ئیسلامی سیاسیی شیعە تێڕوانینیان بۆ دەستوور و دەوڵەتی فیدڕاڵی

 ئیسلامی سیاسیی شیعە تێڕوانینیان بۆ دەستوور و دەوڵەتی فیدڕاڵی

عەبدولكەریم سروش بیرمەندی گەورەی فارس، لە پەنێڵێكدا كە بۆ قسەكردن لەسەر كتێبەكەی «ئەقڵ، ئیسلام، دیموكراتی» بۆی ساز كرابوو، ئاماژەی بە بانگهێشتێكی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی كردبوو، كە داوایان لێ كردبوو چەند موحازەرەیەك لەسەر «ئیسلام و دیموكراتی» لە زانكۆكەیان پێشكەش بكات. سرووش لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی هارڤارد، سەرسامیی خۆی پیشان دابوو بۆ داواكەی هارڤارد و بە سەرۆكی زانكۆكەی گوتبوو: «ئێوە داوای شتێكم لێ دەكەن كە هیچ نزیكییەك لە نێوانیاندا نییە، زمانی دیموكراتی – مافە -، زمانی ئایین – پابەندبوونە-، هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەك لە نێوان ئایین و دیموكراسیدا لینك و لێكنزیكبوونەوە دروست نابێت.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری ئەو حزبە سیاسییانەی شیعە لە عێراقدا بكەین، ئەوا دەبینین بەشێكی زۆری حزبە سیاسییە ئیسلامییەكانی شیعەی عێراق بە تەنیا حزبی ئیسلامیی سیاسی نین بۆ ئەوەی لە وڵاتدا و لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵكو لەو حزبە ئیسلامییە شیعانەشن كە بڕوایان بە هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوە هەیە.

لەم چوارچێوەیەدا كاتێك قسە لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور، یان بونیادنانی عێراق وەك «دەوڵەتێكی فیدڕاڵی» دەكەین، گرنگە پێشوەختە ئەو ڕاستییە بزانین كە لایەنی بەرانبەرمان كە ئەمڕۆ حزبە ئیسلامییە شیعەكانی عێراقن، لە بنەڕەتدا نە بڕوایان بەو دەستوورە هەیە كە خۆیان دەنگیان لەسەری داوە، نە بڕواشیان بەوە هەیە كە عێراق دەوڵەتێكی «سكۆلاری دیموكراتی و فیدڕاڵی بێت»، بەپێچەوانەوە لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكانی شیعە قەت ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە ئەوان هێندەی بڕوایان بە میتۆدی مەزهەبیی خۆیان هەیە، بڕوایان بە هیچ میتۆدێكی دیكە نییە.

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لەگەڵ حكومەتێك مامەڵە بكات كە خۆی بڕوای بەو سیستمە نییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە ڕاشكاوییەكی سیاسی هەیە كە لێرەدا ئاماژەی پێ دەكەین:

1. بڕیاری بوونی هەرێمی كوردستان بە هەرێمێكی فیدڕاڵی، بڕیاری پەرلەمانی كوردستانە لە 4ی تشرینی یەكەمی 1992، ئەمەش واتە 11 ساڵ پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاری فیدڕاڵی داوە، پاشانیش هەموو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە كۆنگرەكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ددانیان بە بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستاندا ناوە، ئەوجا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەسەر عێراقی تازەی دوای ڕژێمی بەعس ڕێككەوتنی كردووە و، گرنگە ئەو ڕاستییە ئاماژەی پێ بكرێت، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەر ئەوە داوە كە عێراقی دوای ڕژێمی بەعس دەبێت دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بێت، نەك پەرلەمانی عێراق.

2. سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، تێكڕای ئەو دەسەڵاتانەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی و پاشان بووە بە پاكێجێك لە دەستووری عێراق و دەستووری عێراق بە فەرمی و یاسایی ئەو دەسەڵاتانەی سەلماندووە، ئەوا ئەو دەسەڵاتانە هەموویان بەرەنجامی ئەو بڕیار و یاسایانەیە كە لە ماوەی ساڵانی (1992-2003) لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەنگیان لەسەر دراوە و پەسەند كراون. هەر بۆیە ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقەوە بە هەرێمی كوردستان نەبەخشراون.

3. سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە گشتی و چارەنووسی پارێزگای كەركووك بەتایبەتی، تەنیا پرسە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە نووسینەوەی دەستووردا ڕازی بوو لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەم ماددە دەستوورییە كە ماددەیەكە بۆ چارەسەری كێشەی بەشێك لە پارێزگاكانی دیكەش دانراوە، تەنیا تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان نییە كە سڕكراوە و، بەپێی بەرنامە وەزارییەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرلەنوێ كاری بۆ كراوە، بۆ ئەوەی هەم لێژنەی باڵای بۆ دابمەزرێننەوە و هەمیش ماددەكە سەرلەنوێ كارا بكرێتەوە.

ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ كردن، ناوەرۆكی واقیعی سیاسیی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، ئەوجا ئەو دەوڵەتە وەك لە دەستووردا پێناسە كراوە كە دەبێت «دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و فرەیی و دیموكراتی و پەرلەمانی بێت»، یان ئەو دەوڵەتە بێت كە ئەقڵییەتی ئیسلامی سیاسیی شیعە پێناسەی دەكات، ئەوا دەبێت بارودۆخی كوردستان تیایدا بارودۆخێكی تایبەت بێت و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان لەناو دەستوور و یاساكانی دەوڵەتی عێراقدا لەبەر چاو بگیرێت.

لێرەوە كە خوێندنەوەیەكی ورد بۆ بەرنامە وەزارییەكەی ئەم حكومەتەی ئێستای محەمەد شیاع سودانی دەكەین، بە شێوەیەكی زمنی پێداگریی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو واقیعە سیاسییەی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆسەكە دەبینین و دەزانین لەسەر چ پرەنسیپ و ستراتیژییەك ڕەزامەندی پیشان داوە بۆ ئەوەی لایەنی كوردستانی بەشێك بن لەم حكومەتە، هەروەها لە گۆشە نیگای لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەشەوە، ئەوە دەخوێنینەوە كە ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر كێشەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكەن، ئەوا نە خۆیان دەتوانن حوكمڕانی بكەن و خاوەن دەسەڵات بن، نە هەرێمی كوردستانیش تەسلیمی ئیرادەی ئەوان دەبێت، هەروەك چۆن لە ڕابردوو هەموو ڕێگەیەكیان تاقی كردەوە و سەرەنجام هاتنەوە سەر ئەو ڕێگەیەی كە سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2002 لە كۆنگرەی لەندەن پێی گوتن: «حوكمڕانیی دەوڵەت بە ڕق و كینەی ڕابردوو ناكرێت».

لەسەر ئەم ئاراستەیە، دەگەینە ئەو ئاكامەی كە پێداگریی سەرۆك بارزانی لەسەر پاراستنی هەرێمی كوردستان و مافی گەلی كوردستانە، ئەوجا بۆ گەیشتن بەم ئاكامە، ئەگەر ڕێگەی ئەقڵ و لۆژیك بگیرێتە بەر، دەرگای ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی سەرۆك بارزانی كراوەیە و، ئەگەر هەمان هەڵەكانی ڕابردووش دووبارە بكەنەوە، ئەوا پێشتر سەرۆك بارزانی لە كاتی خۆی وەڵامی داونەتەوە.

لەم دووڕێیانەی ئێستای پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كە حكومەتەكەی سودانی بە گڕ و تینێكی باشەوە دەستی پێ كردووە، جێگەی خۆیەتی بە چاوی گەشبینی و ئومێدەوە سەیری ئەدای ئەم حكومەتە بكەین و هیوای ئەوە بخوازین هەڵەكانی 20ساڵی ڕابردووی حكومەت جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە و تەواوی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە چارەسەر بكرێت، كە هەموو لایەنەكانی ناو حكومەت ئیمزایان لەسەر كردووە.

 دووڕێیانی دوایین دەرفەت بۆ حوكمڕانی لە عێراقدا

نووری مالیكی بە دەنگە قووڵەكەی «Deep Voice» ناو پرۆسەی سیاسیی ناوماڵی شیعە دادەنرێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كارەكتەرەی كە لە سكاندڵی «واتەر گێت»دا توانی ڕیچارد نیكسۆنی سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 1973 ناچاری دەستلەكاركێشانەوە بكات، بە هەمان شێوە، نووری مالكییش لە ماوەی یەك ساڵی كێشمەكێشی نێوان «تەیاری سەدر و چوارچێوەی هەمانگیی شیعە» سەرەنجام توانی موقتەدا سەدر ناچاری دەستكێشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بكات.

نووری مالیكی لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی «ئەلشەرقییە» كە هەفتەی ڕابردوو پەخش كرا، ڕاشكاوانە نەك هەر باسی ئەم ڕۆڵەی خۆی دەكات، بەڵكو شانازی بەوەشەوە دەكات كە بۆ پاراستنی دامەزراوەكان و دامەزراندنی ئەم حكومەتە، ئامادەبووە دەست بداتە چەك و شەڕی لەسەر بكات، لەمەش زیاتر سووربوونی خۆی لەسەر پشتگیری و پشتیوانیی ئەم حكومەتە دەربڕی و وەك دوایین دەرفەت بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخە خراپە وەسفی كرد و، هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشی لە یاد نەكرد و، هەر لەو چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ كەناڵی «ئەلشەرقییە» مالیكی گوتی: «ئەگەر دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی نەبوایە بە كشانەوەی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و پشتگیریكردنی كاندیدی هاوبەش، ئەوا نەماندەتوانی گرێكوێرەی بەردەم پێكهێنانی حكومەت بكەینەوە».

مەغزای ئەم چاوپێكەوتنە و وەڵامدانەوەی مالیكی بۆ كەناڵی ئەلشەرقییە، ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە كە خودی مالیكی ئەدای حكومەتی عێراق دەجووڵێنیت و ئاراستەی دەكات، بە تایبەتی وەڵامەكانی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و...هتد، بە شێوەیەكی زمنی ئەوەی بۆ بینەران ئاشكرا كرد كە زەحمەتە دوای ساڵێك هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و، بە مانایەكی دیكە كات كراوەیە بۆ ئەوەی حكومەتەكەی سودانی ماوەی یاسایی خۆی كە دەكاتە چوار ساڵ، تەواوی بكات.

هەڵوێست و قسەكانی نووری مالیكی بۆ ئەدای محەمەد شیاع سودانی وەك هەڵوێست و قەسەی سەرۆك حزبێك بوو كە بیەوێت باس لە كاندیدەكەی خۆی بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەمەش ئەو مانایەی لای بینەر بەرجەستە دەكرد، بەوەی ڕاستە محەمەد شیاع سودانی ئێستا لە حزبێكی دیكەیە و كاندیدی لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكییش نەبووە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی پێشتر ئەندامی حزبی دەعوای ئیسلامی بووە و ئەزموونی كاركردنی لەگەڵ مالیكی هەبووە، كەسێكی متمانەپێكراوی مالیكییەو هەر لەسەر پێشنیاری مالیكییش كراوەتە كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات، وەك چۆن نووری مالیكی لە پرۆسەی كێشمەكێش و ململانێ لەگەڵ موقتەدا سەدر توانی سەركردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بكات و، وەك خۆی باسی دەكات، چۆن توانی یەكگرتوویی و یەكڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لە بەرانبەر موقتەدا سەدر بپارێزێت و، سەرەنجام گەیاندیە ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ كورد و سوننە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروست بكات و حكومەت بە سەركەوتوویی پێك بهێنن، ئەوا لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی حوكمڕانییش هەمان ڕۆڵی هەیە و، زۆر لە چاودێران حكومەتەكەی سودانی بە حكومەتی سێبەری «مالیكی» ناوزەد دەكەن.

لەسەر ئەم بنەمایە گرنگە شرۆڤەیەكی سیاسی بۆ ئاراستەی بیركردنەوەی نووری مالیكی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا بكەین و، ئەو پرسیارە بورووژێنین بەوەی كە ئایا نووری مالیكی دەیەوێت چۆن حوكمڕانیی عێراق بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە چەند خاڵێك دەدەینەوە:

1. نووری مالیكی دوو ئەزموونی چوار ساڵیی لە پرۆسەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هەیە، لە چوار ساڵی یەكەمی (2006-2010) نووری مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانێكی سەركەوتوو دەركەوت، هۆكاری سەرەكییش بۆ سەركەوتنەكەی ئەوە بوو لە چوار ساڵی یەكەمدا بڕوای بەوە هەبوو كە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق بە پشتگیریی كورد بە گشتی و سەرۆك بارزانی بە تایبەتی بونیاد دەنرێنەوە، بۆ ئەمەش سەرۆك بارزانی هاوكارییەكی باشی كرد لە پرۆسەی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، بە تایبەتی لە دووبارە بونیادنانەوەی سوپای عێراقدا، هەروەها مالیكی ئەوكات قەناعەتی بەو جۆرە بوو كە بە پەراوێزخستنی عەرەبی سوننە كێشەكان چارەسەر نابن، بۆیە دەرگای هاوكاریی بۆ عەرەبی سوننەش كردەوە و، ئەوە بوو توانرا بە دامەزراندنی هێزەكانی «سەحوە» و هاوكاریی هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی گەورە بەسەر ڕێكخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدەی عێراق» بەدەست بهێنرێت،

2. چوار ساڵی دووەمی ئەزموونی نووری مالیكی (2010 -2014) بە چوار ساڵی خراپ لە مێژووی سیاسیی مالیكی لە قەڵەم دەدرێت، جیا لەوەی خۆی وەك سەرۆك وەزیران ڕێگەی پێ نەدرا خۆی كاندید بكاتەوە، لە هەمان كاتدا عێراقیش كەوتە سەر لێواری هەڵدێر و نیوەی خاكی عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر كرا و، خەلافەتی بەناو ئیسلامی لەسەر ڕاگەیەندرا.

هۆكاری سەرەكی بۆ شكستی مالیكی لە خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانیدا، دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی شێوازی حوكمڕانییەكەی لە حوكمڕانییەكی هاوبەش و هاوسەنگ و هەماهەنگییەوە بۆ ئاراستەی دیكتاتۆریەت و قۆرخكردنی بڕیاری بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن شەخسی خۆیەوە، بێ گوێدانە ئەوەی كە كورد و عەرەبی سوننە بەشێكن لەم وڵاتە و مافی خۆیان هەیە، بۆیە سەرەنجام ئەوەی بەسەر هات كە بە سەری هات.

لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری ساڵی 2018، لیستی دەوڵەتی یاسا بەراورد بە لیستی سائیرون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و تەنانەت لیستی نەسریش بە سەرۆكایەتیی د.حەیدەر عەبادی، سەنگێكی ئەوتۆی لە ناو ئەو لیستانەدا نەبوو كە پاڵێورابوون بۆ ئەوەی حكومەت پێك بهێنن، بۆیە بەشداریكردنی ڕەت كردەوە و تەنانەت دوای دەستلەكاركێشانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی و دانانی مستەفا كازمییش، ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسا بەشداریی حكومەتەكەی كازمییان نەكرد. بەڵام دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 لیستی دەوڵەتی یاسا لە دوای لیستی سەدر دووەم دەنگی هێنا، ئەم پێشكەوتنەی مالیكی لە بەرانبەر لایەنەكانی دیكەی شیعە وای كرد بیر لەوە بكاتەوە كە لە ناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە تەكەتولێك دروست بكات و بەرانبەر سەدر بوەستێتەوە، كاتێك سەدر هەستی بەمە كرد، خۆی لە چوارچێوەی هەماهەنگی كشاندەوە، هەوڵی دا لە دەرەوەی چوار چێوەی هەماهەنگی حكومەت پێك بهێنێت، بەڵام وەك بینیمان چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕێگەی پێكهێنانی «سێیەكی پەكخەر» ڕێی گرت لەوەی سەدر بتوانێت حكومەت پێك بهێنێت، بەمەش دەرگاكان بۆ مالیكی خرایە سەر پشت، بۆ ئەوەی سەركردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بكات و ببێتە كەسی خاوەن بڕیار لەو هاوپەیمانییەدا و، ئێستا هەر وەك كەسی خاوەن بڕیار لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا خۆی نمایش دەكات.

پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، دوای دوو ئەزموونی چوار ساڵی، ئایا ئەم جارە نووری مالیكی لە سێبەرەوە دەیەوێت چۆن ئەم حكومەتە ئاراستە بكات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین:

 پێدەچێت نووری مالیكی لە ئەدای چوار ساڵی دووەمی ماوەی سەرۆك وەزیرانەكەی ڕازی نییە و گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی وەزیرانیدا، ئەو ڕێككەوتنەی جێبەجێ بكردایە كە بە «ڕێككەوتنی هەولێر» ناسرابوو و، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی دووەمی مالیكی ئیمزا كرا، ئەوا ئەو شكستە گەورەیەی بەسەر نەدەهات كە لە ساڵی 2014 دوای سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش بەسەری هات.

 مالیكی زۆر باش دەزانێت هۆكاری سەركەوتنی د.حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە شەڕی دژی داعش، هاوكاری و پشتگیریی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، هەروەها دەشزانێت هۆكاری شكست و كاندیدنەبوونەوەی بۆ خولی دووەم، دژایەتییەكانی عەبادی بوو بۆ هەرێمی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە جار جار لە زاری هەندێك بەرپرسی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگییەوە گوێمان لێ دەبێت كە دەڵێن: «هەتا كێشەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكەین، ئێمە وەك شیعە ناتوانین لە عێراقدا حوكمڕانی بكەین». ئەم قسەیە كە زۆر لە قسە ڕاشكاوەكانی مالیكی دەچێت، مەغزایەكی دیكەی لێ دەخوێندرێتەوە، كە دەبێت چارەسەری كێشەكانیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەو جۆرە بێت كە سەرۆك بارزانی پێی ڕازی بێت، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشدا نووری مالیكی هەر بەو جۆرە ڕەفتاری كرد و، یەكەم جار هەوڵی دا شاندێكی هەمە لایەنە بنێرێتە لای سەرۆك بارزانی و گرێكوێرەی پرۆسەی سیاسی بە پێشنیاری سەرۆك بارزانی بكرێتەوە، پاشانیش هەر خۆی پێش هەمووان پێشوازی لە پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی كرد.

ئاكامی ئەم خوێندنەوەیە دەمانگەیەنێتە ئەم دەرەنجامەی كە ئاراستەی دووڕێیانەكەمان بە لایەكدا بۆ دیاری دەكات و دەڵێین: ڕاستە سەرۆك بارزانی بە پلەی یەكەم هەوڵ بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەدات، بەڵام لە هەمان كاتدا هەر لە سەرەتای كۆبوونەوە و كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆن و پاشانیش لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا، ئامانجی ئەوە بووە كە عێراق سەقامگیر بێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێت و گەلانی عێراق بە كامەرانی بژین، هەر بۆیە ئەگەر نووری مالیكی و حكومەتی ئێستای سودانی ئەم ئاراستە ڕاستە بگرن، ئەوا ئاراستە ڕاستەكەی دوو ڕێیانەكە دەگرن و ئێستاش بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی و خۆشگوزەرانیی تەواوی گەلانی عێراق زۆر درەنگ نییە.

Top