ئایا رەبوی منداڵ نەخۆشییەكی كاتییە؟
رەبوی منداڵ Pediatric asthma نەخۆشییەكی درێژخایەنی سییەكانە بە شێوەی هەستیاربوونی بۆڕییەكانی هەناسە بۆ چەند وروژێنەرێكی وەكو هەوكردن، تۆز، دوكەڵ، هەوای سارد، بۆن، هەڵاڵە، ماددەی كیمیایی، مەشقی وەزرشی، یان سترێس كە دەبنە ئەگەری ئاوسانی ناوپۆشی بۆڕییەكانی هەناسە و گرژبوونەوەی تەشیلەماسوڵكەكانی دەوری بۆڕییەكانی هەناسە، لەگەڵ دروستبوونی دەردراوی لینجی پەیتتر (چڕتر) لە دەردراوی ئاسایی لەناو بۆڕییەكانی هەناسەدا. هەموو ئەم گۆڕانانە دەبنە هۆی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی هەناسە، ئەمەش هاتووچۆی هەوا بۆ سییەكان قوڕس دەكات و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەی وەكو: كۆكە، ویزە لەكاتی هەناسەوەرگرتندا، هەناسەتەنگی بەتایبەتی لەكاتی جوولەدا، هەروەها هەستكردن بە توندبوونی سینگ. رەبوی منداڵ بەگشتی لە تەمەنی 5 ساڵیدا سەرهەڵدەدات و بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنی نەوجەوانی، لە نزیكەی 50%ی حاڵەتەكاندا نیشانەكان بە شێوەیەكی بەرچاو سووك و كەم دەبنەوە، هەندێك جاریش تووشبوو بە تەواوی چاك دەبێتەوە. دەتوانرێت كە بە چارەسەری گونجاو رەبوی منداڵ بە تەواوی كۆنترۆل بكرێت و تووشبوو وەكو منداڵێكی ئاسایی ژیان بەسەربەرێت.