سادق مەولای بۆ گوڵان: كوردی فەیلی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیین و لە دەوری ئەو سەركردانە كۆدەبنەوە كە هەڵگری پەیامی نەتەوەیین
پەراوێزخستنی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی لەلایەن حكومەتەكانی عێراقەوە، نیگەرانییەكی زۆری لای كوردانی فەیلی لێ كەوتووەتەوە، لە كاتێكدا ڕاپێچكردنی زۆرەملێ و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵ و زیندانیكردن و كوشتنی گەنجەكانی كوردانی فەیلی بە یەكێك لە قێزەوەنترین كۆمەڵكوژییەكان دادەنرێت. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردانی فەیلی، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سادق مەولای نووسەر و كەسایەتیی دیار و چالاكی دۆزی كوردی فەیلی سازدا، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* كوردی فەیلی بە پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی كورد دادەنرێن و چەندین جار كەوتوونەتە بەر شاڵاوی پاكتاوكردن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم شاڵاوانە لەژێر چ پاساوێكدا ئەنجام دراون؟
- ئەگەرچی دەستپێكی جینۆسایدی كوردانی فەیلی مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام شاڵاوەكە لەگەڵ هاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حوكم و لە سەرەتای هەشتاكاندا گەیشتە لووتكە و زۆر بێ بەزەییانە كوردانی فەیلی ڕووبەڕووی تاڵان و بە زۆر ڕاپێچكردن بوونەوە، سەدان گەنجی كوردی فەیلی ڕاپێچی زیندانەكانی بەعس كران، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ڕوفاتەكانیشیان چارەنووسیان نادیارە. دەوڵەمەندی و بەپیت و بەرەكەتی ناوچەكانی كوردانی فەیلی بەتایبەتی لە ڕووی سەرچاوەكانی ئاوەوە، كە كەوتووەتە نێوان دوو ڕووبار و لە ڕۆژهەڵاتی عێراق و ڕۆژئاوای ئێراندا سەدان ساڵە بە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە دادەنرێن، كە هەندێك سەرچاوەی مێژوویی بوونی كوردانی فەیلی بۆ زیاتر لە 3000 ساڵ دەگەڕێننەوە. ژمارەی كوردانی فەیلی لەو سەردەمانەدا بەراورد بە عەرەبەكان زۆر زیاتر بووە، بە ڕاددەیەك زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی بەغدای پایتەخت كوردی فەیلی بوون، كوردانی فەیلی كوردبوونی خۆیان نەشاردووەتەوە، ڕاستە ڕێزیان بۆ مەزهەبەكەیان هەیە، بەڵام لایەنی نەتەوەیی و خۆشەویستییان بۆ نیشتمانەكەیان خستووەتە پێش مەزهەبەكەیانەوە، زۆربەی هەرە زۆری ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، وڵاتی كوردانی فەیلی بووە و شارەكانی خانەقین و مەندەلی و سەعدییە و جەلەولا و زرباتیا و بەدرەو هەموویان مەملەكەتی كوردانی فەیلی بوون و تا دەگاتە عەمارە و بەسراش كوردی فەیلی لێ بووە. لە شۆڕش و ڕاپەرینەكانی كورد بەتایبەتی لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا بەشدار بوون، ئەم واقیعە بۆمان دەردەخات، كە شۆڤێنییەكان چ لە ڕووی نەتەوەییەوە بێت، یان لە ڕووی مەزهەبییەوە بێت، مەبەستیان بووە تەواوی ئەم ناوچانەی كوردانی فەیلی دەستی بەسەردا بگرن و ماڵ و حاڵیان بە تاڵان ببەن و ڕق و قینیشیان بەرانبەریان نەشاردووەتەوە، بەوەی ئەوان سەر بە ئێرانن و هاوكات هاوكار و بەشداری شۆڕش و ڕاپەرینەكانی گەلی كورد بەتایبەتی بە رابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی بوون .
* كەواتە تاوانباركردنتان بە (التبعیة الایرانیة) زیاتر بیانوویەك بووە بۆ ئەوەی ڕاپێچی بەزۆرەملێی ئێرانتان بكەن و بەغدا و ناوچەكانتان لە كوردبوون بەتاڵ بكەنەوە؟
- (التبعیة الایرانیة) ئەو بیانوویە بوو كە ڕژێمی بەعس زۆر دەمێكە پیلانی بۆ داڕشتبوو، كوردانی فەیلی كەسانی مەدەنی و بازرگان و كاسب و ڕۆشنبیر بوون، حەزیان بە شەڕ و چوونە ناو ڕیزی سەربازی لەناو دەسەڵاتی عوسمانی و ئینگلیز و حكومەتی عێراقدا نەبوو، چونكە هەموو ئەو شەڕانە بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوت و بۆ كوشتن و قاتوقوڕی و لەناوبردنی گەلانی ناوچەكە بوو، بۆیە كوردانی فەیلی ڕەگەزنامەی عێراقیان نەدەویست و زۆربەیان خاوەنی (جنسیة التبعیة) بوون، هەموو ئەم ڕووداوانە هاوكات بوو لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی حوكمی عێراق لەلایەن كەسانێكی شۆڤێنییەوە كە بە ناوی عەرەبەوە دژی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكە بەرنامە و پلانیان دانا، ئەوە بوو لە ساڵی 1968 دەست بە یەكەمین ڕاپێچكردنی كوردی فەیلی كرا و لە 1970 شاڵاوی دڕندانە دەستی پێ كرد، لە ساڵی 1971 مۆڵەتی بازرگانییان لە كوردانی فەیلی سەندەوە، بە بیانووی نەبوونی ڕەگەزنامەی عێراقی و لەسەرەتای هەشتاكاندا شاڵاوە گەورەكەی جینۆسایدی كوردانی فەیلی ئەنجام درا، تاكو ئێستاش هیچ بۆ ئەو خێزانانە نەكراوە كە ماڵ و حاڵیان بە تاڵان بران و داگیركران و ڕۆڵەكانیان لە زیندانەكاندا بێسەروشوێن كران.
* ئاماژەت بەوە كرد، كوردانی فەیلی پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان كردووە و خۆشەویستییان بۆ خاك و نیشتمان زۆر لا گرنگە، ئایا تا چەند لە هەرێمی كوردستان گرنگی بەم كەیسە و حەز و ویستی كوردانی فەیلی دراوە؟
- لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، كوردانی فەیلی بە كۆمەك و هاوكاریی دارایی و چوونیان بۆ ناو ڕێكخستنەكانی شۆڕش بە شێوەیەكی زۆر دڵسۆزانە بەشداریی شۆڕشیان كردووە، ڕژێمی بەعس لە هەشتاكاندا 750 هەزار كوردی فەیلی ڕاپێچی ئێران كرد و ژمارەیەكی زۆری دیكەشی زیندانی كرد و ماڵ و حاڵ و كێڵگە و دووكانەكانیان دەستی بەسەردا گیرا. ئەمەش هەمووی لەبەر كوردبوونیان بوو بە پلەی یەكەم، ئازاری كوردانی فەیلی تەنیا ئەمە نەبوو، بەڵكو لەسەردەمی شەڕی ئێران -عێراق لە وڵاتی ئێران لەناو كەمپەكان و ئۆردوگاكان لە دۆخێكی سەختدا بوون، بەمەش ڕژێمی بەعس چەندین ئامانجی سیاسی و ئابووری و شۆڤێنی جێبەجێ كرد و دیموگرافیای ناوچەكانیان گۆڕی، گرفتەكە لەوەیە دەستووری عێراق ددانی بەم تاوانانەی بەعسدا ناوە، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەموو ئەو ئاوات و ئومێدانەی هەمانبوو لەبار بران، چونكە ڕژێم و سیستەمی موحاسەسە وململانێ و ناكۆكیی سیاسی وای كرد، كوردانی فەیلی پێگەیەكی بەهێزیان نەبێت لەناو حزب و لایەنە سیاسییەكان و لە پرۆسەی حوكمڕانیدا گرنگییەكی ئەوتۆیان پێ نەدرا و دۆزەكەیان بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، لە كۆنفڕانسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی كە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی بەڕێوەچوو و، نوێنەرانی 25 وڵات بەشدارییان تێدا كرد و بە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی گرنگ كۆتایی بە كۆنفرانسەكە هات و، كۆمەڵێك توێژینەوە و بابەت و بەڵگەنامە خرانەڕوو، ئومێدمان زۆرە لە ڕێگەی پێكهێنانی ئەو دامەزراوەیەی كە تایبەتە بە كەیسی جینۆساید و بەدواداچوونی كاروبارەكانیان كاری بەرچاو بكرێت.
* لە شۆڕشی ئەیلوولدا كوردانی فەیلی بەشدارییەكی كارایان لەو شۆڕشە كرد، ئایا هۆكاری سەرەكیی بەشداریكردنی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول و خۆشەویستییان بۆ بارزانی چی بوو؟
- كوردانی فەیلی خۆشەویستییان بۆ خاك و نیشتمان لە ئاستێكی بەرزدایە، هەر سەركردەیەكی كوردیش هەڵگری پەیمانی نەتەوەیی بێت، كوردانی فەیلی خۆشیان دەوێت. خۆشەویستیی مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووی نەتەوەییەوە بووە، بە هەمان شێوەش مەلا مستەفا بارزانی دەیزانی كوردانی فەیلی لە پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەعریب و تەرحیل و هەموو ئەو زوڵم و چەوسانەوەیە بوون كە تووشی بوون، بۆیە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ڕێكخراوی قوتابیان و ئافرەتان كوردی فەیلی بوون و بە سەدان پێشمەرگەی دیكەش لەناو ڕیزەكانی پێشمەرگەكانی بارزانی بوون. لە ساڵی 1975 ڕێككەوتنی جەزائیر لە نێوان ڕژێمی بەعس و ڕژێمی ئێران زیانی گەورەی بە بزووتنەوەی ڕزگارخوازی كورد گەیاند، لەو سەردەمەدا لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی كوردی فەیلی ڕێكخراوێكمان دامەزراند بە ناوی گەنجی كوردی پێشكەوتووخواز كە بەداخەوە دوای دەستگیركردنمان بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی كراین، ئا بەم شێوەیە كوردانی فەیلی خەباتیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەكرد.
* پێشنیارەكانت چین بۆ ئەوەی كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە زیندوویی بمێنێتەوە و جارێكی دیكە كەس جورئەتی ئەوە نەكات ئەم تاوانە قێزەوەنە دووبارە بكاتەوە؟
- ئێمە ئومێدمان زۆرە بە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی بەوەی پاڵپشتیی تەواوی كەیسی كوردانی فەیلی بكەن و كێشەو گرفتەكانمان بۆ چارەسەر بكەن، شۆڤێنییەت و ڕەگەزپەرستی تاكو ئێستا لە عێراقدا كێرڤێكی بەرزی هەیە، ئەگەر ماف و شایستە داراییەكانی كوردانی فەیلی بگەڕێتەوە، تا ڕاددەیەك دەتوانن خێزانە كوردەكان بگەڕێنەوە، خێزانێكی فەیلی كە ماڵ و حاڵ و دووكان و زەوییەكەی زەوت كراوە و ڕەگەزنامەی عێراقی نییە، دەبێت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.