دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان: بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق چووە سەردەم و قۆناغێكی نوێوە

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو  سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان:  بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق چووە سەردەم و قۆناغێكی نوێوە

 

 

  ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، بنەمایەكە بۆ سەردەمێكی نوێ بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و خزمەتكردنی گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی، تەنانەت نەخشە ڕێگایەكیشە بۆ تێپەڕاندن و دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و ڕەشنووسی بودجە بۆ سێ ساڵی داهاتوو و كۆتاییهاتن بە هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگانەی ئەم دواییەی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەنجام دا.

 

* واژووكردنی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەردەمێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لێ دەكەوێتەوە، سەرەتا پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ دەكەین، لە ناو ئەم ڕێككەوتننامەیەدا تا چەند دەتوانرێت پێداگری بكرێت لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان و دابینكردنی مافەكانی گەلی كوردستان؟

- مافەكانی گەلی كورد و كوردستانییان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بە یەكێك لەو پرسە گرنگ و چارەنووسسازانە دادەنرێت كە كورد بە درێژایی مێژوو دەریایەك خوێنی لەپێناودا بەخشیوە، داواكاریی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی ئەوە بووە كە لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراسی مافی گەلی كوردستان بپارێزرێت، ئەمە بووەتە پرەنسیب و ستراتیژیەتی سەركردایەتیی كورد و، سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەو وێستگەدا داكۆكیی توندی لەسەر ئەم مافانەی گەلی كوردستان كردووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەكو درێژەپێدەری ئەم پرسە نەتەوەییە جەختی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد و كوردستانییان كردووەتەوە، ئەوە بوو هەر لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتی بووە لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، تەنانەت ڕاستەوخۆش دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە لە پێناو چارەسەركردنی هەموو كێشە و گرفتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق بەڕێزیان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا كۆبووەوە و گفتوگۆی كرد و نییەتپاكی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانە خستەڕوو، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ماددەی 140ی دەستووری بۆ چارەسەركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ئێستاشدا تێپەڕاندنی هەر دوو ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و ڕەشنووسی بودجەی گشتی و دووبارە پێداچوونەوە بە دامەزراوە فیدڕاڵییەكانی وەكو دادگای فیدڕاڵی و بانكی ناوەندی و كۆمپانیای سۆمۆ و دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بە یەكێك لە ستراتیژییەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

* بەڵام پێت وانییە كێشەی كورد لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەدا ناگونجێت كە بە پێچەوانەی فیدڕاڵییەت كار دەكات و هێشتا بە ئاراستەی بەمەركەزیكردنی حكومەت هەنگاو دەنێت؟

- لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سێ حكومەتی عێراقمان بینی، حكومەتی بەڕێزان عادل عەبدولمەهدی، كازمی و محەمەد شیاع سوودانی. لەگەڵ هەرسێ حكومەت گفتوگۆ و دانوستانمان كردووە و لەسەر كۆمەڵێك كێشە و گرفت پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەبووە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش كە ئەم حكومەتەی محەمەد شیاع سوودانییان دامەزراندووە، پەیوەندیی باشمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك دۆسێی گرنگ كە بەشێكی پەیوەندیدارە بە گیروگرفتی خەڵكەوە و بەشەكەی دیكەی پەیوەندی بە دووبارە ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە هەیە، تێبینی ئەوەشمان لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق هەیە كە لەگەڵ فیدڕاڵییەتدا ناگونجێن، یان مامەڵە ناكەن، تێبینی و سەرنجمان لەسەر دادگای فیدڕاڵی و یاسای دادگاكەو یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی و كۆمەڵێك یاسای دیكەی وەكو یاسای نەوت و گاز هەیە كە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە قسەی جددی لەسەر بكرێت و دووبارە ئەم دامەزراوانە ڕێك بخرێنەوە. لە سەرجەم حكومەتەكانی پێشوو وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە تیمە حكوومی و تەكنیكی و ئیدارییەكانمان كارمان لەسەر سەرجەم ئەو دۆسێیانە كردووە و هەوڵمان داوە مافەكانی گەلی كوردستان لە مەنهەجی وەزارییاندا و لە چوارچێوەی بۆچوونی ئێمە و لە ڕووی یاسایی و بەدەقی دەستوور جێگای ئەم مافە بكەینەوە، دامەزراوەكانی دەوڵەتیش وەكو دامەزراوەی فیدڕاڵی كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە بە جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق كە لە 2005دا گشت عێراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەنگیان لەسەر دا، تەواوی ئەو مافەی ئێمە و عێراقییەكان دەپارێزرێت و لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقە بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە. ئێمە مەبەستمانە لەناو دەوڵەتێكی لاوازدا نەبین، بۆیە هەمیشە لە تیمەكان هەوڵی ئەوەمان داوە بیروبۆچوون و داواكارییەكانمان بەو ئاراستەیە بێت، دەوڵەتێكی بەهێزی فیدڕاڵی لە عێراق دروست بێت و ڕەچاوی پرسی سەروەری بكات و پارێزەری مافەكانی گشت پێكهاتەكانی عێراق بێت و دامەزراوەكانی بەرگری لەو مافە دەستوورییانەی هەمووان بكات.

* دواجار وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لە بەردەم ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست بوو لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق، ڕێككەوتنەكە واژوو كرا، وەكو سەرۆك وەزیران ئاماژەی پێ كرد «ئەم ڕێككەوتنە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو وڵات دەكات بە هەرێمی كوردستانیشەوە»، ئایا ئێوە لە هەنگاوی داهاتووتاندا لەسەر چ ئاراستەیەك كار دەكەن؟

- ئێمە مەبەستمانە دەوڵەتی فیدڕاڵی ڕەچاوی پرسەكان بكات و لە هەمان كاتیشدا پارێزەری مافی هەرێمی كوردستانیش بێت، لەم چوارچێوەیەدا لەسەر چەند پرەنسیپ و دۆسێیەك كار دەكەین كە گرنگترینیان بریتین لە:

یەكەم: دەستنیشانكردنی مافە دەستوورییەكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان.

دووەم: كاركردن لەسەر دۆسێی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گاز و ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە.

سێیەم: بەهێزكردنی دامەزراوەكانی فیدڕاڵی بە مەبەستی ڕەچاوكردنی دەستوور و پاراستنی مافەكانی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان.

چوارەم: كاراكردنەوەی ماددەی دەستووریی 140 بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان.

پێنجەم: بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وەزارەتەكاندا.

لەم پێناوەشدا تیمەكانی ئێمە چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ لێژنە تایبەتەكان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دۆسێی نەوت و گازەوە هەیە، هاوكات تیمەكانی ئێمە گفتوگۆی زۆر باشیان لەگەڵ هاوتا عێراقییەكانیان لە وەزارەتی نەوت و گاز لە وەزیری نەوتەوە تا ستافی یاسایی و تەكنیكی ئەو وەزارەتە ئەنجام داوە، بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، واتە تیمی (نووسینەوەی یاسای نەوت و گاز) هەنگاوی باشیان ناوە و لێكتێگەیشتنی باش هەبووە لە چوارچێوەی دەستووری یاسای نەوت و گاز كە لە ماددەی 111 و 112دا هاتووە و دواتر دەسەڵاتە حەسرییەكان و هاوبەشەكان لە ماددەكانی 114 و 115 و 121 ئاماژەیان پێ كراوە، هەروەها گفتوگۆكانیش بەردەوامە لەسەر بابەتی دەروازە سنوورییەكان و كاراكردنەوەی ماددەی 140ی دەستووری، دوای ئەوەی هەندێك لایەن هەوڵیان دا ئەم ماددەیە پشتگوێ بخەن. لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتەكانیش گفتوگۆ و كۆبوونەوەی باش ئەنجام دەدرێت، ئەوەتا لە نێوان وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی پیشەسازیی فیدڕاڵی و هەروەها بەڕێز وەزیری تەندروستی لەگەڵ تیمێكی دیكەی تەندروستی لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی تەندروستیی عێراق كۆدەبنەوە و وەزارەتەكانی دیكەش بە هەمان شێوە، لەگەڵ سەرجەم تیمەكاندا نوێنەری سەرۆكی دیوان و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادە دەبێت. لێرەدا دەبێت باسی ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە ئەركێكی باش دەگێڕن بەتایبەتی لە مەسەلەی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ و وەزارەت و دامەزراوەكانی فیدڕاڵی، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە كاری بۆ بەهێزكردنی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لەسەر هەموو ئاستی وەزیرە كوردەكان و بریكار و بەرپرسانمان ڕۆڵێكی باشیان بینی لە هاوكاریكردنی وەزارەتەكانی ئێمە لەگەڵ وەزارەتەكانی بەرانبەر و بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە بە زووترین كات تێبینی و سەرنجی وەزارەتەكان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان ئامادە بكەن، تاوەكو لە نێوان وەزارەتەكانی ئێمە و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی فیدڕاڵیدا جۆرێك لە تەكامول واتا تەواوكاری هەبێت، تاوەكو پەیوەندییەكانمان لەسەر ئاستی وەزارەتەكانیش بگەیەنینە ئاستێكی بەرز و گرژی و بەریەككەوتن دروست نەبێت، بەڵكو جۆرێك لە هاوكاری و لەگەڵ یەكتر كاركردن دروست بێت و، سوودێكی زیاتر بە خەڵكی كوردستان بگەیەنین. بۆ نموونە بەرهەمی ناوخۆی كوردستان زیاتر بگەیەندرێتە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كە باشترین بازاڕە بۆ ساخكردنەوەی بەروبووم و بەرهەمەكانمان، بۆ ئەمەش دەبێت زۆر پرسی وەكو مۆڵەتی كۆمپانیاكان و یاسا و ڕێكارەكانی بازرگانی و باج و گومرگ و هەموو گرفت و كێشەكانی دیكە بە پلانێكی زۆر ورد چارەسەر بكەین، لە ڕووی كارتی نیشتمانی و پاساپۆرت و باج و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و زۆر بواری دیكەوە، پێكەوە هەنگاوی باشمان ناوە.

* زۆر باس لە چارەسەری بنەڕەتی و هەمیشەیی دەكرێت، ڕەنگە زۆربەی كێشەكان و گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە دانوستانەكان و ڕێككەوتنەكان ئەوە بێت، بەرپرسانی عێراق پابەندی بەڵێن و ڕێككەوتنەكان نابن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە زەمانەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان و سەركەوتنیان چییە؟

- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرگیز لەگەڵ ڕێككەوتنی كاتی نەبووە و هەمیشە ئامۆژگاری و ئاراستەی بۆ تیمی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بووە ڕێكەوتنی گشتگیر و بەردەوام دروست بكەن، ستراتیژیەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە هەموو بابەتێك سیاسی نییە و هەروەكو چۆن هەموو بابەتێكیش بە سیاسی چارەسەر ناكرێت، تاوەكو لە ڕووی یاسایی و تەكنیكی و هونەرییەوە چارەسەر نەكرێت. ڕاستە ئێمە ڕێككەوتنی سیاسی دەكەین، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و دواتر ئەرك و پابەندبوونی یاسایی و كارگێڕی و تەكنیكی و جێبەجێكردن دێت، واتا پرسەكان پێویستە لە چوارچێوەیەكی هونەری و یاسایی هەنگاوی بۆ بنرێت، تاوەكو ببێتە چارەسەرێكی هەمیشەیی، دواجاریش نە عێراق و نە هەرێمی كوردستانیش تەحەمولی ئەوە ناكەن، ڕۆژانە ڕێككەوتن بكەین و پاشگەز ببینەوە. لەسەر ئەم ڕاسپاردە و بنەمایەش لە ئێستادا زۆرترین شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، هەروەكو چۆن زۆرترین شاندی عێراقیش سەردانی هەرێمیان كردووە. تەنانەت لەسەر ئاستی چاودێریی دارایی پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان دیوانی چاودێری ئیتحادی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان هەیە و سەرجەم دەرگاكانیان بۆ واڵا كراوە، تاوەكو وردبینی لە سەرجەم خەرجی و داهاتەكاندا بكەن، بەو پەڕی شەفافییەت و ڕوونییەوە، ئەمانە هەمووی هەنگاوی ئەرێنین بۆ سەركەوتنی ڕێككەوتنە سیاسییەكان.

* باسی پرۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراقت كرد، كە وابڕیارە بۆ سێ ساڵی داهاتوو پەیڕەو بكرێت، تا چ ڕاددەیەك ئەم بودجەیە بە دڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئایا دەتوانرێت ئەو كورتهێنانەی تێیدایە چارەسەر بكرێت؟

-  پێداگریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق و خەمخۆری بەڕێزیان وای كردووە سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆ و كۆبوونەوە و ڕێككەوتن بكات. بە تەئكید پرۆژە یاسای بودجە هەروەكو چۆن بۆ مافە دەستوورییەكانی هەموو عێراق گرنگە، هەرواش بۆ هەرێمی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی ئەم هەرێمە گرنگیی خۆی هەیە، بەسوپاسەوە حكومەتی ئیتحادییش لەسەر ئامادەكردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە هاتوونەتە پێش، وابزانم ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراقدا بۆ جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی بودجەش گرنگە، ئەم ڕێككەوتنەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی بووە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی بەڕێزیانی كرد، كە لەسەر ئاستی باڵای سیاسی بەردەوام كاری لەسەر كردووە، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بۆ چارەسەركردنی هەمان ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانە سەردانی بەغدای كردووە. لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان هەوڵمان داوە بە شێوەیەك لە شێوەكان كارەكان بە هەماهەنگی و ئاگاداریی هەموو لایەنەكان بێت، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەبێت.

سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی ئەوە بە تەئكید هەروەكو چۆن ئێمە سەرنج و تێبینیمان هەیە، هەرواش بۆ عێراقییەكان سەرنج و تێبینیی زۆر هەیە، بەتایبەتی كورتهێنانی بودجەكە، سەركەوتنی ئەم پرۆژە یاسای بودجەیە پەیوەندی بە ئاستی جێبەجێكردن و پابەندبوون و نرخی نەوتی جیهانی و كۆمەڵێك فاكتەری دەرەكی و ناوخۆییشەوە هەیە. پێویستە لەسەر ئاستی هەر دوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە و هەموو كێشە و گرفتە دارایی و نەختینەكانی دیكە كار بكەن، بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستانیش پشت بەداهاتی نەوت بەتەنیا نەبەستێت، بەڵكو كاری جددی بكرێت بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی كە بەشێكە لە ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان. وابزانم لەسەر ئەم ستراتیژیەتە هەردوو حكومەت هاوڕان و لە داهاتوودا لەسەر ئەم خاڵە پێكەوە كار دەكەین، چونكە پرسی بودجە ساڵانە ڕووبەڕووی هەردوو حكومەت دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بە هەماهەنگی و جۆرێك لە تەكامولی ئابووری تێدا بێت.

* پرسی داشكانی بەهای دینار و ناسەقامگیری نرخەكەی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی و بێسەروبەریی مامەڵەكانی دراو و ناڕوونیی گواستنەوە و هاتوچۆكردنی پارە لە عێراق، تاچەند لەسەر ئەم پرسە هەماهەنگی لە نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق هەیە؟

- ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی و ناسەقامگیریی نرخەكەی كێشەیەكی گەورەیە و بەرۆكی هەموو بازاڕەكانی عێراق و كوردستانی گرتووە، لەهەمان كاتدا ئەمە پرسێكی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بزانین تا چەند جووڵەی پارە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بابەتی سپیكردنەوەی پارە و تیرۆر و ئاودیوكردنی دۆلار و سەفەقاتی پیس بەكار ناهێنرێت، ئێمە لە هەرێمی كوردستان یاسای (بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆری ئیتحادی)مان ئامادە كردووە و، ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستانمان كردووە، هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەبێت كۆمەڵێك ڕێكار و ئیجرائات بكرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو جووڵە و ئاڵووێری دراوەی هەیە، سەرچاوەكەی بزانرێت و ڕێگری بكرێت لە گەندەڵی و تیرۆر و پاڵپشتیكردنی تیرۆر و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشەبەرەكان، لەم بارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندییش پەیوەندیی زۆر باشمان هەبووە و تاڕاددەیەك بارودۆخەكە بەرەو چارەسەر دەچێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی دامەزراندنی (بانكی نیشتمان)ین بە سەرمایەی 250 ملیار دینار كە خۆشبەختانە هەموو ڕێكارەكانی تەواو بووە و هەنگاوی باشی بڕیوە و بۆ دامەزراندنی ئەم بانكە تەنیا بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵی ماوە، بانكی نیشتمان بانكێكی حكوومییە بە تایبەتمەندێتی ئەهلییەوە و دوای دامەزراندنی هەموو بانكە حكوومییەكان دەچنە سەر ئەو بانكە كە بە سیستەمی ئەلەكترۆنی جیهانی (سیوفت)ـەوە دەبەسترێتەوە، بانكە حكوومی و بازرگانییەكان ڕێك دەخاتەوە و كردارە تەقلیدییەكانی بانك لە هەرێمی كوردستان ناهێڵێت و شانبەشانی بانكە مۆدێرنەكانی جیهان كار دەكات. لەلایەكی دیكەوە لەسەر مەسەلەی ئەمنی و سەربازی پەیوەندی و هەماهەنگیی باش دەستی پێ كردووە.

* باسی پرسی پێشمەرگەت كرد ئایا بۆ زامنكردنی ماف و مووچە و پێداویستییە سەربازییەكان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان چی كراوە، بەتایبەتی كە ساڵانێكی زۆرە بودجەی پێشمەرگە وەكو وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕووی سیادییەوە خەرج ناكرێت؟

- لەسەر ئاستی هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق هەنگاوی باش نراوە، واتە لە ڕووی ئەوەی مووچەی هێزی پێشمەرگە بچێتەوە سەر بودجەی سیادیی عێراق و لە ڕووی سەربازییشەوە لە ڕووی دامەزراندنی لیوا و فرقەی هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەنگاوی باش نراوە، ئەمە بەشێكە لەو ستراتیژیەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە هەنگاوی بۆ نراوە، لەئێستادا بۆ پێشكەشكردنی زانیاریی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و خزمەتگوزارییەكانی تایبەت بە كارتی نیشتمانی و پەساپۆرت و كاروباری بەناوكردنی ئۆتۆمبێل و چەندین بواری دیكە پەیوەندییەكی باش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ هەیە.

* لە سەرەتای قسەكانت باسی ئەوەت كرد، كار دەكەن بۆ پرسی ماددەی 140ی دەستووری و یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە زۆر لایەن ویستوویانە بە هەر شێوەیەك بێت ئەم پرسە ڕابگرن، ئایا لەم ڕووەوە هەماهەنگیتان لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی چۆنە؟

- پرسە نەتەوەییەكان بە هیچ شێوەیەك سازشیان لەسەر ناكرێت و بە پلانێكی تۆكمە كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری دەكەین، ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری لە بارودۆخێكی نائاساییدان و پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر هەیە لەگەڵ حكومەتی فدڕاڵیدا، بەڵام لە ڕووی ئەمنییەوە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقدا هەوڵی باش دراوە، تاوەكو بۆشایی ئەمنیی نێوانیان پڕبكەنەوە و لەم ڕووەوە كۆمەڵێك ڕێككەوتن هەیە كە ئەگەر چووە بواری جێبەجێكردنەوە بارودۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشتر دەبێت، ئەوەی ماوە ڕێگریكردنە لە مەسەلەی تەعریب، چونكە پرۆسەی تەعریب لەم ناوچانە بەردەوامە، بەتایبەتی لە پارێزگای كەركووك، بۆ ئەمەش هەوڵی ئەوە دەدەین هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری خێراتر بكرێت، تاوەكو سەرەتا بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و دواتر بگەینە قۆناغەكانی دیكەی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە پەراوی دانوستانی تەواوی تایبەت بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانمان پەسەند كردووە، كە تێیدا گشت دیكۆمێنت و هەنگاوەكان و ئەو كارانەی كراون و پێویستە بكرێن، لەناو پەڕاوی دانوستان لەبەردەستی تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لەو بابەتانەی لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی كاری لەسەر دەكەین.

 

Top