تاقیكردنه‌وه... دێوه‌زمه ... راگه‌یاندنی باری له‌ناكاو
تاقیكردنه‌وه ئه‌گه‌ر شێوه و رێگاكانی جیاواز و جۆراجۆریش بن ئه‌وا به‌هۆی سووده‌كانی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاست و رادده‌ی فێربوون له‌و وانه و بابه‌تانه‌ی به درێژایی ماوه‌ی خوێندن به قوتابیان گوتراوه‌ته‌وه له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییدا پێویستن و ده‌بێ بكرێن، به‌ڵام به‌و شێوه باوه‌ی كه په‌یڕه‌و ده‌كرێ زۆرجار كاریگه‌ری خراپ به‌سه‌ر ده‌روون و ته‌ندروستی قوتابیان جێ ده‌هێڵێت.
ناوهێنانی تاقیكردنه‌وه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی له كاتی دیكه‌ی ئاسایی نێو هۆبه‌ی خوێندن و وانه‌كان؛ جیاوازتر بیبینێت و له‌لای ئه‌و مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بێت، نه‌ك ته‌نها له‌بواری په‌روه‌رده و فێركردندا تاقیكردنه‌وه‌كان به ترس و له‌رزه‌وه ده‌بێت ئاماده‌كاریان بۆ بكرێ، ته‌نانه‌ت مرۆڤه‌كان له‌و كاته‌وه‌ی فام ده‌كه‌ن هه‌میشه ژیانی رۆژانه‌یان وه‌كو ژیانی قوتابخانه ده‌بینن و له چاوه‌ڕوانی ئه‌و كاتهدان كه په‌ڕاوی ئهعمالهكانیان سه‌ح ده‌درێ و له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه كردوویانه لێپرسرینهوهیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ، ئه‌و رۆژه وه‌كو گرته‌یه‌كی تراژیدی ترسناك خه‌یاڵیان بۆ ئه‌و كاته ده‌چێت كه حهقوحیسابیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و چاكه و خراپه‌كانیان ده‌خرێنه سه‌ر تای ته‌رازوو.... ئه‌وكاته بڕیاری چاره‌نووسیان به‌نده به‌وه‌ی له تاقیكردنه‌وه‌كه ده‌رده‌چن یانیش به كه‌وتوو داده‌ندرێن.
ئینگلیزه‌كان ده‌ڵێن تاقیكردنه‌وه به تاكه رێگا ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌وه‌ی كه مه‌به‌ستمانه تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌قڵی و زانستی جێی ده‌گرێته‌وه، به‌شێك له په‌روه‌رده‌كار و فه‌یله‌سوف و شاره‌زایان ته‌نانه‌ت پێیانوایه كه زۆرجار تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه نین بۆ ئاستی راسته‌قینه‌ی كه‌سه‌كان... ئه‌وان پێیانوایه كه‌وا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی قوتابخانه شیاو نیه پشت به ژماره‌ی قوتابییه ده‌رچووه‌كانی له تاقیكردنه‌وه‌كان ببه‌سترێت، ئه‌وان ده‌ڵێن بینیومانه كه‌وا چه‌ندین قوتابی له تاقیكردنه‌وه ده‌رچوون؛ كه‌چی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستییدا كه‌وتن. سه‌رباری هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه سه‌باره‌ت به تاقیكردنه‌وه‌كان گوتراون، زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه پێویستن و ده‌بێت هه‌بن، به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی دادوه‌رانه و زانستی بن و له كه‌شوهه‌وای ترس و تۆقین دابماڵدرێن. وه‌كو نووسه‌رێك باس له هاتنی وه‌رزی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كات و ده‌ڵیت: (له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه و هاتنی تاقیكردنه‌وه‌كان باری نائاسایی له ماڵه‌كان راده‌گه‌یێندرێت... وه‌كو ئه‌وه‌ی زریان و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ڕێوه بێت. زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه بۆ راگرتنی میوانداری و دیداره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێ ده‌درێت و هه‌موو چه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه له‌كار ده‌كه‌ون، وایه‌ری ئامێری ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان له سویچپلاكهوه ده‌رده‌هێندرێن، ده‌ست به‌سه‌ر مۆبایله‌كاندا ده‌گیرێن و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌ده‌نگ دروست نه‌بێ تۆنی قسه‌كردن ده‌گۆڕدرێن و ده‌بن به چرپه چرپ... به كورتی ماڵ ده‌بێته گۆڕه‌پانی جه‌نگ). به‌وشێوه‌یه تاقیكردنه‌وه‌كان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هۆكارێك بن بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی فێربوونی مرۆڤێك له میتۆدێكی خوێندن، ده‌بنه بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به كه‌سایه‌تی مرۆڤ. تاقیكردنه‌وه به‌و شێوه‌یه ده‌بێته بڕیاردهڕ له‌سه‌ر ناسنامه‌ی مرۆڤ و له‌وه ده‌رده‌چێت كه هه‌ڵسه‌نگاندن بێت بۆ زانست و زانیارییه‌كانی، به‌ڵكو ده‌بێته رێگایه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی مرۆڤه‌كه، له چه‌سپاندنی ئه‌و پێناسه هه‌ڵه‌یه‌ی تاقیكردنه‌وه قوتابخانه و ماڵ و هه‌موو كۆمه‌ڵگا تێیدا به‌شدارن، باوانه‌كان پێشوه‌خته به رۆڵه‌كانیان ده‌ڵین (نمره‌ی باش به‌ده‌ست نه‌هێنی ئیتر تو كوڕی ئێمه نیت؟!) و مامۆستایان به قوتابییه‌كانیان ده‌ڵین (ئه‌وه‌ی له تاقیكردنه‌وه ده‌رنه‌چێت ده‌برێته ریزی دواوه و زیره‌كه‌كان ده‌هێندرێنه پێشه‌وه؟!). تێڕوانینه‌كان به‌وشێوه‌یه‌یه كه ئه‌و قوتابییانه‌ی نمره‌ی به‌رز به‌ده‌ست ده‌هێنن و ده‌رده‌چن خۆشه‌ویستتر و رێزلێگیراوتر وێنا ده‌كرێن و خه‌ڵات و دیاری‌یان پێ ده‌درێ... ئه‌وانه‌شی كه ده‌كه‌ون و نمره‌یان كه‌مه وه‌كو تاوانبار سه‌یر ده‌كرێن و ناخ و كه‌سایه‌تییان به سه‌رزه‌نشتكردن و شكاندنه‌وه دهڕوشێندرێ.
هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه تاقیكردنه‌وه ده‌ره‌نجامی خوێندن و چالاكی رۆژانه‌ی قوتابیانه و ته‌نها ئه‌زموونی نووسینه‌كی وه‌رزییه‌كان پێوه‌ر نه‌بێت بۆ ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوونی قوتابی، مامۆستای بابه‌ت له مانگه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م و دووه‌می خوێندن پێویسته رۆژانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قوتابییه‌كانی بكات و ئاسته‌كانیان له‌لای خۆی تۆمار بكا، راده‌ی زیره‌كی و توانا و لێهاتوویی و لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و ره‌وشت و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی قوتابی نادیده نه‌گرێت. مامۆستا پێویسته هانده‌ر و پشتیوانی بێت بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بێت و ئاستی فێربوون و تێگه‌یشتنی به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت.
ده‌بێت مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی هه‌رده‌م له په‌یوه‌ندیدا بن له‌گه‌ڵ یه‌كتری بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر شیكار بۆ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده بكه‌ن و به كۆده نه‌زانراوه‌كانی ئه‌و بواره‌یه بگه‌ن. ده‌بێ له‌وه بگه‌ن كه‌وا ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌كه‌ن و ئه‌ركی ئه‌وان زۆر قورستره له‌گه‌ڵ پیشه‌كارێكی دیكه كه ئامێرێكی ئه‌لیكترۆنی چاك ده‌كات و باكی به‌وه نیه پارچه‌یه‌ك له‌كار بكه‌وێت چونكه ده‌توانێت یه‌كێكی دیكه له شوێنی دا‌نێت. قوتابی سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌یانی دوای له‌خه‌و هه‌ستان و نانخواردن و جلگۆڕین، رۆژانه بۆ گه‌یشتن به قوتابخانه هه‌نگاو ده‌نێت و چه‌ندین كاتژمێر گوێبیستی وانه‌كان ده‌بێت و هیلاكی و ماندوویی ده‌چێژێت، بۆیه نادادییه هه‌موو ئه‌وانه له هه‌ڵسه‌نگاندندا جێیان نه‌كرێته‌وه و ده‌ركیان پێ نه‌كرێ.
ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له ئه‌زموونی نووسینه‌كی هه‌ر نمره‌یه‌كی به‌ده‌ست هێنابێت، نابێت وه‌كو پیوه‌ر بۆ دانانی نمره‌ی وه‌رزه‌كانی خوێندن بژمێردرێن، ده‌بێ مامۆستا ره‌چاوی ماوه‌كانی رابردوو بكا كه‌وا تا چ ئاستێك له پێگیركیردن و ئاماده‌بوون و له به‌شداریكردنی له وانه‌كان رۆڵی هه‌بووه، مامۆستا ده‌توانێت له‌سه‌ر هه‌ر چالاكی و بزاڤێكی ئه‌رێنی و زانستی رۆژانه وه‌كو ره‌فتاری جوان و پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگه و ... هتد؛ به به‌خشینی نمره قوتابیان پادداشت بكا، به‌مه هانی قوتابییه‌كانی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له نواندنی كه‌سایه‌تی و هه‌ڵسوكه‌وتی جوان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و فێربوون هه‌رده‌م له پێشبڕكێدا بن.
مامۆستا كه له‌گه‌ڵ كارگێڕی قوتابخانه به‌دواداچوون بۆ ئاستی قوتابییه‌كان ده‌كه‌ن و بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن قوتابییه زیره‌كه‌كان له‌ریزبوونی به‌یانیدا ده‌ربهێنن و ستایش و دیاریان پێ ببه‌خشن، نابێ ئه‌وه بۆ شكاندنه‌وه‌ی قوتابییه‌كانی دیكه بێت كه‌وا به‌هه‌ر هۆكارێك بێت نه‌یانتوانیووه ئاست و توانایان وه‌كو پێویست بێت... ده‌بێ زیره‌كه‌كان پشتگوێ نه‌خرێن و قوتابییه لاوازه‌كان بێ هیوا و ئومێد نه‌كرێن، له‌هه‌ر پۆلێكدا ژماره‌ی زیره‌كه‌كان كه‌مینه‌ن و ئه‌وانی دیكه له ئاستی مامناوه‌ند و لاوازن، بۆیه ناكرێ تێكڕای قوتابیان فه‌رامۆشكراو بن و چانسی ئه‌وه‌یان پێ نه‌درێ توانای خۆیان پێش بخه‌ن.
له‌وكاته‌ی بیرم له‌بابه‌تی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كرده‌وه هه‌ڵوێستی سه‌رپه‌رشتیارێكی په‌روه‌رده‌ییم بیر كه‌وته‌وه، به‌ر له ساڵانێك له سنووری په‌رورده‌ی ئاكرێ مامۆستا بووم و كاتی دوای تاقیكردنه‌وه‌كانی نیوه‌ی ساڵ بوو، ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره وردبینی بۆ په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كرد و به رێكه‌وت چاوی به‌وه كه‌وت كه مامۆستایه‌ك نمره‌ی سێ سفری بۆ قوتابییه‌ك دانابوو، زۆر به دانایی و ئاقڵمهندییهوه سه‌رپه‌رشتیاره‌كه به مامۆستاكه‌ی گوت: سفره‌ی بۆ بكه به سی، هه‌ردوو نمره هه‌ر به كه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێن... به‌ڵام سی نمره‌یه‌كی ئومێدبه‌خشه و قوتابییه‌كه هیوایه‌كی ده‌بێت هه‌وڵی خوێندن و ده‌رچوون بدات! به‌و مامۆستایه‌ی گوت: نابێت رۆژانی هاتنی بۆ قوتابخانه و ساردیی و گه‌رمیی رۆژانی خوێندن و خه‌رجیی و بایه‌خی ماڵباته‌كه‌ی له‌به‌ر چاو نه‌گیرێ... ئاخر سفر نمره‌یه‌ك نیه شایانی مرۆڤ بێت.
*مه‌عروف حه‌مه‌دسه‌عید
*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات.