تێگەیشتن لە یەکسانی نێوان نێر و مێدا

تێگەیشتن لە یەکسانی نێوان نێر و مێدا


زۆر کات دەڵێین و گوێبیستی بابەتی یەکسانی لەنێوان نێر و مێیەکان دەبین، بێگومان لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەمان وەبیر دەهێندرێتەوە کە ئەوان جیاوازن و یەکسان نابن، هەردووکیان ڕەگەزی جیاوازن وەک بڵێی ئێمە بمانەوێت ئەم جیاوازییە سروشتیە نەهێڵین و بیسڕینەوە.
جیاوازی ڕەگەزی ئافرەتان و پیاوان مانایی ئەوە ناگەیەنێت کە نابێت یەکسانی لەهیچ لایەنێکی ژیان هەبێت، دەبێت جودابن، لەگەلیشیدا یەکسانبوون مانایی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم جیاوازیە نەهێڵدرێت بکرێن بەهەمان تاکی لێکچوو لەڕووی ڕەگەزی.
وە ناشکرێت جیاوازی فسیۆلۆژی جیاوازی ڕەگەزی لەنێوانیان بکرێتە بنەمایەک بۆ هەموو بوار و دەرفەتەکانی تری ژیانکردنیان، واتا بیرکردنەوەت وابێت دەبێت هەل و دەرفەتی ژیانکردنیان هاوشێوەی ڕەگەزەکەیان جیاواز بێت، وە لەسەر بنەمایی ڕەگەز دەرفەتەکانیان بۆ جودا بکرێنەوە.

نەخێر ئێمە بە ڕێزگرتن لەم جیاوازیە جەسەدیانە دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت سەرەڕای جیاوازی جنسی ژن و پیاو هەردووکیان مرۆڤن، کەواتە لە مافی ژیانکردن و خۆشگوزەرانی هیچ کامیان مافی ئەوەی نیە مافی بەرامبەرەکەی زەوت بکات بە پیرۆزکردنی ڕەگەزێک بەرامبەر ڕەگەزەکەی تر.
دروستتر بڵێین کەس بۆیی نیە بلێ من دەبێت ڕێگات بۆ هەڵبژێرم چی بکەیت و چی نەکەیت، بە بنەماسازی پیرۆزکردنی ڕەگەز بەسەر مرۆڤ بوون.
چونکە ڕەگەزەکەی من پیرۆزتر و زاڵترە بەسەر ڕەگەزەکەی تۆوە، خودای گەورە هیچ ڕەگەزێکی بەسەر ڕەگەزەکەیی تر پیرۆز نەکردوە، کەواتە هیچ مرۆڤێک ئەو مافەی نیە ڕەگەزەکەی خۆیی پیرۆزتر بسەپێنێت بەسەر ڕەگەزی بەرامبەری ئینجا هەر ڕەگەزێک بێت.
یەکسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان بەمانایی ڕێز، مرۆڤ بوون، بەمانایی تێڕوانینێکی سەنگین بۆ یەکتری، بەمانایی رێگەنەگرتن لە هاتنە پێشەوە و دەرخستنی بەهرەی ڕەگەزی بەرامبەرمان دێت، نەوەک لادان لە سروشتی ژیان و دروستکردنی دوبەرەکی و لاسەنگ کردنی پەیوەندیەکان.
لەنێوان ڕەگەزەکان هیچ پەیوەندیەک موڵکداری نیە پەیوەندیەکان بۆ هێشتنەوەی ژیان لەسەر ڕێڕەوی ڕاست و بەردەوامی پەرەیان پێدەدرێت، ناشکرێت خۆسەپاندن لە لەنێوانیان پەیوەندیە ڕەگەزیەکان هەبێت، لێرەدا مەبەست لە پەیوەندیەکان پەیوەندی دوو ڕەگەزی جیایە، واتا پەیوەندی هاوسەرەکان هاورێیەتی خوشک و برایەتی…

لە بابەتی یەکسانی ڕەگەزی تەرازوێکی یەکسان بۆ بیرداخراوێک بریتیە لە جیاوازی جەسەدی نێوان پیاوان و ئافرەتان، ئینجا دەبێ لاسەنگی بکەوێتە تەرازووە دادپەروارانەکەی بەوەی کێشی دادپەروەرانە بۆ پیاوان بێت.
ئەمە تەرازوێکە پڕەلە دادپەروەری بۆ ئەوانەی چاویان تەنها هێزی پیاوانە و نیشانە جەسەدیە لێک جیاکەرەوە ڕەگەزیەکان دەبینن، ئەوان بیر لە مرۆڤ بوون و هەست و کەسایەتی ناکەنەوە، تەنها ئەوەی دەیانەوێت چاویان بیبینێت و هەستی پێبکات بیکەن بە بنەمایێک بۆ ڕێڕەوی ژیانیان.

 

کورستان یاسین:

Top