كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان بۆ گوڵان: هەمیشە سەرۆك بارزانی بەرگریكارێكی سەرسەختی مافی توركمانەكان بووە
پێكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردنی نەتەوەكانی نێو كوردستان خاڵێكی درەوشاوە و بەهێزی هەرێمی كوردستان بووە و مایەی ئارامی و بەرەوپێشچوونیشی بووە، هەمیشەش جێی ستایش و سەرسامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، لەم ڕووەوە گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان لە كوردستان ئەنجام دا.
* هەموو كات سەرۆك مسعود بارزانی داكۆكییەكی گەورە لە مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكانی كوردستان دەكات، تەنانەت یەكەم كەس بوو كە گوتی: «نابێت وشەی كەمینە بۆ هیچ نەتەوەیەك لە كوردستان بەكار بهێنرێت»، لەمەش زیاتر نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق و لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقی 2005یش داكۆكیی گەورەی لە مافی توركمانەكانی كوردستان كردووە، ئایا چۆن سەیری ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەم بوارەدا دەكەن؟
- ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان بەشێكی نەپچڕاوەی گەلی كوردستانین، هەر لە دێر زەمانەوە ئێمە لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو گەل و خاكە تێكهەڵكێشین و لە ناو ئەو هاوكێشەیەداین كە نەتەوەكانی كوردستان بە یەكەوە دەژین و جێگای شانازیمانە، توركمان لە كوردستان وەكو مافێكی سرووشتیی خۆی و وەك ئەركەكانیشی بەشداری كردووە لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا، واتە لە پاش ڕزگاریی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 بەشدار بووە لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان و قەزادا. جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی جێگای شانازیمانە كە داكۆكی لە هەموو نەتەوەكانی كوردستان دەكات، زۆریش شانازی بەوە دەكەین كە جەنابی سەرۆك بارزانی یەكەم كەس بوو لە پەرلەمانی كوردستان فەرمووی ئێمە وشەی كەمینە ڕەت دەكەینەوە كە بەرامبەر بە نەتەوەكانی دیكەی كوردستان بەكار بێت، ئێمە وەك توركمانەكانی كوردستان جەنابی سەرۆك بە مەرجەعی گەلی كوردستان دەزانین و ڕۆڵی زۆر بەرزدەنرخێنین و، هەر كات كە ناوی پێكهاتەكانی كوردستان هاتووە، بەتایبەتی نەتەوەی توركمان، ئەوە جەنابیان داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانمان بوون، من شەخسی خۆم شاهیدی ئەوەم لە چەند ساتەوەخت و پرۆسەی گرنگدا (بەتایبەتی لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق) و لەو شاندەی كە چووین بۆ بەغدا لە كاتی نووسینەوەی دەستوور من لە خزمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بووم، چ وەك نوێنەری توركمان، چ وەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئەو كات جەنابیان خۆی داوای لە ئێمە كرد وەك توركمان دەتانەوێت چی بخرێتە ناو دووتوێی دەستووری عێراقەوە، ئەوە خۆتان بینووسن و بیخەنە ناو دەستوورەكە، نابێت كەس لە جیاتی توركمان داواكاری و مافەكانی بنووسێت بۆ دەستوور، ئێمەش لەگەڵ چەند برادەرێكی دیكە لائیحەیەكمان ئامادە كرد بۆ ئەوەی بخرێتە ناو دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە. جەنابی سەرۆك بارزانی یەكەم كەس بوو لە پێش ئێمە لائیحەكەی پەسند كرد و فەرمووی دەبێت ئەو لائیحەیەی نەتەوەی توركمان وەكو خۆی چۆن نووسراوەتەوە، بخرێتە دەستووری عێراق و پەسندیش بكرێت. ئەمە مێژووە و كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات، هەر بۆیە ئێمە شانازی بەو سەركردە و مەرجەعەی گەلی كوردستان دەكەین.
* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆری بە پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان داوە، لەم خولەدا سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و وەزیرێكیش لە حكومەت لە نەتەوەی توركمانن، ئایا ئێوە وەك نەتەوەی توركمان چۆن سەیری ئەم بایەخدانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- لە ڕاستیدا بەشداریكردنمان لە دامەزراوە سەرەكی و گرنگەكانی هەرێمی كوردستان، وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، بەشداریكردنێكی گرنگ و نەوعی بوو، بەتایبەت ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ حكومەتی عێراق، كە تا ئێستا بە ڕەوای نازانن یەك وەزیریش بە نەتەوەی توركمان بدەن و ناتوانن شوێن و پلەیەكی گرنگ كە شایانی خەباتی توركمان بێت، پێمان بدەن، لەو دەوڵەتانەش كە نەتەوەی توركمانی تێدا دەژی، هیچ بۆ گەلی توركمان نەكراوە، تەنیا لە هەرێمی كوردستان بەشداریی كارا و گرنگمان لە هەموو دامودەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتدا هەیە، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەكە گرنگییەكی زۆر و تایبەتی بە نەتەوەی توركمان داوە، ئەمەش لە كاریزمایی جەنابیانەوە دەبینرێت كە بە تێڕوانینێكی زۆر واقیعییانە دەیەوێت مافی هەموو پێكهاتەكان بە تایبەت توركمان بەرجەستە بێت. بەڕێز سكرتێری پەرلەمان لەو خولەدا خاتوو مونا قەهوەچی نوێنەری ئێمەیە وەك نەتەوەی توركمان و كەسێكی شایستەیە و جێگای خۆشحاڵی و شانازیمانە كە توانیویەتی ئەو پۆستە زۆر بە باشی و ڕێكوپێكی بەڕێوە ببات. هەر لەو كابینەیەدا وەزیرێكی چالاكمان هەیە كە بۆ هەموو پێكهاتەكانە، نەك تەنیا بۆ توركمان، هەر بۆیە ئێمە وەك توركمان شانازی بەو بارودۆخ و بەشداریكردنانەمان دەكەین لە سەرۆكایەتیی دامەزراوە سەرەكییەكانی حكومەتدا و، كارەكە بە شێوەیەكە ئێمە خۆمان بە غەریب نازانین و خۆمان بە بەشێك لە گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەزانین، ئێمەش وەك نەتەوەی توركمان و بە چەشنی هەموو تاكێكی كوردستان داكۆكیكاری خاك و گەلی كوردستانین.
* هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، شارێكی فرە نەتەوە و فرە كەلتوورە و ئێستا هەنگاو بەرەو یەكێك لە شارە گەورە و جوانەكانی ناوچەكە و جیهان هەڵدەگرێت، ئایا چۆن سەیری ئەم پێشكەوتن و پەرەپێدانەی هەولێر دەكەن و تاچەند مەزندەتان دەكرد لە ماوەیەكی زۆر كورتدا هەولێر بگاتە ئاستی ئەم پێشكەوتنە گەورەیە؟
- لە ڕاستیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی گرنگیی بە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام ئێمە دەزانین هەولێر كۆنترین شاری دونیایە كە تا ئێستا ژیانی تێدا بەردەوامە، بۆیە ئەو گرنگییەی بە هەولێر دەدرێت، شایستەی مێژووەكەیەتی و حكومەتیش گرنگی بە ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی شاری هەولێر داوە، بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی شارە پێشكەوتووەكانی دونیا، لەم بارەشەوە دەستخۆشی لە حكومەت و لە جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكەین كە جەنابیان هەوڵ و كار و جێگا پەنجەی زۆر دیارە لە پێشخستن و گەشەكردنی ئەم شارەدا.
* لە ماوەی ڕابردوودا سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پەرلەمانی كوردستان، پرۆژە یاسایەك پێشكەش كرا بوو، كە داوا دەكات كۆتاكانی ناو پەرلەمان دابەش بكرێن بە سەر بازنەكاندا، ئەمەش بەو مانایەی كۆتای پێكهاتەكان (كە نەتەوەی توركمانیش دەگرێتەوە) پەرت بكرێن و كەم ببنەوە. ئێوە ئاگادارن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو بڕگەیەی تایبەت بوو بە كۆتاكان، زۆر بە توندی ڕەتی كردەوە و ئێوە خۆشتان ڕەتتان كردەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی هەندێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان چاویان بە كۆتای پێكهاتەكان هەڵنایەت؟
- لە پرسیارەكەتاندا زۆر جوان گوزارشت لەو پرسە كراوە، ئەگەرچی بەداخەوە چەند فراكسیۆنێك لە پەرلەمانی كوردستان لە جیاتی ئەوەی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگری لە مافی پێكهاتەكان بكەن، كار بۆ پەرت و بڵاوكردنەوەی پێكهاتە و نەتەوەكان دەكەن، بە تایبەت ئەو چەند كورسییەی بۆ نەتەوەی توركمان دانراون، كە ئەمەش لە هەقیقەتدا كارێكی باش نییە و خزمەتی پێكەوە ژیان ناكات، بەڵكو پێویست بوو هەر وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كار بۆ ئەوە بكەن مافی پێكهاتە و نەتەوەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرجەستە بكرێت، نەك ئەوەی هەیەتی لێی بسێندرێتەوە و بە شێوەیەك لە شێوەكان بە زۆری ببینن و چاویان پێی هەڵنەیەت، لەبەر ئەوە ئێمە دژی ئەو پڕۆژەیە بووین كە پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرا و پێمان باش نەبوو، بەڵكو ئێمە زۆر سوپاسی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە و سەرسەختانە پڕۆژەكەیان ڕەت كردەوە و دژی وەستانەوە و بەرگرییەكی گرنگ و واقیعانەیان لە پێكهاتەكانی كوردستان كرد.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت لە هەموو خولەكانی پەرلەماندا، ئەوەیە كە كۆتای پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە پشتگیری لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، لە واقیعیشدا پشتگیریتان كردووە، بۆچی ئێوە پشتگیری لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن؟
- ئێمە وەك توركمان پشتگیری لە لایەنێك دەكەین كە پشتگیری لە مافەكانمان بكات و، پشتگیری لە حزبێك دەكەین كە مافی ئێمە بە ڕەوا ببینێت، هەروەها لە دوای ساڵی 1991 و ڕزگاربوونی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت، نەتەوەی توركمان لە هەموو كایە و دامەزراوەكان بەشداریی پێ كراوە، دواتر دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی نەتەوەی توركمانیش لەگەڵ خۆی بەرەو كەناری ئارام ببات و پێكەوە برایانە كار لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی دیموكراسی بكەین و ئایندەیەكی ڕووناكتر بۆ نەوەكانی خۆمان بەدی بهێنین، بێگومان ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان داكۆكی لە مافی ئێمە دەكات و ئێمەش بە تەئكید میللەتێكی بەوەفاین و دەبێت ئەو وەفایەش بگەڕێنینەوە، هەروەها ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین جەنابی بارزانیی نەمر لە گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتەكانی ئەو كاتەی عێراقدا نوێنەرانی توركمانی لە نێو شاندەكاندا داناوە، هاوكات جەنابی سەرۆك بارزانی كە دەستوور نووسراوەتە و باسی مافی توركمان كراوە، تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە دەبێت توركمان لە پەرلەمانی عێراق بەشدار بن و، لە كابینەكانی حكومەتیشدا دوو وەزارەتیان پێ بدرێت، بۆیە هەموو ئەوانە وا دەكات كە ئێمەش وەك نەتەوەی توركمان بەوەفا بین بەرامبەر بە كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە هەموو قۆناغەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستاندا داكۆكیكارێكی سەرسەخت بوون لە مافەكانی توركمان.
* ئێستا پڕۆژەیەك بۆ نووسینی دەستووری كوردستان لە پەرلەمانی كوردستانە، ئایا ئێوە وەك نەتەوەی توركمان نوێنەرتان لەو لێژنەیە هەیە؟ ئایا بەنیازن چۆن مافەكانتان لەو دەستوورەدا دیاری بكرێت؟
- پڕۆژەی دەستووری كوردستان هەیە، بەندە ئەو كات ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووم و ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستوورەكەم، كە چەندین شارەزا و پسپۆڕی یاسایی و بواری جیاجیای دەرەوەی پەرلەمانیش لە نووسینەوەی دەستوورەكەدا لەگەڵمان كاریان كردووە. ئەو پڕۆژە دەستوورە پاش تەواوبوونی چاپ كرا و ئامادە كرا بۆ ئەوەی ڕاپرسی لەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پڕۆسەی ڕیفراندۆمە ئەنجام نەدرا، تاوەكو دەنگی لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئەوەی كە ئێستا لەپەرلەمان دەكرێت تەنیا هەمواركردنەوە و پێداچوونەوەیە و بۆی هەیە هەندێ بڕگە و ماددەشی بۆ زیاد بكرێت، ئێستاش ئێمە بەشدارین و ئەنداممان لە لێژنەكەدا هەیە و لە دەرەوەی پەرلەمانیش گفتوگۆ لەگەڵ چەندین حزبی توركمانیدا كراوە و پرس بە كەسایەتی و شارەزا و پسپۆڕانی نەتەوەی توركمانیش كراوە، لەسەر ئەو دەستوورەی بۆ كوردستان ئامادە دەكرێت.