فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: دەبێت ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە بیركردنەوەی ئافرەتاندا بسڕێتەوە و ئەقڵییەتی مرۆڤسالاری جێگەی بگرێتەوە
فەرهاد محەمەد جیا لەوەی ئەندامی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەمان كاتدا ڕۆژنامەنووسە و لە كایەی ڕۆژنامەنووسیشدا كار لەسەر كۆی بوارەكانی حوكمڕانیی باش و پەرەپێدانی بەردەوام و بەرهەمهێنانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی لە كۆمەڵگەدا كردووە و، بە دیدێكی ڕەخنەگرانەی سیاسی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە گرنگانە دەكات، لەم گفتوگۆیەشدا سەبارەت بە (ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا) بەم جۆرە سەرنجەكانی خۆی خستە ڕوو:
كاتێك لە كۆبوونەوەی (بازنەی گفتوگۆ) لەسەر ئەوە ڕێككەوتین ئەڵقەی دووەمی گفتوگۆكەمان بكەینە دیارییەك بۆ (8ی مارس) ڕۆژی ئافرەتانی جیهان، بەو ئومێدەوە خۆمان بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادە دەكرد، كە بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسی و حوكمڕانیدا لەگەڵ ئەوەی وەك پێویستیش نییە، كاریگەرییەكی ئەرێنیی زۆر باشی لەسەر ئەقڵییەتی مرۆڤسالاریی ئافرەتانی كوردستان هەبووبێت، مەبەستیشم لە ئەقڵییەتی مرۆڤسالاری واتە خاڵی پێگەیشتن و لێكتێگەیشتنی هەر دوو ئەقڵییەتی پیاوسالاری و فێمنیستییە. بەڵام كە ئاكامی ئەو ڕاپرسییەی «بازنەی گفتوگۆ»م بینی و لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئافرەتان بە پیاوانم بەراورد كرد، هەستم بە شۆكێكی گەورە كرد، لەمەش زیاتر گەیشتمە ئەو هەستەی كە مەترسیی (ئەقڵییەتی پیاوسالاری) هێندەی لە ناو بیركردنەوەی ئافرەتاندا بەربەست و مەترسییە بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەی ئافرەتان لە ناو پرۆسەی سیاسیی و حوكمڕانیی وڵاتدا، هەر هێندە و شتێك زیاتر «ئەقڵییەتی پیاوسالاری» لە ناو بیركردنەوەی پیاواندا مەترسییە. بۆیە لێرەدا بە چەند خاڵ ئاماژەیان پێ دەكەم :
38%ی ئافرەتان بە لایانەوە ئاسایی نییە ئافرەت پیشەی (پۆلیس – ئاسایش) بێت، لە بەرانبەردا پیاوان 56%.
25%ی ئافرەتان بەلایانەوە ئاسایی نییە ئەندامی پارتێك بن سەرۆكەكەی ئافرەت بێت، لە بەرانبەردا پیاوان 43%.
هەتا ئێستاش ڕێژەی 12%ی ئافرەتان بە لایانەوە ئاسایی نییە ئافرت لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا بوونی هەبێت، لە بەرانبەردا پیاوان 28%.
13%ی ئافرەتان لایان ئاسایی نییە ئافرەت وەزیر بێت، لە بەرانبەردا پیاوان 20%.
13%ی ئافرەتان بە لایانەوە ئاسایی نییە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بە كاندیدی ئافرەت بدەن، لە بەرامبەردا پیاوان 25%.
17%ی ئافرەتان بە لایانەوە ئاسایی نییە ئافرەتان بەشداریی خۆپیشاندانەكان بكەن، لە بەرانبەردا پیاوان 24%.
14%ی ئافرەتان لایان ئاسایی نییە ئافرەت ئەندامی پارتێكی سیاسی بێت، لە بەرانبەردا پیاوان 24%.
11% 11%ی ئافرەتان لایان ئاسایی نییە لە فەرمانگەیەكدا فەرمانبەر بن كە بەڕێوەبەرەكەی ئافرەت بێت، لە بەرانبەردا پیاوان 24%.
ئەم داتایانە ئەوەمان پێ دەڵێت، پێش ئەوەی كار بۆ كاڵكردنەوەی ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە بیركردنەوەی پیاواندا بكەین، دەبێت كار بۆ ئەوە بكەین كاریگەریی ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە بیركردنەوەی ئافرەتاندا بسڕینەوە.
د. نەزاكەت تیۆری (بە مێكردنی سیاسەتی) فرانسیس فۆكۆیامای بە بیرهێنامەوە كە وەك دیراسەتێك بە ناونیشانی (ژنان و پەرەپێدان لە سیاسەتی جیهانیدا) پێشكەشی كۆنگرەی جیهانیی ئافرەتان لە پەكین كراوە، بەپێی ئەم تیۆرە مرۆڤایەتی لە هەوڵی ئەوەدایە ئەقڵییەت و بیركردنەوەی مێ بۆ ئاشتی، پەروەردەی تاك (نێر و مێ)، خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی، ئاشتیی كۆمەڵایەتی، بەهێزكردنی بنەماكانی حوكمڕانیی باش و.. هتد) وەك پێویستییەكی ژیاری بە ڕێژەیەكی بەرز بگوازێتەوە بۆ ناو كایەی سیاسی و پرۆسەی سیاسەت و بڕیاردروستكردن، ئەمانە لە پێناوی ئەوەیە لە ناو كایەی سیاسەت و تەواوی پرۆسەی دروستكردنی سیاسەت و بڕیاردا، ئەقڵییەتی پیاوسالاری كاڵ بكاتەوە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی ئەقڵییەتی پیاوسالاری وەرچەرخانی بەسەردا دێت بۆ (ئەقڵییەتی مرۆڤسالاری)، ئەم ئەقڵییەتی مرۆڤسالارییەش ئەو وەرچەرخانەمان پیشان دەدات، كە بە شێوەیەكی گشتی لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی باكووری ئەوروپا پێشكەوتن و دادپەروەری و خوشگوزارنی و كامەرانی لە كۆمەڵگەكانیدا بەرجەستە بوون. هەر وەك ئەوەی فۆكۆیاما پێمان دەڵێت: «كاتێك ئافرەت دەبێتە سیاسەتمەداری سەركردە، ئەوا ئاراستەی سیاسەت بەرەو هەماهەنگی و هاوكاری دەچێت و كەمتر تەنگژە لە جیهاندا دەردەكەون».
بەڵام ئەم قسەیەی فۆكۆیاما بۆ ئەو خانمە سەركردانە ڕاستە كە سیفەتی مێینەی خۆیان تێكەڵاوی سیاسەت دەكەن و ئەو وەرچەرخانە دروست دەكەن كە پێی دەگوترێت «ئەقڵییەتی مرۆڤسالاری»، لە بەرانبەر ئەمەدا ئەگەر خانمان خۆیان لە ئەقڵییەتی پیاوسالاری دانەماڵن، ئەوا وەك خاتوونی باڵیۆز «سوانی هانت» لە توێژینەوەیەكدا بە ناونیشانی «لێگەڕێن با خانمان حوكمڕان بن»، ئاماژە بەوە دەكات چەند سەرۆك وەزیرانی ئافرەت لە جیهاندا هەبوون وەك: ئەندیرا گاندی سەرۆك وەزیرانی هیندستان، مارگرێت تاتچەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، گۆڵدا مائیر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل) ئەم سێ خانمە كە وەك سێ كاریگەرترین خانمی سەركردە لە جیهاندا ئەقڵییەتی پیاوسالارییان لە زۆربەی پیاوە سەركەوتووەكان زیاتر بووە و كەمترین كاریان كردووە، كە بایەخی بۆ ئافرەت هەبێت لە سیاسەتدا.
كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، تەنیا بەشداریی چەندێتی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا گرنگ نییە و نابێتە هۆكاری پەرەپێدانی سیاسی لە كۆمەڵگەدا، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئافرەت سیفەت و بیركردنەوەی مێینە تێكەڵاوی سیاسەت بكات، ئەگەرنا ئەگەر ئافرەتان هەر بە ئەقڵییەتی پیاوسالارانە بەشدارییان لە كایەی سیاسیدا پێ بكرێت، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە ناتوانین ئەو وەرچەرخانە دروست بكەین كە پرۆسەی سیاسی پێویستی پێیەتی، ئەویش دەركەوتنی ئەقڵییەتی مرۆڤسالارییە.
لێرەوە زۆر گرنگە حزبە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی باشتر كار لەسەر پرسی هۆشیاركردنەوەی ژنان و گرنگیی سیفەت و تایبەتمەندیی ئافرەت وەك پێویستییەك بۆ پەرەپێدانی دروستكردنی سیاسەت و بڕیار بكەن و، دەبێت ئامانج لە بەشداریپێكردنی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا تەنیا بۆ ڕوخسار نەبێت، بەڵكو دەبێت ببێتە فاكتەرێك كە جەوهەر و ناوەڕۆكی سیاسەت و بڕیار گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و ئەو سیاسەت و بڕیارە دروست بكرێت، كە هەموو كۆمەڵگەیەكی تەندروست و كۆمەڵگەی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی پێیەتی.