كوارگ بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە
كوارگ یان قارچك Mushrooms جۆرێكی كەڕووە، سەرەڕای چێژە خۆشەكەی، خۆراكێكی سوودبەخشە بە وزەیەكی كەم و سۆدیۆمی كەمەوە. لە چەندین لێكۆڵنەوەدا هاتووە كە رۆژانە خواردنی تەنیا 18 گرام كوارگ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە تا رێژەی 45% كەم دەكاتەوە، چونكە ترشە ئەمینێكی دژەئۆكسان بە ناوی ئێرگۆتایۆنین Ergothioneine لەخۆدەگرێت، كە رێگە لە تێكچوونی خانەكانی لەش دەگرێت. سوودەكانی دیكەی كوارگ بریتین لە: رێگرتن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن بەوەی كە كوارگ ئاوێتەی تایبەتی تێدایە كە دروستبوونی كۆلیستیرۆڵ لە جگەردا كەم دەكاتەوە و رێگە لە هەڵمژینی دەگرێت لە كۆئەندامی هەرسدا، باشتركردنی توانا و فرمانەكانی مێشك و سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشیی ئەلزهایمەر، كەمكردنەوەی ئەگەری خەمۆكی، وەكو سەرچاوەیەكی ڤیتامین D كوارگ هاندەرە بۆ هەڵمژینی كانزای كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرسدا، هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا، بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، چونكە كوارگ كانزای سیلینیۆم و ڤیتامین D و B6 لەخۆدەگرێت.