دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان: هەژماری من بەنیشتمانیكردنی ئەو ماف و خزمەتگوزارییانەیە كە هاووڵاتییان بەدەستی دەهێنن
پەرەپێدانی مرۆیی و هەنگاونان بەرەو بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی (هەژماری من) بە بنەمایەكی گرنگی بەرەو حكومەتی ئەلەكترۆنی و جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە ئابووریی هەرێمی كوردستاندا دادەنرێت و، بەرزكردنەوەی ئەدای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانە بۆ هاووڵاتییان. لەسەر ئەم بابەتە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر عەبدولڕەزاق محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان ئەنجام دا.
* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئالنگارییەكانی بەردەمی، توانیویەتی لە بواری پرۆسەی چاكسازی و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكاندا هەنگاوی باش بنێت،. وەكو بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتییەكی گرنگی وەزارەتی پلاندانان، كە ئەویش بواری پەرەپێدانی مرۆیییە، چۆن دەڕوانیتە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- ئەگەر بە ئینساف و دوور لە موزایەدە و ململانێی توندی حزبایەتی و ناعەقڵانی قسە لەسەر سەركەوتن بەسەر ئالنگارییەكانی بەردەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەین، ئەوا زۆر بە ڕوونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە وێڕای ئەو هەموو ئالنگاری و تەحەددییانە و قەیرانی كۆرۆنا و بڕینی بودجە و مووچە و ململانێی ناعەقڵانی و نالۆژیكیی حزبەكان و وشكەساڵی و دواجار ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بوێری و ئیرادەی پۆڵاینی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران، توانیویەتی زۆر دەستكەوتی گەورە بەدەست بهێنێت. نەزیفی دارایی و بەفیڕۆدانی داهات و گەندەڵیی ڕاگرت و لە زۆر بواردا پرۆسەی چاكسازیی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد. من ناچمە ناو بوارەكانی فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و دۆزینەوەی سەدان هەلی كار، دەمەوێت بەپێی پسپۆڕایەتیی خۆم قسە لەسەر هەنگاوەكانی بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی هەژماری من و هەنگاوەكانی بەئەلەكترۆنیكردنی حكومەت و كەمكردنەوەی ڕۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە و كردنەوەی زیاتر لە 70 خولی پەرەپێدانی مرۆیی و فەراهەمكردنی سەدان هەلی خوێندنی دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا بكەم، كە لەپاڵ كردنەوەی دەیان خولی مەشق و پەرەپێدانی مرۆیی و هێنانی میكانیزمە پێشكەوتووەكانی دنیا وەرچەرخانی لە بواری ئەدای كاری حكومەت لەسەرجەم سێكتەرەكاندا دروست كرد، ئەمەش لە كارنامەكەی سەرۆك وەزیران پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕاگەیەندرا و هەر وەزارەتێك لەو ماوەیەدا بە دەیان دەستكەوتی گەورەی بەدەست هێناوە. ئەوەتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتەكانی زیادیان كردووە و خەرجی و زیادەمەسرەفیی كەم كردووەتەوە و باجەكانی ڕێك خستووەتەوە و ڕۆتین و گەندەڵیی بۆ نزمترین ئاست كەم كردووەتەوە و یاسای سەروەر كردووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەم دەستكەوتانەی لەپێناو هاووڵاتیدا ئەنجام داوە و هاووڵاتیبوونی كردووەتە چەقی ئامانجەكانی، بەوەی ئەو داهاتەی لە ناوخۆدا بەدەست دێت، لە كەرتەكانی خزمەتگوزاریی شارەوانی و ئاو و كارەبا و پەرەپێدانی سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردە بۆ هاووڵاتی خەرج بكرێتەوە، هەرچی داشكاندنی قەرزی خزمەتگوزارییەكانیشە بۆ هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هاووڵاتییانە.
* باسی گۆڕانكاری و دەستكەوتەكانت كرد لە زۆربەی سێكتەرەكاندا، دەكرێت لە بواری كارگێڕی و بەدیجیتاڵكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی پۆرتاڵی خزمەتمان بۆ باس بكەیت، كە كارەكانی بە كوێ گەیشتووە؟
- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بووە بە بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی بەپێی پێوەرەكانی (كۆنتڕۆڵی جۆری)، بە باشترین شێوە و كەمترین تێچوون و خێراترین كات خزمەتگوزارییەكانی گەیاندووەتە زۆرترین هاووڵاتیان، دڵنیایی جۆری بە پشتگیریی ئەنجومەنی وەزیران و سەرپەرشتیی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون كارا كرا، ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، تاوەكو لە ناو هەر وەزارەتێكدا پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بەهێز بكرێت، لەم پێناوەشدا خول و ڕاپۆرتی بەردەوامی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان و ئەدا و كاری وەزارەتەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بۆمان دێت و، خاڵە بەهێزەكان باشتر دەكرێن و لاوازەكانیش پێداچوونەوە و بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت و چارەسەر دەكرێن. پۆرتاڵی خزمەت كە بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەت دامەزرا و لە ناوچەكەدا لە كەم وڵاتدا هەیە، كارێكی زۆر سەردەمییانەیە كە چەندین خزمەتگوزاری لە وەزارەتەكاندا لەخۆ دەگرێت، ئەمە نموونەیەكی زۆر سادەیە، بەڵام كاریگەریی گەورەی هەیە و بە كردار ئەم كارنامەیە جێبەجێ كراوە. هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت لە پۆرتاڵی خزمەت سوودمەند بێت، ئەم پرۆسەیە بە بەشێكی گرنگی هەنگاوەكانی حكومەت دادەنرێت، بەرەو حكومەتی ئەلەكترۆنی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان.
* یەكێك لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی بواری بانكی و كۆتاییهاتن بە مامەڵەی كاش و خزمەتكردنی مووچەخۆران پرۆسەی (هەژماری من)ـە، تاوەكو فەرمانبەران مووچەكانیان بە شێوەیەكی پێشكەوتوو بدرێت. ئایا تا چەند ئەم پرۆسەیە بۆ هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان پێویستە؟
- پرۆسەی (هەژماری من) بابەتێكی سەردەمییانەیە و پێشكەشكردنی ژمارەیەك خزمەتگوزاریی بانكی و داراییە لەڕێگەی ئەم سیستمەوە، وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەرمان كۆتاییان بە مامەڵەی كاش هێناوە و بەم ڕێگە سەردەمییانە مووچەكان دەدەن و تەنانەت مامەڵەی كڕین و فرۆشتنەكان ئەنجام دەدەن، لە هەژماری من كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی بانكی و دارایی پێشكەش دەكرێت،. بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵكی پۆپۆلیست بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان ئەم بابەتەیان بە لاڕێدا بردووە و وایان نیشان داوە، كە ئەم كارتەی هەژماری من زیانی بۆیان هەیە، دەیانەوێت هەروەكو چۆن لە پرۆسەی چاكسازیدا گومانیان دەخستە سەر پرۆسەكە، بە هەمان شێوە مەبەستیانە سێكتەر و بوارە جیاجیاكانی پەیوەست بە ژیان و بژێویی خەڵك ڕێك نەخرێت و، بەردەوام زوومی كەناڵەكانیان لە بەردەم بانكەكاندا نیشاندەری قەرەباڵغیی پێدانی مووچەی خانەنشینان بێت، هەندێكیشیان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی وڵاتانی دەوروبەر و نەیارانی قەوارەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەگینا پێشكەشكردنی (19) خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر چ زیانێكی بۆ مووچەخۆران هەیە، جگە لەوەی لە خزمەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و مووچەخۆراندایە؟ هەژماری من بەنیشتمانیكردنی ئەو ماف و خزمەتگوزارییانەیە كە هاووڵاتیان لە حكومەتی وەردەگرن، هەندێك لە حزب و كەسە پۆپۆلیستەكان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەوەندە درۆ و بوختانیان بە حكومەت كردووە، كە زیانی گەورەیان بە بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەیاندووە.
هەژماری من سیستمێكی مووچەدانی پێشكەوتووی پێشوەختە و ئاگاداری فەرمانبەران دەكرێتەوە كە مووچەكانیان دەدرێت، دەتوانرێت پارەی كاش لە هەموو ئامێرەكانی ( ئەی تی ئێم) ڕابكێشێت، ئەمە وێڕای ئەوەی هاووڵاتی لە كەرتی گشتی بێت، یان تایبەت، دەتوانێت لە ژمارەیەكی زۆری خزمەتگوزاریی دارایی كە لە ناو ئەم پرۆسەیەدا هەیە سوودمەند بێت، لەمەش گرنگتر هەموو ئەو بانكانەی لە هەژماری من بەشدارن، لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە بانكی باوەڕپێكراون، ئەگەر بانكی ناوەندیی عێراق زەڕڕەیەك تێبینی و ڕەخنەی لەسەر ئەدای ئەو بانكانە هەبووایە، ئێستا وەكو زۆر بواری دیكە هێرشیان دەكردە سەرمان، بەداخەوە لە غیابی لێنەپرسینەوەی یاسایی و دادگاییدا كەسانێك ڕاستییەكان دەشێوێنن و لە بری ئەوەی باسی هەردوو بانكی ڕافیدەین و ڕەشید بكەن، كە لەلایەن ئەمریكاوە نیشانەی پرسیاریان لەسەر دانراوە، ئەوان دێن و بە پێچەوانەوە چەندین تۆمەتی بێ بنەما دەخەنە باڵ بانكەكانی كوردستان، بۆیە پرۆسەی هەژماری من زۆر باشترە لە پرۆسەی تەوتینی مووچە.
* ئەگەر پرۆسەی هەژماری من ئەوەندە سوودی هەیە، ئەی بۆچی زۆر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی حزبە سیاسییەكانی بەشداربووی ناو حكومەتیش ڕەخنەی توند لە پرۆسەكە دەگرن؟
- لە كوردستان حزبی سیاسیی وا هەیە كە گرووپێكی باڵادەستی ناو ئەو حزبە لە هێڵە گشتییەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لایان داوە، ئەوان هەموو مەبەستیان نەك تەنیا ناشیرینكردنی پرۆسەی هەژماری منە، بەڵكو كار لەسەر لاوازكردنی هەستی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی دەكەن، ئەوان خوازیارن هاووڵاتی لە حكومەتەكەی دوور بخەنەوە، لە غیابی لێنەپرسینەوە و قۆزتنەوەی دۆخی ناتەبایی و هاندانی نەیارانی كورد كارێكی زۆر دەكرێت، تاوەكو حكومەت و كارەكانی لەبەر چاوی هاووڵاتیان ناشیرین بكەن. ئەو ڕاستییەیان لەبیر كردووە، كە حكومەت بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی خەڵكە، مومكین نییە هاووڵاتیان بەو پڕوپاگەندە و ماكینەی درۆ هەڵبخەڵەتێ، بۆیە تا لە هەڵبژاردن نزیك ببینەوە، ئەم كەسانە بەرژەوەندیخوازانە زیاتر هانی خەڵكی دەدەن لە دژی حكومەت، هاووڵاتیان باش دەزانن كێ مشوری مووچە و خزمەتگوزارییەكان دەخوات و كێ سەروماڵیان دەپارێزێت. كاتێك حزبی سیاسی هیچ پرۆسە و بەرنامە و كارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نەبێت، هەڵدەستێت بە لێدانی هەموو سیمبولەكانی نیشتمان و فریودانی دەنگدەرەكانیان، حزب هەیە قەترەیەك خوێنی بۆ ئەم نەتەوە و نیشتمانە نەڕشتووە، ئیتر چۆن دەنگی ناشازی نابێت.
* یەكێك لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بونیادنانی ژێرخانی وزەیە لە كێڵگەكانی نەوت و گاز و پاڵاوتگەكان و وێستگەكانی كارەبا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی ئەم پێگانە بوونەتە ئامانجی درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەك و كاتیوشاكانی میلیشیا چەكدارەكان؟
- نۆ جار هێرشی مووشەكی و درۆن كراوەتە سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ، لەبەر ئەوەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و غازی ماڵان لە هاووڵاتیانی كوردستان ببڕن و كاروكاسبی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی كوردستان لەناو ببەن و، زیان بە كارەبای قوتابخانە و نەخۆشخانە گشتییەكان بگەیەنن كە موڵكی خەڵكە، كەواتە پێش ئەوەی هێرشكردن بێت بۆ سەر حكومەت و دامەزراوەكانی، هێرشكردنە بۆ سەر خەڵكی هەژار و بەشمەینەتی كوردستان، لە هەموو وڵاتێكی دنیا و سیستەمێكدا كەموكووڕی هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دژایەتیی ئەو حكومەتە بكەین، كە لە سایەیدا سەر و ماڵی خۆمان و خانەوادەكەمان پارێزراوە.