ئایا فریزی دەستكرد زیانی تەندروستی هەیە؟

ئایا فریزی دەستكرد زیانی تەندروستی هەیە؟

فریز (چیمەن)ی دەستكرد Artificial grass وەكو جێگرەوەی فریزی سرووشتی بەمەبەستی كارئاسانی بەكاردێت، بەڵام بەڵگەی زانستی لەبەردەستدایە كە لەوانەیە لە ڕووی تەندروستییەوە سەلامەت نەبێت. فریزی دەستكرد لە وردە لاستیك Crumb rubber دروست دەكرێت، ئەو وردە لاستیكەی لە تایەی كۆنی ئۆتۆمبیل كۆدەكرێتەوە كە ماددەی هایدرۆكاربۆنی بۆنداری PAHs تێدایە، هەروەها ئاوێتەی ئۆرگانیی هەڵچوو VOCs و كانزا قورسەكانی وەكو قوڕقوشم، زینك، مەنگەنیز، لەگەڵ ئاسن لەخۆدەگرن. ئەم ماددە كیمیاییانە بە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی پێست بە فریزی دەستكرد دەچنە ناو لەش، یان لە ڕێگەی ئالوودەبوونی دەستەكانەوە دەگەنە دەم، یانیش لە ڕێگەی هەناسەوە بە هەڵمژینی تۆز و هەڵمی فریزی دەستكرد. لە لایەكی دیكە ئەم وردە لاستیكانە ماددەی ڕێگریكردن یان دواخستنی سووتان لەخۆدەگرن، كە ماددەی ژەهراوین. جگە لەمانە، بەكتریای MRSA زیاتر لە نێو فریزی دەستكرددا گەشە دەكات و لەوانەیە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، بەتایبەتی لە مانگە گەرمەكاندا.

 

Top