گەورەیی و گرنگیی كار و كاسبیكردن لە ئیسلامدا

گەورەیی و گرنگیی كار و كاسبیكردن لە ئیسلامدا

 

(1)

 

 

بە ناوی خوای گەورە ولێبووردە و بە بەزەیی

سوپاس و ستایش بۆ خوای تاك و تەنیا و بێ شەریك و دروود و ڕەحمەت و بەرەكەت ومیهربانیی خوا بڕژێتە سەر گیان وڕۆحی هەمیشە زیندووی سەرداری پێغەمبەران و چاوی ساغ و تكاكاری مەحشەرمان محەمەد دروودی خوای لەسەر بێت و بۆ سەر ماڵ و خاوخێزانی و بۆ سەر یار و یاوەر و شوێنكەوتوانی هەتا ڕۆژی دوایی.

خوێنەرانی ئازیزو خۆشەویست سڵاو. ڕەحمەتی خوای گەورەتان لی بێت. خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم جاریكی دیكەش لە خزمەتاندام كە تیشكێك بخەمە سەر بابەتێكی یەكجار گەورە وگرنگ لە چوارچێوەی فەرموودە بەرز و بەنرخەكانی خوای پەروەردگار لە قورئان و فەرموودە ئازیز و خۆشەوێستەكانی نووری چاومان پێغەمبەری خوا محەمەد دروودی خوای لەسەر بێت، كە ئەویش بریتییە لە «كار و كاسبیكردن».

خۆشەویستانم ئێمە كە بە خۆمان دەڵێین ئیماندار و باوەڕی تەواومان هەیە بە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەمان، دەبیت لە پێشەكیی ئەم بابەتدا ئەوە بزانین كە ئیمان چییە؟ (ئیمان یان باوەڕ) بریتییە لە دوو بەش، یەكەم: وشەی شایەتمانە كە دەڵێین: (أَشْهَدُ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدًا رِسُولُ اللَّهُ)، واتە شایەتی دەدەم كە هێچ خوایەك شایانی پەرستن وعیبادەت بۆ كردن نییە، ئیلا زاتی پاكی خوا نەبێت و تاك و تەنیایە و شەریك وهاوبەش و هاوشێوەی نییە و شایەتی دەدەم كە محەمەد پێغەمبەری خوا و ڕەوانەكراوی خوای باڵادەستە.

دووەم: بریتییە لە كردوەی چاك و بە گشتی كاركردن بە قورئان و فەرموودە بەرز و بەنرخەكانی پێغەمبەرمان دروودی خوای لە سەربێت.

 دەمەوێت لەم پەیامە كورتدا ئەوەتان عەرز بكەم كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام واتە (كاركردن) بۆ قیامەت و ژیانی پاشەڕۆژ و هەتا هەتایی.      

 خوێنەری بەڕێز جا یەكێك لە كار و كردەوە چاكەكان بریتییە لە كاروكاسبیی حەڵاڵ و دەبێت ئەوە بزانین هەروەكو چۆن لەسەر نوێژ و ڕۆژ و باقی كار و كردەوە چاكەكان خوای پەروەردگار پاداشتمان دەداتەوە، بە هەمان شێوە لەسەر كار و كاسبی و كڕین و فروشتن و ئەزیەت و ئازار و ناڕەحەتی و ئەو ماندووبوونەی تووشمان دەبێت لە كاتی و كار و كاسبیدا پاداشت دەدرێینەوە، بەڵام بە مەرجێك بەو شێوازە كار و كاسبی بكەین كە خوای گەورە و پێغەمبەری خوا بە حەڵاڵیان دانابێت. هەروەها پێنج فەرزە نوێژكان و جومعە و جەماعەتی لەسەر نەفەوتێنین و كار و كردەوە هەڵسوكەوتێك نەكەین كە ببێتە مایەی ئازاردان و ناڕەحەتكردنی خەڵك و خواردنی پارە و سامان و موڵك و ماڵی موسڵمانان نابەحەق، ئەوەی لەم سەردەم و ڕۆژگارە بەداخەوە دەبینین و ڕۆژانە دەبیستین، بە گشتی.

خوێنەرانی خوشەویست، ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەر بریتی نییە لە چەند توقسات و ڕمووزاتێك وەكو باقی ئایینەكانی دیكە، بەڵكو لە هەموو كایەكانی ژیاندا دەوری هەیە و یاسای داناوە بۆ هەموو شتێك و لە ناویشیاندا كاروكاسبی و هەر فێرمان ناكات كە چۆن نوێژ بكەین و حەج و ڕۆژوو و زەكات ئەنجام بدەین، بەڵكو هانی مرۆڤ و شوێنكەوتووانی دەدات كە بچن كار و كاسبییش بكەن وهەوڵ و هیممەت و قوەت و هێز و بازووی خۆیان بخەنەگەڕ بە مەبەستی بەدەستهینانی بژێوی ژیانی خۆیان و ماڵ ومنداڵیان، هەتا چاویان لە دەستی خەڵكەوە نەبێت و دەست پان نەكەنەوە لەبەر ئەم و ئەو. خوای گەورە لە قورئان دەفەرموێت: (فَٱمشُواْ فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُواْمِن رِزۡقِهِ)، واته بچن به ‌هەموو گۆشه ‌و كەنارێكی دونیادا هەوڵی بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی خۆتان بدەن و بازرگانی بكەنە پیشەی خۆتان و لە ڕزق و ڕۆزییەكەی بخۆن.

خوای گەورە لە ئایەتیكی دیكەدا دەفەرموێت: (فَٱبْتَغُوا۟ عِندَ ٱللَّهِ ٱلرِّزْقَ وَٱعْبُدُوهُ وَٱشْكُرُوا۟ لَهُۥٓ ۖ إِلَيْهِ تُرْجَعُونَ)(العنكبوت :١٧). واتە بڕۆن بە سەر زویدا بگەڕێن و هەوڵ و هیممەتی خۆتان بخەنە گەڕ وكاروكاسبی بكەن، بەڵام بەو شێوازی كە خوای گەورە بۆی حەڵاڵ كردوون لە ڕێگای پێغەمبەرەكەیەوە و فەرمانی پێتان كردووە و پشت بە خوا ببەستن و تەنیا لای خوای گەورە بپاڕێنەوە و داوای ڕزق و ڕۆزیش هەر لە ئەو بكەن، هەر ئەویش بپەرستن و سوپاس وستایشی خوا بكەن لە سەر ئەو هەموو ناز و نیعمەتانەی كە پێ بەخشیون. لە ئایەتیكی دیكەدا دەفەرموێت:(وَآخَرُونَ يَضْرِبُونَ فِي الْأَرْضِ يَبْتَغُونَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ) (المزمل:٢٠). واتە موسڵمانان بە سەر زەویدا دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی پارە و سامان و بازرگانی و كار و كاسبیكردن بە فەزڵی خوا بۆ كارو كاسبیكردن بچنە سەفەر بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات و ئەمسەر و ئەوسەری دونیا هەتا تاجر و بازرگانیش بێت.

پێغەمبەری خوا دروودی خوای لە سەر بێت، ڕوو لە برا و خوشكە بازرگانەكان دەكات و دەفەرموێت: (التَّاجِرُ الصَّدُوقُ تَحْتَ ظِلِّ العَرْشِ يَوْمَ القِيامَةِ). واتە بازرگانێكی ڕاستگۆ و دەستپاك و ئەمین خیانەت لە میللەتەكەی خۆی ناكات، بەڵكو كەلوپەلێك دەهێنێت كە چاك و باشە و دوورە لە هەموو فرتوفێڵ وغەل وغەشێك، مادام ئاوایە لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە لە ژێرسێبەری عەرشی خۆیدا حەشری دەكات. كە لەو ڕۆژدا هیچ سیبەرێك نییە، جگە لە سێبەری عەرشی خۆی نەبێت. هەروەها دەفەرموێت: (التَّاجِرُ الصَّدُوقُ لا يُحْجَبُ مِنْ أبْوابِ الجَنَّةِ). واتە بازرگانێكی ڕاستگۆ و ئەمین و دەستپاك هیچ شتیك ڕێگری لی ناكات و نابێتە بەربەست لەوەی خوای گەورە لێی خۆش نەبێت و نەیخاتە بەهشتە نەبڕاوەكەی و ژێر ڕەحمەتی و میهرەبانیی خۆی. لەو كەسانە بین ئینشائەڵڵا..

هەمیشە پێویستە خەڵك هەوڵی ژیان بدات و چاوەڕوان نەبێت تا خوا بۆی ببارێنێ، وەك پێشەوا (عومەر) خوا لێی ڕازی بێت ڕۆژێك چووە مزگەوتی پێغەمبەر كە كاتی نوێژ نەبوو، خەڵكێكی بێكاری بینی خەریكی عیبادەت بوون. گوتی: ئێوە كێن و چین ئاوا بێكار و ئیش لێرەن؟ گوتیان: ئێمە قەوم و گەلێكین پشتمان بە خوا بەستووە، بۆیە ئیش و كارناكەین. ئەویش پێی گوتن: نەخێر، ئێوە گەلێكی بێكار و تەمەڵن. هەستن بڕۆن بۆ دەرەوە و كار و كاسبییەك بكەن، ئەوجا پشت به ‌خوا ببەستن.

والسلام علیكم ورحمەاللە وبركاتە

 

 

مامۆستا هێمن شارەستێنی

 

Top