گرنگى زۆر به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێ

گرنگى زۆر به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێ

ئه‌و ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌ قسه‌ى جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی یه‌ له‌ كاتى ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ی پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق له‌ رێكه‌وتى(11/9/2021)، كه‌ له‌و وتاره‌دا جه‌نابیان به‌ بایه‌خه‌وه‌ جه‌ختى له‌ سه‌ر گرنگیدانى زۆر به‌ په‌روه‌رده‌ كرده‌وه‌، ئه‌ویش له‌ پێناو په‌روه‌رده‌ كردن و بنیاتنانى نه‌وه‌كانى داهاتوو له‌ سه‌ر بنه‌مای ئینتیما و خۆشه‌ویستى بۆ خاك و نیشتمان و قوربانیدان له‌ پێناو گه‌ڵ و نیشتمان، بێگومان جه‌نابی سه‌رۆك له‌م ووتاره‌ دا داواى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد، كه‌ زیاتر بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ خزمه‌تى باشتر پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكى كوردستان بكرێ و له‌ هه‌مووشى گرنگتر گرنگى زیاتر به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێ، بێگومان دووژمن و ناحه‌زانى كورد و كوردستان كار له‌ سه‌ر لاوازكردنى ئیتیماى گه‌نجه‌كانمان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ خاك و نیشتمان.
گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ دام و ده‌زگاكانى هه‌رێم خه‌ریكى دیراسه‌ت كردن و توێژینه‌وه‌ى گونجاو بن بۆ ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ به‌ تایبه‌ت دام و ده‌زگاكانى په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار كار له‌ سه‌ر چه‌كه‌ره‌كردن و بنیاتنانى ئه‌و هه‌سته‌ ده‌كه‌ن، كه‌وا چۆن بتوانرێ ئینتیما و په‌یوه‌ست و سۆز له‌لای نه‌وه‌كانى داهاتوو دروست بكه‌ین بۆ گه‌ڵ و نیشتمان، بێگومان پێشتریش ئێمه‌ له‌ ووتاره‌كانى ساڵانى رابردوو زۆر به‌ ووردی و به‌ چڕى زنجیره‌ وتارى زۆرمان له‌ سه‌ر به‌هێزكردنى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و نیشتمانى لاى نه‌وه‌كانى ئایینده‌ نوسیوه‌، هه‌نگاوه‌كان و بنه‌ماكانى ووروژاندن و گه‌شه‌كردن و چه‌سپاندنی ئه‌و هه‌سته‌ لاى قوتابی كه‌ زیاتر له‌ ده‌یان ووتاری جۆراوجۆرمان له‌ سه‌رى نوسیه‌، بۆیه‌ ئه‌و گرنگیدانه‌ى جه‌نابی سه‌رۆك بارزانى به‌ په‌روه‌رده‌ زۆر دڵخۆشی كردم، كه‌واته‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ گرنگه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستى باڵا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسى لێ ده‌كرێ و مایه‌ى گرنگی پێدانه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا گرنگه‌ به‌دواداچوونی وورد و به‌رده‌وام هه‌بێ له‌سه‌ر ئاراسته‌ى كاركردن له‌لایه‌ن دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌رنامه‌ رێژی بكرێ چۆن بتوانرێ له‌ ئایینده‌ كارى جدی له‌ سه‌ر بكرێ، هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وام هه‌بێ له‌ نێوان دام و ده‌زگاكانى په‌یوه‌ندیدار و داواكراو كه‌وا هه‌ریه‌كه‌یان پڕۆژه‌ پلانێك ئاماده‌ بكه‌ن، له‌لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ به‌و بواره‌ و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و شاره‌زایی وولاتانى پێشكه‌وتوو كه‌وا چۆن له‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ ده‌ستیان پێ كردوه‌، په‌روه‌رده‌ و فێركردن خاڵى وه‌رچه‌رخانی گه‌شه‌كردنى ووڵاته‌كانیان هه‌ژمار ده‌كرێ، له‌ بیرمان نه‌چێ له‌ سه‌رده‌مى سه‌ره‌تاى ئیسلام دا پێغه‌مبه‌ری مه‌زن(محمد) د.خ، زۆر گرنگى به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن داوه‌ تا نه‌وه‌یه‌كى به‌هێز دروست بێ بتوانی به‌رگری له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام بكات و شه‌ڕى دووژمنه‌كانى بكات، هه‌رده‌م به‌رێزیان منداڵه‌كانى ماچ ده‌كرد و ده‌ستى به‌ سه‌ر سه‌رى دا ده‌هێنان و ده‌یفه‌رموو منداڵه‌كانتان له‌ كۆڕ و مه‌جلیسى پیاوان به‌شداری پی بكه‌ن تا په‌روه‌رده‌ بكرێن و فێری دانایی و ژیری و چۆنیه‌تى قسه‌ كردن ببن و بتوانن لاسایی گه‌وره‌كان بكه‌نه‌وه‌.
به‌ پاڵپشتى خواى گه‌وره‌ له‌ وتاره‌كانى داهاتوودا وورده‌كارییه‌كانى گرنگیدان به‌ په‌روه‌رده‌ و ئه‌ركه‌كانى دام و ده‌زگاكانى په‌یوه‌ندیدار و ئه‌زموونى هه‌ندێ له‌ وڵاتان باس ده‌كه‌ین.

بكركریم حسن

به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top