كەژان محەمەد ئەندامی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان:   گەنج لە فەوزای سیاسی و ئەدای حزبەكان بێزارە، بۆیە دەبێت دووبارە لە ناو حزبەكانەوە پەروەردە بكرێنەوە

كەژان محەمەد ئەندامی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان:     گەنج لە فەوزای سیاسی و ئەدای حزبەكان بێزارە، بۆیە دەبێت دووبارە لە ناو حزبەكانەوە پەروەردە بكرێنەوە

 

كەژان محەمەد وەك گەنجێك و ئەندامی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ كێشە هەمەجۆرەكانی گەنجان دەكات و، بەردەوامیش یەكێتی لاوان لە هەوڵی ئەوەدایە دەنگی گەنجان بە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەیەنێت و، ئاگاداری هەوڵە جددییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە خۆبەخاوەنكردنی كێشەی گەنجان، لەم تەوەرەدا زۆر بە بوێری هەڵوەستەی لەسەر كێشەی گەنجانی كوردستان كرد و بەمجۆرە بۆچوونەكانی خستە ڕوو:

زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم بەردەوام سەبارەت بە كێشەی گەنجان ئەو گفتوگۆ كراوانە لە تەمەنە جیاوازەكاندا بوونی هەیە، هەروەها كۆمەڵێك داتا و ئامارم ئامادە كردبوو، بەڵام دكتۆر و مامۆستا بەڕێزەكان ئاماژەیان بە زۆریان كرد، بۆیە دەفتەرەكەم دادەخەم و لەسەر تەوەرێكی دیكە قسە دەكەم. ئەوەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمانی من ئەوەیە كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەندێكی زۆر لەسەر پرسی گەنجان دەكرێت و لە هەر یەكیك لەو بۆنانەدا كۆمەڵێك ئاكامی ڕاپرسی و، چەندین ئاماری پڕمەترسی دەخەینە ڕوو، بەڵام هەست دەكەین ئاكامی هیچ ڕاپرسیەك، یان داتایەك نامانهەژێنێت، بەو ئاستەی بكرێتە پرسێكی جددی و هەڵوەستەی لەسەر بكرێت. من وەك گەنجێك باش دەزانم هەموو لایەك دەزانن لەناو بارودۆخی گەنجاندا چی دەگوزەرێت، ئەو داتا و ئامارانەی د. چنار خستیە ڕوو، پێشتر لامان هەبووە و ئەوەشی كاك عەبدولسەلام مەدەنی خستنیە ڕوو، چەندین ساڵە دەزگای ڕوانگە بە شێوازی جیاواز توێژینەوەی لەسەر دەكات.

ئەمانە پێمان دەڵێن: بەڵێ، گەنجان كێشەیان هەیە و كێشەكەش زۆر جددییە و هەمووشمان قسەی لەسەر دەكەین، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە بۆچی لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەندانە ناگەینە هیچ ئاكامێك و نەمانتوانیوە هەنگاوێكی جدی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە هەڵبگرین و خاڵی دەستپێك بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەكان دەست پێ بكەین، بۆیە لەم گفتوگۆیەی «بازنەی گفتوگۆ» وەك د.سالار عوسمان لە سەرەتای قسەكانی گوتی: «خاترمان مەگرن و واقیعی كێشەی گەنج چۆنە وەك خۆی بیخەنە ڕوو»، منیش بڕیارم دا دەست لەسەر برینەكان دابینم و واقیعەكە چۆنە بەو جۆرە دەیخەمە ڕوو.

ئەگەر سەیری گەنجانی پێش ڕاپەرین بكەین، دەبینین گەشە و بیركردنەوەی گەنجان بۆ تێكەڵبوون و چوونە ناو كاری سیاسی لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی كوردستان بووە، دوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 و پاشانیش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەنج ئەو دەرفەتەی بۆ دروست بوو كە ئومێدێكی بۆ دروست بێت و خۆی نوێنەری خۆی بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت، لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان حزب و گەنجان دروست بوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی حزبەكان بۆ ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن كورسیی زیاتر بێنن و پاشانیش لە حوكمڕانی پشكی زیاتریان بەر بكەوێت، ناچار بوون ڕاستەوخۆ موخاتەبەی گەنج بكەن، بەڵام لەم موخاتەبەی نێوان گەنج و حزبەكان، حزبەكان نەیانتوانی گەنجەكان بەو شێوەیە پەروەردە بكەن، كە فێر بن داوای ئەوە لە حزب بكەین: ئایا لەناو ئەو بەرنامەی داتناوە، بۆ حوكمڕانی چی بۆ ئێمەی گەنجان دەكەیت وەك توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگە؟ لە بری ئەم پرسیارە گرنگە، بەو جۆرە پەرورەردەیان كرد كە ئەو پرسیارە بكەن «چی بۆ من دەكەیت وەك تاكێكی گەنج؟»، لێرەوە نەبوونی وەڵامێكی گەوهەری بۆ فۆكسكردنە سەر كێشەكانی گەنج وەك كێشەی توێژێكی گرنگ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كێشەكانی بەو ئاستە كەڵەكە كردووە كە ئێستا ئاكامی ڕاپرسییەكان پێمان دەڵێن.

لایەنێكی دیكە كە لە هەموو ڕاپرسییەكاندا سەرنجی لەسەر دەدەین، ئەوەیە كە ڕەخنە و ناڕەزایی گەنجان لە هەموو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە پلەی یەكەم ڕووبەڕووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پارتی خۆی بە خاوەنی كێشەی گەنجەكانی كوردستان دەزانێت و وەك دكتۆر سالاریش زۆر ڕاشكاوانە ئاماژەی پێ كرد، كێشەی گەنج خاڵێكی گرنگ و ئەولەوییەت بووە لە ڕاپۆرتی سیاسیی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە چەند مانگێك پێش ئێستا لە دهۆك بەڕێوە چوو، ئەمڕۆش كە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ئەم پارتە پرسی كێشەكانی گەنج بەم بوێرییە باس دەكرێت و پاشان بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەكەنەوە، ئەمە ئومێدێك لای گەنجان دروست دەكات، كە هیوای چارەسەركردنی كێشەكانی لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بدۆزێتەوە.

بۆیە هەنگاوی گرنگ بۆ دەستپێكی چارەسەری كێشەی گەنج لە كوردستاندا لەو خاڵەوە دەست پێ دەكات كە هەوڵ بدرێت ڕایەڵەیەكی پتەو لە نێوان بەرژوەندیی تایبەتی و بەرژەوەندیی گشتی لە ناو هزری لاوەكاندا دروست بكەین، بەرژەوەندیی گەنج وەك تاك تێڕوانینێكی مەشرووعە، بەڵام دەبێت لەناو هزری لاوەكاندا بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوە و نیشتمان هەستی پێ بكرێت و گەنج خۆی ببێتە بەشێك لە چارەسەری كێشەكان، نەك هەر وەك بەشێك لە كێشە سەیری خۆی بكات.

لە جیهانی ئەمڕۆدا میدیا و ڕاگەیاندن و جیهانی سۆشیال میدیا و تەكنەلۆژیا هەموو دونیای هێناوەتە ناو شاشە بچووكەكەی مۆبایلی ئەم لاوە، هەر بۆیە بەردەوام ژیانی جیاواز دەبینیت لە ژیانی زۆر باش و فاخری ئەوروپاوە هەتا دەگاتە ئەو شوێنانەی كە دیاردەی برسێتی ڕووی تێ كردوون، بەڵام كێشەكە ئەوەیە گەنجی ئێمە وەك تاك تەنیا لایەنە باش و خۆشگوزەرانییەكەی ژیان دەبینێت و لایەنە خراپەكانی گوزەرانی هەندێك نەتەوە نابینێت كە كوردستان لە زۆریان باشترە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە دووبارە گەنجەكان پەروەردە بكرێنەوە، ئەم پەروەردەیەش پێش پەروەردەكردنی ناو قوتابخانە و زانكۆكان دەبێت لەناو بارەگای حزبەكانەوە دووبارە پەروەردە بكرێنەوە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری تا دەگاتە ئەو ئاستەی گەنج پاراستنی هەرێمی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت.

پێداگریم لەسەر ئەوەی پێویستە پەروەردەی گەنجەكان لە بارەگای حزبە سیاسییەكانەوە دەست پێ بكاتەوە، لەبەر ئەوەیە وەك لەسەر ئاكامی ڕاپرسییەكان هەڵوەستە دەكەین، زۆر بە زۆری گەنجان لە فەوزای سیاسی و ئەدای حزبە سیاسییەكان تووڕە و بێزارن، پاشانیش هەر ئەو حزبە سیاسییانە دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەكانی ئەم وڵاتە هەڵدەسووڕێنن.

لایەنێكی دیكە كە پێویستە ئاوڕی جددی لێ بدرێتەوە، ئەوەیە كە دەبێت ئامادەبوونی كردەیی گەنجەكان لەم كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەندە كراوانەدا زیاتر بێت، لەم گفتوگۆیە «بازنەی گفتوگۆی» بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕاستە ڕاپرسییەكتان كردووە و ئێمە لەسەر ئاكامەكەی قسە دەكەین، بەڵام وەك دەبینین نەك لەم بازنەیە، بەڵكو لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەكان كورسییەكانی چۆڵن و ئامادەبوونی گەنجان ڕێژەیەكی زۆر كەمە، بۆیە ئەگەر ئێمە ئەم هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە كراوانە لەسەر پرس و كێشەی گەنج بكەین و، گەنجەكان خۆیان ئامادەبوونیان كەم بێت، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە لە بازنەیەكدا دەخولێینەوە و ناگەینە ئەو ئامانجەی كە مەبەستمانە، ئەویش دەستپێكردنی چارەسەركردنی كێشەی گەنجانە.

 

Top