دەستگیرکردنی ١٠٨٠ کۆچبەری نایاسایی لە یەک ڕۆژدا

دەستگیرکردنی ١٠٨٠ کۆچبەری نایاسایی لە یەک ڕۆژدا

لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی تونس، ڕێگری لە ٢٦ حاڵەتی هەوڵدانی کۆچكردنی نایاسایی کرا و ١٠٨٠ کۆچبەریش دەستبەسەرکران.

حوسامەدین ئەلجەبلی گوتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی نەتەوەیی تونس لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کۆچبەرانی نایاسایی ڕایگەیاند، كە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکان لەتونس ڕێگە لە 26 هەوڵی کۆچكردنی نایاسایی گیراوە و 1080 کۆچبەریش دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکان هێشتا بەردەوامن لە هەوڵدان، ڕوونیشی کردەوە، کە ئەوکۆچبەرە نایاساییانەی دەستبەسەرکراون بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادوەری ڕەوانە کراون.

دوێنێش دۆزینەوەی تەرمی ٧ کۆچبەری نایاسایی ڕاگەیاند: کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بوو، کە بەلەمەکانیان لە کەناراوەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە وەرگەڕابوو.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وڵاتانی باکووری ئەفریقا وەک تونس و لیبیا و مەغریب وەک خاڵی ڕۆشتن بۆ کۆچبەرانی نایاسایی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاردەهێنرێن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top