چۆن قەڵەوی ئەژنۆكان تێكدەدات؟
كێشی زیاد و قەڵەوی هۆكارێكی زەق و گەورەیە لەپاڵ گرفتەكانی جومگەی ئەژنۆدا. كێشی زیاد و قەڵەوی فشار، یان قورسایی زیاد دەخەنە سەر جومگەی ئەژنۆكان، كە بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە ئەگەری سووان، یان داخوران و دڕانی چینی كڕكڕاگەیی سەر ئێسكەكانی ئەژنۆ، كە شانەیەكی بەستەری توند و زۆر گرنگە بۆ جووڵەی لووسی ئێسكەكان لەسەر یەكتر لە كاتی جووڵە جیاوازەكانی جومگەی ئەژنۆ بە ئاراستەی جیاوازدا. تەنكبوونی چینی كڕكڕاگە هۆكارە بۆ گرفتی جیاواز لە ئێسك و جومگەدا، هەروەها داڕووشانی جومگە (سەوەفان) Osteoarthritis كە باوترین گرفتی جومگەی ئەژنۆیە و پەیوەستە بە قەڵەوییەوە و تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكیی نییە. لە ئامارە پزیشكییە نێوەدەوڵەتییەكاندا دەركەوتووە كە زیاتر لە 80%ی كەسانی كێش زیاد و قەڵەو دوچاری ئازاری جومگە دەبنەوە، بەتایبەتی پاش تەمەنی 40 ساڵی، ئەمەش روون كراوەتەوە كە هەتا پاش نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ بە جومگەی دەستكرد TKR هێشتا ئەگەری ئاڵۆزییەكان دێنە پێشەوە. گرفتەكانی جومگەی ئەژنۆ، بەتایبەتی سەوەفان، كاریگەریی نەرێنی زۆر و هەمیشەیی دەكەنە سەر چالاكییەكانی ژیانی رۆژانە، بۆیە كۆنترۆڵكردن، یان كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش، بە تاكە رێگەی خۆپاراستن هەژمار دەكرێت.