نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

ماوەیەك پێش ئێستا خانمە ئەكتەری بواری شانۆ نەرمین كاوانی تووشی نەخۆشییەكی سەخت بوو و تەندروستی تێك چوو، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی ئیرادە و كۆڵنەدانی دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكەی و چەند پرسێكی هونەری، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد.

* ئێستا دۆخت لەگەڵ نەخۆشیەكەت چۆنە؟
- دوای ئەوەی ماوەی ساڵێك و دوو مانگ سەرقاڵی وەرگرتنی چارەسەر بووم، بە گشتی بارودۆخی ئێستام زۆر باشە، وەك دەزانن شێرپەنجە نەخۆشییەكە كە نیشانەكانی پێشتر دەرناكەوێ، بەڵكو لە ناكاو دەردەكەوێ، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیران یان شۆك بۆ كەسی تووشبوو لە سەرەتاوە، بۆ منیش ناخۆش بوو و بمانەوێ و نەمانەوێ نەخۆشییەكە شەڕ و ئیرادەی دەوێ، پزیشكەكەش ڕاستەوخۆ پێی وتم شەڕێكی دەستەو یەخەی دەوێ، من سەرەتا لەوە تێنەگەیشتم، چونكە تۆ تا ئازارێك نەبینی هەستی پێ ناكەی یان چ تامێكی هەیە و چ ژەهرێكی پێیە، بەڵام من توانیم بەسەر ئەم شۆكەدا زاڵ بم بە پشتیوانی خوای گەورە و هێز و ئیرادەی پێی بەخشیم.

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

* دواتر چی ڕوویدا؟
- كە دەستم كرد بە بەرنامەی چارەسەر و نەشەرگەری و ئەو ڕێكارانەی پزیشكەكان بۆیان تەرخان كردم، ئینجا زانیم كە دەبێ خۆمی بۆ ئامادە بكەم و بكەومە شەڕی دەستە و یەخە، بەڵێنم بەخۆم دا كە ئەم شەڕە دەكەم و پشتیوان بە خودا دەبێ سەركەوم و بیبەمەوە، سوپاس بۆ خودا تا ئێستا باشم، بەڵام من توانیم بەسەر ئەم شۆكەدا زاڵ ببم سوپاس بۆ خودای گەورە ئەو هێز و ئیرادەی پێی بەخشیم.

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

* سەرچاوەی ئەم ئیرادە و متمانەیە چییە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم نەخۆشییەدا؟
- وەك گوتم پاڵپشت و پەنای یەكەمم خودای گەورەیە كە لە سەرووی هەموو شتێكەوە، هەروەها من دایكم، ئەوەی هەست بە دایكایەتی بكات ئامادەیە بۆ قوربانیدان، كەسوكار و خوشك و براكانیشم پاڵپشتییەكی بێ وێنە بوون، لەلایەكی دیكەوە جەماوەرەكەم بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ من بە شێوازی جۆراوجۆر دەربڕیوە، هاووڵاتی هەبووە لە دەرگای داوم و گوتوویەتی دوو ڕۆژە بۆ ماڵەكەت دەگەڕێم و هاتووم بزانم هیچت پێویست نییە، هەموو لایەنە هونەری و حزبییەكان دام و دەزگا حكومییەكان لێیان پرسیوم و سەردانیان كردووم، هەرچیشم پێویست بێت كەمتەرخەمییان نەكردووە، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی نەخۆشخانەی هیوا بكەم كە ئەوانیش پاڵپشتییەكی باشیان كردووم و ئەو چارەسەرەی لە دەرەوە هەیە، ئەوان لێرە پێشكەشیان كردووە، هەروەها خۆم بە قەرزداری بینەرەكانم دەزانم بە دوعا و خۆشەویستییان پاڵپشتم بوون، لێرەوە پێیان دەڵێم خۆشم دەوێن و هیوادارم خۆیان و ئازیزانیان تووشی هیچ نەخۆشییەك نەبن.

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

* ئێستا ئامادەی بگەڕێیتەوە بۆ دوونیای هونەر؟
- من لە هونەر دانەبڕاوم و بەردەوامم، بۆیە ناڵێم دەگەڕێمەوە و ئەگەر كاری جددی و باش هەبێت بێگومان پێشكەشی دەكەم، چونكە بەڵێنم بە بینەرانی خۆم داوە كە تا مردن بەردەوام دەبم، لە ڕووی تەندروستیشەوە ئەمە هێز و توانای دەوێت، بەڵام من ئەو هێزەم بەخۆم داوە، پەنا بە خودا بەردەوام دەبم.
* لە ماوەی نەخۆشییەكەتدا پێشنیاری هیچ كارێكی نوێت بۆ كراوە؟
- بێگومان چەند كارێكی درامای نوێ هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی سیناریۆ، یان كارەكەم بە گشتی بەدڵ نەبووە، بۆیە ڕازی نەبووم بەشداریی تێدا بكەم.

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

* بۆچی زیاتر لە شانۆوە نزیكتری وەك لە دراما؟
- من لە شانۆە دەستم پێ كردووە هەر لە شانۆش كۆتایی بە كاروانی هونەریی خۆم دەهێنم، بەداخەوە كاری باش نییە، كارەكان قورسن بۆ كەسێك كە هەم دایك و هەمیش فەرمانبەر بێت و بەرپرسیاریەتی پەروەردەكردنی خێزانی لە ئەستۆ بێت، بۆ كارێكی هونەری چەند مانگێك لە هۆڵێكدا دەمێنیتەوە، هیچ پاڵپشتێكی ماددی، دەروونی و كۆمەڵایەتی نییە، دەبینی تەنیا سێ ڕۆژ بینەرت هەیە و ئیتر هۆڵەكان چۆڵ دەبن، ئەمانە هەموویان هۆكارن كە هێزت نەمینێت و نەتوانیت لەسەر شانۆ بمێنییتەوە.

نەرمین کاوانی: سوپاس بۆ خودا كە ئێستا تەندروستیم باشە

* لە ماوەی ڕابردوو شانۆمان بینیووە كە لە ڕووی جەماوەرەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە، هۆكار چی بووە؟
- زۆر جار ئەكتەرێك دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی بینەر لە كارێكی شانۆییدا، ئیتر بە كۆمیدیا بێت یان بە كاری جددی، گرنگ ئەوەیە ئەو ئەكتەرە توانای ڕاكێشانی بینەری هەیە بە ئەدای بێت یان بە ناوبانگی، جاری واش هەیە خودی كارەكە باشە، بەڵام بەداخەوە ئەو كارانە زۆر كەمن، ڕەنگە لە ساڵێكدا یەك یان دوو كاری لەو شێوەیە هەبێت، ئەمەش لە ئاستی خواستی بینەر و ئەكتەردا نییە، چونكە زۆرترین ئەكتەر ئەگەر بەشدار بن ژمارەیان ناگاتە دە ئەكتەر، كەواتە ئەكتەرەكانی دیكە بێبەش دەبن.
* فیستیڤاڵی سینەما دژی تیرۆر چۆن دەبینیت؟
- دەستخۆشی لە كاك پشتیوان و هاوكارەكانی دەكەم، چونكە هێز وتوانایەكی زۆری دەوێ، هیوادارم بەردەوام بێت و هاوكاریی زیاتریش بكرێت، چونكە بوونی فیستیڤاڵ كارێكی زەرورە، پێویستە بەردەوام بێت بۆ بینینی كاری باش و كۆكردنەوەی هونەرمەندان وگۆڕینی كەلتوور و بیروڕا، بەداخەوە هاوكاری ناكرێت، بۆیە دەبینین لە پاشەكشێدایە.

Top