خالید ئەمین ڕۆمی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی بۆ گوڵان: پێكەوە ژیان و لێبووردەیی هەرێمی كوردستان بووەتە چەترێكی بەرفراوان

خالید ئەمین ڕۆمی  سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی كاروباری سابیئەی مەندائی بۆ گوڵان:     پێكەوە ژیان و لێبووردەیی هەرێمی كوردستان بووەتە چەترێكی بەرفراوان

 

 

پێكەوە ژیان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا سیما و خەسڵەتێكی جوانی هەیە و جێی شانازییە و ئەوەی لەم ڕووەوە مایەی هەڵوەستەلەسەركردنە، ئەوەیە كە كار و كۆششی زیاتر كراوە بۆ پتەوكردن و قووڵكردنەوەی ئەم پێكەوە ژیانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنییی ناوخۆیی و دەرەكی هەبووە، یەكێك لەو پێكهاتانەی لە كوردستاندا بە سەربەستی و ئازادییەوە ژیان بەسەر دەبەن، سابیئەی مەندائییە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا ئەم پرسە گرنگەی پێكەوەژیانی، لەگەڵ خالید ئەمین ڕۆمی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی كاروباری سابیئە مەندائی تاوتوێ كرد.

 

* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە بووەتە جێگای شانازیی هەموو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو پێكەوە ژیانەیە كە هەیەتی، هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم پێكەوە ژیانەی كوردستان دەكات‌، ئایا ئێوە وەك سابیئەی مەندائی چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانەی‌ هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- پێشەكی بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كە هۆكاری هاتن و نیشتەجێبوونی ئەو خێزانانەی سابیئەی مەندائی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە نەخوزاراو و توندوتیژییەی كە لە دوای ساڵی 2003 لە عێراق ڕووی دا، بەتایبەتی لە ساڵی 2007 و 2008 كە بووە هۆی ئەوەی مەترسی بخاتە سەر ژیانی نەك تەنیا ئێمەی سابیئەی مەندائی، بەڵكو سەر پێكهاتەی كریستیان و هەموو ئایین و ئایینزاكان، كە لە ئەنجامدا چەندین كەنیسە و شوێنە پیرۆزەكانی پێكهاتەكان كاول كران و پیاوانی ئایینی ڕووبەرووی كوشتن بوونەوە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە هەرێمی كوردستانمان هەڵبژارد كە ڕووی تێ بكەن، لەبەر ئەوەی مێژووی پێكەوە ژیان لەم ناوچەیەدا بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی لە شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازیی كوردستان، بە دیاریكراوی لە سەردەمی بارزانییەكان و مەلا مستەفای بارزانی، یەكێك لەو سیما جوان و بەهێزانەیە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو كۆمەڵگەی كوردستان دروست كردووە و، هەر ئەو پێكەوە ژیانەیە بووەتە هۆكاری لێبووردەیی و ئاشتی و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان. ئەوە بوو لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991یش لەسەر دەستی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆك و ڕابەری گەلی كوردستان زیاتر هەنگاوی گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە دامەزراندنی حكومەتی كوردستان پێگە و شوێنی دیار و كاریگەر بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان كرایەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش دەبینین ئەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەرجەستە دەبێت، هەروەها لە هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێم و بەتایبەت لەم كابینەیەی ئێستادا شوێن و پێگەی پێكهاتەكان زیاتر چەسپیون. ئەوەتا دەبینین جگە لەوەی كە پێكهاتەكان 11 كورسیی كۆتایان هەیە و لەم خولەدا سكرتێری پەرلەمان بۆ نەتەوەی توركمانە و وەزارەتێكی تازە بۆ كاروباری پێكهاتەكان دامەزرا، كە ئەو وەزارەتە كاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لە گەیاندنی خزمەت و خزمەتگوزارییەكان بە هەموو پێكهاتەكان هەیە. ئێمە وەك سابیئەی مەندائی زۆر ئاسوودە و دڵنیاین لە ژیان و مومارەسەكردنی بۆنە ئایینی و كەلتوورییەكانمان لە هەرێمی كوردستان، هەر بۆیەش ئێستا ئێمە و هەموو پێكهاتەكان دەبێت ئەركمان پاراستنی ئەو پێكەوە ژیان و لێبووردەییەی هەرێمی كوردستان بێت، كە بۆمان بووەتە چەترێكی بەرفراوان، چ بۆ دابینكردنی مافەكانمان و چ بۆ پاراستنی ژیان و بەردەوامیی پیرۆزییەكانمان، هەر ئەو گرنگیدانە بەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان وای كرد، ژمارەی ئێمە وەك سابیئەی مەندائی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بێت و كەمتریش بیر لە كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات بكەینەوە.

* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیریكردنی تەواوی ئەو پێكەوە ژیانەیە و هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەم، قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە كوردستان چییە؟

- لە ڕاستیدا هیچ وڵات و كۆمەڵگەیەك سەركەوتوو نابێت، ئەگەر پەیوەندیی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی باش و بەهێز نەبێت و لێبووردەیی لە ئارادا نەبێت. واتە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بوو، ئەوا ئەو وڵاتە و ئەو حكومەتە زیاتر سەركەوتوو دەبێت و متمانەی زیاتر بەدەست دەهێنێت لەنێوان كۆمەڵگەكەدا، بێگومان وەك ئاماژەمان پێ دا، پێكەوە ژیان سیمایەكی دیار و بەرچاو و خاڵێكی هەرە بەهێزی هەرێمی كوردستانە، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان كە دامەزرا و ڕێزدار سەرۆكی حكومەت بەرنامەی كاری خۆی لە پەرلەمانی كوردستان خستەڕوو زۆر، بە جوانی دیاربوو كە جەختی لەسەر زیاتر گرنگیدان بە بەرەوپێشەوەچوونی پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان كردووە و، ڕۆڵ و بەشداریی پێكهاتەكانی بەبێ جیاوازی لە دامودەزگاكانی حكومەت بە پێویست داناوە، هەروەها لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی شوێنی بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان دامەزراندووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ئیزدییەكان و بەڕێوەبەراتیی گشتیی مەسیحيیەكان دامەزرا. هەر بۆیە لێرەدا من بە پێویستی دەزانم و لە نزیكیشەوە ئەو داواكارییەم گەیاندووە بە حكومەتی هەرێم كە پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی بۆ كاروباری سابیئەی مەندائی و چەند پێكهاتەی دیكەی وەك ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف دابمەزرێنن، كە ئەمەش وا دەكات زیاتر متمانە و دڵنیاییمان لەو هەرێمە بەدەست بێت.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك سابیئەی مەندائی دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟

- ئێمە ئێستا وەك سابیئەی مەندائی بەشێكین لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان و بە نووسراو داوامان لە پەرلەمانی كوردستان كردووە كە لە نووسینەوەی دەستووری هەرێم بەشدار بین، بەو پێییەی كە چۆن بینیمان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ لە دوای 2003 بەو پەڕی توانا و هیممەتەوە پاڵپشتی لە ماف و بەرژەوەندی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، تاوەكو ئەو داواكاری و مافانەی دەیانەوێت، لە ناو دەستوورەكە جێگیر كرا. ئەوا بە دڵنیایەوە ئێمە دەزانین جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پاڵپشت و هێزێكی گەورەی ئێمە و هەموو پێكهاتەكانە بۆ بەشداریكردن لە نووسینەوەی دەستوور و جێگیركردنی هەق و مافەكانمان لەناو دەستوورەكەدا، چونكە سەرۆك مسعود بارزانی دەزانێت كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بە دەستوورێك دەبێت كە ماف و بەرژەوەندیی هەموو لایەك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی تێدا چەسپێندراو بێت.

* ئایا هۆكار چییە كە هەندێ لایەن و حزبی كوردستانی كێشە بۆ كورسیی كۆتا دروست دەكەن، یان دەیانەوێت بە شێوەیەك بێت كە خۆیان مەبەستیانە، لەو بارەیەوە ئێوە ڕاتان چییە؟

-  لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2010 تا 2014 وەك نوێنەر و كورسیی كۆتای سابیئەی مەندائی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووم، بۆیە دەزانم بوونی كورسی و نوێنەری پێكهاتەكان و كۆتا تا چەند گرنگە، بەتایبەت لە كاتی تێپەڕاندن و پەسندكردنی پڕۆژە یاساكان. لێرەدا من داوا دەكەم، لە بری ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان كێشە بۆ كورسیی كۆتاكان دروست بكرێت، پێویستە ژمارەی ئەو كورسییانەی كۆتا زیاد بكرێن، بەپێی ئەوەی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزایانەی نوێنەریان لەپەرلەمان نییە، بۆیان تەرخان بكرێت، كە ئەمەش هەقێكی تەواو و ڕاستەقینەی هەموومانە و بەو بەشداریكردنەمان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا زیاتر دەگەین بە مافەكانمان و پێكەوە ژیان زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت، هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە هاوكێشە نێودەوڵەتیيەكاندا و لەلایەن وڵاتانی دونیا دەدرەوشێتەوە كە پێكەوە ژیان لەو هەرێمەدا زۆر جوان و پێشكەوتووە.

* ئایا لە كاتێكدا سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتە فرەبازنە، یان چەند بازنەیەك، ئێوە وەك سابیئەی مەندائی بەو جۆرە سیستەمە ڕازی دەبن، چونكە لەو شێوازی هەڵبژاردنە دەنگ و ڕەنگی پێهكاتەكان پەرشوبڵاو دەبێت و نابنە خاوەن كورسی و ڕاوبۆچوون لەناو پەرلەماندا؟ ئایا بۆچی تەنیا پارتی بەرگری لە كورسیی كۆتاكان دەكات؟

- وەك لە هەموو لایەك ڕوونە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی مەلا مستەفا بارزانی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو زوڵم و ستەمە بوو كە دیكتاتۆریەت ئەنجامی دەدا، بەتایبەت لەدژی كورد و كوردستان، لە ڕاستیدا تێكڕای پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان و تەنانەت عەرەبی وڵاتپارێز لە شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانی بەشدار بوون. ئەو هزر و ڕێگایەی بارزانی شۆڕش و تێكۆشانی بۆ دەكرد، پارێزگاریكردن بوو لە مافی مرۆڤ و هاتنەدی خەونی هەموو پێكهاتەكانی عێراق، نەك تەنیا كوردستان، بۆیە ئێستاش وای دەبینین و بە واقیعیش وایە كە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگری و پاڵپشتی لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان دەكات. ئەوەی پەیوەست بێت بە شێوازی هەڵبژاردنەوە، ئەوا سیستەمی چەند بازنەیی، یان فرەبازنەیی لە بەرژەوەندیی پێكهاتەی توركمان و مەسیحی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە نییە، لەبەر ئەوەی پێكهاتەكان چ نەتەوەیی بن، چ ئایین و ئاییینزاكان بن، لە هەموو شارو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نین، بۆیە بەو سیستەمە دەنگەكانیان پەرشوبڵاو دەبێت و دەفەوتێت، هەر بۆیە هەموو كوتا و پێكهاتەكان و ئێمەش داوا دەكەین هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ كۆتاكان بە یەك بازنە بێت، ژمارەكەش زیاتر بكرێت، زۆر باشترە و كاریگەریی جوانتری لەسەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی زیاتری پێكەوە ژیان.

Top