پێویستە سەبارەت بە ڤیتامین E چی بیزانیت؟
ڤیتامین E خانەكانی لەش لە فشاری ئۆكسان Oxidative stress دەپارێزێت، هەروەها بەرەنگاری میكرۆبەكان دەبێتەوە هاوكات لەگەڵ رێگرتن لە مەیینی خوێن لە ناو بۆڕییەكانی خوێندا. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامین E: گوڵەبەڕۆژە، گەنم، زەیتی گەنمەشامی، زەیتی پاقلەی سۆیا، هلیۆن، ئاڤۆكادۆ، كاكڵەكان، بەتایبەتی گوێز و باوی و كازو. بە گشتی زۆربەی خەڵك بڕی پێویستی ڤیتامین E لە خۆراكی رۆژانەیاندا وەردەگرن، پێویستیی رۆژانەی ڤیتامین E بۆ تەمەنی 14 ساڵ و بەسەرەوە بریتییە لە 15 ملگم (28.4 یەكەی جیهانی). كەمیی ڤیتامین E زیاتر لەو كەسانەدا بەدی دەكرێت كە گرفتیان لە كۆئەندامی هەرسدا هەیە، كە رێگە لە هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە دەگرێت. كەمیی ڤیتامین E دەبێتە ئەگەری ئەم نیشانانە: تێكچوونی هەماهەنگیی نێوان جووڵەی ماسوولكەكانی لەش، تێكچوونی هاوسەنگیی لەش Ataxia، كزبوونی سیستمی بەرگریی لەش، ئازار و بێهێزبوونی دەست و پێیەكان لەبەر هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، هەروەها گرفت لە بینیندا. ڤیتامین E لە دەرمانەخانەكاندا بە شێوەی كەپسول دەست دەكەوێت كە 90 ملگم واتە 200 یەكەی جیهانی و 180 ملگم یان 400 یەكەی جیهانی لەخۆدەگرن و، پێویستە تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بەكار بهێنرێن.