قەڵەوی منداڵ گرفتێكی گەورەیە!

قەڵەوی منداڵ گرفتێكی گەورەیە!

 ئایا گوێبیستی پەتای قەڵەویی منداڵ بوویت؟ لە ئامارە تەندروستییەكاندا هاتووە كە تەنیا لە ئەمریكا نزیكەی 16 ملیۆن منداڵ تووشی قەڵەوی بوون، هەروەها نزیكەی 14%ی منداڵانی تەمەن 2-5 ساڵ گرفتی قەڵەوییان هەیە. هۆكاری سەرەكیی قەڵەوی منداڵ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هاوسەنگیی نێوان بڕی كالۆریی لە خۆراك وەرگیراو لەگەڵ بڕی وزەی سەرفكراودا، پاشان بۆماوە، دەوروبەر، باری ئابووری، هەروەها ژیان لە شارەكاندا هۆكاری دیكەن بۆ زیادبوونی ئەگەری قەڵەوی لە منداڵاندا. كاریگەریی قەڵەوی لەسەر تەندروستیی منداڵ بیتیە لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەوكردنی جومگە و ئێسكە بەشدارەكانی Osteoarthritis، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵ و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك لە ئایندەدا، كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا، نەخۆشیی كیسی زراو، گرفتەكانی كۆئەندامی هەناسە، بەتایبەتی رەبوو، هەروەها هەندێك جۆری شێرپەنجە. لە لایەنی دەروونییشەوە، گەلێك لە منداڵانی كێش زیاد یان قەڵەو نیگەرانن لەوەی كە ببنە مایەی شۆخی و گاڵتەجاڕی لە لایەن كەسانی دەوروبەریانەوە، دەرەنجام تووشی خەمۆكی و هەستكردن بە باوەڕ بەخۆنەبوون دەبنەوە و گرفتیان دەبێت لە پەیداكردنی هاوڕێدا. ئەمانە و كەمیی قەناعەتكردن بە شێوەی لەش زۆر جار منداڵ تووشی شەرمكردن دەكات، هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئاستی خوێندن لە قوتابخانەدا.

 

Top