەوە، ئەمەش بە هۆی زیادكردنی وێستگەی گەشتیاری و ئاسانكاریی زۆرتر بۆ گەشتیاران و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان و بانگەشەی بەردەوام بۆ هاتنی گەشتیاران و چێژوەرگرتن لە سرووشتی جوانی كوردستان.

* ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە شوێنەوارەكانی كوردستان باشتر بناسرێن و خزمەتی زۆرتر بكرێن و ببنە بەشێك لە پرۆسەی گەشتیاری لە كوردستاندا؟

-  بایەخدان بە شوێنەوار، لە كارە بنەڕەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، توانیمان ڕێنمایی بەڕێوەبردنی كاروباری شوێنەواری و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان دەربكەین و یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢١ی بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان – عێراق دەربچێت، هەروەها بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێكتەرە خەرج دەكرێت، ئەمەش هەلێكی باش بوو كە زیاتر كارەكانی كنە و پشكنین و نۆژەنكردنەوە جێبەجێ بكرێن، هەروەها هەماهەنگیی زۆرتر لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكان بكرێت و هەوڵی جددی دراوە كە شوێنەوار بخرێتە بەشێكی پاكێجەكانی گەشتیارییەوە. هەر لەم كابینەیەدا، پڕۆژەی پاركی فایدەی شوێنەواری بە تەرخانكردنی یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی كاری لەسەر دەكرێت. لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكان كۆمپانیاكان پابەند كراون بۆ تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەنجامدانی هەڵكۆڵینی ڕزگاری (انقاذ الأثار) بۆ ناوچە شوێنەوارییەكان كە دەكەونە ناوچەی پڕۆژەكان، هەروەها كاری پشكنین و ڕووپێوی بۆ سەدان شوێن لە سەرتاسەری كوردستان كراوە و چەندین شوێنی شوێنەواریش نۆژەن كراونەتەوە، لەوانە نۆژەنكردنەوەی دەرگای ئامێدی، نۆژەنكردنەوەی قەڵای خانزاد لە گوندی بانەمان، نۆژەنكردنەوەی قەڵای شێروانە، نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ، نۆژەنكردنەوەی ئەشكەوتنی چارستین لە دهۆك، نۆژەنكردنەوەی قشڵەی زاخۆ، دروستكردنی كۆگا بۆ مۆزەخانەی هەولێر، نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە حامیەی ڕواندز، نۆژەنكردنەوەی دەوروبەری ئەشكەوتی شانەدەر، دروستكردنی ڕاگر بۆ دیواری قشڵەی كۆیە، نۆژەنكردنەوە و پاراستنی كۆنە قەڵات لە كۆیە و دەیان نۆژەنكردنەوەی دیكە. بەگشتی ڕووپێوی بۆ تۆماركردنی سایتە شوێنەوارییەكان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم چوارساڵەدا بە ڕێژەی ‌‌15٪ لە كۆی ڕێژەی ڕووبەری ٤0٪ ڕووپێوی بۆ كراوە، تێیدا 5800 سایتی شوێنەواری تۆمار كراون. لە ساڵی 2023 گرێبەستمان لەگەڵ زانكۆكانی جیهانی بۆ كاری كنە و پشكنین لە بواری شوێنەوار هەیە.

* تا چەند وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار توانیویەتی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا بكات، بەتایبەتی كە بەشێكی زۆری كارەكانیان پەیوەستن بەو سێكتەرانەوە كە دەكەونە سنووری وەزارەتەكەتانەوە؟

-  ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەرگای هەماهەنگیمان لەگەڵ هەر ڕێكخراو و ئاژانسێكی جیهانیدا كردووەتەوە و، خۆشحاڵ دەبین و بەردەوام هانمان داون بێن بۆ ئەوەی كاری هاوبەش بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئاسانكارییەكمان خستووەتە بەر دەست. ژمارەیەك ڕێكخراو و ئاژانسی گەورەی جیهانی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەماهەنگییان هەیە، لەوانە ئاژانسی جایكای ژاپۆنی لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێر، چارەسەری خاشاك، شوێنەوار و پەرەپێدانی مۆزەخانەكان، پەرەپێدانی گەشتوگوزار، خولی ڕاهێنان و توانای مرۆیی كە لە چوارچێوەی گرێبەست و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن كارە هاوبەشەكان دەكرێن. هەروەها لەگەڵ ڕێكخراوی شارەوانییەكانی هۆڵەندا VNG، ئاژانسی (USAID)ی ئەمریكی، ڕێكخراوی (UNHABITAT)، ڕێكخراوی (GIZ)ـی ئەڵمانی، ڕێكخراوی (UPP)ی ئیتاڵی، ڕێكخراوی ئیتاڵیی فۆكسیڤ، ئەلیف فاوندەیشن (ALEPH Foundation)، ڕێكخراوی (IFP) فەرەنسی و (ILO)ی نێودەوڵەتی و چەندان ڕێكخراو و ئاژانسی دیكە. لە بواری شوێنەواریشدا، لەگەڵ گرنگترین زانكۆكانی جیهان وەك زانكۆكانی گلاسكۆ و لیڤەرپول و كامبریجی بەریتانی، زانكۆكانی هارڤارد و شیكاگۆ و جۆن هاینكسی ئەمریكی، زانكۆكانی میونخ و كیڵی ئەڵمانی، زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، لایدنی هۆڵەندی، كۆلیج دی فەرەنسی و زانكۆی ئەسینای یۆنانی هەماهەنگی هەیە.

 

Top