هۆكارەكانی خەوزڕان

هۆكارەكانی خەوزڕان

خەوزڕان Insomnia حاڵەتێكی باوە، واتە گرفت لە نووستندا بە شێوەی گرفت لە چوونەخەو یان بەردەوامبوونی خەو یان بیداربوونەوە بەر لە تەواوكردنی خەوێكی دروست. خەوزڕان 3 جۆری هەیە: خەوزڕانی كاتی Transient كە بۆ ماوەی كەمتر لە یەك مانگ بەردەوام دەبێت،خەوزڕانی تیژ Acute یان كورت خایەن كە 1-6 مانگ دەخایەنێت، خەوزڕانی درێژخایەن Chronic كە لە 6 مانگ زیاتر بەردەوام دەبێت. هۆكارە سەرەكییەكانی خەوزڕان: سترێس، چوونە ژینگەی و دەوروبەرێكی نوێ و نامۆ، رووناكیی زۆر و غەڵبەغەڵب، گەرمای زۆر، جێگای ناڕحەتی خەوتن، پیشەی نوێ یان گۆڕینی قوتابخانە یان چوونە زانكۆ، شوێن گواستنەوە، تاقیكردنەوە و ئەزموونەكان، مردنی كەسی نزیك و ئازیز، گرفت لە پەیوندییە كۆمەڵایەتییەكان، خەمۆكی، گرفتی تەندروستی وەكو لووتگیران یان هەستەوەریی لووت، گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك Acid reflux، نەخۆشیی گلاندی دەرەقی، ئازاری درێژخایەن، نەخۆشیی پاركینسۆن، هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea، بەساڵاچوون، جگەرەكێشان، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە، هەروەها وەكو زیانی لابەلای بەكارهێنانی چەند دەرمانێك، بۆنموونە دەرمانەكانی كۆنترۆلكردنی پەستانی بەرزی خوێن، دەرمانی هۆرمۆنی، لەگەڵ دەرمانەكانی چارەسەركردنی رەبو و هەستەوەری.

 

 

Top