ئایا ڤاكسینی كۆڤید دەبێتە ساڵانە؟

ئایا ڤاكسینی كۆڤید دەبێتە ساڵانە؟

بەم دواییە بەڕێوەبەرایەتیی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی FDA ئاشكرای كردووە كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویست دەكات كە ساڵانە یەك جار ژەمێكی ڤاكسینی كۆڤید وەربگیرێت هاوشێوەی ڤاكسینی ئەنفلوەنزای وەزری. ئاماژە بەمەش كراوە كە واباشترە ڤاكسینی كۆڤیدی ساڵانە لە وەزری پاییزدا وەربگیرێت، چونكە بە پێی سرووشتی ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەپۆلی گەورەی پەتاكان زیاتر لە وەرزی زستان و پاییزدا سەریان هەڵداوە، ئەمەش وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید بۆ هەموو كەسێك ئاسان دەكات، ئەگەرچی گەلێك لە پسپۆڕانی تەندروستیی گشتی پێیان وایە كە هێشتا زووە بۆ بڕیاردان، چونكە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید ساڵانە یەكجار لەوانەیە كە بەس نەبێت بۆ خۆپاراستن لە گۆڕاوە نوێیەكانی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یان بۆ خۆپاراستن لە جۆری گۆڕاوی نوێی دیكە، كە لەوانەیە لە ئایندەدا سەرهەڵبدەن. بە ڕای پسپۆڕان، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت لە پەیداكردنی گۆڕاوی نوێ، بۆیە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤید ساڵانە بە پێویست دەزانن، چونكە تەنانەت پاش وەرگرتنی سێ یان چوار ژەمی ڤاكسینی كۆڤید، بەرگریی لەش بەرانبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرە بەرە كەم دەبێتەوە و بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت.

 

Top