نوێخوازی لە هونەردا
نوێخوازی ئەگەر چەمك و زاراوەیەكی تازەش بێت، لە كرۆكدا نوێخوازی خۆی كردەیەكی نەبڕاوەی بەرەی مرۆڤە. ڕێسای گەردوونە، هەر ڕۆژێكی نوێ، لاپەڕەیەكی نوێ لە ژیانی ئێمەدا دەكاتەوە. فەیلەسووفێكی گریك جوانی گوتووە، «هیچ كەس ناتوانێت دوو جار پێ بخاتە نێو ئاوی هەمان ڕووبارە.» ڕۆیشتنی لە بڕان نەهاتووی ئاوی ڕووبار، هاوتای نەبڕانەوەی زەمەنە. ئەمەش واتە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك دووبارە ئەزموون بكەین، چركە بە چركەی زەمەن سێبەری خۆی بەسەر ژیاندا دەكشێنێت. مرۆڤی هۆشیار ئەو كەسەیە هاوشانی زەمەن و ڕێسای گەردوون، ڕێ دەكات و دەڕوات.
ئا/ تاریق كارێزی
ڕێسای گەردوون و یاسای ژیانە، هیچ مرۆڤێك نابێتە كۆپیی مرۆڤێكی دی، هیچ ئەزموونێكیش چون ئەزموونێكی دیكە نابێت، كۆپی كردن و دووبارە كردنەوە، كردەی ناحەزن. ئێوە سەرنج بدەن، ئێمە بە دەیان هەزار گۆرانیی كوردیمان هەیە، نە هۆزان، نە ئاوازی هیچ گۆرانییەك بە ئەوی دیكە ناچێت. ئیدی ئەمەیە نوێخوازییەك كە بانگەشەی بۆ نەكراوە، خۆڕسك ڕێی خۆی گرتووە و ڕێڕەو نەگۆڕە.
لە نوێخوازیدا كێشە دێتە پێش، یان كارەكە وا وێنا دەكرێت، كە كێشەیە و لە ڕاستی وا نییە. نوێخوازی هەیە بیژۆك و نابەكامە. ئەمەش ناكاتە كێشەی نوێخوازی، بەڵكوو كارەكە وەك ماستی هەڵبزڕكاوی كابانێكی ناشارەزایە. كابانی باش ماستی باشی دەبێت، هونەرمەندی بە ڕاستی نوێخواز، بە بەرهەمی دەستی خۆی، ئاشق بە هونەرەكەی خۆیمان دەكات. داری زڕ بەری نابێت، بەهرەی نیوەچڵ هونەر نانوێنێت، زڕە هونەر دەخاتە ڕوو. بەهرەی گەش و پڕ توانا، لە گوڵستانی هونەرەوە بە سەبەتی پڕ دەگەڕێتەوە.
سەیوان سەعیدیان شێوەكارێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ساڵانێك لە باشووری كوردستاندا ژیانی گوزەراند. پەیكەرێكی وەك یادگارێكی بەهادار، لە بەردەم بەشە ناوخۆی شەوكەت شێخ یەزدین سەر بە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، بۆ پایتەختی باشووری كوردستان بەجێ هێشتووە. سەیوان ئێستا لە فەرەنسایە. ئەو یەكێكە لە هونەرمەندانی نوێخواز. نوێخوازییەك بە دیدگا و بەرهەم ساغی دەكاتەوە.
لەم ماوەیەی دواییدا، سەیوان پیشانگایەكی نیگار و پەیكەری بە ناونیشانی ژن، ژیان، ئازادی (Jin، jiyan، azadî: Femme، vie، liberté) لە فەرەنسا كردەوە. لەم پیشانگایەشدا هونەرمەند لە دەروازەی نوێخوازییەوە هاتووەتە دەست. ئاسنی لە ڕوانگەی من و تۆ بێ كەڵك و ژەنگ هەڵاتووی كردووە بە كەرەستەی دروست كردنی پەیكەر، لە پاڵ چەند پەیكەرێكی دارین، ئەمانەی لە شێوەی هونەرێكی نوێخواز، بەڵام شایستە بە سەرنج و تێڕامانی ئێمە و هونەر دۆستانی فەرەنسا. لە هەر گۆشەنیگایەوە لە پەیكەرەكانی سەعیدییان بڕوانین، هونەریان لێ دەبارێت، بۆمانی ساغ دەكاتەوە كە ئێمە هەمبەر بە كارێكی دانسقە وەستاوین، جوانی و شەوق و ڕەونەق لە دیدگایەكی تایبەتەوە دەخەنە ڕوو، هاوكات بە هونەرێكی نوێخوازمان ئاشنا دەكات.
ئەم پیشانگایە، ئێمە لەگەڵ چەمك و بەهای نوێخوازی و شێوەی كار كردن بەو ستایلە، بەرەو ڕووی یەك دەكاتەوە، پرسیاری ئەوەش دەهێنێتە گۆڕێ، ئاخۆ تا چەند نوێخوازی پێویستە، چون لێی تێبگەین، بە چ شێوەیەك پیادەی بكەین، بەرەو كام ئاقارمان دەبات، بە چ پێوانەیەك ئێمە نوێخوازین؟ لە بەرەو ڕوو بوونەوەی هەموو لق و چڵەكانی ئەم پرسیارە، ئێمە دڵنیاین سەیوان بەسەر (گرفت)ی نوێخوازیدا زاڵ بووە، بەسەر پردی گەیشتن بە دنیای نوێخوازی پەڕیوەتەوە. لەوەش زیاتر ئەو سڵی لەوە نەكردووەتەوە، بە بەرهەمی خۆی، خەڵكی تێرە هونەری فەرەنسا بدوێنێت. لە پرۆژە و كاری خۆی دڵنیایە، بۆیە هونەری لە وڵاتی هونەردا نمایش كردووە.