كۆنگرەی 14 داڕشتنی نەخشە ڕێگە بۆ داهاتووی نیشتمانێك

كۆنگرەی 14  داڕشتنی نەخشە ڕێگە  بۆ داهاتووی نیشتمانێك

 

 

وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا 14یەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك دەست بەكارەكانی خۆی بكات و چەند ڕۆژێك دەخایەنێت.

ئەم كۆنگرەیە كە بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی بەڕێوە دەچێت، مەزندەی ئەوەی لێ دەكرێت كە گوتاری سەرۆك و گوتاری سیاسیی كۆنگرە، بە هاوشێوەی گوتارەكەی «ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە پاكۆ» جەختكردنەوە بێت لە بونیادنان و پاراستنی كوردستانێكی بەهێز و لە هەمانكاتیشیدا دەرخستنی ڕەهەندە دیارەكانی ئەو سیاسەت و ستراتیژە بێت، كە لەناو كوردستانێكی بەهێزدا دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەرخستنی پرۆسەی بونیادنانی «دەوڵەت و نەتەوە» و بونیادنانی ژیانێكی خۆشگوزەران و كامەرانی لەناو قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا.

ئەم كۆنگرەیە بۆ شەخسی سەرۆك بارزانی و تەواوی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەیەكی جیاواز و ناوازەیە و لە ماوەی 12ساڵی نێوان كۆنگرەی (13 و 14)، جیهان بە گشتی و هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرچەرخان و گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و، لەناو ئەم گۆڕانكارییە گەورانەشدا هەرێمی كوردستان ڕووبەرووی مەترسی و تەحەددای ئەوتۆ بووەتەوە كە وەك دەڵێن زۆر جاران وجوودی ئەم قەوارە سیاسییە گەیشتووەتە كەناری هەڵدێر، بەڵام لۆژیك و شێوازی دەوڵەتمەداریی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو مەترسی و تەحەددایانە، نەك بوونە هۆكاری ئەوەی مەترسیی «نەمان» لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە، بەڵكو هاوكات لەگەڵ تێكشكاندنی هەموو ئەو مەترسی و تەحەددییانە، سەرۆك بارزانی نەخشەی بۆ كوردستانێكی بەهێز داڕشت و، هەر بەو دروشمەشەوە لە دوای ساڵی 2018وە چووە ناو سێ هەڵبژاردنی «عێراق و كوردستان»ـەوە و، لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا زۆرینەی گەلی كوردستان «بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم»یشەوە بە متمانەدانیان بە پارتی، پارتییان كردە خاوەنی بڕیاری كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا بە هەمان شێواز زۆرینەی هاووڵاتیانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردە پارتی فەرمانڕەوا.

لە ماوەی ڕابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی (1979-2022)، بۆ یەكەم جارە هاوكات لەگەڵ گرێدانی كۆنگرە «بارەگای بارزانی»یش بوونی هەبێت، هەر بۆیە دامەزراندنەوەی «بارەگای بارزانی» لە ماوەی نێوان كۆنگرەی (13 و 14) دیسان دەستكەوت و وەرچەرخانێكی گەورەیە و ئێستا كە هەیكەلەی دامەزراوەی بارەگای بارزانی تەواو بووە، بووەتە ڕەشماڵێك بۆ كۆكردنەوەی تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و تەواوی نەتەوە و جیاوازەكان لە كوردستاندا، لە هەمانكاتدا بووەتە ناوەندی دروستكردنی بڕیار بۆ ئایندەی كوردستان و هەورەها ناوەندی دروستكردنی بڕیار بۆ شێوازی بەشداریكردنی گەلی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەر بۆیە دیفاكتۆی سەنگ و شكۆی «بارەگای بارزانی» پرسێكی گرنگیی بەردەم كۆنگرەی 14 دەبێت و، دەبێت كۆنگرە ئیقرای شكۆ و دەسەڵاتەكانی «بارەگای بارزانی» وەك مەرجەعێك بۆ هەموو كوردستان بكات.

 بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی و

خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناخێكی نوێ

مسعود بارزانی كە ئەمساڵ (60)ـەمین مۆمی تەمەنی پێشمەرگایەتیی خۆی كوژاندەوە، لەناو هزری مستەفا بارزانیدا بۆ پێشمەرگایەتی و كوردایەتی پەروەردە كراوە، هەر بۆیە بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی حزبی سیاسی وەك ئامراز سەیر دەكات، نەك ئامانج. لەمەش گرنگتر شێواز و چۆنیەتیی بەكارهێنانی ئەم ئامرازییە كە چۆن دەخرێتە خزمەتی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستانەوە.

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان لە (1961-2022) لە هەر قۆناخێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بووبێت، ئەوا تەواوی گەلی كوردستان تووشی كارەسات و نەهامەتی بووە، لە هەر قۆناخێكیشدا پارتی بەهێز بووبێت، ئەوا گەلی كوردستان سەربەرز و كامەران و خۆشگوزەران بووە. ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: «پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان جمكن و لێك جیا ناكرێنەوە».

لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، هێز و تواناكانی نەتەوە پێویستی بە كۆكردنەوە و ڕێكخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی ئیرادەی نەتەوە بە بەهێزی دەربكەوێت و، بگاتە ئەو ئاستەی كە توانای بەرگریكردنی لە دۆزی نەتەوە هەبێت و، لەناو گێژاوی گۆڕانكاریەكاندا نەتەوە بەرەو كەناری ئارامی بەرێت و، هەموو ئەمانەش پێویستی بە پارتی پێشڕەوی نیشتمانی هەیە كە بتوانێت ئەم ئەركە چارەنووسسازەی نەتەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەسەر ئەم ئاراستەیە سەرۆك مسعود بارزانی ماوەی 60 ساڵە درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد داوە و، هەموو كات پێشبینیی گۆڕانكارییەكانی ئایندەی كردووە و، پێش هاتنی گۆرانكارییەكان ئامادەباشیی بۆ كردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ دەرێت و، سەرۆك مسعود بارزانی پێشبینیی بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتوو هەیە و، لەوەش دڵنیایە هەموو گۆڕانكارییەك پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی نەتەوە بتوانێت خۆی لەگەڵی بگونجێنێت و ڕووبەڕووی تەحەددییەكانی ببێتەوە.

لای تەواوی خەڵكی كوردستان ئەو ڕاستییە ڕوون بووەتەوە بەوەی ڕاستە لە كوردستان بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، چەندین حزب و ئایدیۆلۆژیای دیكەش بوونیان هەیە، بەڵام كاتێك چارەنووسی نەتەوە و هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە دووڕێیانی «مان و نەمان»، بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ لایەنێكی دیكەی سیاسی بەرپرسیاریەتی هەڵنەگرتووە و خۆی لێ نەكردووەتە ساحێب و نەیتوانیوە بەرگری لە نەتەوە و نیشتمان بكات، تازەترین نموونە كارەساتی «خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017» بوو، كە لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بێجگە لە پارتی نەك هەر تەنیا توانای بەرگرییان نەبوو، بەڵكو هەلهەلەیان بۆ هێرشەكانی دوژمن لێ دەدا و موژدەی ئەوەیان بڵاو دەكردەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی گەیشتنە هەولێر! بەڵام دوای ئەوەی ئیرادە سەرۆك بارزانی و قارەمانیی پێشمەرگە هێرشەكانی دوژمنی تێكشكاند و خەونەكانیان نەهاتەدی، ئیدی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان خۆیان لە حكومەت كشاندەوە و داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی ئینقازی وەتەنیان دەكرد.

كەواتە ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەی لەم قۆناخەدا لەسەر شانی سەرۆك بارزانییە، پێویستی بەوەیە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەخشە ڕیگەی سیاسەت و ستراتیژ بۆ ئایندەی نیشتمانێك دابڕێژرێت و، دەبێت پارتی دووبارە ئامادە بكرێتەوە بۆ ئەوەی باشتر هەموو هێز و تواناكانی نەتەوە كۆبكاتەوە و دووبارە ڕێكیان بخاتەوە، بۆ ئەوەی ئیرادەی نەتەوە بگاتەوە ئەو ئاستەی كە خۆی بۆ قۆناخێكی نوێ ئامادە بكات.

 حوكمڕانیی باش لەناو كوردستانێكی بەهێزدا

كاتێك ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بە قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە و ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی جەنگ بەتاڵ كرایەوە، میدیاكانی جیهان دەیانووسی: «بارزانی و پێشمەرگە پرۆڤەی پاراستنی دەوڵەت دەكەن»، بەڵام ئەم پرۆڤەیە تەنیا چوار ڕۆژ دوای خیانەتە گەورەكەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و لە ماوەی نێوان «(20تا26)ی ئۆكتۆبەری 2017 و تەنیا لە ماوەی شەش ڕۆژدا، ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەیان نەك لەگەڵ تەنیا یەك هێز، بەڵكو لەگەڵ چەندین هێز، دەكردە شانۆی نمایشی پاراستنی دەوڵەت و بۆ مێژوویان تۆماركرد.

سەرۆك بارزانی بە ڕاگەیاندنی سەركەوتن و كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش لە بەرەی هێزی پێشمەرگەوە، ئامانجی ئەوە بوو جارێكی دیكە سەرلەنوێ پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ڕێك بخاتەوە و كۆتایی بە ئیرهابی فیكری و گەندەڵی و پاشاگەردانی سیاسیی بهێنێت، سەبارەت بە عێراقیش ئامانجی ئەوە بوو دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعەی عێراق ئەقڵییەتی سیاسیی خۆیان بەرانبەر دۆزی كوردستان بگۆڕن و چیتر هەڵەی 100 ساڵی ڕابردووی حوكمڕانیی عێراق درێژە پی نەدەن.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی كوردستان و لابردنی ئاستەنگەكان لە بەردەم پیادەكردنی حوكمڕانیی باشدا، سەرۆك بارزانی پێداگری كرد، كە هەرچی زووە یاسای چاكسازی كە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی كاببینەی هەشتەمەوە ئامادە كرابوو، لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ بدرێت و پەسەند بكرێت، ئەمەیان بە هۆی پاشاگەردانی لە ناو پەرلەمان متمانەی پێ نەدرا. سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و كۆتاییهاتنی ئیرهابی فیكری، پرۆسەی ڕیفراندۆمی كردە پرۆسەیەكی نیشتمانی و لێژنەی باڵای ڕیفراندۆمی كوردستانی دامەزراند و، لەگەڵ ئەوەی دەنگدانی گەلی كوردستان (بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە) ڕێژەی 92% بە «‌بەڵێ»ی تێپەڕاند، بەڵام ڕێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان نەگیرا و بە هۆی خیانەتەوە ئەو ئاواتە گەورەیە دوا خرا، بەڵام نەتوانرا لە بار بیرێت.

لەناو گێژاوی ئەو كارەساتە گەورەیەی «خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر» سەرۆك بارزانی چۆن لە دوای ڕاپەرینی بەهاری 1991 داوای لە بەرەی كوردستانی كرد، هەڵبژارن ئەنجام بدرێت و دەوڵەتی یاسا لە كوردستان دابمەزرێت، بە هەمان شیوە لە سەرەتای ساڵی 2018 بڕیاری دا، دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعەی عێراقی بسەلمێنێت كە پارتی هەڵقوڵاوی ئیرادەی لە بن نەهاتووی خەڵكی كوردستانە و تەنیا پارتی نوێنەرایەتیی شەرعیی ئەو ئیرادەیە دەكات و دەبێت ڕێز لەو ئیرادەیەش بگیرێت و، پاش كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان، پارتی بە كردەیی سەلماندنی نوێنەری ڕاستەقینە و شەرعیی خەڵكی كوردستانە و بە ناچاری نوێنەرانی حەشدی شەعبی (ئەو هێزەی هێرشی كردە سەر كوردستان) ناچار بوون ددان بەم ڕاستییەدا بنێن، ئەگەرچی زۆریش بۆیان تاڵ بوو.

لە ئەیلوولی 2019 و لە میانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا بە سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بسەلمێنێت، ئەوانەی لە ڕۆژانی تەنگانە پشت لە میللەتی خۆیان دەكەن و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەدزنەوە و خیانەت دەكەن، میللەت لەسەر سندوقی دەنگدان سزایان دەدات، ئەمەش دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان سەلمێندرا و پارتی بووە حزبی فەرمانڕەوا و زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێنا.

نەخشە ڕێگەی سەرۆك بارزانی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەرجەمەكردنی هێزی شەرعیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ ڕاوەستاندنی گەندەڵی و كۆتاییهێنان بە پاشاگەردانی سیاسیی ناو پەرلەمان و حكومەت و هەنگاوهەڵگرتن بۆ حوكمڕانیی باش لەناو كوردستانێكی بەهێزدا.

لەم ڕوانگەیەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، وێستگەیەكە بۆ تەرجەمەكردنی ئەو متمانە و هێزەی كە خەڵكی كوردستان بە پارتییان داوە، سەركەوتنی ئەم تەرجەمەیە لە ژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانیدا، دەبێتە بابەتێكی گرنگ و ژیاریی كۆنگرەی چواردەیەم و، جیا لەوەی جەخت لەوە دەكرێتەوە، كە ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانی داوە، دەبێت بپارێزێت و فراوانتر بكرێت، لە هەمان كاتدا دەبێت باشتر هێز و تواناكانی پارتی لە ڕێگەی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە «سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكومەت» بخرێتە خزمەتی حوكمڕانیی باش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە «پیادەكردنی دادپەروەری و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی» بەشێكی گرنگی گفتۆگۆگانی ناو كۆنگرەی چواردەیەم دەبێت، لەسەر ئەم پرسەش هێز و شكۆی سەرۆك بارزانی پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوو دادپەروەری ببێتە مەحەك و یاسا سەروەر بێت و ئاشتیی كۆمەڵایەتی پارێزراو بێت.

Top