عەبدولكەریم وەیسی  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگە پارێزگارییان لە كوردانی ئێزیدی كرد و شەهید و برینداری زۆریشیان بەخشی

عەبدولكەریم وەیسی   ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگە پارێزگارییان لە كوردانی ئێزیدی كرد و شەهید و برینداری زۆریشیان بەخشی

 

 

پەكەكە وێڕای ئەوەی تاكو ئێستا نەیانتوانیوە بستێك لە خاكی باكووری كوردستان ڕزگار بكات، لە هەرێمی كوردستانیش بوونەتە سەرچاوەی پشێوی و داگیركردنی گوندەكانی سەر سنوور و ڕێگرتن لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو گوندانە ئاوەدان بكاتەوە، لەمەش زیاتر ئەو ناوچانەی كردووەتە مەیدانی شەڕ و، بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتیی سڤیلی گوندنشین بوونەتە قوربانی. گرفتی سەرەكیی سەركردایەتیی ئێستای پەكەكە لە قەندیل لەوەدایە كە بڕوایان بە بیری نەتەوەیی كورد نییە و كاری دوژمنكارانە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، تەنانەت باوەڕیان بە گفتوگۆ و كاری ئاشتییانە و مەدەنییانەش نییە، گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكی لە عەبدولكەریم وەیسی ئەندامی پێشووی پەكەكە كرد.

 

* پەكەكە لەوەتەی هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە بوونەتە سەرچاوەی كێشە و نانەوەی پشێوی و وێرانكردنی گوندەكانمان، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا لە كوردستانی باكوور چیا و شاخ و دۆڵی سەختی نییە كە پەكەكە تێدا بتوانن بەرخودان بكەن؟

- ئێمە لەو كاتەی پەیوەندیمان بە ڕیزەكانی پەكەكەوە كرد هەر زوو بۆمان دەركەوت كە بڕوایان بە هزری نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان نییە، تەنانەت دوژمنی هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانەشن كە كار بۆ چەسپاندنی هزری نەتەوەیی و بیری نیشتمانچیی كورد دەكەن، هەروەكو چۆن مەلا مستەفا بارزانی لەسەر بیر و بڕوای نەتەوەیی و نیشتمانی خەباتی كرد و تا ئەمڕۆش سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر ئەو بیرو عەقیدەیە بەردەوامە، لەم ڕوانگەیەشەوە پەكەكە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكەن و لەم پێناوەشدا لەگەڵ دوژمن و نەیارانی كورد پەیوەندییان گرێ داوە و مەرام و پیلانەكانی ئەوان جێبەجێ دەكەن، ئێمە ئەو كاتەی لە چیاش بووین دەمانزانی هەموو ئەوانەی بیری نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە لە دەوری هزری عەقیدە و ڕێبازی بارزانی كۆبوونەتەوە، ئەم ڕاستییە بە درێژایی مێژوو دەركەوتووە، كە تەنیا پارتییە بە ڕێبەرایەتیی بارزانی خەمخۆری بیر و عەقیدەی شۆڕشگێڕی و كوردایەتییە، بەڵام پەكەكە بە پێچەوانەی هزری نەتەوەییەوە جووڵاونەتەوە و كاریان كردووە، ئەگینا باكووری كوردستان جگە لەوەی پێویستی بە شۆڕش و ڕزگاركردن هەیە و ئاواتی خەڵكەكەشیەتی و خاوەن چەندین ناوچە و چیا و شاخ و ئەشكەوتە و دۆڵی سەختی تێدایە، كە پەكەكە دەتوانن درێژە بە شۆڕشی خۆیان بدەن، نەوەكو بێن و بەفیت و دەست لەپشتدانی دوژمنانی كورد و كوردستان پەلاماری باشووری كوردستان بدەن و، لە چیاكانی وەكوو قەندیل و ناوچەكانی دیكە ببنە هۆكاری پەلكێشكردنی سوپای توركیا، یان لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا چەندین گوند و ناوچە چۆڵكراوە و دەستی ئاوەدانی حكومەتی كوردستانی پێ نەگەیشتووە و، ژمارەیەكی زۆریش لە خەڵكی سڤیلی باشووری كوردستان بە بێ گوناه شەهید و بریندار بوون.

* ئایا ئەم ڕەفتارانەی پەكەكە زیان بە پێگەی جەماوەری و لایەنگر و كادیرانی خۆیشی ناگەیەنێت، كاتێك ئەوان دژی هەرێمی كوردستان ڕەفتار دەكەن و بەپێی حەز و ئارەزووی نەیاران و دوژمنانی هەرێم هەڵسوكەوت دەكەن؟

-  مەبەستی ڕاستەقینەی چەكدارانی پەكەكە نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستانە، پەكەكە بەتایبەت سەركردەكانیان، لە بنەڕەتدا هەموو مەرام و پیلان و كارەكانیان مەبەستیان لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، چاویان بەو قەوارە ئازاد و دیموكرات و ئاوەدان و سەقامگیرە هەڵنایەت، چونكە دەستڕۆیشتوویی و كار و بەشداریی ئەوانی لەسەر نییە، چەكدارانی پەكەكە بەو قەوارە جوان و ئاوەدان و خاوەن دامەزراوە و فیدڕاڵە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا كە زۆر بێئومێدی كردوون، بەڵام وەك دەبینین بە حەكیمیی جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی پارتی و هێزی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان، چەكدارانی پەكەكە مەرام و پیلانەكانیان لە دژی باشووری كوردستان نەهاتووەتەدی و سەركەوتوو نەبووە، ئەگینا ئەوان چاوەڕوانی كاولكاری و نانەوەی ناكۆكی و دووبەرەكین.

* كەواتە ئەوان جگە لە گرووپێكی بەرژەوەندیخواز و كۆكردنەوەی دەستكەوتی دارایی، هیچی دیكە نین و تەنانەت خەمخۆری جەماوەر و ڕێكخستنەكانی خۆشیان نین؟

- ئەمە زۆر ڕاستە، پەكەكە لە بارودۆخێكی باشدا نین و ڕۆژانە پێگە و جەماوەری خۆیان لەدەست دەدەن، ئێمە دوای ئەوەی چەندین ساڵ تەمەنی گەنجیی خۆمان لە ناو ڕێكخستنەكانیان و چەكدارانی لە چیا و شاخ بەزستان و سەرما و بەبێ نان و خواردن بەڕێ كرد، بۆمان دەركەوت كە پەكەكە ئەو بیر و هزر و شوێنەی نییە كە ئێمە پێی هەڵخەڵەتاوین، بەڵكو لایەنێكی چەكدارییە بە دەست لەپشتدان و قسەی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان دەجووڵێتەوە، بۆیە دەرفەتمان وەرگرت و هاتینە باشووری كوردستان، بەتایبەت خۆمان لە ناو ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی باوكدا دیتەوە و ئێستاكەش ڕۆژانە چەكدارانی پەكەكە و ڕێكخستنەكانیان لێیان دوور دەكەونەوە بەهۆی ئەوەی بۆیان ڕوون دەبێتەوە كە پەكەكە تاقمێكی چەكداریی ناشۆڕشگیڕ و دوور لە هزر و بیری نەتەوایەتیی كوردایەتین و، كار بۆ بەرژەوەندیی چەند كەس و وڵاتێك دەكەن، بەتایبەت لە دژی هەرێمی كوردستان، كە هەنگاوی باشی بڕیوە بۆ سەربەخۆیی، هەروەها چەند شەڕی خۆدۆڕانیان لە باكووری كوردستان ئەنجام داوە، كە تەنیا بووەتە هۆی ئەوەی ناوچە كوردستانییەكان لەدەستیان بچێت و خەڵك و دانیشتوانی باكووری كوردستان لە ڕووی مرۆیی و داراییەوە زیانێكی زۆریان بەركەوێت، جگە لەوەی لەسەر ماڵ و گوند و موڵكی خۆیان ئاوارە بوون، بەم كار و كردەوانەشیان جەماوەر و خەڵكێكی زۆریان لەدەست داوە، كە پێشتر گیانی خۆیان بە پەكەكە بەخشی بوو، بەڵام چەكدارانی پەكەكە لەو كاتەی هاتوونەتە باشووری كوردستان، بەتایبەت لەو خاڵ و بازگە نافەرمییانەی لە سنوورەكەدا هەیانە، سەرانە لەو كاسبكار و بازرگانانەی لە ناوچەكەدا هاتوچۆ دەكەن، وەردەگرن. لەلایەكی دیكەوە لە ڕێگەی ئێران و ڕژێمی سووریا و حەشدی شەعبیی عێراقەوە هاوكاریی دارایی و لۆجستی دەكرێن، بەتایبەت ئەوانەی دەڤەری شنگاڵ و مەخموور و . . . تاد .

* هۆكار چییە ماوەی زیاتر لە ساڵێك دەبێت پەكەكە بە شێوەی گروپی چەكداریی بچووك لە چەندین شوێنی باشووری كوردستان، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی دەردەكەون؟

- چەكدارانی پەكەكە دژی هەموو ئامانجێكی نەتەوەیین، بۆیە لە كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە مەزنەكەی گەلی كوردستان كە بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی بەڕێوە چوو، ئەوان دژی ئەم دەستكەوتە ڕاوەستانەوە، ئەمەش هەمووی بە فیت و پیلان و مەرامی داگیركەران و دوژمنەكانی ئەم گەلە مەزڵومە بوو، ئەوان هەستان بە ساردكردنەوەی خەڵك و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی، تاوەكو ڕیفراندۆمەكە سەرنەگرێت، هەرچەندە ئەم كارەیان بۆ نەچووە سەر و پڕۆسەكە زۆر بە جوان و نەتەوایەتی چوارچێوەی خۆی وەرگرت، كە بە (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی، ڕیفراندۆم بووە چقڵی چاوی دوژمنان و سەركەوتنێكی گەورە و زۆری بەدەست هێنا، بەڵام ئەو كارە خراپ و ناڕەوایانەی چەكدارانی پەكەكە لەو چەند ساڵەدا كردوویانە بریتین لە، یەكەم: هەڵخەڵەتاندنی ژمارەیەك كچ و كوڕانی خوار تەمەنی(18)ساڵی و چەكداركردنیان و دابڕانیان لە خێزانەكانیان. دووەم: ئەو گرووپ و جووڵانەوەیەی چەكدارانی پەكەكە لەو شوێن و ناوچانەی باشووری كوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی درۆنی سوپای تورك پەڵكێش بكەن بۆ قووڵاییەكی زۆر بۆ ناو هەرێمی كوردستان، درۆنەكانیش زیانی گیانی و داراییان بە خەڵكی ئەو ناوچانەی باشووری كوردستان گەیاندووە، هەروەها لە هەر شوێنێكی باشووری كوردستان بۆیان ڕێك كەوێت كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

* بەڵام ئەم كارو كردەوانە لە كاری گرووپێكی تێكدەر و دەرچوو لە یاسا دەكات و زیانی بۆ گەلی كوردستان و ناوبانگی كورد هەیە، ئایا سەركردایەتیی پەكەكە ئەمە نازانن؟

- وەك ئەوەی ئاماژەشمان پێدا، پەكەكە بەهۆی ئەوەی كە كچ و كوڕانی خوار تەمەنی پێگەیشتوو هەڵدەخەڵەتێنێت و چەكداریان دەكات و ناهێڵێت باوك و دایك و خێزانەكانیشیان جارێكی دیكە پێیان شادبن، كە ئەمە بە پێی بنەماكانی ماڤی مرۆڤ قەدەغەیە، هەروەها لێرە و لەوێ كاری تەقاندنەوە ئەنجام دەدەن كە چەندین جار تەنیا لە ناو هەرێمی كوردستان بەو كارە هەستاون، لە لایەكی دیكەوە ڕژێمی سووریا هاوكار و پاڵپشت و هەماهەنگێكی گەورە و بەهێزیانە، ئەم كار و كردەوانە و چەندی دیكە وای كردووە كە كۆمەڵگەی نێوەدوڵەتی پەكەكە لە لیستی تیرۆردا دابنێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش پەكەكە هیچ كاتێك باوەڕی بە ئاشتی و گفتوگۆ نییە لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك، ئەو پڕۆسەیەی ئاشتییش كە جەنابی سەرۆك بارزانی كاری زۆری بۆ كرد تاوەكو بە دیالۆك لەگەڵ حكومەتی توركیا كوردی باكوور بگەنە ئامانج و دەرفەتێك، كە ئاشتەوایی و ژیان و گوزەران بۆ ئەو بەشەش بێتە دی، كار و كردەوەكانی پەكەكە وایان كرد ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بچێت، پەكەكە ئەوەشیان شێواند و كێشە و گرفتیان بۆی نایەوە.

* چەكدارانی پەكەكە بە حیساب بانگەشەی ئەوە دەكەن بەرگری لە كوردانی ئێزیدی دەكەن، كەچی ڕێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، هەروەها لاوەكانی ئێزیدییش چەكدار دەكەن، ئایا ئێزیدییەكان مەینەتییان كەمە وا پەكەكەش هێندەی دیكە كارەساتیان بۆ دروست دەكات؟

- پێویستە ئێزیدییەكان یەكگرتوو بن و لەژێر چەتری هێزێكدا بن و نەهێڵن خەڵكەكەیان، بەتایبەتی گەنجەكانیان هەڵبخەڵەتێن، چونكە دەزانین ئەوەی پارێزگاری لە شنگال دەكات و ئەوەی خۆی كردە قوربانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو كە بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی لە بەرەی پێشەوەی شەڕەكان بوو لە دژی داعش، بۆ ڕزگاركردنی شنگاڵ و شنگاڵییەكان. خۆ ئەگەر چەكدارانی پەكەكە ئیدیعای ئەوە دەكەن كە لە پێناو ڕزگاری ئێزیدییان هاتوون و شەڕی دژی داعشیان كردووە، ئەوە لێرەدا دەڵێین دەستیان خۆش بێت، بەڵام با هەر وەك ئەوەی پارتی و هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری و ڕزگاریی كۆبانی چوون با ئەوانیش ئاوابن، پێویستە چەكدارانی پەكەكەش شنگال و ناوچەكە چۆڵ بكەن تاوەكو دەستی ئاوەدانی بگاتە شنگال و دەوروبەری.

 

Top