كاتی گونجاو بۆ بەكارهێنانی ڤیتامینەكان

كاتی گونجاو بۆ بەكارهێنانی ڤیتامینەكان

ئەگەر لەبەر هۆكاری تەندروستی دكتۆر بڕیاری لەسەر بەكارهێنانی ڤیتامین داوە، جا یەك جۆر یان چەند جۆر ڤیتامینێك بەیەكەوە، ئەوا پێویستە بەمەبەستی پێكانی باشترین ئەنجام و كەمترین زیانی لابەلا، بە كاتی گونجاوی بەكارهێنانیان ئاشنا بیت. كەپسولی مەلتی ڤیتامین Multivitamins لەبەرئەوەی كە تێكەڵاوێكی هەموو ئەو ڤیتامینانەیە كە لە ئاو و لە چەوریدا دەتوێنەوە، بەمەبەستی هەڵمژینی تەواو لە كۆئەندامی هەرسدا واباشترە كە لەگەڵ ژەمێكی سەرەكیی خۆراكدا وەربگیرێن، بۆنموونە لەگەڵ، یان راستەوخۆ پاش ژەمی بەیانی، یان ژەمی نیوەڕۆ، كە ژەمی گەورەن و خۆراكی جۆراوجۆر و چەوری لەخۆدەگرن، كە پێویستە بۆ توانەوەی ئەو ڤیتامینانەی كە تەنیا لە دەوروبەری چەوریدا دەتوێنەوە، ئینجا هەڵدەمژرێن، وەكو ڤیتامین A، D، E، K. لە لایەكی دیكە وەرگرتنی كۆمەڵە ڤیتامینەكانی B لەگەڵ ژەمی بەیانیدا گرنگە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش و میتابۆلیزم، كە ئەگەر لەگەڵ ژەمی ئێوارە، یان پێش نووستن وەربگیرێن، ئەوا دەبنە ئەگەری شێواندنی خەو. بە گوێرەی ئەو ڤیتامینانەی كە لە ئاودا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامینەكانی B و C، ئەوا دەتوانرێت كە لە هەر كات و ساتێكدا لەگەڵ خۆراك، یان لەسەر گەدەی بەتاڵ بەكار بهێنرێن.

 

Top