یەك مانگ پێش روودانی نۆرەی دڵ
تا ئێستا نەخۆشیی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنە لە ئافرەتان و پیاواندا لە سەرتاسەری جیهاندا. نۆرەی دڵ Heart attack بە چەند نیشانەیەك دەست پێدەكات كە لە نەخۆشیی تریشدا هەن وەكو هێڵنج، دڵەكزێ یان هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی فیزیكی. لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە یەك مانگ پێش سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ، چەند نیشانەیەك لە تووشبوودا دەردەكەون كە بریتین لە: هەستكردن بە ماندووبوونێكی سەخت بەتایبەتی لە كۆتایی رۆژدا، سەرسووڕان Dizziness كە لەوانەیە هاوكات بێت لەگەڵ سینگ ئێشە و هەناسەتەنگیدا، سك ئێشە یان ناڕەحەتیی گەدە كە لە نزیكەی 50%ی تووشبوواندا بەدی دەكرێت، كە هەندێك جار هاوكاتە لەگەڵ هێڵنجدا، ئارەقەكردن جا ئارەقەی سارد یان زیاد ئارەقەكردن بە جووڵەیەكی كەم یان لەكاتی شەودا، ئاوسانی قاچ و گۆزرینگ و پێیەكان لەبەر كەمبوونەوە توانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێن و گەڕانەوەی خوێن بۆ خوێنهێنەرەكانی قاچ، هەروەها دڵەكوتێ لە ئەنجامی كەم گەیشتنی خوێن بە خودی ماسوولكەی دڵ.