خەو و ئاستی شەكری خوێن

خەو و ئاستی شەكری خوێن

 هەموو شەوێك بێ ئەوەی پەیوەندی بە خەوەوە هەبێت، ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە وەكو بەشێكی سرووشتی لە ریتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش Circadian rhythm، هەروەها لەكاتی نووستندا ئاستی شەكری خوێن زیاد دەبێت. زیاد و كەمیی ئاستی شەكری خوێن لەكاتی شەو و لەكاتی نووستندا ئاساییە و هەرگیز مایەی نیگەرانی نییە. ئەمەش سەلمێنراوە كە خەوی دروست رۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ هێشتنەوەی ئاستی دروستی شەكری خوێن، كەچی كەمخەوی هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، چونكە كەمخەوی هۆكارە بۆ دروستبوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، ئینجا پاش لەخەوهەڵسان دەبێتە ئەگەری زیاد هەستكردن بە برسیبوون و زیاد خواردن، یان درەنگ هەستكردن بە تێربوون. لە لایەكی دیكەوە، كەمخەوی ئاستی هۆرمۆنی دیكەش زیاد دەكات، بۆنموونە ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیسۆڵ بەرزدەبێتەوە كە هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بۆیە خەوی شەوانەی كەمتر لە حەوت كاتژمێر هەرگیز هاندەر نابێت بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا.

 

Top