فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئەنجومەنی ئەوروپای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان: هەر ئافرەتێك پێویستی بە ڕاوێژ و ڕێنمایی بێت، وەكو ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە خزمەتیداین
فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئەنجومەنی ئەوروپای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشك دەخاتە سەر كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنەكەیان لە تاراوگە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە تاراوگە تەنیا خەمخۆری ئافرەتانی دەرەوەی وڵات نییە، بەڵكو خەمخۆری ئافرەتانی كوردستانیشە و توانیویانە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئافرەتان ڕۆڵی بەرچاو ببینن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* دۆخی ئافرەتانی كورد لە تاراوگە بە شێوەیەكی گشتی لە چ ئاستێكدایە؟
- ئافرەتی كورد لە تاراوگە هاوشێوەی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەكانیان، تا ڕاددەیەكی باشیش لە ناو خێزاندا هاندەرن بۆ پاراستنی زمان و كەلتوور و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی. ژیانی ئافرەت لە تاراوگە لێوانلێوە لە ماندووبوون و ناخۆشی و ئازاری غوربەت و دووری، بەڵام توانیویەتی تا ڕاددەیەك تواناكانی بسەلمێنێت و ڕووبەڕووی بەربەست و ناخۆشییەكان ببێتەوە. بە هەمان شێوەی كوردستان لە تاراوگەش ئافرەتان ڕووبەڕووی كێشە و گرفت دەبنەوە، بەتایبەتی كێشە كۆمەڵایەتییەكان گرفتی سەرەكیی خێزانی ڕەوەندی كوردە و ئافرەتیش بە حوكمی ئەوەی لە وڵاتێكی پێشكەوتوو و مۆدێرنە حەز دەكات خاوەنی بژێوی و داهاتی خۆی بێت لەو پارەیەی كە وەری دەگرێت، لە بەرامبەردا پیاو لە ترسی لەدەستدانی پیاوسالارییەكەی هەوڵ دەدات زیاتر حوكمی هەبێت و سەیتەرە لەسەر خەرجی و پارەی ماڵ بكات، ئەوەش وادەكات كێشەی گەورەی خێزانی لە نێوانیاندا دروست ببێت، هەندێكجاریش بە تەڵاق و جیابوونەوە دەگات. هۆكاری زۆربەی جیابوونەوەكانی هاوسەران لە وڵاتانی ئەوروپا، یان كێشەی مادییە، یان ئازادی لە ڕاددە بە دەرە بۆ هەر دوو ڕەگەز كە هەوڵ دەدەن موماڕەسەی ئەو ئازادییە بكەن كە هەیە، هەموو ئەوانەش دەبنە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی خێزان و پەرتەوازەبوونی منداڵ. ئافرەت هەیە دەیەوێ بخوێنێ، بەڵام دیسان بە هۆكاری لەدەستدانی حوكمی پیاوسالاری لە ناو خێزان پیاوەكە ڕێگری لێ دەكات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لێرە ڕێگەچارەكان جیاوازترن.
* كاتێك ئافرەتی كورد لە تاراوگە ڕووبەڕووی گرفت، یان توندوتیژی دەبێتەوە، دەستی یارمەتی بۆ كێ و چ لایەنێك درێژ دەكات و چۆن پاڵپشتی لێ دەكرێت؟
-لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین ڕێكخراوی تایبەت بە خێزان و داكۆكیكار لە مافی منداڵ و ئافرەت بوونیان هەیە، هەر خێزانێك پزیشكی تایبەتی خۆی هەیە، لە كاتی بوونی كێشەی خێزانی لە ڕێگەی پزیشكەكانیانەوە دەتوانن پەیوەندی بەو ڕێكخراوانەوە بكەن، سەرەتا ڕاوێژ لەگەڵ خێزانەكە دەكەن و لە هۆكارەكانی دروستبوونی گرفتەكان دەكۆڵنەوە، دواتر بە شێوەیەكی زانستییانە كێشەكان یەكلایی دەكەنەوە، بە مەرجێك ڕێگەچارەكان كاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دروست نەكات، چونكە خەمی گەورەی ئەو ڕێكخراوانە پاراستنی مافی منداڵە لە ناو خێزان، ئەگەر لەناو خێزانەكەدا لێدان و توندوتیژی هەبێت، سەرەتا خێزانەكە ئاگادار دەكەنەوە كە دوور بكەونەوە لە هەر توندوتیژی، دوای بەدواداچوون ئەگەر دڵنیا بوونەوە كە ماڵەكە ئارامە، ئینجا منداڵ دەدرێتەوە بە دایك و باوكەكە، بەڵام ئەگەر دیتیان ژینگەی خێزانییان بۆ بەخێوكردنی منداڵ ژینگەیەكی تەندروست و ئارام نییە، بنكە و ڕێكخراوەكان منداڵەكە بەو خێزانە نادەنەوە. ئەگەر ڕێنمایی و ئاگاداركردنەوەكانیش بێ ئاكام بوون، ئەوا ناچار دەبن منداڵەكە لە دایك و باوكەكە وەربگرن، تاوەكو ئەوان كێشەكانیان چارەسەر دەكەن، بۆ ماوەیەك منداڵەكە دەدرێتە خێزانێكی ئەوروپی بۆ بەخێوكردن، ئەوان بەو جۆرەی كە خۆیان دەیانەوێ پەروەردەی دەكەن، بەبێ ڕەچاوكردنی كوردبوونی و زمانی دایكی بێ ڕەچاوكردنی باوەڕی ئایینی، ئەوەش هەندێكجار هۆكارێك دەبێت بۆ كاڵبوونەوەی كوردایەتی لە تاراوگە، وێڕای ئەوەی بەشێكی خێزانە كوردەكان لە ئەوروپا زۆر ڕێك و پێكن و جێگەی شانازین، ئەوان منداڵەكانیان لەسەر نەریتی كوردەواری پەروەردە دەكەن.
* ڕۆڵی ئەنجومەنی ئەوروپای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتی كورد لە تاراوگە چییە؟
- بێگومان ئەو خێزانانەی بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانیان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، وەكو ئەنجومەنی ئەوروپای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەگەڵیان دادەنیشین و ڕێنمایی ئەوەیان دەكەین كە شیرازەی خێزانەكەیان و هێمنی و ئارامیی خۆیان بپارێزن، ئەگەر نەگەیشتینە هیچ دەرەنجامێك» ئاراستەی ئەو شوێنانەیان دەكەین كە بە شێوەیەكی زانستی و دروست كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، وەكو یەكێتی ئافرەتانیش وەرگێڕی زمانیان بۆ دەكەین. زۆرجار ئافرەت هەیە، كێشەی لە كوردستان هەیە، پەیوەندیمان پێوە دەكات و توانیومانە ببینە پردێك بۆ ئەو ئافرەتە بەڕێزەی كە كێشەی لە كوردستان هەیە لەگەڵ بەشی كۆمەڵایەتیی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی لە كوردستان، زۆرجار ئافرەتەكە هاوسەرەكەی جێی هێشتووە، ئەویش دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، دەتوانم بڵێم ئەنجومەنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە تاراوگە تەنیا خەمخۆری ئافرەتانی دوورەوڵات نییە، بەڵكو خەمخۆری ئافرەتانی كوردستانیشە، بەهۆی ئەو بارە ناهەموارە ئابوورییەی كە بە هۆی شەڕی داعش و پەتای كۆرۆنا لە كوردستان سەری هەڵدا، هاوكاری ماددیی و مەعنەوی ئەو ئافرەتانەمان كردووە كە پێویستیان پێی هەبووە، هەروەها لە ئەوروپا كەلوپەلی ناوماڵ و كەلوپەلی تەندروستی بۆ ئەو خێزانانە ناردووە كە باری داراییان باش نەبووە، كار دەكەین بۆ ئەوەی بەپێی توانا هاوكار و یارمەتیدەری خێزانی سەربڵندی شەهیدان بین و هەر ئافرەتێكیش لە كوردستان پێویستی بە ڕاوێژ و ڕێنمایی بێت، ئێمە وەكو ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە خزمەتیداین.