به‌ هه‌ده‌ردانی كات له‌لایه‌ن مێرمندالأ و لاوانه‌وه‌ زیانی بۆ داهاتووی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌

به‌ هه‌ده‌ردانی كات له‌لایه‌ن مێرمندالأ و لاوانه‌وه‌ زیانی بۆ داهاتووی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌

په‌ندێكى پێشینان هه‌یه‌ ده‌ڵێت: كات وه‌ك شمشێر وایه‌، نه‌یبرَیت، ده‌تبڕێت. زۆربه‌ى دایك و باوكان به‌ ده‌ست به‌فیڕۆدانى كات له‌ لایه‌ن منداڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، زۆر جاریش خودى دایك و باوكان گرنگى به‌ كات ناده‌ن. ئایا ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانى كاته‌ به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن مێرمندالأ و لاوانه‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ى زیاتر بۆ گه‌شه‌ى ته‌كنه‌لۆژیا و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌، تا چه‌ند زیانی بۆ داهاتووی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌؟ به‌شداربووانى ئه‌م ڕاپۆرته‌ى گۆڤارى گوڵان وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

به‌هره‌ حاجی ڕه‌زا مامۆستای زانكۆیه‌ و له‌ ده‌ستپێكى ده‌رخستنى ڕوانگه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به‌ به‌فیڕۆدانی كات ده‌ڵێت: "به‌فیڕۆدانی كات به‌فیڕۆدانی ژیانه‌، كۆنتڕۆڵكردنیشى كۆنتڕۆڵكردنی ژیانه‌. به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی گه‌نجه‌كان گرنگی به‌ كات ناده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ كاته‌كانیان به‌ بێمانا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌كاری بهێنن له‌و شتانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌ خۆیان و میلله‌ته‌كه‌یان ده‌كات، جێگه‌ی سه‌رنجه‌ گه‌نجه‌كانمان، له‌ كوێ؟ بۆچی؟ چه‌ندین كاتژمێر به‌ بێباكی به‌سه‌ر ده‌به‌ن له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ڕی ژیان، كه‌ زۆربه‌یان به‌ ناچاری له‌ ده‌ستی ده‌ده‌ن و به‌ شوێنى مه‌به‌ست ناگه‌ن". گوتیشى: "گه‌نجانی ئه‌مڕۆ گرنگی به‌ كاته‌كانیان ناده‌ن كه‌ له‌ كوێدا به‌سه‌ری ده‌به‌ن و بۆچی به‌كاری ده‌هێنن، هه‌رچه‌نده‌ داهاتووی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ئه‌وانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان هێزی كارن له‌ ئێستا و له‌ داهاتوودا، به‌ڵام ناتوانین پشتیان پێ ببه‌ستین، چونكه‌ دیاره‌ به‌شێكی زۆری گه‌نجانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی هیچ پلانێك له‌ ژیان، زۆربه‌ی كاته‌كانیان له‌ كافـێ و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌سه‌ر ده‌به‌ن".
ئه‌و خاتوونه‌ ئه‌كادیمییه‌ هێما بۆ په‌ندێكى پێشینان ده‌كات و ده‌ڵێت: " كات وه‌ك شمشێر وایه‌، نه‌یبرَیت، ده‌تبڕێت.. به‌ڵام واقیعی ئیستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ و به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سانێك ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو كاته‌كانیان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و به‌رنامه‌ بۆ ژیانیان دابنێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ساتێكی له‌و شتانه‌دا به‌كاربهێنن كه‌ سوودیان بۆ ده‌هێنێت". گوتیشى: "به‌هه‌ده‌ردانی كات گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌نجانی ئه‌مڕۆمان بووه‌ته‌وه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ش بۆ چه‌ندین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌: نه‌بوونی هه‌لی كار، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا جگه‌ له‌ كێشه‌ی ئابووری چه‌ندین كێشه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، گرفته‌ ده‌روونییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌ ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ كاتێك ده‌بینێت هه‌موو ده‌رگاكان به‌ ڕویدا داخراون و ده‌رفه‌تی خوێندنی بۆ ناڕه‌خسێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كارێك به‌ده‌ست ناهێنێت كه‌ له‌گه‌ڵ توانای جه‌سته‌یی خۆی بگونجێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆشاییه‌كیش به‌ هه‌ڵه‌ پڕ بكرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ نه‌فره‌تێك و به‌ دوایدا كێشه‌ی زۆرى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ڵام چه‌ندین بناغه‌ هه‌ن كه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی گه‌نجان، بۆ نموونه‌: پێویسته‌ هه‌موو گه‌نجێك كارێكی به‌رده‌وامی هه‌بێت كه‌ بتوانێت كاته‌ به‌تاڵه‌كانی پڕ بكاته‌وه‌، وه‌ك به‌شداریكردن له‌ سیمیناره‌كان، پراكتیزه‌كردنی خولیاكانى و خوێندنه‌وه‌ی كتێبی به‌سوود. به‌ڕێوه‌بردنی كات یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی هزری و كه‌لتووریی مرۆڤ باشتر ده‌كات، جگه‌ له‌ زیادكردنی كارایی و متمانه‌، هه‌روه‌ها ڕێكخستنی كات وا له‌ مرۆڤ ده‌كات پابه‌ند بێت به‌ به‌ڵێنه‌كانی و جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی و یارمه‌تی ده‌دات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختی و به‌رگه‌ی فشاره‌كانی كاركردن ده‌گرێت".
مامۆستای وانه‌بێژ محه‌مه‌د عوسمان كورده‌، سه‌رتا باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "‎یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی مرۆڤ ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌، ته‌مه‌نێك پڕ له‌ گۆڕانكاریی جه‌سته‌یی و فكری، ده‌توانین بڵێین بونیه‌ی مرۆڤ له‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌ن چاوه‌ڕێی هه‌موو گۆڕانكارییه‌كی لێ ده‌كرێت. ئه‌م قۆناغه‌ی مرۆڤ به‌ پێی ویستی خۆی ده‌توانێ بیكات به‌ باشترین و نایابترین و پڕ به‌رهه‌مترین ده‌ستكه‌وته‌كانی ته‌مه‌نی، گه‌نج له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببن به‌ گرنگترین یه‌ده‌گه‌ زێڕینه‌كانی وڵاته‌كانیان بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دروست و پڕ له‌ داهێنان بۆ گۆڕانكارییه‌ ڕیشه‌ییه‌كانی وڵات كه‌ هه‌مووان سوودی لێ ده‌بینن". هاوكات ده‌ڵێت: "دیارده‌ی به‌هه‌ده‌ردانی كات له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی پڕ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و تاك به‌ تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ زیانی به‌رده‌كه‌وێت. گه‌نج له‌م ته‌مه‌نه‌ بێ ئاگایه‌ له‌ كات و ته‌نیا خه‌ریكی گه‌وره‌كردنی حه‌زه‌ كاتییه‌كانیه‌تی و هه‌وڵی زیاتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌یاڵی و لووتبه‌رز و له‌خۆبایی نمایش بكات، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌وا دوای به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ له‌م هه‌ڵانه‌ ئینجا ده‌كه‌وێته‌ بارێكی ده‌روونیى ڕووخاو كه‌ ناتوانێ به‌شدار بێت له‌ پڕۆسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خێزانییه‌كان، كۆمه‌ڵێك هۆكاریش هه‌ن كه‌وا تاكی گه‌نجی كورد ئاڵوده‌ی بووه‌ و ناتوانێ، یان خۆی لێ دوور ناخاته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ :
‎١-خراپ به‌كارهێنانی سۆشیاڵ میدیا له‌ ڕێگه‌ جیاوازه‌كانی وه‌ك بوونی ئه‌كاونتی فه‌یك و كۆمێنتی نه‌شیاو و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ جنێودان.
‎٢-ئالووده‌بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.
‎٣-ئالووده‌بوون به‌ یارییه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان.
‎٤-دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌ی خوێندن.
‎٥-دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خۆ ڕۆشنبیركردن و خۆپێگه‌یاندن له‌ ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌.
‎ئه‌وانه‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانى له‌سه‌ر خودی خۆی به‌ تایبه‌تی و خێزانه‌كه‌ی به‌ گشتی هه‌یه‌. چونكه‌ لێره‌دا خێزان ده‌بێته‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ى ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و دووركه‌وتنه‌وه‌ى منداڵه‌كه‌ش له‌ دامه‌زراوه‌ زانستی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان و بوونی كێشه‌ی گه‌وره‌ و به‌لاڕێداچوون واده‌كات تاكێكی بێ ئیراده‌ و بێ هه‌ڵوێست و بێ به‌رهه‌می لێ دروست ببێت، بۆیه‌ ناتوانێت به‌ئاسانی گۆڕانكاری له‌ خۆیدا بكات".
له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌شدل كه‌ ئایا چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین لاوانمان له‌م زۆنگاوه‌ ده‌ربهێنین؟ وتى: "به‌ڵێ، به‌ڵام كاتێكی زۆری ده‌وێت و ده‌بێت زۆر شاره‌زایانه‌ له‌گه‌ڵیان بین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خێزان ڕۆڵی هاوڕێیه‌كی باش ببینێت و وه‌ك هاوڕێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، هه‌م هه‌وڵ بده‌ن خۆیانى له‌گه‌ڵ بگونجێنن، دواتر دووری بخه‌نه‌وه‌ له‌ به‌فیڕۆدانى كات له‌ ڕێگای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و گه‌شت و گوزار و به‌خشینی كات پێی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ گۆڕانكارییه‌كانی به‌ سه‌ریدا تێپه‌ڕێنێت و له‌ ڕێگه‌ی دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ی ئاوات و ئامانجی نوێ و هه‌وڵدان له‌گه‌ڵی و دوورخستنه‌وه‌ی به‌ ئارامی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ خراپه‌كانی و كات نه‌دانى زۆر پێی كه‌ به‌ ته‌نیا بێت، ئه‌مانه‌ گشتی ده‌بنه‌ هۆی چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و پڕ ئیراده‌ و وزه‌وه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌".
شیلان ئاسته‌یی چالاكی مه‌ده‌نییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ى كه‌ به‌هه‌ده‌ردانى كاتى لاوان نیگه‌رانیان ده‌كات و هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌ گه‌ر ئێمه‌ به‌ شێوه‌كی زانستی قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، زۆر كاتی ده‌وێت و دوور و درێژ ده‌بێت، به‌ڵام به‌ چه‌ند خاڵ به‌ كورتی ئیشاره‌ی پێ ده‌كه‌م. ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدایه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌بێت و خۆی پێ نه‌گه‌یێنێت بێگۆمان زه‌ره‌ری بۆ خۆی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌شی ده‌بێت و ده‌بێته‌ بار قورسی بۆ خێزان و بۆ خۆی و كۆمه‌ڵگه‌ش سوودى نابێت. زۆر جار باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى گه‌نجان به‌ ڕۆژ ده‌خه‌ون و به‌ شه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ن، یان تا به‌ره‌به‌یان سه‌رقاڵى مۆبایلن، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌. له‌ده‌ستدانی توانای گه‌نجێكه‌ كه‌ ناتوانێت خۆی بۆنیات بنێت و له‌ پاشه‌ڕۆژدا هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ چه‌ندان نه‌خۆشی نه‌خوازراویشى لێ ده‌كه‌وێ!ته‌وه‌، له‌به‌ر تێكچوونی سیسته‌می هورموناتیان. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ گه‌نجه‌كانی جیهان بكه‌ین، ده‌بینین زۆرینه‌ی گه‌نجانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو پێنج ڕۆژ له‌ حه‌فته‌ له‌ ئه‌ركدان و بۆ ماوه‌ی هه‌شت كاتژمێر بۆ خوێندن، یان بۆ كاركردن بۆ بژێوی ژیانیان كات ته‌رخان ده‌كه‌ن، ئه‌م كاره‌ش به‌ زۆرینه‌ له‌ ڕۆژدا ده‌كرێت و ڕۆژانی پشووش بۆ خۆیان دیاری كردووه‌ كه‌ چۆن پشوو بده‌ن. لێره‌دا زۆر پێویسته‌ گه‌نجی كوردیش وه‌كۆ گه‌نجانی جیهانی مودیڕن بۆ به‌رده‌وامیی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ بیر له‌ داهاتووی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ من پێم وایه‌ گه‌نجی كورد توانای خۆڕێكخستنی هه‌یه‌، چۆنكه‌ كه‌لتوورێكی یه‌كگرتوو و پاك و خاوێنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت هیچ له‌ گه‌نجانی دیكه‌ى جیهان كه‌متر نه‌بێت و بگره‌ لێهاتووتریش بێت و شانسی زۆرتریشی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاكێكی به‌رفراوانى له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ژماره‌ى مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ كه‌مه‌ و ده‌توانن وه‌به‌رهێنانى تێدا بكه‌ن".

 سپۆت:
 به‌فیڕۆدانی كات به‌فیڕۆدانی ژیانه‌، كۆنتڕۆڵكردنیشى كۆنتڕۆڵكردنی ژیانه‌
 زۆربه‌ی گه‌نجه‌كان گرنگی به‌ كات ناده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ كاته‌كانیان به‌ بێمانا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌كاری بهێنن له‌و شتانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌ خۆیان و میلله‌ته‌كه‌یان ده‌كات
 به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سانێك ده‌دۆزینه‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو كاته‌كانیان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و به‌رنامه‌ بۆ ژیانیان دابنێن
 به‌ڕێوه‌بردنی كات یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی هزری و كه‌لتووریی مرۆڤ باشتر ده‌كات
 گه‌نج له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببن به‌ گرنگترین یه‌ده‌گه‌ زێڕینه‌كانی وڵاته‌كانیان بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دروست و پڕ له‌ داهێنان بۆ گۆڕانكارییه‌ ڕیشه‌ییه‌كانی وڵات كه‌ هه‌مووان سوودی لێ ده‌بینن
 دیارده‌ی به‌هه‌ده‌ردانی كات له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی پڕ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و تاك به‌ تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ زیانی به‌رده‌كه‌وێت
 ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدایه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌بێت و خۆی پێ نه‌گه‌یێنێت بێگۆمان زه‌ره‌ری بۆ خۆی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌شی ده‌بێت و ده‌بێته‌ بار قورسی بۆ خێزان و بۆ خۆی و كۆمه‌ڵگه‌ش سوودى نابێت
 زۆر جار باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى گه‌نجان به‌ ڕۆژ ده‌خه‌ون و به‌ شه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ن، یان تا به‌ره‌به‌یان سه‌رقاڵى مۆبایلن، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌. له‌ده‌ستدانی توانای گه‌نجێكه‌ كه‌ ناتوانێت خۆی بۆنیات بنێت و له‌ پاشه‌ڕۆژدا هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت
 زۆرینه‌ی گه‌نجانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو پێنج ڕۆژ له‌ حه‌فته‌ له‌ ئه‌ركدان و بۆ ماوه‌ی هه‌شت كاتژمێر بۆ خوێندن، یان بۆ كاركردن بۆ بژێوی ژیانیان كات ته‌رخان ده‌كه‌ن
 پێویسته‌ گه‌نجی كوردیش وه‌كۆ گه‌نجانی جیهانی مودیڕن بۆ به‌رده‌وامیی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ بیر له‌ داهاتووی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان بكه‌نه‌وه‌
 گه‌نجی كورد توانای خۆڕێكخستنی هه‌یه‌، چۆنكه‌ كه‌لتوورێكی یه‌كگرتوو و پاك و خاوێنی هه‌یه‌ و ده‌توانێت هیچ له‌ گه‌نجانی دیكه‌ى جیهان كه‌متر نه‌بێت و بگره‌ لێهاتووتریش بێت

Top