ریجیمی خۆراك سووڕی مانگانەی ئافرەت تێك دەدات
خۆراك كاریگەریی بەرچاوی لەسەر سووڕی مانگانەی ئافرەتدا هەیە، خۆراكی تەندروست واتە سووڕی مانگانەی تەندروست. ریجیمی خۆراك هۆكارە بۆ تێكدانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان هاوكات لەگەڵ كەمیی ماددە خۆراكییە گرنگەكاندا، ئەمەش زۆر جار دەبێتە ئەگەری ناڕێكبوونی ریتمی سووڕی مانگانە، یان وەستانی سووڕی مانگانە Amenorrhea هەتا ئەگەر كاتییش بێت. لە لایەكی دیكە، ریجیمی سنوورداركردنی كالۆری دەبێتە ئەگەری (زاڵبوونی) هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen dominance كە نیشانەكانی بریتین لە: سەرهەڵدانی ئازار و گرژیی پێش دەستپێكی سووڕی مانگانە PMS، سووڕی مانگانەی قورس واتە بینینی بڕێكی زۆری خوێن، سەرئێشە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، كۆبوونەوەی گاز لە سكدا، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، لەگەڵ پەستی و خەمۆكی. پێویستە ئەمەش بزانرێت كە هەر جۆرێكی ریجیم كاریگەریی نەرێنی لەسەر سووڕی مانگانەدا هەیە، جا ریجیمی كەمكردنەوەی كالۆری یان ریجیمی یۆ یۆ Yo-yo dieting یان ریجیمی كیتۆ بێت.