ژیار گۆڤەند چەندین گرێبەستی پێشكەشكراوە
ژیار گۆڤەند چەندین گرێبەستی پێشكەشكراوە
ئەم وەرزە كارگێڕی یانەی وەرزشی دهۆك پێچەوانەی بەشێك لە یانەكانی تر پشتی بە یاریزانانی كوردی شارەكانی كوردستان بەستبوو، یەكێك لەو ئەستێرە كوردانەش ژیار گۆڤەندی یاریزانی شاری هەولێر بوو كە ئەم وەرزە توانی ئاستێكی بەرز لەگەڵ دهۆك لە هێلی هێرشبەری پێشكەش بكاتلە خولی نایابی یانەكانی عێراق، لە ئێستادا چەندین یانە داوای گرێبەستیان لەم یاریزانە لاوە كردوە، لە بارەی داوا كردنی لەلایەن یانەكانی تری عێراقی ژیار گۆڤەند بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لە پێنج یانەی عێراقی گرێبەستم پێشكەش كراوە هەریەك لە یانەكانی قوەی جەوییە و تەلەبەی شاری بەغداد داوایان كردووم بۆ ئەوەی بەفەرمی گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بكەم، جگە لەم یانانەش سێ یانەی تریش داوایان كردوومە، بەڵام من بەفەرمی وەڵامی هیچ یەكێك لەم یانانەم نەداوەتەوە، چونكە تاوەكو لەگەڵ یانەی دهۆك كۆبوونەوە نەكەم وەڵامی هیچ یانەیەك نادەمەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوەیە گرێبەستی یەك ساڵم لەگەڵ یانەی دهۆك ماوە، ژیار گوتیشی " لەگەڵ یانەی دهۆك زۆر ئاسودەم هێشتا باوەڕ ناكەم وا بە ئاسانی ریزی یانەی دهۆك جێبهێلم و ئەوانیش قبولی ناكەن، گوتیشی " لە یانەكانی كوردستانیش گرێبەستم بۆ هاتووە بۆیە جارێك هیچ بڕیارێكم لەسەر چارەنووسی خۆم نەداوە، من هێشتا چاوەڕان دەكەم، بۆیە ئێستا بەفەرمی تەنیا یاریزانی یانەی وەرزشی دهۆكم و بیرم لە لای یانەی دهۆكە.
كارزان كانەبی