ڕێـنـاس خــدر مـحـه‌مـه‌د سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێداوم كه‌وا باڵانسێك له‌ نێوان كاره‌كه‌م و دایكایه‌تی و ماڵه‌وه‌مدا ڕابگرم

ڕێـنـاس خــدر مـحـه‌مـه‌د سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێداوم كه‌وا باڵانسێك له‌ نێوان كاره‌كه‌م و دایكایه‌تی و ماڵه‌وه‌مدا ڕابگرم

 

ئافره‌تی كورد به‌ درێژایی مێژوو، سڵیان له‌ كاركردن و هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵا نه‌كردۆته‌وه‌، له‌ رابردوودا شانبه‌شانی دایكایه‌تی هاوكار و پاڵپشتی هاوسه‌ر و خێزانه‌كه‌ی بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ رۆژانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی و ئاواره‌یی كه‌سێكی فیداكاربووه‌ هه‌م بۆ نیشتمان و هه‌میش بۆ خانه‌واده‌كه‌ی. ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م و له‌گه‌ڵ گۆڕانی شێوازی ژیانكردن، ئافره‌ت به‌ هێز و توانایه‌كی زیاتر له‌ رابردوو له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانن، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ ده‌ستێك لانكه‌ ده‌هه‌ژێنن و به‌ ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌یان جیهان.
رێناس خدر محه‌مه‌د، خانمه‌ گه‌نجێكی دانیشتووی قه‌ڵادزێیه‌ و له‌ ئێستادا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كاری به‌رگدووری ده‌كات، له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان ئه‌زموونی خۆی هه‌م وه‌كو دایك و هه‌م وه‌ك پیشه‌وه‌رێك بۆ خوێنه‌ران باس ده‌كات.

ڕێناس خدر محه‌مه‌د له‌ ساڵی ١٩٩٢ له‌ بازیان له‌ دایك بووه‌، ده‌رچووی په‌یمانگه‌یه‌ به‌شی كۆمپیوته‌ر، له‌ ساڵی ٢٠١٣ خوێندنی ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام هه‌لی دامه‌زراندنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ و دایكی دوو كچی نازداره‌. وه‌ك خۆی باسیكرد ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ كاری خه‌یاتی ده‌كات و هه‌تاوه‌كو ئێستاش له‌ پیشه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌.
_سه‌ره‌تا چۆن بیرت له‌وه‌ كرده‌وه‌ كاره‌ بكه‌ی و له‌سه‌ر پێی خۆت بوه‌ستی؟
_كردنی هه‌موو كارێك له‌ سه‌ره‌تادا ده‌بێت حه‌ز و خولیات بۆی هه‌بێت، منیش حه‌ز و خولیایه‌كی زۆرم بۆ پیشه‌كه‌م هه‌یه‌، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ خوێندنم ته‌واو كرد و دانه‌مه‌زرام بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ په‌ره‌ به‌و حه‌ز و خولیایه‌ی خۆم بده‌م، سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ تێیدا سه‌ركه‌وتو بووم و ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ پیشه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتووترم .
_ئایا كێ هانده‌ر و پاڵپشتت بوو له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانت؟
_له‌ سه‌ره‌تادا دایكم وه‌كو ئافره‌تێك زۆر پاڵپشتی كردم بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا داهاتی خۆم هه‌بێت و له‌سه‌ر پێی خۆم بوه‌ستم، له‌ هه‌مان كاتیشدا بتوانم یارمه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌شم بده‌م، له‌ ئێستاشدا هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر پشتگیری و هاوكارمه‌ لێره‌وه‌ زۆر سوپاسی ده‌كه‌م.
_چۆن توانیوته‌ له‌ نێوان كاره‌كه‌ت و دایكایه‌تی هاوسه‌نگی رابگریت؟
_كارێكی زۆر قوڕسه‌، به‌ڵام سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێداوم كه‌وا باڵانسێك له‌ نێوان كاره‌كه‌م و دایكایه‌تی و ماڵه‌وه‌مدا ڕابگرم
، ئه‌ویش دووباره‌ به‌ هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌م. دیاره‌ پیاو ئافره‌تی به‌هێزی زۆر خۆشده‌وێت، كاتێك داوام له‌ هاوسه‌ره‌كه‌م كرد مه‌كینه‌ی دوورمانم بۆ بكڕێت، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكی چۆل بووین پێی گوتم كه‌س نایه‌ت و جلی بۆ بدووریت، به‌ڵام بۆی كڕیم و دڵی نه‌شكاندم، منیش پێمگوت رۆژێك دێت له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ جلم بۆ دێنن و ده‌ناسرێم، پێیگوتم منیش پاڵپشتیت ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌و ئه‌و هێز و توانایه‌ی له‌ مندا بینی دڵخۆش بوو و پشتی گرتم، ئێستاش له‌ خوا به‌زیاد بێ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كان جلم بۆ دێنن بۆ دوورین، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش جلم بۆ دێنن بیدوورم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئافره‌ت زۆر به‌هێزه‌ و توانای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌موو ئاسته‌نگێكی هه‌یه‌.
_ئایا ئه‌و هه‌موو بڕوا به‌خۆبوونه‌ت له‌ چییه‌وه‌ دروست بوو؟
به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ وا دایكم فه‌رمانبه‌ر بووه‌، منیش كچی گه‌وره‌ی ماڵه‌وه‌ بووم، بۆیه‌ هه‌موو كارێكی به‌ من ده‌سپارد هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ئه‌و بڕوا به‌خۆبوونه‌م بۆ دروستبوو، كه‌ ده‌توانم له‌ هه‌ر كارێ كه‌وا خۆم بمه‌وێت سه‌ركه‌وتووبم .
_ئایا پاڵپشتی و هاوكاری خێزان بۆ كچه‌كانیان تاچه‌ند به‌ پێویست ده‌زانیت؟
_بێگومان هاوكاری ماڵه‌وه‌ و خێزان زۆر گرنگه‌، گه‌ر هاوكاری ماڵه‌وه‌ و خێزان نه‌بێ له‌ هیچ كارێكدا سه‌ركه‌وتوو نابیت، بۆیه‌ داواكارم هه‌موو دایك و باوك و هاوسه‌ره‌كان یارمه‌تیده‌ری كچ و خێزانه‌كانیان بن.
_ئایا بوونی داهاتی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌ت چ خزمه‌تێك به‌ خودی خانمه‌كه‌ ده‌كات؟
_بێگومان داهاتی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌ت زۆر گرنگه‌، به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم كه‌وا ئافره‌ت داهاتی خۆی له‌ داهاتی هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابكاته‌وه‌، چونكه‌ ژیانی خێزانی هاوبه‌شی و متمانه‌یه‌.
_ بۆ داهاتووی كاره‌كه‌ت چ پڕۆژه‌یه‌كت هه‌یه‌؟
_هه‌وڵم داوه‌ پیشه‌كه‌م گه‌وره‌تر بكه‌م و سوپاس بۆخوای گه‌وره‌ خانمانێكی زۆر له‌ كاره‌كانم ڕازین بۆیه‌ پیشه‌كه‌م له‌ فراوانبووندایه‌.

_ئایا پێتوایه‌ داهاتی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێ ئافره‌ت له‌ تونوه‌تیژی بپارێزێت؟
_هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان توندوتیژی و ئافره‌تی خاوه‌ن پیشه‌ نابینم، چونكه‌ سیفه‌تی توندوتیژی په‌یوه‌ندی به‌ سه‌قافه‌تی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئافره‌تمان هه‌یه‌ خاوه‌ن مووچه‌ی خۆیه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵی توندوتیژه‌ ئافره‌تیشمان هه‌یه‌ بێ ئیشه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا زۆر باشه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا پێویسته‌ ئافره‌تان هێزی خۆیان بۆ ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ربخه‌ن.
_ئافره‌ت چۆن ده‌توانێ به‌هێز بێت و سه‌رچاوه‌ی به‌هێزبوونی له‌ كوێدایه‌؟
_به‌هێزبوونی ئافره‌ت به‌ بڕوای من له‌ په‌روه‌رده‌كردنییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، پێویسته‌ دایك و باوكان به‌ تایبه‌ت دایك بۆ كچه‌كه‌ی زۆرباش بێت، چونكه‌ بوونی دایك له‌ ژیانی كچدا زۆر گرنگه‌، كاتێك دایك كچه‌كه‌ی به‌ جوانی په‌روه‌رده‌ ده‌كات و هێز و توانایه‌كی له‌ راده‌به‌ده‌ری پێده‌به‌خشێت و له‌ كاروباری رۆژانه‌ راوێژی پێده‌كات و وای لێده‌كات بڕوای به‌خۆی هه‌بێت، ئه‌وكات كچ هه‌ستده‌كات كه‌ كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه‌ و متمانه‌ به‌خۆی و به‌ تواناكانی له‌ ژیانیدا ره‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌و كچانه‌ی به‌مجۆره‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن له‌ ژیانی هاوبه‌شیشیان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، چونكه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی دروست ده‌بنه‌ كه‌سێكی كامل كه‌ بڕیار به‌ عه‌قڵ بده‌ن نه‌ك به‌ دڵ. هه‌میشه‌ ده‌ڵێم گرنگه‌ كه‌ پیاو چ ئافره‌تێك ده‌كات به‌ دایكی منداڵه‌كانی و ئافره‌تیش چ پیاوێك ده‌كات به‌ باوكی منداڵه‌كانی.

_وه‌كو خانمێكی به‌ توانا و بڕوابه‌خۆ بوو، چ په‌یامێكت بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه‌مان هه‌یه‌؟
_ هیوادارم سه‌ركه‌وتووبن، خۆشحاڵم كه‌ به‌و به‌سه‌ركردنه‌وانه‌ ئه‌تانه‌وێت ئافره‌تانی خاوه‌ن پیشه‌ بناسێنن، بۆ ئه‌وه‌ی هانی ئافره‌تان بدن له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن .

‏‎

Top