دۆزەخی بێ دەرگا

دۆزەخی بێ دەرگا

هونەرمەند ئەو كاتە دەبێتە بەشێك لە مێژووی وڵاتەكەی، ئەو ساتەوەختە وەك كەسێكی كارا لە نێو ڕۆڵەكانی گەلدا خۆی پێناسە دەكات، كە هونەرەكەی لە چوارچێوەی ئامادە بوون و جمینی نەتەوەكەیدا، فاكتەرێكی كارا و كاریگەر و ئامادە بێت. ڕۆژی 21/گوڵان/2723ی كوردی، نیگاركێشی ناسراوی باشووری كوردستان ڕۆستەم ئاغالە، لە شاری كۆیەوە بەرەو شنگال چوو، لەوێدا پیشانگایەكی بە ناوی (شنگال دۆزەخی بێ دەرگا) كردەوە. ئەم هەنگاوەی ئاغالە فۆكسی ڕۆشناییەكی زۆر دەخاتە سەر گۆشەیەكی فەرامۆش و كارەسات دیتەی نیشتیمان، شنگال بە هەموو برین و ژان و ئازارێكەوە، دەبێتە چەقی چالاكیی هونەرمەندێك. ئەم هەنگاوەی ئاغالە پشتیوانی كردنە لە شنگال و سەرنجی هەر هەموومان بە لای ئەو بەشە ئازیزەی نیشتیمان دەبات.

دۆزەخی بێ دەرگا

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

هەڵبژاردنی كۆڵان و شەقامێكی خاپوور و وێرانی شاری شنگال وەك شوێنی پیشانگایەكی شێوەكاری، مایەی سەرنجە، هونەرمەند دەیەوێت تابلۆكانی ببن بەو بڵندگۆیەی هاواری شارێكی مەینەتباری كوردستان بە زۆرترین خەڵك بگەیەنێت. ڕۆستەم ئاغالە وەك هونەرمەندێكی دیاری باشووری كوردستان و دامەزرێنەری گەلەریی ئاغالە لە بناری هەیبەت سوڵتان لە شاری كۆیە، كاتێك پیشانگای خۆی دەباتە نێو ئەو دۆزەخەی داعش لەو جوگرافیا دێرینەی كوردستاندا ناویەتییەوە، كارەكەی هەنگاوێكی بەرزە و هونەرمەند و هونەرەكەی دەباتە ئاستی بەرپرسایەتییەكی باڵا. باشە، ئاخۆ لە وێرانەی شنگالدا هونەرمەندی چیی نمایش كرد؟
هەڵبژاردەیەك لە تابلۆی خۆی و چەند تابلۆیەكی تایبەت بە شنگال، كەرەستەی پیشانگاكە بوون، ستاندی لە شەقامێكی وێرانی شارەكەدا چەقاند و تابلۆی خستە بەردەمی خەڵك، ئەمە هەنگاوێكی دانسقەیە. ئەو تابلۆیانەی لە پیشانگاكەدا نمایش كرا بوون، سروشت و مۆدێلی كچە كورد بوون، ئەوە گوزارشتە لە جوانییەك كە لەو شارەدا ئاوا بووە، جوانی و شكۆیەك لەو شارەدا دزراوە، سووكایەتیی پێ كراوە و پڕكێشی كراوەتە سەر شكۆ و حورمەتی، هونەرمەند دەخوازێت ئەو جوانییە، ئەو شكۆیە زیندوو بكاتەوە، بیهێنێتەوە بەر زەینی شنگالیان، بەوەی ئەم شارە زێدی جوانی و ژیانە، ئەوە دەستی ڕەشی داعشە كە خاپووری كردووە. ئەو تەنیا بە شنگال نەوەستاوە، بەڵكوو چووە گوندی كۆچۆش، ئەو گوندەی داعش جینۆسایدێكی بێ وێنەی تێدا كرد. لە بەرایی هێرشەكەی بۆ سەر دەڤەری شنگال، داعش 1293 هاووڵاتی ئێزدیی كوشت و لە 80 گۆڕی بە كۆمەڵدا خستنییە ژێر خاكەوە، هاوكات داعش 68 مەزاری ئێزدیی تەقاندەوە، 6417 كەسی ڕفاند، لە نێویاندا 3548یان كچ و ژن بوون. گوندی كۆچۆ بە دووریی 20 كیلۆمەتر كەوتووەتە باشووری ڕۆژاوای شنگالەوە، ژمارەی دانیشتووانی 1700 كەس بوون، داعش سەرووی 600 كەسی لەو گوندەدا گوللەباران كرد.

دۆزەخی بێ دەرگا

ڕۆستەم بەدەم پیشانگاكەیەوە دەڵێت «شنگال نەبینی، نازانیت داعش چ دڕندەیەك بوون دەرهەق بەو خەڵكە بێ پشت و پەنایە. چواردەوری گوندی كۆچۆ بە پاسەوانی حەشد گیراوە، زیندەوەر و ڕۆحلەبەرێكی تێدا نییە. چۆلەكە و پەڕەسێلكە سڵ لە نیشتنەوەی سەر گوێزەبانە و بەر پەنجەرەی ماڵەكانی دەكەنەوە. ڕێبەرێكی سەربازی ماڵی نادیە مورادی پێ نیشان داین، گوتیان عەرەبی گوندەكانی دەوروبەر بەر لە داعش پەلاماری كۆچۆیان دا. چەندە دڵ پڕ لە قین و نامرۆڤانە بوون!» ئێرە هەژارستانێكە و بەر وەیشوومەی ڕەشی تیرۆری داعش كەوتووە.

دۆزەخی بێ دەرگا
Top