پێشنیار دەكەم كە بتوانن پاڵپشتمان بن تا بەناوی كوردستان بتوانین بەشداری پاڵەوانێتی دەرەوە بكەین
لەنجە سەلام یاریزانی یارییە سیانییەكانی هەڵبژاردەی عێراق
پێشنیار دەكەم كە بتوانن پاڵپشتمان بن تا بەناوی كوردستان بتوانین بەشداری پاڵەوانێتی دەرەوە بكەین
هەر چەندە یارییە سیانییەكان كە پێكهاتووە لە یاری (پاسكیلسواری و ڕاكردن و مەلەوانی) یارییەكی جیهانییە وساڵانە چەندین پاڵەوانێـتی لەسەر ئاستی جیهان بەرێوە دەچێت، بەڵام لە كوردستان و بگرە لە عێراقیش وەكو پێویست ئاوەڕ لەم یارییە نەدراوەتەوە، زیاتر هەوڵەكان تاكە كەسین بۆ بەرەووپێش بردنی ئەم یارییە، كچە یاریزانانی ریزی هەڵبژاردەی عێراقیش زۆربەیان سەر بە پارێزگانی سلێمانین، ماوەیەكی زۆر لە هەردوو شاری سلێمانی و قزای دوكان گرنگی زۆر بە یارییەكانی سیانی دەدرێت و چەندین یاریزان و ڕاهێنەری بە ئەزموون لەم یارییە كار دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكەن و یاریزانانی شارەكانی كوردستانیش بە پێشەنگی بمێننەوە، یەكێك لە یاریزانە بەتوانان و كۆنەكانی ریزی هەڵبژاردەی سیانی عێراقیش تاژان نەسرەدین-ە ئەو یاریزانی یانەی جەیش و ڕاهێنەری ئەسپ سواری یانەی كۆڕازە ناوبراو لە كچە یاریزان لەنجە سەلام-ی پاڵەوانی ئەم یارییەیە لە سەر ئاستی عێراق و ووڵاتانی عەرەبیش، ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 1994ی قەزای دوكانە و خاوەنی بڕوانامەی بە كالۆریسە لە پەروەردەی وەرزشی، یاری بۆ هەریەك لە یانەكانی دوكان و دیوانییە و برایەتی كردوە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
* ئاستی یارییە سیانییەكان چۆن دەبینی لە شارەكانی كوردستان ؟
-بە داخەوە یاری سیانی لە شارەكانی كوردستان لە پێشكەوتندا نییە، سەرجەم یاریزانە كوڕەكانی رێزی هەڵبژاردەی عێراق لە برا عەرەبەكانمان پێكهاتووە پێشووتر زۆرینەیان كورد بوو، ئەمە خۆی لە خۆیدا دواكەوتن پێشان دەدات.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشكەوتن بەخۆیەوە نەبینێ؟
-هۆكارێكی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یارییە پێویستی بە بناخەیەكی سەرەتای پتەو و پاڵپشتی ماددی باش هەیە.
*وەكو پاڵەوانێك پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- پێویستە حكومەت بودجەیەك بۆ ئەم یارییە دابین بكات بۆ یانەكان تا ئەوانیش بتوانن بەكاری خۆیان هەستن و بتوانن گرنگی بەم یارییە بدەن، چونكە یاریزان پێویستی بە سەرجەم پێداویستییەكانی ئەم یارییە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-تەنها لە نەبوونی پارە و پاسكیلی تایبەت و جلوبەرگ و شوێنی تایبەت بە ڕاهێنان ئەمانە گرفتن بۆ ئەم یارییە.
* چ هەستێكتان هەیە كاتێك مەشقەكانتان لە شەقامەكانی شار ئەنجام دەدەن لە بڕی شوێنی تایبەت؟
-هەستێكی باش نییە، چونكە شوێنێكی لە بار نییە بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانەكانمان ترسناكیەكی زۆری لە سەر ژیانمان هەیە.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-ئامانجم ئەوەیە بتوانم چەند پاڵەوانێك پێی بگەینم، فێرگەیەكی تایبەت بەم یارییە دابینم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەكانی كوردستان پشت بە ڕاهێنەری بیانی ببەستن؟
-نەخێر، چونكە لە ئێستادا ڕاهێنەری زۆر بە ئەزموونمان هەیە كە وڵاتانی دەرەوە دەتوانن پشت بە ئێمە ببەستن.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشیی؟
-پێشنیار دەكەم كە بتوانن پاڵپشتمان بن تا بەناوی كوردستان بتوانین بەشداری پاڵەوانێتی دەرەوە بكەین.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-بتوانم وەك یەكەم ڕاهێنەری كچی كورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بم.
*بەنیاز نیت تیپێك دروست بكەی بۆ شاری سلێمانی؟
-لە هەوڵداین یانەیەك تایبەت بە یاری سیانی و پاسكیلسواری دابمەزرێنین، بەڵام لە ئیستادا لە هەوڵی بەدەست هێنانی پشتگیرین تا بتوانین دەست بەكار بین.
* پاڵەوان بوون چی دەگەینێ لای تۆ؟
-بڕوا بە خۆبوون و بوونی ئیرادەیەكی بەهێز.
*بەچی یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- بە یاریزانی بەریتانی ئەلێكس.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لە یانەكانی تر؟
-بەلێ تەنانەت لە یانەكانی ووڵاتانی عەرەبیش گرێبەستم پێشكەش كراوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-دەست خۆشی بۆ ئێوە هیوادارم ئێوەش بتوانن ڕۆڵی كاریگەرتان هەبێت لە بەرەوپێشچوون و ناساندنی ئەم یارییەبە بەردەوام، هیوادارم كچان زیاتر بتوانن بێنە ناو ئەم یارییە و ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە ناساندنی توانای كچی كورد، سوپاس بۆ گوڵان بۆ ئەو هەمووە خەمخۆرییە.