سوودەكانی كاكاو بۆ مێشك
لە لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانی لە زانكۆی پێرمینگهام هاتووە كە خواردنەوەی كاكاو Cocoa هاندەرە بۆ خێراتر بیركردنەوە و ئەنجامدانی باشتری چەند چالاكییەكی تایبەتی دیكەی مێشك. لە لێكۆڵینەوەكەدا ئاماژە بەمەش كراوە كە هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كاكاو دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكان لە كۆمەڵەی فلاڤانۆلەكان Flavanols كە بە بڕی دیاریكراو لە گەلێك سەوزە و میوەدا هەن، هەروەها كاكاو بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەكان دادەنرێت بۆ پۆلیفینۆلەكان Polyphenols كە ڕۆڵیان هەیە بۆ باشتركردنی سووڕی خوێن و ئاستی ئۆكسجین لە شانەكانی مێشكدا لەگەڵ باشكردنی مەزاج، كەمكردنەوەی سترێس و هاندانی هێوربوونەوە، سووككردنی نیشانەكانی خەمۆكی، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشیی ئەلزهایمەر و پاركینسۆن. جگە لە سوودەكانی بۆ تەندروستیی مێشك، كاكاو ڕۆڵی گرنكی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، هاوكات لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆڵ، لەگەڵ ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، كەمكردنەوەی ئەگەری نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك.